پێشه‌وایانمان

شیخ الإسلام ئیبن تەیمییە

 - #کەسایەتی_کورد_لەمێژوودا -٢-

ئیبن تەیمییە

ناوێکی ناشیرنکراو بەترس نیشاندراو.. ئەو زانایەی نەیارەکانی کەمتر نین لە ھەوادارەکانی، خۆی ھەرزوو درکی بەو دژایەتییە کرد کە لە ھەمەبەری دەکرێ، سەبارەت بەوان دەڵێ: سنگم فراوانە بەرامبەر ھەموو ئەوانەی نەیاری منن، با سنووری خواش بشکێنن دەرھەق بە تەکفیر و تەفسیقکردنم، یان درۆکردن بە دەممەوە، یان دەمارگیری نەفامانە بکەن لە دژم، بەڵام من سنووری خوا لە ئاستیاندا نابەزێنم، بەڵکو کۆنتڕۆڵی ئەو گفتوو کارانە ئەکەم کە ئەنجامی ئەدەم، بە تەرازووی دادگەری دەیپێوم و واشیان لێدەکەم شوێنی قورئان و سوننەت بکەون[١]. ناوی تەواوی(تەقیەددین ئەبو عەبباس ئەحمەدی کوڕی عەبدولسەلامی کوڕی عەبدوڵڵا)یە، ناسراوە بە ئیبن تەیمییە، ئەو نازناوەشی لە(تەیمییە)ی داپیرەیەوە(دایکی باوکی) وەرگرتووە، کە ناوی تەیمییە بووە. لە خێزانێکی ڕۆشنبیر و زانستدۆست لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٢٦٣م لە شاری حەڕڕان -دەکەوێتە باکووری کوردستان- چاوی بە دونیا ھەڵهێناوە، لە ساڵی ١٣٢٨م لە دیمەشق کۆچی دوایی کردووە.[٢]

- کاتەکانی منداڵی و مێردمنداڵیی

ئیبن تەیمییە لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستیکردووە بە خوێندنی ئاین و زمانی عەرەبی و بیرکاری، ھەر لە تەمەنی مێردمنداڵیدا قورئانی لەبەرکردوە. لای زیاتر لە ٢٠٠ شارەزا و مامۆستای ئیسلامی وانەی ئاینی خوێندووە و زانیاری و ئەزموونی لێوە بەدەستخستون. لە تەمەنی مێردمنداڵیدا شارەزاییەکی باشی ھەبووە لە بوارەکانی تەفسیر، فەرموودە، شەرعزانی(فقه) و زمانی عەرەبیدا. بە گوێرەی ھەندێک سەرچاوەی ئیسلامی، جگە لە زمانی عەرەبی؛ شارەزای زمانەکانی عیبری، لاتینی و تورکی بووە و لە نووسین و نامەکانیدا ئەو زمانانە دەرکەوتون. 

تا داگیرکردنی شارەکە لەلایەن مەغۆلەکانەوە لە ساڵی ٦٧١ ک ھەر لە حەڕڕان ژیاوە، پاشان  لەگەڵ باوکی روویان کردۆتە دیمەشق و لەوێ نیشتەجێبوون، ھەر لەوێش خەریکی  خوێندن و وەرگرتنی زانست و مەعریفە و بیروبۆچوونی ئاینی بووە لای باوکی و زانا ئاینییەکانی تر، ھەر لە سەرەتای تەمەنییەوە بە زانا و بیرتیژی و بیریار و ئازایەتی ناوی دەرکردبوو لای مامۆستایانی، شارەزاییەکەی لە ئایینی ئیسلام و لق و پۆپەکانی ئەو ئایینە و وردەکارییەکانیدا، بە رادەیەک بووە؛ کە لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە فەتوایداوە و لە بواری ئایینی ئیسلامدا نوسیویەتی و کتێبی بڵاوکردوەتەوە. لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا بووەتە مامۆستای ئایینی و وانەی ئیسلامیی ووتووەتەوە و، بووەتە شێخ و سەرمەشقی ئەو خوێندنگە ئایینیەی کە پێشتر باوکی وانەی تیادا دەگوتەوە. ماوەیەکیش لە قوتابخانەی حەنبەلی وانەی ووتووەتەوە. لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا و لە رۆژی ١٠ی سەفەری ٦٩١ی کۆچیدا وەک وانەبێژی تەفسیری قورئان لە مزگەوتی ئەمەوی دەستبەکاربووە و، ساڵانێکی زۆر لەوێ وانەی ووتووەتەوە و فێرخوازان ڕوویان لە مزگەوت و خوێندنگەکەی کردووە و وانەی ئایینیان لە لای خوێندووە، ھەروەھا بە ھیچ شێوەیەک بەبێ زانیاری لەبارەی ھیچ شتێک نەدواوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆربەی ئەو زانستانەی کە قسەی تێدا کردووە گەیشتۆتە ئەوپەڕی ترۆپکی تێگەیشتن و قوڵبوونەوە تێیدا و، دەربارەی زۆربەشیان قسەی کردووە و نوسینی بڵاوکردۆتەوە، وەکو: شەرعزانی(فقه) و فەلسەفە و لۆژیک(منطق) و فەلەک، لەم بوارانەدا ٣٧ بەرگ لەکتیبەکانی بەجێماون.[٣] 

