تەفسیر

پێناسه‌و بابه‌ته‌كانی سوره‌تی (المجادلة)

پێناسه‌و  بابه‌ته‌كانی سوره‌تی (المجادلة)

 

   ئێمه‌ له‌م سوره‌ته‌ و له‌ سوره‌ته‌كانی تری ئه‌م جوزئه‌دا له‌گه‌ڵ روداوه‌كانی سییره‌دا ده‌بین له ‌قۆناغی مه‌دینه‌ و سه‌ره‌تای كۆمه‌ڵگه‌ ئیسلامییه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ موسوڵمانه‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌كه‌دا ده‌بین كه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كراو دیدو هه‌ڵوێسته‌كانی بۆ هه‌ڵده‌سه‌نگێندراو ئاڕاسته‌ ده‌كرایه‌وه‌ پێی ، تا شیاوی ئه‌و رۆڵه‌ جیهانییه‌ی ببێت كه‌ له ‌داهاتووی نزیكدا له ‌رابوون و بێداربوونه‌وه‌یدا ده‌یبینێت. نه‌ك هه‌ر له ‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ی، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی جیهانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و سه‌رده‌مه‌كانی دواتری. هاتنه‌كایه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگه‌و ده‌وڵه‌ ئیسلامییه‌كه‌ هه‌ر به‌شێك نه‌بوون و نین له ‌ژیانی مرۆڤایه‌تی، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كی روونی قه‌ده‌ری گه‌ردوونین. ده‌سپێكی ئه‌م رۆڵه‌ گه‌وره‌و كاریگه‌رو گرنگه‌ هه‌ر له‌و سه‌رەتایه‌وه‌یه‌ كه‌ دیدو تێڕوانینی نوێی ده‌رباره‌ی گەردوون و ژیان و مرۆڤ هێنایه ‌كایه‌وه‌. دیدو تێڕوانینێكی وا كه‌ بووه‌ ئه‌و عه‌قیده‌ جێگیره‌ی بنه‌ماكانی ژیانی له‌سه‌ر دامه‌زرا. هه‌رچی له ‌هزرو هۆش و دڵ و ده‌روونی تاك تاكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ موسوڵمانه‌دا ده‌چه‌سپی له‌ واقیعی كۆمه‌ڵكاریی كۆمه‌ڵه‌ موسوڵمانه‌كه‌و ژیانی واقیعی كۆمه‌ڵگه‌كه‌شیان ده‌چه‌سپی. بنه‌ماو بناغه‌كانی عه‌قیده‌كه‌ كه‌ كه‌سایه‌تی تاك و كۆی كۆمه‌ڵگه‌ موسوڵمانه‌كه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زرا. هه‌ر ئه‌و بنه‌ماو بناغانه‌ش بوو كه‌ ژیانی واقیعی ده‌وڵه‌ت و کۆمەڵگە‌كه‌شی له‌سه‌ر دامه‌زرا، تا (عه‌قیده‌ و جه‌ماعه‌ت و بزاوت)ـه‌كه‌ له‌ واقیعی مرۆڤایه‌تییدا سازكه‌ن و بە جیهانیان بڵێن: ئەوەی كه‌ موسوڵمانان ده‌خوازن كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی بۆ بانگهێشت بكه‌ن و نیشانده‌ن ئا ئەم نموونە واقیعییەیە كه‌ ژیانی تاك و كۆ، كۆمه‌ڵگه‌و ده‌وڵه‌ت ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و دیدو تێڕوانینه‌ عه‌قائیدییه‌ دابمه‌زرێن، كه‌ ئه‌م نوخبه‌ هه‌ڵبژارده‌ی له‌سه‌ر گۆشكراوه..‌ ئه‌م رۆڵه‌ گه‌وره‌و كاریگه‌رو گرنگه‌، ئاماده‌سازییه‌كی گشتگیریی هه‌مه‌لایه‌نه‌و ته‌واویی ده‌خواست.

