بانگه‌واز

ھەڵوێست و ئاکاری پیاوچاکانی پێشین لە بانگەوازو کارکردندا بۆ ئیسلام

   مێژوو ئەو کانی و سەرچاوە نەبڕاوەیەیە کە دەتوانین سووننەت و باوی ژیانی لێوە ھەڵیگۆزین. ماناکانی سەرکەوتن و ژێرکەوتن و بنیاتنان و رووخاندنی لێوەفێرببین. سوود لە خاڵ و ھەڵوێستە بەھێزەکانی وەربگرین و نەھێڵین لاوازیی و پشێوییەکانی دووبارەببنەوە. چونکە لاریی و خراپیی _ئەگەر یەکەمجار نەزانین بێت_ ئەوا دووەمجار تاوانە.. مێژووی ئیسلامیش پڕە لە ھەڵوێستی بەرزو مەردانەی ئەوانەی توانیویانە خزمەت بەم ئایینە بکەن و رووی رۆژگارەکەی خۆیان بەرەو بەرنامەی خوا وەربچەرخێنن و چەندەھا قوتابی و شوێنکەوتوو لە دوای خۆیان جێبهێڵن و خەڵکی بەهۆشبهێننەوەو لە کەمتەرخەمیی بیانپارێزن.
(عامیری شەعبی رەحمەتی خوای لێ بێت دەگێڕێتەوە کە کۆمەڵێک لە خەڵکی کووفە چوونە دەرەوەی شار، تا لە خەڵکی جیاببنەوەو بۆ خۆیان خەریکی خواپەرستیی بن. کە عەبدوڵای کوڕی مەسعود ئەمەی بیست چوو بۆ لایان، ئەوانیش زۆریان پێخۆشبوو پێی وتن: نیازتان چییە؟ وتیان لە خەڵکی دووردەکەوینەوەو خواپەرستییدەکەین. ئەویش فەرمووی: ئەگەر ئێوە کەناگیربن ئیتر کێ بەرەنگاری ناحەزان ببێتەوە؟ وازتان لێناھێنم تا نەگەڕێنەوە ناو خەڵکی) .
   لەسەدەی دووەمی کۆچیدا خوای گەورە شەرەفی پێشەوایی و سەردەستەیی بانگەوازی بە عبداللەی کوڕی موبارەک بەخشی، تا راستیی بۆ گەل بگێڕێتەوە. کاتێک دەبیستێت ھاوەڵی خۆشەویستی خۆی فوزویلی کوڕی عیاز (فضیل بن عیاض) وازی لە جیھاد ھێناوەو لە هەردوو حەرەمی مەککەو مەدینەدا خەریکی خواپەرستییە. ئەم گلەیی نامەیەی بۆ دەنووسێت :
يا عابدَ الحرمين لو أبصرتْـَنا ... لعلمتَ أنَّكَ في العبادةِ تلعبُ
ئەی ئەو کەسەی لەنێوان دوو شوێنی پیرۆزدا خواپەستی دەکەیت... ئەگەر ئێمە ببینیت دەزانیت تۆ یاری بەپەرستن دەکەیت.
مَنْ كانَ يخضبُ خدَّه بدموعِه ... فنحورنُـا بدمـائِنا تَتَخْضَبُ
ئەگەر کەسانێک هەن روومەتیان بە فرمێسک تەڕدەکەن.... ئێمە گەردنمان بە خوێن رەنگدەکەین.
أوكان يتعبُ خيله في بـاطل ... فخيـولنا يوم الصبيحة تتعبُ
ئەگەر کەسانێک هەن وڵاخەکانیان لە رێی ناڕەواییدا ماندوودەکەن... ئێمە وڵاخەکانمان لە سپێدەی رۆژی پێکدادانەوە ماندوو دەبن.
ريحُ العبيرٍ لكم ونحنُ عبـيرُنا .. رَهَجُ السنابكِ والغبارُ الأطيبُ
با بۆنی میسک و عەنبەر بۆ ئێوە بێت، بۆنی خۆشیی ئێمە.... هەر تەپو تۆز خۆڵە بۆنخۆشەکەی بن ناڵی ئەسپەکانمانە .
   ئەی ئەمڕۆ چی بەوانە بوترێ کە بە تەواویی وازیانھێناوەو پشتیان ھەڵکردووەو خەریکی پەرستنیش نین؟!.
لە پاش ئەمان و لە سەدەی شەشەمی کۆچیدا شێخی خواناس و بانگخوازی لێبڕاو شێخ عبدالقادری گەیلانی رحمەاللە لە بەغداوە دەنگی بانگەواەزەکەی سەرلەنوێ بڵندکردو تینی دایەوە بەر ھیمەتی خەڵک و بۆ کارکردن کەوتەوە ھاندانیان. دەیفەرموو: (خواناسی تازەو سەرەتا لە خەڵک ھەڵدێت و خۆی حەشاردەدات، بەڵام خواناسی تەواو بە دوایاندا دەگەڕێت و بەرەو روویاندەچێت، چونکە لە خوا زیاتر لە کەسیتر ناترسێت.. ئەوەی سەرەتاو تازەیە لە بێباوەڕو تاوانباران کەناردەکەوێت، ئەوەش کە خێری تیایە سوودمەنددەبێت. چۆن بانگخواز کەمتەرخەم دەبێت لە کاتێکدا بزانێ دەرمانی دەردەکانی ئەو خەڵکەی پێیە؟
ئەوەی خواناسی راستەقینە نەبێت ناتوانێت بەدەم تاوانبارانەوە پێبکەنێت و لەگەڵیاندا بدوێت. دڵسۆزانە دەتوانن لە تاریکایی ژیان خەڵکی دەربھێنن و ریزی موسوڵمانمانیان پێ پتەوبکەن و شەیتانیان پێ راوبنێن) .
(ابن الجوزی) لەبەغداو لەھەمان کاتدا دەنگی دەخاتە پاڵ دەنگی و دەفەرموێ:
(ئەوانەی لە خەڵک دوورو کەنارن، سیفەتی شەمشەمەکوێرەیان ھەیە، زۆریان لە سوودگەیاندن بەخەڵک بێبەشکردووە، ئەگەر لەسەردانی نەخۆش و شوێنکەوتنی جەنازەش دوانەکەون ھەر باشە. بەڵام ئەمە حاڵەتی ترسنۆکەکانە. ئازاکانیش خەریکی شت فێربوون و فێرکردنن، کە ئەمەش کاری پێغەمبەرانە سەلامی خوایان لێ بێت.
   دانیشتن لەماڵداو دەست گرتن بە کڵاوەوە تا با نەیبات، حاڵەتەکە بەرەو خراپترو نالەبارتر دەبات. گۆڕەپان بۆ لەخوایاخیبوان چۆڵدەکات و باڵادەستیی و زۆر قەبارەییان پێ دەبەخشێت.. تەلحەی کوڕی عبیداللەی قورەیشی خوا لێی رازی بێت دەفەرموێ: (کەمترین عەیبەو نەنگی بۆ خەڵک ئەوەیە لە ماڵەوە دابنیشن و ھیچیان لەدەستنەیات).
ھەروەھا دەفەرموێ: (ئەو زانایەی قورئان و سوننەت و حەڵاڵ و حەرام شارەزابووە، رێگەکانی خێرو چاکەی زانی، چوونە ناو خەڵک و ئامۆژگاریکردنیانی باشترە وەک لە کەنارگیربوون قورئان و سوننەت خوێندن و تەسبیحاتکردن)   .
لەپاش ئەمانە پێویستە ئاشکرابێت بانگەوازو دەرچوون بۆ کارکردن بۆ ئیسلام لەم رۆژگارەی ئەمڕۆدا لە کارە سوننەتەکان لەپێشترەو لەوان زیاتر پاداشتی قیامەتی ھەیە.

