فیکری ئیسلامی

كێ به‌رنامه‌ دیاری ده‌كات؟

كێ به‌رنامه‌ دیاری ده‌كات؟
   ده‌بێ ئه‌و كه‌سه‌ی به‌رنامه‌ گه‌شتی رێیه‌ك دیاری دیاری ده‌كات  هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ بێت كه‌ شاره‌زای هه‌موو رێگاكه‌یه‌. مادام مرۆڤیش-  به‌پێی سروشتی خۆی - رێگای هه‌موو ژیان شاره‌زا نییه‌و لێی شاراوه‌یه، ته‌نانه‌ت نزكترین ساتی داهاتووشی له‌به‌ر چاو نییە‌و چه‌ندین به‌ربه‌ستی له‌رێدایه‌. كه‌وا بوو مرۆڤ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێت به‌رنامه‌یه‌ك بۆ گه‌شتی رێگایه‌ك دیاری بكات، كه‌خۆی هیچ شتێك ده‌رباره‌ی ئه‌و رێگایه‌ نازانێت.. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێین: یان ده‌بێ مرۆقایه‌تی بكه‌وێته‌ گومڕایی وسه‌رگه‌ردانی و لاڕووێریه‌وه، یان ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر رێبازه‌كه‌ی خوای گه‌وره‌. ئه‌و رێبازه‌ی كه‌ له‌ خوای كردگاری مرۆڤ و بونه‌وه‌ره‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت. كه‌وا بوو هیچ كه‌س -جگه‌ له‌ خوای گه‌وره‌- مافی ئه‌وه‌ی نییە‌ یاساو رێسا -جگه‌ له‌ شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی خوا- دابڕێژێت.. ئه‌م مافه‌ ته‌نها خوای گه‌وره‌ هه‌یه‌تی. چونكه‌ هه‌ر ئه‌و كردگارو داهێنه‌رو هه‌ڵسوڕێنه‌ری ئه‌م گه‌ردوونه‌یه‌. ته‌نها ئه‌ویش كارگێڕی هه‌موو به‌ش و لایه‌ن و موفره‌داتێیه‌تی. هه‌مووشیان له‌سه‌ر ئه‌و سیستم و رێسایه‌ن كه‌ بۆی دیاری كردوون چونكه‌ هه‌ر دروست كراوێك-  كه‌ سیستمێكی بوون و مان و ته‌فاعولی خۆی هه‌یه‌ - له‌گه‌ڵ رێسا خۆییه‌كه‌یدا لازم و مه‌لزومی یه‌كن. مرۆڤ و به‌رنامه‌كه‌ی خواش -كه‌وه‌كو كه‌ته‌لۆكی مرۆڤایه‌تی وایه‌ - هه‌م پێكه‌وه‌ ده‌سازێن، هه‌م ته‌فاعولی هه‌ردوكیشیان له‌گه‌ڵ بزاڤ و سیستمی ژیانیشدا ده‌گونجێن.. بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌نێكی ژیانی مرۆڤ ده‌بێ به‌گوێره‌ی سیستم و رێساو یاسایه‌ك رێك بخرێت كه‌ له‌گه‌ڵ یاساو رێسا گه‌ردوونییە‌كانیشدا بسازێن. ئه‌مه‌ش كه‌سێك ده‌توانێ ڕێكی خات كه‌ سروشتی هه‌ردووكیان (مرۆڤ و گه‌ردون)ی له‌به‌ر چاو بێت.. گومانیش له‌وه‌دا نییە‌ كه‌ هه‌رچی غه‌یری خوایه‌ كه‌م و كورته‌ وپه‌ی به‌و هه‌موو زانیاریه‌ به‌رفراوانه‌ نابات. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ نابێت یاسادانان و رێباز دیاری كردن بۆ مرۆڤ، بدرێته‌ ده‌ست مرۆڤ خۆی، چونكه‌ ئه‌ویش كه‌م و كورته‌.. ئه‌گه‌ر چی ئه‌مه‌ راستی یه‌كی زۆر ڕوون و ئاشكرایه‌  بگره‌ به‌ڵگه‌نه‌ویسته، كه‌چی زۆر كه‌س هه‌ن باوه‌ڕی پێ ناكه‌ن یان هه‌رخه‌ریكی موناقه‌شه‌ كردنین.. هه‌ندێكیان ئه‌وه‌نده‌ چاو نه‌ترسن ده‌ڕۆن و یاسا و رێسای غه‌یری شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی خوای گه‌وره‌ ده‌هێنن. یان هه‌ر خۆیان ده‌ری ده‌كه‌ن و خه‌ڵكی ناچاری راپه‌راندنیان ده‌كه‌ن! له‌ڕاستیدا ئه‌مانه‌ یان خۆیان له‌ خوای گه‌وره‌ زاناترو لێهاتووتر ده‌بینن، یان خۆیان به‌شه‌ریكی خوای گه‌وره‌ داده‌نێن. بۆیه‌ یاسای وا دژ به‌ رێبازی خوا داده‌ڕێژن.. به‌راستی ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ زۆر چاو قایمن. خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ: (أَمْ لَهُمْ شُرَكَاء شَرَعُوا لَهُم مِّنَ الدِّينِ مَا لَمْ يَأْذَن بِهِ اللَّه)ﺍﻠﺸورى/ﺍ۲ واته‌: یان شه‌ریكیان هه‌یه‌ كه‌ بۆ خوا دایانناون، كه‌ یاساو رێسای وایان بۆ داڕێژن كه‌ خوای گه‌وره‌ مۆڵه‌تی پێ نادات.