   ئه‌و موسوڵمانانه‌ی كه‌ قه‌ده‌ری خوای گه‌وره‌ بۆ ئه‌و رۆڵه‌ كاریگه‌ره‌ جیهانییه‌ی په‌روه‌رده‌ ده‌كردن، هه‌ر خه‌ڵكانێك بوون له‌ خه‌ڵكی ئه‌و كات و شوێنه‌، هه‌یانبوو زووتر موسوڵمان بووبوو، باوه‌ڕی پته‌وتر رۆچووبوو، له ‌كۆچكه‌ره‌كان و له‌ پشتیوانه‌كان (المهاجرون والانصار). ئه‌مانه‌ دیدو تێڕوانینیان به‌ پێناسه‌ عه‌قائیدییه‌كه‌ ته‌واو رۆشن بووبوو، دڵ و ده‌روونیان بۆ خوا ساغ بووبۆوه‌، گه‌یشتبوونه‌ ئاستی باڵای هه‌ستی به‌رپرسێتی دنیاو قیامه‌ت. گه‌یشتبوونه‌ قه‌ناعه‌تی ته‌واوو لایان بووبوو به ‌به‌ڵگە نه‌وویستی وجودیان، كه‌ مه‌به‌ست له ‌بوون و ژیانی خۆیان و كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان چییه‌؟ هه‌ر وه‌كو كه‌ له ‌مه‌به‌ستی هه‌بوونی گه‌ردوون و ژیان و مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌مین گه‌یشتبوون و كارامانه‌ خۆیان شیاوی ئه‌و رۆڵه‌ قه‌ده‌رییه‌ جیهانییه‌ گه‌ردوونیه‌ ده‌كرد، وجودی خۆیان له‌ وجوده‌ گه‌وره‌كه‌ی ژیان و گه‌ردووندا دۆزیبۆوەو بووبوون به ‌به‌شێك له‌ حه‌قیقه‌تی وجودی ژیانه‌كه‌. ئاوا ئه‌مانیش وه‌كو هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی گه‌ردوونی بووبوونه‌ به‌شێك له ‌قه‌ده‌ری خوای گه‌وره‌ له  ‌بزاوتی گه‌ردووندا. بۆیه‌ زۆر رێك و پێك، سازاو و گونجاو له‌گه‌ڵ بزاوتی گه‌ردوونییدا ده‌بزوتن، رێیان به‌ خۆیان و كه‌سی تر نه‌ده‌دا له‌گه‌ڵ بزاوتی گه‌ردووندا هه‌ماهه‌نگ نه‌بێت، چونكه‌ ده‌یانزانی ملهوڕانی (كوفر) یان لاسارو پێنه‌گه‌یشتووانی ناوخۆ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بازنه‌یه‌ی بزاوتی گه‌ردون و ژیان و مرۆڤی خواناس ده‌بزوون، نه ‌له ‌دڵ و ده‌روونیاندا، نه ‌له ‌ره‌فتارو ره‌وشتیاندا غه‌یری خواوویستی تێدا نه‌بوو. به ‌ته‌واویی بۆ خوا لێبڕا بوون. ده‌قاوده‌ق به‌و شێوه‌یه ‌بوون كه‌ ئه‌م سوره‌ته‌ وه‌سفی واقیعییانه‌یان ده‌كات: (لا تَجِدُ قَوْمًا يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الآخِرِ يُوَادُّونَ مَنْ حَادَّ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَلَوْ كَانُوا آبَاءَهُمْ أَوْ أَبْنَاءَهُمْ أَوْ إِخْوَانَهُمْ أَوْ عَشِيرَتَهُمْ أُوْلَئِكَ كَتَبَ فِي قُلُوبِهِمُ الإِيمَانَ وَأَيَّدَهُم بِرُوحٍ مِّنْهُ وَيُدْخِلُهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِن تَحْتِهَا الأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ وَرَضُوا عَنْهُ أُوْلَئِكَ حِزْبُ اللَّهِ أَلا إِنَّ حِزْبَ اللَّهِ هُمُ الْمُفْلِحُونَ)المجادلة/٢٢واتە: تۆ كه‌سانێك نابینیت باوه‌ڕیان به‌خوای گه‌وره‌و رۆژی دوایی هه‌بێت، كه‌چی له‌ملاوه‌ دۆستایه‌تی و تێكه‌ڵیی له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا دروست بكه‌ن كه‌ دوژمنایه‌تی خوای گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌كه‌ن، با باوك و باپیری خۆشیان بن، یان كوڕو نه‌وه‌و براو هاوهۆزی خۆشیان بن. ئا ئه‌وانه‌ ئەوانەن کە خوای گه‌وره‌ ئیمانی له ‌دڵ و ده‌رووندا چه‌سپاندوون و به‌ مه‌عییه‌تی خۆی و پاشان فریشته‌كانی لایه‌نگیریی كردوون، له ‌رۆژی دواییشدا ده‌یانخاته‌ به‌هه‌شتانێكه‌وه‌ كه‌ روبارو جۆباریان پێدا ده‌ڕوات و به ‌نه‌مریی تێیدا ده‌مێننه‌وه‌، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ لێیان رازی بووه‌و ئه‌وانیش له ‌خوای گه‌وره‌ رازیبوون! ئه‌وانه‌ حزبی خوان، ئه‌هلی خواوویستی و رێزدارانی لای خوای گه‌وره‌ن، به ‌ته‌ئكید حزبی خوای گه‌وره‌ش سه‌رفرازو سه‌ركه‌وتوو به‌خته‌وه‌رن.