- ڕۆشنبیریی ئیبن تەیمییە و ڕێبازەکەی لە توێژینەوەدا 

مێژوو نوسان لەسەر ئەوە یەکدەنگن کە ئیبن تەیمییە شارەزاییەکی بەرفراوانی لە زانستە شەرعی و ئاوەزییەکاندا بەشێوەیەکی یەکسان ھەبووە. ئیمامی زەھەبی لەبارەیەوە دەڵێت: (لە زیرەکیدا ھەڵدەگیرسا و زۆر گوێی لە فەرموودە دەگرت و زیاتر لە دووسەد مامۆستای ھەبووە و لە شارەزایی تەفسیردا گەیشتبووە ئەو پەڕ و لە لەبەرکردنی فەرموودە و پیاوانی فەرموودە گێڕەوە و ڕاستی فەرموودەدا کەسی پێ نەدەگەیشت، لە وەرگرتنی فیقھو مەزھەبەکانی ھاوەڵان و شوێنکەوتوان(تابعین)دا وێڕای چوار مەزھەبەکەش ھاوتای نەبوو، شارەزایشی لە دەستە و تاقمەکان و ئوسووڵ و کەلام ھەبووە، من ھاووێنەی ئەو بەدی ناکەم، سەبارەت بە ژیاننامە و مێژووش بەڕاستی جێی سەرسوڕمان بوو، لەبارەی جیھاد و پێشڕەویشەوە لە سنووری وەسفدا نەمابوو. جا ئەگەر باسی تەفسیر بکرایە ئەو ھەڵگری ئاڵاکەی بوو، ئەگەریش فەرموودەناسان ئامادەبوونایە ئەو دەدوا و ئەوان لەسەر ئەژنۆ وەکو فێرخواز لە حزووریدا دادەنیشتن و گوێیان بۆ دەگرت، ئەگەر ناوی ئەھلی کەلام بھاتایە ئەو وەکو تاکە کەس بوو کە دەبوایە بۆی بگەڕابانەوە، ئەگەر ئیبن سینا فەیلەسوفەکانی پێش بخستایە و بەرزی رابگرتنایە ئەو بەرھەڵستی دەکرد و نھێنی و عەیبەکانیانی ئاشکرا دەکرد). پێ دەچێ لەو دەربڕینانەی بەڕونی رۆشنبیری ئیبن تەیمییە و ئاستی شارەزابوونی لە فەرموودەدا نیشان بدەن وتەکەی زەھەبی بێت لەبارەیەوە: (فەرمودەیەک کە ئیبن تەیمییە نەیزانیبێت ئەوە فەرموودە نییە). ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە بێداربوونێکی بەرفراوانی لە فەرموودە و شارەزایی بە ھەموو کتێبەکانی فەرموودە ھەبووە. بە نسبەت رۆشنبیری لایەنی فەلسەفیشی، تا ئاستێکی زۆر ناڕوون و نادیارە، چونکە گرنگترین ئەو کتێبانەی کە تیایدا رەخنە و بەرھەڵستکاری لە ڕووی فەلسەفەدا نیشان داون دواتر بڵاونەکراونەتەوە، یان لەگەڵ ئەو کتێبانەدا کە کاتی خۆی لەنێوچوون ئەوانیش فەوتاون.

