ئیستیخلاف (بریکاریی مرۆڤ بۆ خوای پەروەردەگار لەسەر زەوی، کە روونکردنەوەیەکی زۆر دوورودرێژیی (خوایەتیی) و (عەبدێتیی)یە)، ئەم تەوەرە دوولقە: لقی تیۆریی (نظري) و لقی کردەوەیی (عملي).. _تیۆرییەکە سێ ڕوکنی سەرەکی ھەیە: ١ـ خواناسیی (الربوبیة): کە باسەکانی خاوەنێتیی و خەلقکردن و رۆزیییدان و سوودپێدان و زیان لێلادان و ژیاندن و مراندن و دەیان سیفات و بواریتری سەرپەرشتیارێتی هەموو بوون و سرەوت و بزاوتی مەخلووقات دەگرێتەوە.. زۆرینەی ئایەتەکانی قورئان _بەتایبەتی کۆتایی ئایەتەکانیان_ باس لەم سیفاتە زاتیی و کردەوەییانەی خوای تاکوپاک دەکەن. ئەمە ھەر ئەو دوو بەشەی پەروەردگارێتیی (الربوبیة) و ناووسیفات ( الاسماء والصفات)ە، کە سەلەفیەکان لە ئیبنوتەیمیە رحمە اللە وەریانگرتووە کە لە لای ئیبنولقەیم رحمە اللە پێی دەوترێت (توحید المعرفە والاثبات). ٢ـ خواپەرستیی (الالوهیة): کە بریتییە لە سەلماندن و چەسپاندنی پەرستن بۆ خوای تاکوپاک، بێ ئەوەی لە هیچ رادو بڕو چۆنییەتیی و شێوازێکدا هاوبەشی بۆ بڕیاربدرێت، جا خواپەرستییەکە بە دڵ بکرێت وەکو خواوویستیی (الاخلاص)، کە پێچەوانەکەی ریایە. یان بە زمان بکرێت وەکو شوکرانەبژێریی کە پێچەوانەکەی کوفرانەکردنە. یان بە کردەوە بکرێت وەکو سوجدەبردن بۆ خوای گەورە، کە پێچەوانەکەی چەمانەوەی مەزنێتیی و گەورەیی دانانە بۆ غەیری خوای گەورە. ئەمەش لە دەیان و سەدان رەفتاردا دەنوێنرێت. ئەمەشیان ھەر (الالوهیة)ەکەی لای ئیمامی ئیبنوتەیمیە و (توحید القصد والارادة) ەکەی لای ئیمامی ئیبنولقەیمە، کە بەگشتی کەس لەمەدا راجوێ نییە، مەگەر فەیلەسوفە سەربەتاڵەکان. ٣ـ حاکمێتیی (الحاکمیة): کە شاهیدییدان و بڕیاردان و ئەنجامدانی سەروەرێتییە (دەسەڵاتی باڵای وڵات) کە دەبێ بۆ شەریعەتی خوای گەورە بێت و بەس. سەروەرێتیی لە بوارەکانی: (یاساداڕشتن: التشریع) و (حوکمڕانیی: الحکم)و (داوەریی بردنەلای شەریعەتەکە: التحاکم)دایە.. ئەمە لە بازنەی سیاسەتی شەرعییدا نییە، تا بواری ئیجتیهادی تێدا بێت، بەڵکو وەکو دوو جۆرەکەیتری تەوحیدەکەیە (خواناسیی و خواپەرستیی)، چونکە حاکمێتییەکەش هەر ئیعتیرافکردنە بەوەی کە ئەم مافە (لە هەرسێ بوارەکانییدا) مافی خوای گەورەیەو (وَلَا يُشْرِكُ فِي حُكْمِهِ أَحَدًا)الکهف/٢٦. ھەندێ زاناو بیرمەند لەم سەردەمەدا بەم جۆرەی تەوحیدییان ووتووە: (توحید الحاکمیة).. سەرانی سەلەفی سەردەم لەم جۆرە تەوحیدەدا راجوێبوون. ھەیانە دەفەرموێ بەشێکە لە (الربوبیة) و ھەیانە دەفەرموێ بەشێکە لە (الالوھیة) وە ھەشیانە دەفەرموێ بەشێکە لە (الاسماء والصفات) .. ئێمەش لاریمان لەوە نییە بەشێکی سەربەخۆی (تەوحید)ە کەبێت، تا زیاتر بایەخی پێبدرێت. کۆی ئەم دیدو تێڕوانین و پێناسانەی سەرەوە دەبنە تیۆرێکی ژیانبینییی. ژیانبینیی سەلماندن و چەسپاندنی کردەوەیی (عملي: پراکتیزەکردن) دەخوازێت، ئەمەش تیۆرێکیترە کە (جیهانبینیی)ەکە بۆ گۆڕانکاریی و ئاڕاستەی کۆمەڵگەو پێکهێنان و ئیدارەی دەسەڵاتی سیاسیی دێتە پێشەوە، کە ئەمیش