   بەڵام ئه‌م كه‌سه‌ پێشڕه‌وه‌ دامه‌زراوانه‌ی سه‌ره‌تا له‌ چاو ژماره‌ی زۆری موسوڵمانانی دواتره‌وه‌ كه‌مبوون، قه‌باره‌ی كۆمه‌ڵه‌ موسوڵمانه‌كه‌ به‌رده‌وام و خێرا له ‌زیادبوونێكی رۆژانه‌ی به‌رچاودا بوو. به ‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی كه ‌ئیسلام بوو به‌ خاوه‌نی دەسەڵات و هێزو هه‌یبه‌ت، ته‌نانه‌ت پێش فه‌تحی مه‌ككه‌ش، بۆیه‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی به‌ لێشاو ده‌هاتنه‌ ریزی موسوڵمانانه‌وه‌ زۆرینه‌یان پشكێكی تەواوی په‌روه‌ردە بوونی وه‌رنه‌گرتبوو. هێشتا زۆر نه‌بوو كه‌ له‌ ژينگه‌ی ئیسلامدا ژیانی نوێی رێكده‌خست و مابووی نه‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریی نه‌فس و كوفری ده‌رێ. ئه‌مه‌ جگه ‌له‌وه‌ی كه‌ دووڕووه‌كانیش له‌به‌ر پاراستنی به‌رژه‌وەندی خۆیان سه‌رزاره‌كی موسوڵمان بوونیان راگه‌یاند، بێ ئه‌وه‌ی نه‌سیمێكی ئیمان شنه‌ی به‌دڵیان كردبێت. ئه‌مانیش له ‌هه‌لی زه‌ربه‌دان ده‌گه‌ڕان و چاوه‌ڕوانی ده‌رفه‌تی خۆڕاپسكان بوون، سه‌رێكیان له‌ سه‌ربازگه‌ی ئیسلام بوو، سه‌دان سه‌وداشیان له ‌سه‌ربازگه‌ به‌هێزه‌كه‌ی كوفر بوو، كه ‌دنه‌یان ده‌دان و یه‌كتریان دژ به‌ ئیسلام هان ده‌دا، جا به‌ره‌ی موشریكه‌كان بوو بێت یان به‌ره‌ی جولەکە‌كانی مه‌دینه‌.