ئەوەی ڕۆشنبیری ئیبنو تەیمییە جیادەکاتەوە ئەوەیە، کە رۆشنبیرێکی قوڵی ئیسلامی بووە بە پلەی یەکەم، ئەو تیایدا بەتەواوی شوێن بەرنامەی ئەھلی سوننەت و جەماعەت کەوتووە، بەتایبەت رێبازی پێشەوا ئەحمەدی کوڕی حەنبەل و گەورە زانایانی حەنبەلی، ئەگەر چی ئەو ڕای لە ھەرچوار مەزھەبەکە وەردەگرت و، قسەی لە گەورە فەرموودە ناسانی وەک بوخاری و شافیعی و تەبەری و ئەبو شەیخی ئەسفەھانی و لالەکائی و ئەبونەسری سەجزی و ئیبن خوزەیمە و دارەمی و ئیبن قوتەیبە و ئەبوبەکر ئەسرەم و خەلال و ئەبوعوسمانی سابونی و ئەبو ئیسماعیلی ئەنساری و بەیھەقی و ئیبن بەتتە و ئیبن حەزم و ئیبن جەوزی و ئەشعەری و باقەلانی و.... کەسانی تر وەردەگرت، بەڵکو ئیبن تەیمییە سودی لە ھەموو بیریاران و تێروانەران ئاراستەوانان وەردەگرت؛ کە جەختیان لە پاڵپشتی مەزھەبی ئەھلی سوننەت و جەماعەت دەکرد، ئەو لە کتێبی(الرد علی المنطقیین)دا دان بەوەدادەنێت، کە بۆ بەرپەرچدانەوەی مەنتیق سوودی لە کتێبی (الدقائق)ی باقەلانی، کە ئەشعەریە و لە کتێبی(ئیبنو نەوبەختی شیعەی دوازدە ئیمامی) وەرگرتووە.[٤]

- ئیبن تەیمییە و زانکۆکانی ئەوروپا

وە ھەروەھا لەم ساڵانەی کۆتایشدا، زۆرێک لە زانکۆکانی ئەوروپا کەوتنە لێکۆڵینەوە لەسەر بەرھەمەکانی ئەم کەڵە زانا کوردە. لەوانە:

زانکۆی(ئۆکسفۆرد)

زانکۆی(نوتینگھام)

زانکۆی(جۆرج تاون)

زانکۆی(ئەندیانا )

زانکۆی(کورنیل)

زانکۆی(ئەستنافورد)

بە دەیان کۆڕ و سیمینار دەربارەی ئەم پیاوە مەزنە کرا، چەندین بڵاو کراوە و چەند کتێبێکی لەسەر نوسرا، زۆرجار ناویان دەبرد بە(ئەو پیاوە مەزنەی کە ئوممەتەکەی لێی بێ ئاگان!).

د. ھنری لاوست کتێبێکی لەسەر بڵاوکردەوە بەناوی(نظریات إبن تیمیة في الاجتماع والسیاسة) کە تیایدا دەڵێت: ئەم پیاوە بەجۆرێک مەزن بوو، کە نەک تەنھا ئوممەتی ئیسلامی، بەڵکو تەواوی بەشەرییەتی قەرزداری خۆی کردووە، دەشڵێت: ئیبن تەیمییە لەکتێبی (السیاسة الشرعیة)دا، دەستورێکی تەواوی بۆ حوکمڕانییەکی دروست نوسیوە، کە لەسەردەمی (قلاون)دا ئەم کتێبە وەک دەستوری ھەموو پادشاکانی ئەوسەردەمە مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، بەجۆرێک کە بەحەرفێک لێیان لانەدەدا. 

د.کوج جلن دەڵێت: ئیبن تەیمییە ئەوکەسەیە، کە پێش ھەموو کەسێ نەقدی مەنتقی ئەرستۆی کرد، کە دواتر ئەو مەنتقە زیانی زۆری بە ئەوروپا گەیاند و ھەموو بۆچوونەکانی ئیبن تەیمییە لەسەری ڕاست دەرچوو. (بۆ خوێندنەوەی کرتە لێرە بکە)

د. جوھن ھوفر دەڵێت: ئیبن تەیمییە ئەو پیاوە بوو، کە دژی ھەموو خورافیات و زیادەڕەوی ئایینەکان وەستایەوە، لەو پێناوەشدا باجی زۆری دا. (کرتە لێرە بکە بۆ بینینی ڤیدیۆکە)

ھەروەھا لە زانکۆی ئۆکسفۆردیشدا(ئیبن تەیمییە)ی وەک ھەڵوەشێنەرەوەی مەنتقی ئەرستۆ  ناساند. (بۆ خوێندنەوەی کرتە لێرە بکە)

ھەروەھا لەکتێبێکدا بەناوی(إبن تیمیة وعصرە) کە لەساڵی ٢٠١٠ لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دا چاپکراوە، دەڵێت: ئیبن تەیمییە وەک یەکەم سەرچاوە دەزانم بۆ بەرپەرچدانەوەی فەلسەفە بەتاڵەکان. (بۆ خوێندنەوەی کرتە لێرە بکە)

ئەمانەی خوارەوەش ناوی ھەندێکی ترن لەو زانکۆیانەی ئەورووپا دەربارەی شێخی ئیسلام ئیبن تەیمییە لێکۆڵینەوەیان کردووە:

