رێنمایی

زادی چییە؟

ــ زادی چییە؟

زادی، کورتکراوەی(زانکۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی)یە، تێیدا زانستە شەرعییەکان دەخوێندرێت. خوێندن لە زادیدا چەند قۆناغێکی جیاوازە و چوار ئاستی سەرەکی لە خۆ دەگرێت.. ئاستەکانی: ناوەندی، ئامادەیی، پەیمانگا، تایبەتمەندێتی(تخصُص). 

ــ خوێندن لە زادیدا بە چ زمانێکە؟

زادی تا ئێستا دوو قۆناغی کراوەتەوە، ناوەندی و ئامادەیی، لە هەردوو قۆناغیشدا خوێندن بە دوو زمان بەردەستە، بە زمانی کوردی و بە زمانی فارسی(بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان).

ــ قۆناغەکانی زادی چین؟

تا ئێستا دوو قۆناغ کراونەتەوە کە دەیانناسێنین بە کورتی.. (ندا) کە کورتکراوەی(ناوەندیی دیراساتی ئیسلامی)یە. کە بریتییە لە قۆناغی ناوەندی.
(ئامەد) یان(ئامادەیی ئامەدی ئیسلامی) کە بریتییە لە قۆناغی ئامادەیی.

ــ ئەو کتێبانە چەندن کە لە زادیدا دەخوێندرێن؟

لە ناوەندیدا کە ۲ پۆلە ۲٤ کتێب دەخوێنرێت، واتە لە هەر پۆلێکدا ۱۲ کتێب.
لە ئامادەییدا کە ۳ پۆلە ٦۰ کتێب دەخوێنرێت، واتە لە هەر پۆلێکدا ۲۰ کتێب.

ــ ئەو بوارانە چین کە لە زادیدا دەخوێندرێن؟

لە ناوەندیدا ۱۰ بوار لە زانستە شەرعییەکان دەخوێنیت، کە ئەمانەن:
۱ـ عەقیدە
۲ـ هزرەوانی(فیکر)
۳ـ قورئانەوانی(تەجوید و زانستەکانی قورئان)
٤ـ فەرموودەوانی(لەبەرکردنی فەرموودە)
٥ـ شەرعناسی(فقە)
٦ـ ڕێبازی پێغەمبەران(سیرەیان)
۷ـ ئاداب و بانگەواز
٨ـ زمانەوانی(ڕێزمان عەرەبی)
۹ـ ڕەفتارناسی
۱۰ـ پێشەوایانمان

ئەم بوارانەش لە هەردوو پۆلی یەکەم و دووەمدا دەخوێنیت.

لە ئامادەییدا ۱۱ بواری زانستە شەرعییەکان دەخوێنیت، کە هەندێکیان نوێن بە نسبەت ئەوانەی لە ناوەندیدا خوێندراون. کە ئەمانەن:

۱ـ زانستی شەرعی(پێگە و شێواز و ئادابی)
۲ـ عەقیدە
۳ـ فیکری ئیسلامی
٤ـ قورئانەوانی(تەفسیر)
٥ـ فەرموودەوانی(سیرە و لەبەرکردن و شیکردنەوە و زانستەکانی فەرموودە)
٦ـ ڕەفتارناسی
۷ـ بانگەواز
٨ـ شەرعزانی
۹ـ مێژوو(مێژووی موسوڵمانان)
۱۰ـ زمانەوانی(عەرەبی و کوردی)
۱۱ـ قورئانەوانی(تەجوید و لەبەرکردن)

ــ بۆ دەرچوون لە قۆناغەکانی ئامادەیی و ناوەندی دەبێت لە تاقیکردنەوەکان چەند بێنیت؟

دەرچوون لە تاقیکردنەوەی هەر کتێبێک لە ناوەندی و ئامادەییدا، لە۷۰٪ـە، ٦٨٪ دەکرێتە ۷۰٪ بە پەڕینەوە.

ــ کێ سەرپەرشتیاری ئەم زانکۆیەیە؟

زادی لە ژێر چاودێری و بەڕێوەردنی مامۆستا کرێکاردا(خوای گەورە ئازادی کات) کراوەتەوە،  هەر خۆشی دامەزرێنەری ئەم زانکۆیەیە. تا پێش گواستنەوەی بۆ سەر ماڵپەڕی زادی ڕێمان، ڕاستەوخۆ لە خزمەتی خۆیدا تاقیکردنەوەکان دەکران و پرسیارەکانی بۆ خوێندکاران دەنارد و وەڵامەکانیشی تەسریح دەدا.