   په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌م نوخبه‌یه‌و ئاماده‌ سازییان بۆ ئه‌و رۆڵه‌ گه‌وره‌ گه‌ردوونییه‌ی قه‌ده‌ری خوای گه‌وره‌ بۆی خواستوون -كه ‌له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌دا بیبینن- ڕه‌نجی زۆری وویست. پشوو درێژییه‌كی زۆری ده‌خواست. چاره‌سه‌رێكی هێدی و به‌كاوخۆی ده‌وویست، چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌كان بچوك بووبن یان گه‌وره‌. ئه‌مه‌ی ئیسلام له‌م نوخبه‌یه‌دا كردنی بیناسازیی بزاوتێكی وا گه‌وره‌و كاریگه‌ر كارێكی زۆر مه‌زن بوو، په‌روه‌رده‌كردنێكی زۆر به ‌ئارام بوو. ئه‌مه‌ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ به‌سه‌ر په‌رشتی وه‌حی خوا ئه‌نجامی دا، بیناسازیی كه‌سانێكی نوخبه‌ كه‌ بیناسازیی كۆمه‌ڵگه‌و ئوممه‌تێكیان له‌سه‌ر داده‌مه‌زرێت كارێكی ساده‌و ئاسایی نییه،‌ چ جای ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامیش له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ ئیسلامیه‌كه‌ دابمه‌زرێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ش به‌رهه‌می ره‌نج و خه‌باتی كۆمه‌ڵه‌ نوخبه‌كه‌یه‌، كۆمه‌ڵه‌ نوخبه‌كه‌ش ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ پێشه‌وایه‌ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ هێنابوونیه‌ كایه‌وه‌و بۆ ئه‌و رۆڵ و به‌رپرسێتیه ‌ئاماده‌ی كردبوون. ئه‌مه‌ش هه‌مووی له‌سه‌ر مه‌نهه‌جه‌كه‌ی خوا دابمه‌زرێنرێت. له‌سه‌ر تێگه‌یشتن و ئیستیعاب كردن و هێنانه‌ دیی عه‌قیده‌كه‌و گه‌یاندنه‌وه‌ی. ئه‌مه‌ كاری هه‌موو پێغه‌مبه‌رانێكیش نییه‌ چ جای كاری كه‌سانی تر. له‌سه‌ر ئه‌مه‌شه‌وه‌ پاڵنه‌ری ئه‌م تێگه‌یشتن و خواناسیی  و دینداریی و بانگه‌وازه‌ به ‌سه‌رتاسه‌ری سه‌ر زه‌مینی ئه‌و زه‌مانه‌شدا ته‌شه‌نه‌ بكات و ئه‌م بانگه‌وازه‌ به ‌بزاوتێكی گۆڕانكاریی واقیعییانه‌ بگه‌ێنێته‌ هه‌ر چوار لای جیهان، پێش ئه‌وه‌ی مه‌نهه‌جه‌كه‌ی به ‌كتێب بگه‌ێنێته‌ ووڵاته‌كانیان!

   له‌م سوره‌ته‌دا -له ‌هه‌موو ئه‌م جوزئه‌ خۆشییدا- لایه‌نێكی ئه‌و خه‌بات و ره‌نجه‌ بێووچانه ‌ده‌بینین و له‌ چه‌ندین ئایه‌تییدا شێوازه‌ نایابه‌كه‌ی خودی قورئان ده‌بینین له ‌بونیاتنانی ئه‌م نوخبه‌یه‌و عه‌قیده‌و هزرو هۆشیان. ده‌بینین چۆن به‌ روداوه‌كانی ژیانیان په‌روه‌رده‌یان ده‌كات. هه‌ست و هۆش و  ئینفیعاله‌كانیان رێك ئاڕاسته‌ی ئه‌و بیناسازییه‌ كاریگه‌ره‌ ده‌كات. هه‌ر له‌م سوره‌ته‌و -له ‌جوزئه‌كه‌ هه‌موویدا- هه‌ست به ‌لایه‌نی تری ململانێی جاهیلییه‌ت و دوژمندارانەی دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌كانی ئیسلام ده‌كه‌ین له‌ موشریكان و جوله‌كه‌و دووڕووه‌كان.