زانکۆی جۆرج تاون  

زانکۆی ئەندیانا 

زانکۆی کورنیل  

زانکۆی نوتنگھام  

زانکۆی ستانفۆرد

- نازناوو پلەی شێخی ئیسلام(شیخ الاسلام)

بەھۆی ئەو شارەزاییەی لە ئایینی ئیسلامدا ھەیبووە و پابەندیی رێبازی سوننەت و جەماعەت بووە و، زۆربەی کاتەکانی ژیانی بۆ لێکۆڵینەوە لە ئایینی ئیسلام تەرخانکردووە، زۆرێک لەو کەسایەتییە ئایینیانەی ھاوسەردەمی بوون و چەندینی تریش کە دوای ئەو پەیدابوون، نازناوی "شێخی ئیسلام"ـیان بە ناوبراو بەخشیوە و تا ئێستاش، لە نێوەندی ئیسلامیدا ئیبنوتەیمییە بە "شیخ الإسلام" دەناسرێت و ناوبانگی بڵاوبووەتەوە، لە ھەموو دید و بۆچونەکانیشیدا پشتی بە دەقەکانی قورئان و فەرمودەی پێغەمبەر(صلی اللە علیە وسلم) بەستووە، زانایانی تریش ھەن کە بە شیخی ئیسلام ناو دەبرێن، بەڵام ئەگەر بە تەنھا وترا شێخی ئیسلام(شیخ الاسلام)؛ بێگومان مەبەست لێی ئیمامی ئیبن تەیمییەیە.

ئیبن تەیمییە بەھەموو توانایەکی زانستی و دەروونی و تەنانەت جەستەیش لەڕووی تەتارەکاندا وەستایەوە، ئەو لەدیمەشق لەگەڵ جێگیری سوڵتان ئەفرەمدا وەستاو موسڵمانانی ھاندەدا تا دژ بە تەتارەکان چەسپاوو سەقامگیربن و جیھاد بکەن، لەکاتێکدا زۆربەی زانایان و گەورە پیاوانی دەوڵەت لەشارەکە ڕایاندەکرد لە ترسی داگیرکاری و کوشتاری مەغۆلەکان. ھەروەکو سوڵتان غازانی تەتار لەبەر خراپی ھەڵوێستی لەگەڵ موسڵماناندا کەوتە بەر تووڕەبوونی ئیبن تەیمییە لەڕوویدا، لەگەڵ ئەوەی ئەو تووڕە بوونە مەترسی لەسەر ژیانی ئیبن تەیمییە ھەبوو، کاتێک کە بینی مەترسی تەتارەکان زیادیکردووە، لەسوریاوە گەڕایەوە بۆ میسر و بە چەند دەربڕینێکی توند سوڵتان ناسر و پیاوانی سوڵتانی ھاندا تا لەگەڵ تەتارەکاندا بجەنگن، پاشان خۆیشی لەجەنگی(مەرج سەفەر)دا بەشداریکرد و لەنێو سەربازاندا بەرێکەوت و ھانیدەدان، جەختی لێدەکردنەوە کەئەوان شیاوی ئەوەن سەرکەوتنی خوا بەدیبھێنن و جیھادی لە پێناو بکەن -تائەوکاتەی لە گوێڕایەڵی خوای گەورەدا دڵسۆزی بنوێنن-، پاشان لەگەڵیاندا بەسەختی بەشداری جەنگی دژ بەتەتارەکانی کرد.[٤] 

د.موحەممەد ئەبو زەھرە دەڵێت: مێژوونوسان بە ئیبن تەیمییەیان گوتووە: (حەڕڕانی) ئەوەش دەیسەلمێنێت کە کوردە، کوردیش میللەتێکی خاوەن ھیممەت و ئازایەتی زۆربوون لەو سەردەمەدا، ئەم سیفاتانەش لەودا بە ئاشکرا بەدیدەکرا، چونکە کوردەکان لە سەدەکانی شەشەم و حەوتەمی کۆچیدا ڕۆلێکی باشیان گێڕا لە بەرگریکردن و ڕووبەڕووبونەوەی دژی داگیرکەران، لە بەرنگاری ھێرشەکانی خاچپەرستەکان و مەغۆلەکان گورزی باشیان لێوەشاندن و بێئومێدیان کردن لە داگیری وڵاتی موسوڵمانان.[٥] 

