هەڵبژاردەی نوسەران
چەند ڕێنماییەك بۆ نوسەران
مامۆستا كرێكار

ئەمەش هەندێک تێبینییمە لەسەر کتێبەکەو خزمەتکردنەکەی خۆم:
١ـ کتێبەکە چاپی یەکەمێتی کە لە 1418ک/1997ز دا لە چاپخانەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم چاپکراوە.
٢ـ وا دیاربوو پێنج باسی کتێبەکە پێشتر وەکو نامیلکەی بچووک نوسرابن و دواتر لەسەر داوای حزب کرابن بە یەک. وەکو لە دێڕی یەکەمی چەمکی چوارەمدا نووسیویانە: (لە ژمارەی پێشووی ئەم زنجیرەیەدا (ئیسلام چارەسەرە) ئەوەمان روونکردەوە...) ئەمەش هۆکارە کە ئاڕاستەی هەموو بابەتەکان لە هەندێک بڕگەدا نەدەچوونەوە سەر یەک مەبەست. هەروەها نووسینەکە زیاتر لە یەک شێوازبوو، کە دەشێت لیژنەدانەرەکە خەڵکی شوێنی جیاوازی کوردستان بن، یان دوو کەس بووبن و لە کاتی جیاوازدا نوسیبێتیان. هەندێک وشەو زاراوەش فارسی بوون، کە کەمتر لە باشووری کوردستان بەکار هێنراون. وەکو: یەکتاپەرستی و پەرستش و چەشمەندازو پەروەرشیارو هیتر. یان وشەی ئادەمیزادیان بۆ مرۆڤ بەکار هێناوە کە پەنجا ساڵ زیاترە نوسەرانی کورد بەکاریناهێنن و لەجێی ئەودا دەنوسن و دەڵێن: مرۆڤ. ئێستا لاری لە بەکارهێنانی ئینسان و ئینسانیی یان بەشەرو بەشەرییش نییە. چونکە وشەی هەموو زمانێک _جگە لە زمانی عەرەبی_ لە بەرەوپێشچووندایە..
٣ـ دیاربوو کە نووسەرانی بەڕێز لە بواری باسەکاندا شارەزابوون، بەڵام یان دەستی نووسینیان نەبووە، یان ئەو شێوازەکۆنەی کە هەیانبووە (شێوازی نووسینی ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابوردوو) لەگەڵ پێشبردەکانی زمانی کوردییدا رێی نەکردووە. ئاشکرایە کە لە دوای ساڵی 1991 ەوە کۆڕەکانی زانیاریی و پسپۆڕانی زمانەوانی زۆر رێسای نوێیان بۆ راستنووسین داڕشتووە.
٤ـ سەیربوو کە ئەم کتێبە کە بۆ قۆناغی یەکەمی پەروەردەکردن و پێگەیاندنی لاوان نوسراوە زۆرینەی ئایەتەکان مانایان نەکرابوو! لە زیاتر لە (120 سەدوبیست) ئایەت تەنها (31 سیویەک) ئایەتیان کرابوونە کوردیی واتە چارەکێکی، (90 نەوەد) ئایەت هەروا دەقە عەرەبیەکەی دانرابوو! دەبوو من بیانکەمە کوردی. ناکرێت دەقی عەرەبی هەر وەکو خۆی بخرێتە بەردەست گەنجی تازەپێگەیشتووانی کورد کە زۆر دوورخراونەتەوە لە فێربوونی زمانی عەرەبی..
٥ـ تەخریج نەکردنی فەرمودەکان. ناشێت لەم سەردەمی تەکنۆلۆژیاو ئاسانکاریی گواستنەوەی زانست و زانیارییەدا، قسەی بێ بەڵگە بکرێتە مەنهەجی پەروەردەکردن.. ناشبێت بەڵگەکان ساغنەکرێنەوە، ناشبێت فەرموودە بێ سەروبۆر (غیر مشکول) نیشانبدرێت، چونکە بە هەڵە دەخوێندرێتەوەو دواتر بە هەڵە لیی حاڵی دەبن.. ئەم بەڕیزانەش زۆرینەی فەرموودەکانیان ئاوا هێنابۆوە. بۆیە توێژینەوەم بۆ هەموویان کردەوەو هەموویانم بە سەروبۆرەوە دانایەوەو سەنەدو سەرچاوەکانیانم نووسی و هەروەها حوکمی فەرموودەوانان بەرامبەریانم هێنایەوە، بە تایبەتی حوکمی شێخی ئەلبانی رحمەاللە.