_______________________________
  ابن مبارک: کتاب الزهد ل: 290.
   ئەم نامەیەی ئیمامی عبداللەی کوڕی موبارەک رحمەاللە شیعرە، ساڵی 170 ی کۆچی لە شاری طەرطووسی خۆراسانەوە بۆ فوزەیلی پیاوچاکی نارد، بەڵام نووسەرانی بەڕێز هەر مانای کوردییەکەییان نوسیووە! بە باشم زانی دەقە عەرەبییەکە بخەمە تێکستەکەی سەرەوە، چونکە عادەتەن دەبێ دەقە عەرەبییەکە لە سەرێ دانرێت و وەرگێڕانەکەی بهێنرێتە پەڕاوێز.. بەڵام بۆ ئەوەی نە شیش بسوتێ و نە کەباب هەردووکیانم بردە سەرەوە..  ئەوەش هەندێک دێڕی تری شیعرەکەیە، کە لە زۆر سەرچاوەدا هەیە. وەکو: (إبن كثير: تفسير القرآن العظيم 1/448، الذهبي: سير أعلام النبلاء 8/412، أبو القاسم الرافعى القزوينى: التدوين فى أخبار قزوين 3/236، أبو القاسم بن عساكر: في تاريخ دمشق 449/32):
ولقد أتـانا مـن مقالِ نبيِنا ...  قولٌ صحيحٌ صادقٌ لا يَكذبُ
لا يستوي غبـارُ أهلِ الله في ... أنفِ أمرئٍ ودخانُ نارٍ تَلهبُ
هـــذا كتابُ الله ينـطقُ بيننا ... ليسَ الشهيدُ بميـتٍ لا يكـــذبُ

   پەڕاوێزی کتێبەکە لێرەدا زۆر پشێو بووە. وا دەزانم نووسەرانی بەڕێز شیعرەکەیان لە (السبکي: طبقات الشافعیة الکبری ل: 287.) وەرگرتبێت و بە هەڵە ژمارەی پەڕاوێزەکەیان بۆ دانەنابێت. واللە اعلم.
   شێخ عبدالقادری گەیلانی: الفتح الرباني ل: 73.
   ابن الجوزي: صید الخاطر ل: 224.

 

سەرچاوە: تێڕوانینی فەلسەفی بۆ مرۆڤ و ژیان و گەردوون

257 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
04/10/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.