- دانراوەکانی ئیبن تەیمییە

ھەرچەندە کارێکی ئەستەمە بتوانین بە ژمارە ڕێژەی دەستنووسەکانی دیاریبکەین، ئەوەش لەبەر نادیاری بەرھەمەکانی و زۆری نوسینەکانی، بۆیە کەسێکی وەک شێخ ئیبن رەجەب دەڵێت: نوسراوەکانی لەوە بەناوبانگترن باسبکرێن، لەوە ناسراوترن نکۆڵیان لێبکرێت، شار و وڵاتان پڕن لە کتێبی ئەو، ئەوەندە زۆرن لە ژمارە نایەن[٦]. بەڵام ئەوەی لە سەرچاوەکان ئاماژەی پێکراوە زیاتر لە چوار ھەزار دەستنووسی ھەبووە، ئەوەی ئێستا ماون و بڵاون بریتین لە سێسەد بەرگ، ئەوەشی دەستنووسە بریتین لە ھەزار دەستنووس، دەڵێن ھیچ شارێکی جێنەھێشتووە  تا نوسینێکی دوای خۆی بۆ بەجێنەھێشتبن.

- قوتابیە پەروەردەکراو و پێگەیشتووەکانی

ھەروەک ئیبن حەجەر دەفەرمووێت: بەس بێت بۆ ئیبن تەیمییە کە قوتابییەکی وەکو (ئیبنولقەییم)ی پێگەیاندووە.

مامۆستا کرێکاریش دەفەرمووێت: ئیبنولقەییم یەکێکە لە چوار قوتابیی ئیبن تەیمییە؛ کە زانستی ئەویان لەگەڵ زوهد و خواناسییەکەیدا هەڵگرتووە، ئەوانی تر(ئیمامی زەهەبی و ئیبن کەسیر و خاتوو بنتوعەییاش) بوون.[٧]

هەندێک لە قوتابییەکانی:

- زەھەبی(محمد بن احمد بن عثمان الذھبي الشافعي) 

- ئیبنولقەییمی جەوزی(محمد بن أبی بکر بن أیوب الحنبلي) 

- ئیبن عەبدولھادی(محمد بن أحمد بن عبدالھادي) 

- ئیبن موفلیح(محمد بن مفلح بن محمد المقدسي الحنبلي) 

- ئیبن کەسیر(إسماعیل بن عمر بن کثیر الشافعي) 

- بەرزالی(علم الدین القاسم بن محمد البرزالي) 

- واستی(أحمد بن إبراھیم بن عبدالرحمن الواسطي) ئیبن تەیمییە ناوی نابوو(جونەیدی سەردەم).

چەندان قوتابی تریش، وەک: ئیبن سەیدولناس و میززی و بەزاڕ و ئیبنولوەردی... ھتد. [٨]

- دادگاییکردن و زیندانیکردنی 

ھەر لەگەڵ دەرکەوتنی ناو و ناوبانگی لە ناوچەکە و کاریگەری زۆری بەسەر خەڵکییەوە و بیستنی چەند فەتوا و کۆششێکی جیاواز لەوانەی پێشوو، ئەوە بووە ھۆی ئەوەی ھەندێ لە شەرعناسان و زانایان ڕقی لێھەڵبگرن و بێزاری دەرببڕن لە ئاستیدا، بۆیە کەوتنە دژایەتیکردن و شکاتکردن و تۆمەتبارکردنی بە چەند تۆمەتێکی بێبنەما.

لە ساڵی ٦٩٨ک ھەندێ لە زانایان -کە نەیاری ئیبن تەیمییە بوون- بڕیاریاندا بیدەنە دادگا. دوایی زانایەک بەناوی(ئیمامەدین) بڕیاریدا خۆی بچێ بۆ لای، تا لە نزیکەوە لەگەڵی دانیشێت و لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ بکا. کە چوو بۆ لای، دوو بە دوو دانیشتن و کەوتنە گفتووگۆ و پرسیار و وەڵام سەبارەت بەو مەسەلانەی ئەو دەیوروژێنێ، بەڵام دەرکەوت ھیچ لەو تۆمەتانە راستنین کە دەربارەی دەگوترێ، گوتی: ئیبن تەیمییە لە ھیچ کام لەم فەتوایانەدا لە قورئان و سوننەت لای نەداوە، بەڵام نەیارانی بەوە نەوەستان و ھەر سوور بوون لەسەر دادگاییکردنی. ئەوەبوو لە ساڵی ٧٠٥ک درا بە دادگا لەسەر ڕەخنەکانی کە لە دژی بیروباوەڕی ئیبنوعەڕەبی و حلول و ئاوێتەبوون گرتبووی، داوەرەکان کەوتنە گفتووگۆ لەگەڵیدا، ئیبنتەیمییەش وڵامی ھەموو ئەو تۆمەتانەی داوە کە بەرەوڕوویان کردبوویەوە. پاشان گووتی: بیروباوەڕی من لەگەڵ قورئان و سوننەت و ئیجماعی ئوممەتدایە، من جگە لەوە ھیچیترم نەگەیاندووە[٩]. پاشان تەحەددای ھەر کەسێکی کرد  تا سێ ساڵی داھاتوو مۆڵەتی پێدەدەم کە بتوانێ بیسەلمێنێ کە قسەیەکم کردووە، تێکگیرە و دژە لەگەڵ ھەر قسەیەک لە سێ سەدەی یەکەمی ئیسلام باسکرابێ، ئامادەشم پەشیمان ببمەوە لێی[١٠]. ئیتر بەو شێوەیە دادگای دووەم و سێیەمیشی بەسەرکەوتوویی تێپەڕاند، پێیانی سەلماند کە بیروباوەڕەکەی سەلامەتە و لە ڕێچکە و ڕێبازی پێشینی ئوممەت لاینەداوە. 