   له‌م سوره‌ته‌دا دیارده‌یه‌كی رۆشنتر له‌ پشتگیریی كردنی خوای گه‌وره‌ ده‌بینین كه‌ بۆ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ موسوڵمانه‌ هه‌ره ‌ده‌گمه‌نه‌ی مێژووی ده‌كات، هه‌ست ده‌كه‌ین كه ‌خوای گه‌وره‌ به‌ لوتف و ره‌حمه‌ت و مه‌عییه‌تی خۆی ئه‌م جه‌ماعه‌ته‌ چاودێریی ده‌كات، به ‌مه‌نهه‌جی حه‌قی خۆی گۆشیان ده‌كات، به ‌سۆزو به‌زه‌یی خۆی سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات. له ‌ناخی تاك تاكیاندا گه‌وره‌یی و مه‌زنیی و لوتفی خۆی ده‌ڕوێنێت. وایان لێ ده‌كات هه‌ر یه‌كه‌یان وا هه‌ست بكه‌ن كه‌ خوای گه‌وره‌و تاك وپاك، خوای زاناو داناو توانا، خوای كارزان و كارجوان سات به ‌سات وەلیاندایە. له ‌بچوكترین هه‌ڵوێستی كه‌سێتی و خێزانی و كۆمه‌ڵكارییان چاوی لێیانه‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان -چه‌ندە بچوكیش بێت- ئیهمال ناكات، هه‌ر یه‌كه‌یان چ وه‌كو تاك چ وه‌كو كۆ هه‌ستیان ده‌كرد خوای گه‌وره‌ به‌ ریعایه‌تی خۆی پارێزگارییان ده‌كات، له ‌پلانی دوژمن ئاگاداریان ده‌كاته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ختووره‌ی دڵی دوژمنه‌كانیان بۆ وه‌سف ده‌كات و هۆشدارییان له‌ هه‌موو نه‌خشه‌‌یەكیان ده‌داتێ. ئا ئه‌مه‌ چ هه‌ستێكی پاڵنه‌رو هه‌ستكردنه‌ به‌ نرخ و به‌های موسوڵمانێتی كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌و یاوه‌رانه‌، له‌تاك تاكی ئه‌و نوخبه‌ ئاماده‌كراوه‌ خواوویسته‌ هه‌ستی ده‌كرد -به ‌تاك و كۆ- وان له ‌داڵده‌ی خوای به‌ ئاگاو دەسەڵاتداردا، وان له ‌ژێر ئه‌و ئاڵایه‌دا كه‌ ئه‌و بۆی هه‌ڵكردوون و به‌ڵێنی سه‌ركه‌وتنی خۆیان و شه‌كاوه‌یی ئاڵاكه‌یانی له‌ جیهاندا پێداون. هه‌ستیان ده‌كرد خوای گه‌وره‌ به ‌میهره‌بانی خۆی په‌روه‌رده‌یان ده‌كات، دڵ و ده‌روونیان پاك و پارسه‌نگ و داب ونه‌ریتیان چاك و پارسه‌نگە. ره‌فتارو ره‌وشت و مامه‌ڵه‌یان هاوكێشه‌یەکی پارسه‌نگه‌، چونكه‌ بوونەته‌ ئه‌ندامی سه‌ر ڕاستی حزبوالله. سه‌ربه‌رزن به‌وه‌ی کە خوای گه‌وره‌ له‌ ڕیزی عه‌بده‌كانییدا قبووڵی كردوون، لێیان رازییه‌و حزبه‌كه‌ی خۆی له‌وان پێكهێناوه‌و ئه‌و ئاڵای خواوویستیه‌شی بۆ كردوونه‌ته‌ ناسینه‌وه‌ی به‌ره‌و سه‌نگه‌ری رووبه‌رووبوونه‌وەیان‌.