خوای په‌روه‌ردگار به‌پێی زانیاری خۆی به‌رنامه‌یه‌كی وای بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی دیاری كردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ سروشتی مرۆڤ خۆیدا ده‌گونجێت، كه‌ مرۆڤایه‌تی ده‌توانێ به‌و به‌رنامه‌یه‌ بگاته‌ كۆتا پله‌ی هاوكاری و هاریكاری نێوان گه‌لان و تاكه‌كانیان. هه‌روه‌ها هه‌موو چالاكی و جم و جوڵی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ هێزه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی گه‌ردوندا ده‌سازێت. خوای گه‌وره‌ رێسای سه‌ره‌كی گشتی بۆ ئه‌م هاوكارییانه‌ داڕشتووه، بەڵام مافی دیاری كردن و داڕشتنی یاسا لقیه‌ بچوكه‌كانی رۆژانه‌ی داوه‌ته‌وه‌ ده‌ست مرۆڤ خۆیان. ئه‌گه‌ر له‌ ناوخۆیاندا له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كیش، یان هه‌ڵوێستێك جیاوازیان تێ كه‌وت، ده‌بێت زوو بیگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ خوای گه‌وره‌. واته‌ بۆ رێسا سه‌ره‌كیه‌ گشتیه‌كانی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ بۆ  ژیانی خه‌ڵكی دیاری كردووه‌  ئه‌و رێسا سه‌ره‌كیانه‌ش وه‌ك ته‌رازوون، ده‌بێت مرۆڤ هه‌موو یاساو به‌رنامه‌و شێوازی كارو راپه‌ڕاندنیان به‌و بكێشن.. به‌م شێوه‌یه‌ بڕیار ده‌درێت كه‌ ته‌نها خوای گه‌وره‌ حاكمه‌و هه‌ر ئه‌ویش چاكترین فه‌رمانڕه‌وایه‌.. هه‌موو شێوه‌یه‌كی تری غه‌یری ئه‌م شێوه‌یه‌ له‌خوا یاخی بوونه‌و ده‌رچوونه‌ له‌ شه‌ریعه‌تی خوا، لادانه‌ له‌ دینی خوا.. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت فه‌رمان به‌چاكه‌ی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی بكرێت كه‌ بریتییه‌ له‌ ئیعتیراف كردن به‌ دەسەڵات و حوكمی خوا. هه‌روه‌ها داننان به‌وه‌دا كه‌ ده‌بێت حوكم ته‌نها به‌به‌رنامه‌كه‌ی خوا بكرێت وبه‌س. هه‌روه‌ها ده‌بێت به‌رهه‌ڵستی له‌ خراپه‌ی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی بكرێت كه‌ بریتییە له‌ وازهێنان له‌ خوایه‌تی خوای گه‌وره‌. واته‌ ره‌فزكردنی حوكمی به‌رنامه‌كه‌ی خوای گه‌وره‌. ئه‌وجا ئه‌گه‌ر ئه‌م بناغه‌یه‌ داڕێژرا، ده‌كرێت كۆشكه‌كه‌شی له‌سه‌ر بنیات بنرێت  جا كه‌وابوو با هه‌موو ره‌نج و هه‌وڵ و تێكۆشانه‌ په‌رته‌وازه‌و لێك بڵاوه‌كان كۆبكرێنه‌وه‌و هه‌مووی له‌به‌ره‌یه‌كدا بخرێنه‌ گه‌ڕ، تا بتوانرێت زووتر ئه‌و تاكه‌ بناغه‌یه‌ دارێژرێت -كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و نه‌بێت-  كۆشكه‌كه‌مان بنیات نانرێت. جاری وا هه‌یه‌ پیاو به‌زه‌یی به‌و موسوڵمانه‌ دڵپاك و سه‌ر راستانه‌شدا دێته‌وه‌ كه‌ هه‌موو ره‌نجێكیان ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ له‌ فه‌رمان كردن به‌چاكه‌یه‌كی بچكۆله‌دا یان له‌به‌ر هه‌ڵستی كردن له‌خراپه‌یه‌كی بچكۆله‌دا. كه‌ لقێكه‌ له‌ چاكه‌ی یان خراپه‌ی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی. له ‌كاتێكدا كه‌ هێشتا ئه‌و بناغه‌ سه‌ره‌كیه‌ نییە‌ كه‌ ژیانی كۆمه‌ڵگاكه‌ی له‌سه‌ر داده‌مه‌زرێت، كه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو  فه‌رمان كردنێكه‌ به‌چاكه‌و هه‌موو به‌رهه‌ڵست كردنێكه‌ له ‌خراپه‌.. 
   نرخی ئه‌و ره‌نج و هه‌وڵدانه‌ چیه‌ كه‌ هه‌رتۆ بۆ نموونه‌ به‌رهه‌ڵستی خه‌ڵكی بكه‌ی له‌حه‌رام خواردن، له‌ كاتێكدا كه‌ هه‌موو لایه‌نی ئابووری كۆمه‌ڵگاكه‌ له‌سه‌ر سوو (ربا) راوه‌ستاوه؟ كه‌ هه‌موو پاره‌ی كابرای پێ حه‌رام ده‌بێت و كه‌س پارویه‌كی حەڵاڵی ده‌ست ناكه‌وێت؟ چونكه‌ سیستمی کۆمەڵایەتی و ئابووری ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی شه‌ریعه‌تی خوا دانه‌مه‌زراوه‌. چونكه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ واز له‌خوایه‌تی خوای گه‌وره‌ هێنراوه‌ به‌وه‌ی كه‌ واز له‌شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی خوا هێنراوه‌و نه‌یان هێشتووه‌ ئه‌وه‌ بكرێته‌ به‌رنامه‌ی ژیان.


386 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
05/09/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.