-دادگاییکردنی لە میسر 

لەدوای ئەوەی ئیبن تەیمییە شامی بەجێھێشت و بەرەو میسر کەوتەڕێ، لە ٢٢ی ڕەمەزانی ساڵی ٧٠٥ک گەیشتە قاھیرە، لەو کاتەدا فەتوایەکی ئیبن تەیمییە بڵاوبووبوویەوە، کە وایکرد نەیارەکانی لە میسر بکەونە ھاندانی قازی دادوەر تا بانگهێشتی دادگای بکەن، عەللامە نویری دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لەگەڵ شەمسەدینی کەنانی لە خوێندنگەی ناسرییە پێکەوەبووین، لەوکاتەدا قوتابیەک بەناوی عەبدوڕەحمان عینوسی ھات و کۆمەڵێک فەتوای ئیبن تەیمییەی لابوو، شەمسەدین چاوی بە فەتواکانی کەوت لێیان ڕازی نەبوو، بۆیە بردی بۆلای دادوەری دادوەران زەینەدین مالیکی، لەوکاتەشدا نەسری منبجی نەیارێکی سەرسەختی ئیبن تەیمییە بوو، بۆیە ئەوەی بە ھەل زانی تا داوەری لێ ھانبدات، ھەروەھا لای سوڵتانیش وای نیشان دا کە ڕۆڵی ئیبن تەیمییە تەنھا لە مەسەلەی ئاینی نابێت، بەڵکو مەترسی لەسەر کورسی و دەسەڵاتی ئەویش دەبێت[١١]، بەوەش باری ئیبن تەیمییە بەرەو ئاڵۆزتر و خراپتر چوو، دوای گەیشتنی بە رۆژێک راستەوخۆ ڕاپێچی دادگا کرا، پاشان لە بورجدا بەندکرا بۆ ماوەی چەند رۆژێک، لە جەژنی ڕەمەزان بەفەرمی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەیەک بەناوی(جب). [١٢] 

زیندانیکردنی شێخی ئیسلام بەتەواوی لە میسر دەنگیدایەوە و کاریگەری زۆری ھەبوو لە نێو خەڵکیدا، میر سەیفەدینیش بەوە دڵتەنگ و ناڕەحەت بوو، داوای کرد بە زووترین کات کێشەی ئەو پیاوە چارەسەر بکرێ، ئەوەبوو داواکرا لەو زانایانەی کە نەیاری بوون، تا بێن مونازەرە بکەن لەگەڵیدا و بەڵگەکانیان دژی بۆچوونەکانی ئەو بخەنەڕوو، بۆ ئەوەی بەزووترین کات بەرپەرچی بدرێتەوە و لە نێو خەڵکیدا ئیعتباری نەمێنێ، بەڵام ھیچ یەکێک لەو زانایانە ئامادەیی ئەوەیان تێدا نەبوو، کە بتوانن بەھێزی بەڵگە بەرپەرچی شێخی ئیسلام بدەنەوە، ترسان لەوەی بە بەرچاوی ئامادەبووان لە سوڵتان و داوەر و قازی دەستەوئەژنۆ بکەون بەرامبەر ھێزی بیر و زانستە بەرفراوانەکەی، ھەر لەبەر ئەوە میر حیسامەدەین بەپەلە ھات لە زیندان ئازادی کرد و سوێندیشی پێخوارد بەوەی بمێنێتەوە و درێژە بدا بە دەرس و پێگەیاندن و پەروەردەکردنی فێرخوازان لە خوێندنگەی ساڵحییە. [١٣]