   سوره‌ته‌كه‌ به ‌دیمه‌نێكی سه‌رسوڕهێنی ئه‌و قۆناغه‌ ده‌گمه‌نه‌ی نوخبه‌ موسوڵمانەكه‌ ده‌ست پێده‌كات، له‌و زه‌مانه‌دا كه‌ وه‌حی خوایی ده‌هاته‌ خواره‌وه‌و ئه‌م نوخبه‌ پاكه‌ ده‌یانبینی و هه‌ستیان پێ ده‌كردو له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌ودا ده‌بزوتن.. ئه‌م قوناغه ‌تایبه‌ته‌ی جارێكی تر له ‌مێژووی ژیانی مرۆڤایه‌تییدا دووباره‌ نه‌بۆوه‌و ناشبێته‌وه‌، قۆناغی په‌یوه‌ندیی ئاسمان و زه‌وی. په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆو به‌رجه‌سته‌و هه‌ستپێكراو. په‌یوه‌ندییه‌ك له‌به‌ر به‌شداریكردنی ژیانی رۆژانه‌ی ئه‌م نوخبه‌ هه‌ڵبژارده‌دا وه‌حی داده‌به‌زێت.. چی له‌م به‌شداریكردنه‌ی خوای كارزان رۆشنتره‌ له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئافره‌تێك كه‌ كه‌وتۆته‌ كێشه‌یه‌كی خێزانی خۆیه‌وه‌، بەڵام خوای باڵا ده‌رباره‌ی ده‌فه‌رموێ: (قَدْ سَمِعَ اللَّهُ قَوْلَ الَّتِي تُجَادِلُكَ فِي زَوْجِهَا وَتَشْتَكِي إِلَى اللَّهِ وَاللَّهُ يَسْمَعُ تَحَاوُرَكُمَا إِنَّ اللَّهَ سَمِيعٌ بَصِيرٌ) به ‌ته‌ئكید خوای گه‌وره‌ ‌قسه‌ی ئه‌و ئافرەتەی بیست ده‌رباره‌ی مێرده‌كه‌ی له ‌گه‌ڵتدا ده‌دواو سکاڵای به‌ره‌و خوا ده‌برد، خوای گه‌وره‌ بیسه‌ری ووتوێژه‌كه‌ی نێوانتان بوو. خوای گه‌وره‌ بیسه‌رو بینه‌ره‌... ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ موسوڵمانه‌، ئه‌م نوخبه‌ هه‌ڵبژاردانه‌، ئه‌م ئافرەتە،‌ هەموو هه‌ست ده‌كه‌ن كه ‌خوای كردگاری ئاسمانه‌كان و زه‌وی، كردگاری مرۆڤ و ژیان، گه‌وره‌ و مه‌زن و باڵا ده‌ست، وا ته‌ده‌خول ده‌كاته‌ كێشه‌یه‌كی رۆژانه‌ی خێزانێكی هه‌ژارو داماوو كه‌ناری جه‌نجاڵی ژیان، تا كێشه‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ر كات، تا حوكمی خۆییان له ‌سه‌ر بداتێ، چونكه‌ خوای بیسه‌رو بینه‌رو به‌ ئاگا -پاك و بێ خه‌وشیی بۆ ئه‌و- خۆی بیسەری  ‌سکاڵاكه‌یه‌، خۆی ووتوێژه‌كه‌ ده‌بیستێت، خۆی ئاگاداره‌ ئافرەتە‌ی داماو چۆن به‌هاناوه‌ خۆی گه‌یاندۆته‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ و -به‌ چرپه‌و ته‌نها- كێشه‌كه‌ی لا باس ده‌كات، له‌و لاشیانه‌وه‌ خاتووعائیشه‌یه‌ خوا لێی رازی بێت زۆرباش له ‌ووتوێژه‌كه‌ -له ‌به‌ر به ‌ئه‌سپایی دوواندنەکەیان-حاڵی نابێت، سبحان الله . چ دیمه‌نێكه..

   دڵ و ده‌روون و هه‌ست و هزرو كیان هه‌مووی پڕ ده‌كات له ‌هه‌ستی وجودی خوای گه‌ورەو مه‌زنیی و میهره‌بانی و سه‌رپه‌شتیارێتی دڵسۆزانه‌ی. یاالله.