٦ـ نووسەرانی بەڕێز زۆر جار شتێکیان لە کتێبی زانایەکەوە وەرگرتبوو، بێئەوەی ئاماژە بە بەرگ و لاپەڕەکەی بدەن، چونکە بە کوردیش نوسیبوویان ئاساننەبوو بیدۆزمەوەو بەرگ و لاپەڕەکانیان بۆ خوێنەری بەڕێز دیاریبکەم. بۆ نموونە هەر نوسیبوویان (العبودیە لابن تیمیە) دەبوو بزانم لە چ لاپەڕەیەکەوە وەریانگرتووە. 
٧ـ فەرموودەکانیان _جگە لەوەی بە بێ سەروبۆرە_ بە بێ سەرچاوەو سەنەد هێناوەتەوە، یان نوسیویانە: پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم دەفەرموێ، یان (خوای گەورە لە فەرموودەیەکی قودسیدا دەفەرموێ) بێئەوەی دەقە عەرەبییەکەی بهێننەوە. پێم وایە نوسەری غەیرە عەرەب پێویستە دەقە عەرەبییەکەش بهێنێتەوە، تا خوێنەرانی دڵنیابن کە وەرگێڕانەکەی راست و دروستە.
٨ـ ئاماژەی سەرچاوەکانیان هەر لە ناو مەتن (تێکست)ی کتێبەکەدا دانابوو. من هێنامنەوە بۆ پەڕاوێزی خواری لاپەڕەکان. تا شێوازێکی نووسینی ئەکادیمیی وەربگرێت. پاشان لە کۆتاییدا ریزبەندییم بۆ کردن و بە ناوی سەرجاوەکان لاپەڕەی تایبەتم بۆ دانان.
٩ـ  نووسەرانی بەڕیز عادەتەن بۆ ئەمینداری گشتی حزبەکەیان یان بۆ مەلایەکی خۆیان دەڵین و دەنووسن: فەرمووی، زۆرجاریش دەنووسن: فەرموویان! کەچی لێرەدا بۆ یاوەرانیش هەر نووسیبوویانە: (ووتی)!. من لێرەشدا وەکو عادەتی خۆمم کرد کە لە هەموو نوسینەکانمدا بۆ یاوەرو پێشەواو زانایان و کەسایەتییە لێهاتووەکان دەنووسم: فەرمووی.
١٠ـ گوێنەدانیان بە رێنووسی کوردی، چ لە بەکارهێنانی وشەی دەرەکی (کە دەبێت بخرێتە کەوانەوە) یان شیوازی نوسینین وەکو: (ابن تیمیە) لە جیاتی ئیبنوتەیمییە، (ابن القیم) لە جیاتی ئیبنولقەییم، (لە زۆرینەی شوێنەکاندا نوسیویانە (انشاءاللە) لە جیاتی: (ان شاءاللە) کە ئەمەیان لە رووی شەرعییشەوە ناشێت واللە اعلم.. هەروەها ریزبەندیی وشەی رستە، کە دەبێ _لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا_ کردار بکەوێتە کۆتایی رستەکەوە. یان هەبوونی رستەیەک یان دوو لە نێوان کردارو بکەرەکەیدا.
  دەبێ لە کۆتایی ئەم تێبینییانەدا جەخت لەوە بکەمەوە کە ئەم تێبینییانەم لە نرخی باڵای کتێبەکە کەم ناکاتەوە. کتێبەکە زۆر زۆر چاک و زوروورییە بۆ ئەوانەی سەرەتای دیندارییانە. ناشێت و نابێت موسوڵمان ئەم چەمکانەی لا روون نەبێت.. لەبەر زەروورەت و گرنگی ئەم باسانەیە کە لەم تەمەنەمدا خۆم ئەوەندە پێوە خەریککردووە، کتێبەکەش شایانی ئەو ماندووبوونەیە والحمدللە.
  ئەم تێبینییانە کە دەخەمە ڕوو مەبەستم لە لایەکەوە ئاگادارکردنەوەی نووسەرە بەڕیزەکانە، هەروەها نووسەرانیتر کە تکایە ئەوە رەچاوبکەن کە ئێوە بۆ کەسانێک دەنووسن کە پێویستییان بە روونکردنەوەی ئەلف و بێی هەر هەموو زانستە شەرعییەکان هەیە، بۆیە دەبێ ئەم چەمکانەو هەرچی شتێکیتر کە پەیوەندی بە دین و دیندارییمانەوە هەیە زۆر روون و ئاشکرا بخرێتە بەردەست خوێنەرانمان ان شاءاللە .
   خوای گەورە بە لوتفی خۆی ئەم رەنجە کەمەمان لێ وەرگرێت و بەرەکەتی خۆی بخاتە هەموو هەوڵ و رەنجەکانمانەوەو بۆ خۆیمان بسوڵحێنێت.. اللهم آمین.
وصلی الله علی سیدنا محمـد وعلی آله وصحبه أجمعین

95 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/17/2019 2:51:52 PM
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.