-زیندانیکردنی بۆ جاری دووەم لە میسر 

لە ساڵی ٧٠٧ک، لەو کاتەدا دید و بیری سۆفیەکان وەک(وەحدەتولوجود و حلول و موتتەحیدە/ئاوێتەبوون) بەتەواوی لەنێو کۆمەڵگەی میسریدا بڵاوببوویەوە، کاریگەریەکی زۆر سلبی خستەسەر فیکر و عەقیدەی موسوڵمانان. خەڵکەکە بەتەواوی نوقمی بیدعە و خوڕافیات ببوون لە دیندا، زۆر کاریگەربوون پێی، بەتایبەتی ئیبن فارجی شاعیر، ئیبنتەیمییەش بە پێویستی زانی ئەرکی ڕادان و ڕاماڵینی ئەو تەم و لێڵییە لە ئەستۆ بگرێت، تاوەکو سروشت و فیترەتی دینەکە وەک خۆی بخاتەوە بەرچاوی خەڵکی و، ڕزگاریان بکا لەو ئینحرافەی تێیکەوتوون، ئەوانیش(بەناو سۆفییەکان) ئەمەیان پێ ھەزم نەکرا و قبوڵ نەکرا، چونکە ئەو لایەنە خوڕافیاتانە ببووە شوناس و کیانێکی تەعەببودی لایان، بۆیە خێرا ھانایان بردە لای سوڵتان و دەستیانکرد بە سکاڵا و شکات کردن لە ئیبن تەیمییە، ئینجا بەو ھۆیەوە بۆ لێپرسینەوە بانگیانکردە دادگا، بەڵام دوای گفتوگۆیەکی زۆر؛ بێسوود بوو لەگەڵی، نەیانتوانی چۆکی پێ دادەن و پاشەکشە و تەنازوولی پێبکەن، بۆ لێکنزیکبوونەوەیان ھەوڵیاندا چەند مەرجێک بخەنە بەردەمی، بەڵام ئەو بە ھیچ کام لەو مەرجانە ڕازی نەبوو، لەو پێناوەشدا ئامادەبوو بچێتە زیندان، نەک پاشگەزبوونەوە لە خستنەڕووی سروشتی ڕێچکە و رێبازی دینەکە. ئەوانیش(کاربەدەست و سەرانی میسر) ھەستیان کرد بێسوودە لەگەڵی، بۆیە کۆتا جار گەیشتنە ئەوەی پێویستە بینێرنەوە دیمەشق، بەڵام پاشگەزبوونەوە و ڕەوانەی زیندان کرایەوە، براکەشیان لەگەڵ نارد تاوەکو لەوێ خزمەتی بکات. ئیبن تەیمییەیان بۆ زیندانیکردنی ناردە قەڵایەک لە ئەسکەندەریە، بەڵام ئەمجارە جێگەکەی باشتر و فراوانتر بوو لە شوێنی زیندانیکردنی پێشووی، خەڵکیش دەیانتوانی سەردانی بکەن چاویان پێیبکەوێت.[١٤] تا دواتر سوڵتان ناسر ھاتە سەرتەختی دەسەڵات و لە جەژنی ڕەمەزانی ساڵی ٧٠٩ک سەردانیکرد و لە زیندان ئازادی کرد. [١٥] 

- گەڕانەوەی بۆ شام و، بەندکردنی لە دیمەشق 

لە دوای دوورکەوتنەوە لە شام بە حەوت ساڵ و حەوت ھەفتە، دووبارە گەڕاوە ئەو وڵاتە، ئەمەش پاش ئازادبوونی لە بەندیخانەی ئەسکەندەریە لە میسر، لەوێ دووبارە دەستیکردەوە بە نوسین و کاری بانگەواز، بەڵام زۆری نەخایاند،  کێشەیەک دروست بوو لە نێوان زانایان و موجتەھیدان لەگەڵ ئیبن تەیمییە، لەسەر ئیجتیھادێک سەبارەت بە تەڵاق، کە بۆچوونی ئەو جیاواز بوو لەگەڵ بۆچوونی ئیمامەکانی سەرمەزھەب(شافعی و حەنەفی و حەنبەلی و مالیکی)، فەتواکە ئەوەبوو کە: (سێ تەڵاق بە یەکجاری ناکەوێ، ھەروەھا کەفارەتی سوێندی تەڵاقیشی دیاریکرد)، ئیتر دوای ئەوە سوڵتان بڕیاری سڕکردنیدا لە فەتوادان، بەڵام ئەو گوێی پێنەدا و ھەر بەردەوام بوو لە فەتوادان، لە کۆتایی بڕیاری ئەوەیان دا کە نابێ چیتر فەتوا بدات، ئیبن تەیمییەش سوور بوو لەسەر فەتوادان، چەندین جاری تریش بانگکرا بۆئەوەی پەشیمان بێتەوە، بەڵام ھەر بەردەوام بوو، لەو بارەیەوە لە ٢٣ی ڕەجەبی ساڵی ٧٢٠ک کۆڕێک رێکخرا کە دەسەڵاتدار و دادوەران و چەند موفتییەک ئامادەبوون، تێیدا بڕیاردرا بە زیندانی کردنی، ماوەی پێنج مانگ و ھەژدە ڕۆژی لە زیندان بردە سەر و پاشان ئازادکرا.[١٦]