   بابه‌تێكی تری سوره‌ته‌كه‌ جه‌خت كردنه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌یه‌ له ‌ناسین و زانینی دیدو هه‌ڵوێستی دوژمنانی خواو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كه‌ (یحادون الله ورسوله) كه‌ شه‌ڕی بێئامانی خۆیان به‌رامبه‌ر خواو پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ راگه‌یاندووه‌!! كه‌ دوژمنی سه‌رسه‌ختی نوخبه‌ موسوڵمانه‌كه‌ن كه ‌له ‌كه‌ناری خوادایه‌، ئیدی خوای گه‌وره‌ ته‌ئكیدی خۆییان بۆ نوێ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حه‌تمه‌ن ئه‌و دوژمنانه‌ سه‌رشۆڕو نابووت ده‌بن و ده‌به‌زن. شكستی دنیایی ده‌بینن و سزای قیامه‌تیش به ‌سه‌ختی ده‌چێژن.. به‌رامبه‌ر هه‌ر دیدو هه‌ڵوێستێكی دنیاییان حه‌تمه‌ن سزایه‌كی تایبه‌ت ده‌درێن. ئه‌وان ره‌فتاری دوژمنكارانه‌ی خۆیان نواندووه‌و به‌رده‌وامیشن له‌سه‌ریی، خوای گه‌وره‌ش هه‌ر هه‌موو هه‌ڵوێسته‌كانی بۆ تۆمار كردوون. ئه‌وان له ‌یادیان ده‌چێت، خوای گه‌وره‌ بیریان ده‌هێنێته‌وه‌. ئه‌وانی نه‌زان و سته‌مكار ئه‌نجامیانداوه‌، خوای بیسه‌رو بینه‌ریش بۆی هه‌ڵگرتوون: (يَوْمَ يَبْعَثُهُمُ اللَّهُ جَمِيعًا فَيُنَبِّئُهُم بِمَا عَمِلُوا أَحْصَاهُ اللَّهُ وَنَسُوهُ وَاللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ) واتە: ئه‌وێ رۆژێ كه‌ خوای گه‌وره‌ زیندوویان ده‌كاته‌وه‌ و كارو كرده‌وه‌كانیان ده‌خاته‌وه‌ پێشچاو، ئه‌وان بیریان چۆته‌وه‌و خوای گه‌وره‌ بۆی هه‌ژمار كردوون، خوای گه‌وره‌ بیسه‌رو بینه‌رو زانایه‌ به‌هه‌موو شتێك.

