کتێبخانە

تەفسیری سورەتی المجادلة

   ئێمه‌ له‌م سوره‌ته‌ و له‌ سوره‌ته‌كانی تری ئه‌م جوزئه‌دا له‌گه‌ڵ روداوه‌كانی سییره‌دا ده‌بین له ‌قۆناغی مه‌دینه‌ و سه‌ره‌تای كۆمه‌ڵگه‌ ئیسلامییه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ موسوڵمانه‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌كه‌دا ده‌بین كه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كراو دیدو هه‌ڵوێسته‌كانی بۆ هه‌ڵده‌سه‌نگێندراو ئاڕاسته‌ ده‌كرایه‌وه‌ پێی، تا شیاوی ئه‌و رۆڵه‌ جیهانییه‌ی ببێت كه‌ له ‌داهاتووی نزیكدا له ‌رابوون و بێداربوونه‌وه‌یدا ده‌یبینێت. نه‌ك هه‌ر له ‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ی، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی جیهانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و سه‌رده‌مه‌كانی دواتری. هاتنه‌كایه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگه‌و ده‌وڵەتە ئیسلامییه‌كه‌ هه‌ر به‌شێك نه‌بوون و نین له ‌ژیانی مرۆڤایه‌تی، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كی روونی قه‌ده‌ری گه‌ردوونین. ده‌سپێكی ئه‌م رۆڵه‌ گه‌وره‌و كاریگه‌رو گرنگه‌ هه‌ر له‌و سه‌رەتایه‌وه‌یه‌ كه‌ دیدو تێڕوانینی نوێی ده‌رباره‌ی گەردوون و ژیان و مرۆڤ هێنایه ‌كایه‌وه‌. دیدو تێڕوانینێكی وا كه‌ بووه‌ ئه‌و عه‌قیده‌ جێگیره‌ی بنه‌ماكانی ژیانی له‌سه‌ر دامه‌زرا. هه‌رچی له ‌هزرو هۆش و دڵ و ده‌روونی تاك تاكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ موسوڵمانه‌دا ده‌چه‌سپی له‌ واقیعی كۆمه‌ڵكاریی كۆمه‌ڵه‌ موسوڵمانه‌كه‌و ژیانی واقیعی كۆمه‌ڵگه‌كه‌شیان ده‌چه‌سپی. بنه‌ماو بناغه‌كانی عه‌قیده‌كه‌ كه‌ كه‌سایه‌تی تاك و كۆی كۆمه‌ڵگه‌ موسوڵمانه‌كه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زرا. هه‌ر ئه‌و بنه‌ماو بناغانه‌ش بوو كه‌ ژیانی واقیعی ده‌وڵه‌ت و کۆمەڵگە‌كه‌شی له‌سه‌ر دامه‌زرا، تا (عه‌قیده‌ و جه‌ماعه‌ت و بزاوت)ـه‌كه‌ له‌ واقیعی مرۆڤایه‌تییدا سازكه‌ن و بە جیهانیان بڵێن: ئەوەی كه‌ موسوڵمانان ده‌خوازن كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی بۆ بانگهێشت بكه‌ن و نیشانده‌ن ئا ئەم نموونە واقیعییەیە كه‌ ژیانی تاك و كۆ، كۆمه‌ڵگه‌و ده‌وڵه‌ت ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و دیدو تێڕوانینه‌ عه‌قائیدییه‌ دابمه‌زرێن، كه‌ ئه‌م نوخبه‌ هه‌ڵبژارده‌ی له‌سه‌ر گۆشكراوه..‌ ئه‌م رۆڵه‌ گه‌وره‌و كاریگه‌رو گرنگه‌، ئاماده‌سازییه‌كی گشتگیریی هه‌مه‌لایه‌نه‌و ته‌واویی ده‌خواست.

 



بینین:  443
6/12/2018 7:20:27 PM
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.