-کۆتا دادگایی و زیندانی کردنی؛ تا کۆچی دوایی 

کۆتا دادگایی و لێپێچینەوە ئەوەبوو؛ لەسەر فەتوایەکی ساڵی ٧٠٩ک دابووی دەربارەی چوونە سەر گۆڕی پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) و پیاوچاکان، کە بەو شێوەیە ھاتووە، دەڵێ: (دروست نییە مەبەستی سەرەکیت لە سەردانیکردنت بۆ مەدینە، گۆڕی پێغەمبەر بێت درودی خوای لەسەر، مەگەر بۆ کارێک بچی لەوێ سەردانی بکەی، ئەوە شتێکی ئاساییە و دروستە). ئیتر بەوە کەوتنەوە دژایەتی و ھانابردن بۆ لای سوڵتان، تا بەتەواوی دایبڕن لە فەتوادان و پێگەیاندنی فێرخوازان و تێگەیاندنی خەڵکی، چونکە کاریگەریەکی ئێجگار زۆری ھەبوو لەسەر فێرخوازان و خەڵکی ناوچەکە، لە ساڵی ٧٢٦ک، ئیبن جوملە دەقی فەتواکەی گۆڕی و بەرزی کردەوە بۆ لای سوڵتان، دیسانەوە بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک دادوەر و قازی دەوڵەت، بڕیاردرا بە زیندانیکردنی لە زیندانی قەڵا(قلعة) لە دیمەشق، براکەشیان لەگەڵدا نارد -کە ناوی شەڕەفەددین بوو- تا لەوێ خزمەتی بکات، بەڵام زۆری نەخایاند لە ساڵی ٧٢٧ک براکەی کۆچی دوایی کرد، ئیبن تەیمییە خۆی نوێژی لەسەرکرد، دوای مردنی براکەی بڕیاریاندا ڕێگربن لە نوسینەکانی، بەوەی کاغەز و قەڵەمی لێ دوور بخەنەوە[١٧]. ئەویش لەوێ کاتەکانی خۆی ھەر بە نوسینەوە و خواپەرستی و قورئان خوێندن بەسەردەبرد، ھێندەی نەبرد لە ساڵی ٧٢٨ک توشی نەخۆشی بوو، دوای بیست ڕۆژ بەو نەخۆشییە سەری نایەوە و کۆچی یەکجارەکی کرد[١٨]. لە گۆڕستانی(الصفیة) لە دیمەشق لە تەنیشت براکەی(شەڕەفەدین) بە خاک سپێردرا.

 سەرچاوەکان:

١ـ مجموع الفتاوی

٢ـ ڕۆڵی زانایانی ئیسلام لە پێشکەوتنە زانستییەکان

٣ـ سایتی دابڕان(بە دەستکاریەوە)

٤ـ سایتی ناوەندی ئەیوبیان 

٥ـ ڕۆڵی زانایانی ئیسلام لە پێشکەوتنە زانستیەکان

٦ـ ذیل طبقات الحنابلة

٧. وانە سەرەتاییەکانی پەروەردەی دەروون(لیژنەیەکی یەکگرتووی ئیسلامی)

٨. ئا ئەمە ئیبن تەیمییەیە(م. علی خان)

٩ـ العبر فی خبر من غبر

١٠ ـ إبن عبدالوھاب

١١. النویري

١٢ـ ئیبن تەیمیە، ڕەچەڵەک ڕۆڵی لە مێژووی ئیسلام دا

١٣ـ إبن کثیر

١٤ـ ئیبن تەیمیە، ڕەچەڵەک ڕۆڵی لە مێژووی ئیسلام دا

١٥ـ الکرمي

١٦. إبن عبدالوھاب

١٧. ئیبن تەیمیە، ڕەچەڵەک و رۆڵی لە مێژووی ئیسلام دا

١٨ـ الحسامي

ئامادەکردنی: شێروان عبدالرحمن

ھەڵەچنیی: زانکۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی(زادی)

 

267 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/07/2020
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.