سێ روکنی هەیە: (بەرنامە) و (کۆمەڵ) و (بزاڤ): ١ـ بەرنامە (المنهج): واتە ئەو بەرنامەیەی شوێنکەوتووانی دینەکە دەیکەنە پڕۆگرامی کۆمەڵکاریی عەقائیدیی ئەندامان و ئەو تەوحیدەی دەبێتە مایەی بەستنیی پەیوەندیی نێوان ئەندامانی تاکوکۆی کۆمەڵ و کۆمەڵگەو دەوڵەتی موسوڵمانان. ئەمە هەمووی دەبێتە مەنهەجی بانگەوازو جیهادو بزاوتی گۆڕانکاریی کۆمەڵگەکەیان. ٢ـ کۆمەڵ (الجماعة): کە لە قورئاندا بە (ئوممەت) ناویهاتووە، دیارە ئەمەشیان مەبەستی لێی (الأمة المسلمة)ەکەیە، کە لە قورئاندا هاتووەو واتای کۆمەڵکاریی عەقیدەتیی دەگەێنێت، نەک (الأمة الاسلامیة) کە واتای جوگرافیایی گشتی موسوڵمانان دەگەێنێت، کە لە دوای هاتنی هێزە ئیستیعمارییەکانەوە کرایە زاراوەی بەدیل بۆ (ئوممەتی موسوڵمان)ەکە! ئەم کۆمەڵە ئەو مەنهەجە خواییە وەردەگرن، خۆی پێ پەروەردەدەکەن و سەرکردایەتییەکەیان _کە هەر لە خۆیانە_ کۆمەڵکارییەکە بەو مەنهەجە ئاڕاستەدەکات، ئینجا بە هەمووانیان بزاوتێکی شایستەو شیاو پێکدەهێنن بۆ گۆڕانکارییە داواکراوەکە. ٣ـ بزاڤ: (الحرکة): واتە ئەو بزاوت و هەڵوێستەی تاکوکۆی کۆمەڵکارییە عەقیدەتییە مەنهەجییەکە لە واقیعی ژیانی خۆیان و کۆمەڵگەکەیاندا پێکیدەهێنن، ئەمە ئەو ئالییەتەیە کە کۆمەڵکارە ئوممەتییە عەقائیدییەکە دەیکاتە هۆکاریی گۆڕینی کۆمەڵگە جاهیلییەکە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئیسلامیی و دەستووری وڵات و سیستمی حوکمەکەشی دەگۆڕێت، تا دەیکاتە دارولئیسلام. ئاوا دەوڵەتی ئیسلامیی دروستدەبێت، ئاوا سەروەرێتیی (دەسەڵاتی باڵای وڵات) بۆ شەریعەتەکەی خوا دەبێت. کە ئەم کۆمەڵگەو دەوڵەتە دادەمەزرێت، ئیتر هەوڵی ئەوە دەدات کە خیروبێری سەرزەمین بۆ بەختیاریی و کامەرانیی دانیشتوانەکەی _کە مەرج نییە هەموویان موسوڵمان بن_ دەخاتەگەڕ، ئەو کاتە هەر یەکە لە تاکوکۆی کۆمەڵگەو دەوڵەتەکە (ماف) و (ئەرک) و(دەسەڵات)یان دیاریدەکرێت و هەر هەموویان بەقەدەر پێداوویستی خۆیان و خێزانەکانیان پشکیان لە بەیتولمال _کە موڵکی هەموویانە_ بەردەکەوێت.. کۆی ئەم رەنجەی تاکوکۆی ئوممەتە عەقائیدییەکە _کە بۆتە دامەزراندنی دارولئیسلام_ بریتییە لە هێنانەدیی بریکاریی (ئیستیخلاف)ەکەی خوای گەورە لەسەر زەمین، ئەمەشە ئەو ئەرکەی مرۆڤی بۆ خەلقبووەو بۆی هێنراوەتە سەرزەمین.. پوختەی ئەمە، بریتییە لە: ١ـ خواناسین. ٢ـ خواپەرستن. ٣ـ وەرگرتنی شەریعەتەکەی و دینداریی پێی. ٤ـ هەڵگرتنی بانگەواەکەو گەیاندنی بە خەڵکیتر. ٥ـ کۆمەڵکاریی ئوممەتییانە بۆ گەیشتنە دەسەڵات. ٦ـ داڕشتنی دەستووری ئیسلامیی بە شەریعەتە خواییەکە. ٧ـ دەرهێنانی خێروبێرو داهاتی وڵاتەکەو خەرجکردنەوەی دادپەروەرانەی _بەپێی شەریعەتی ئیسلام_ بۆ دابینکردنی نان و ئەمان بۆ هەمووان. ئەمەیە ئەرکی هەر یەکێکمان، کە دەبێ یەکتریی بیربخەینەوەو یەکتریی تێبگەێنین و بە برایەتیی دینیی کۆمەڵکارییە ئوممەتییەکە پێک بهێنین و بکەوینە کار، تا بە پشتیوانی خوای گەورە کوردستان دەکەینەوە بە دارولئیسلام.. ان شاءالله.