ــ کێ پڕۆگرام(مەنهەج)ی ئەم زانکۆیەی داناوە؟

جەنابی مامۆستا کرێکار دایناوە، بە ڕاوێژ لەگەڵ مامۆستایانی تری زادی؛ هەموو مامۆستایانی زادی قۆناغەکانی خوێندنیشیان پێش هەمووکەس بڕیوە لە ژێر دەستی مامۆستا کرێکاردا.

ــ سیستمی خوێندن لە زادی چۆنە؟

زادی لەسەر سیستمێکی پێشکەوتووی بەهێزی ئۆنلاین کاردەکات، تێیدا خوێندکار دوای خوێندنی وانەکان تاقیکردنەوە دەکات لە ڕێگەی ماڵپەڕی زادی ڕێمانەوە، ڕاستەوخۆش دوای تاقیکردنەوەکەی نمرەکەی دەخاتە بەردەست. فێرخواز تێیدا سەرجەم زانیارییەکانی پڕۆفایلەکەی و نمرەکان پارێزراوە و ئەرشیفە، تەنها مامۆستاکانی دەیبینن.

ــ دوای تەواو کردنی قۆناغەکانی خوێندن دەبیت بەچی؟

ـ ئەوانەی ناوەندی تەواو دەکەن، دەبن چالاکوانی ئیسلامی. 
ـ ئەوانەی ئامادەیی تەواو دەکەن، دەبن بە ڕۆشنبیری ئیسلامی.
ـ ئەوانەی پەیمانگای ئیبنوتەمییە و قۆناغی تایبەتمەندێتی(تخصوص) تەواو دەکەن، بڕوانامەکەیان بەرامبەر دەبێت بە بڕوانامەی ماستەر لە زانکۆیەکی وەکو زانکۆی ئەزهەر.

بڕوانامەی زادی ڕەسمیاتی هەیە؟

نەخێر، تا ئێستا ئەو ڕێکارە یاساییانەی بۆ نەگیراوەتە بەر. بەڵام ئەزمونیشمان لەگەڵ دەرچوانی زانکۆکەمان هەیە کە لە شوێنان بە ئیعتیباری ئاستی عیلمی خۆیان و خوێندن لە زانکۆی مامۆستا کرێکار، حسابی جیاواز بۆ بڕوانامەکەیان کراوە. ئەمەش تەنیا ئیمتیازێکە و گرنگتر لەمە بەلای ئێمە و فێرخوازیشەوە، فێربوونی زانستە شەعییەکانە بەو شێوە تۆکمە و گشتگیرە.

ــ زادی چ پەیوەندییەکی بە ڕەوتی شاخەوە هەیە؟

پەیوەندی نێوان زادی و ڕەوتی شاهیدانی خوایستی/شاخ، تەنیا مامۆستا کرێکارە. ئەو کەسەی کە دەیەوێت لە ئەدەبیات و فکری ڕەوتەکە تێبگات، ئەرکە لەسەری کە سەرجەم قۆناغەکانی زادی بخوێنێت و بیبڕێت، بەڵام بە مەرج نەگیراوە کە هەرکەس لە زادی بخوێنێت دیراسەی ڕەوتی شاخ بکات، یان دیدی ئێمەی پێ پەسندبێت. هەر کەسێک لە هەر تەمەنێک و هەر لایەنێک بیەوێت، ئەوە ئازادە لە خوێندن لە زانکۆی زادی. ئەگەر نەیەوێت دەتوانێت خۆشی نەناسێنێت. 

ــ ئەی خوێندنی وانەکانی کۆمەڵکاری چین؟

بریتین لە کۆمەڵێک کتێب کە تێیدا ڕۆشنبیری و وەعیت زیاد دەکات بەقوڵی لە بوارەکانی(فیکر و سیاسەت و کۆمەڵکاری و بزاوتی مێژوو و پەروەردەی دەروون ...). لێرەدایە کە بۆ خوێندنی وانەکان پێویستە ڕەوتەوان بیت، هەروەها دەبێت پۆلی یەکەمی ناوەندی یان ئامادەییت سەرەتا بڕیبێت بۆ خوێندنی ئەم وانانە. چونکە وەکو ئاماژەمان پێدا ئەوکەسەی دەیەوێت دیراساتی ڕەوتەکە بخوێنێت، ئەوا دەبێت لەگەڵ ئەم وانا تایبەتانەدا لە زادییش بخوێنێت.

بەڕێوەبەرایەتی زانکۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی ـ زادی

700 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
16/03/2020
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.