   بیرخستنه‌وه‌و جه‌خت كردنه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی ئاماده‌بوونی خوای گه‌وره‌ سبحانه‌ و تعالی به ‌بیسه‌رێتی و بینه‌رێتی خۆیه‌وه‌، به ‌شاهیدی و شه‌هیدیی خۆیه‌وه‌ حازری نێوانتانه‌. ئاگای له ‌هه‌موو چرپه‌و سرته‌تانه‌. ئاگای له ‌ختوره‌ی دڵتانه‌. وانه‌زانن ته‌نهان.. خوای مه‌زنتان وه‌لدایه‌.. هه‌ر ره‌فتارێك (گوفتار و كردار)ێك كه ‌دەینوێنن له‌ سه‌رتانی ده‌نووسێت و له ‌رۆژی قیامه‌تتدا ده‌یخاته‌وه‌ پێش چاوتان: (ثُمَّ يُنَبِّئُهُم بِمَا عَمِلُوا يَوْمَ الْقِيَامَةِ إِنَّ اللَّهَ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ) ئا ئه‌م هه‌واڵدانه‌ به‌و نوخبه‌ پاكه‌ سه‌ر ڕاسته‌ خواوویسته‌ بێگومان كاریگه‌رییه‌كی هه‌ر زۆر زۆری له‌سه‌ریان هه‌یه‌. توندوتۆڵتریان ده‌كاته‌وه‌. هۆشیان دێنێته‌وه‌ به‌ر كه ‌ده‌بێ حسابی خۆیان بۆ هه‌موو چرپه‌و سرته‌و دواندنێكی ئه‌سپایی نێوان خۆیان بكه‌ن. تا زمانیان به‌چاكه‌ بگه‌ڕێت. ئا ئه‌م بڕگه‌یه‌ دڵی ئیماندار پڕ ده‌كات له‌ هۆش و ترس و هه‌یبه‌ت و سامی خوای گه‌وره‌ له ‌چاودێریی و ئاگاداریی. پێشتریش (ئیمان)ـه‌كه‌ی لایبووبووه‌ چاودێریی خۆیی (الرقابة الذاتیة). ئه‌م هه‌واڵدان و بیرخستنه‌وه‌و هۆشدارییه‌ له ‌بیسه‌ریی و بینه‌ریی خوای گه‌وره‌و وه‌لداب وون و زانین و چاودێریی پێشه‌كیه‌كی ئینزاره‌ بۆ كافره‌كان (موشریك و جوله‌كه‌و دووڕوه‌كان) كه‌ زۆریان کۆبونەوەو كۆڕ بۆ پلانگێریی و دوژمنكارێتی ئیسلام و موسوڵمانان ده‌گێڕاو به‌رده‌وام -رۆژانه-‌ خه‌ریكی چرپه‌چرپ و سرته‌سرت و قسه‌هێنان و بردن بوون. ئه‌مه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌وانیش كه‌ به‌ هۆش خۆ وه‌رنه‌وه.‌ چونكه‌ خوای گه‌وره‌ بینه‌رو بیسه‌رو زاناو ئاگاداره. وا نه‌زانن ته‌نهان و كه‌س ئاگای له ‌پیلانگێریتان نابێت.. ئاوا دڵی ئه‌وانیش دێنێته‌ له‌رزه‌. خه‌م و په‌ژاره‌و دڵه‌راوكێ و ترسی كه‌شف بوونیان له ‌ناخدا دروست ده‌كات هه‌ڕه‌شه‌ی فه‌زح كردنیانه‌و ئاوا راشکاوو رۆشن لێیان ده‌كات، خوای گه‌وره‌ چاوی لێیانه‌ ده‌یانبیستێ. ده‌زانێت هه‌موو سرته‌سرته‌كانیان گوناحكاریی و سه‌رپێچی و یاخیبوونه‌ له ‌خواو پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ. خوای گه‌وره‌ش هه‌موویان له‌سه‌ر ده‌نووسێت له‌سه‌ریان حساب ده‌كات لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات ده‌رباره‌ی هه‌ر خورپه‌و دیدو هه‌ڵوێستێكیان و ده‌یكاته‌ هۆكاری سزای سه‌خت و به‌ژانی لای خۆی. له ‌هه‌مان كاتدا هۆشیاركردنه‌وه‌ی موسوڵمانانیشه‌ كه‌ نه‌كه‌ن چرپه‌و چرپ و سرتەسرتی ئێوه‌ش به‌غه‌یری چاكه‌ و خواناسیی بێت.. ئاوا له‌م لایه‌نه‌شه‌وه‌ ئاڕاسته‌ په‌روه‌رده‌كارییه‌كه‌ی خۆیان پێده‌دات و چاودێریان ده‌كات و ره‌فتاریان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت.

   دواتر دێته‌ سه‌ر شێوازێكی تری ئه‌ده‌ب دادانیان، كه‌ چۆن ده‌بێت له‌ كۆڕی پێغه‌مبه‌ری خوادا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ خۆ زه‌بت و ره‌بت بكه‌ن. سینه‌فراوان و گوێڕایه‌ڵ بن. تا بۆیان ببێته‌ داب ونه‌ریتی كۆڕی فێرخوازیی.. فێری شێوازی پرسیاریان ده‌كات. فێریان ده‌كات چۆن له ‌كۆڕی پێغه‌مبه‌ری خوادا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ به‌ ویقارو خامۆشییه‌وه‌ داده‌نیشن و قسه‌ی له ‌قسه‌دا ناكه‌ن و چاوەڕوانی فه‌رمان، یان مۆڵه‌تی چوونه‌وه‌یانی لێده‌كه‌ن. فێریشیان ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌ركه‌، پێویسته،‌ فه‌رزه، ‌نه‌ك پیاوه‌تی و چاكه‌ ده‌ربڕین!

   ئه‌مما باقی ئایه‌ته‌كانی سوره‌ته‌كه‌ باس له‌ دیدو هه‌ڵوێستی دووڕوو (مونافیق)ـه‌كان ده‌كات كه‌ دۆستایه‌تییان له‌گه‌ڵ جوله‌كه‌كاندا به‌هێزبوو. لایه‌نیان ده‌گرتن و له‌سه‌ریان هه‌ڵده‌دانێ و ته‌وجیهاتیان لێوه‌ وه‌رده‌گرتن، پێكه‌وه‌ پیلانیان دژی موسوڵمانان داده‌ڕشت، له‌و لاشه‌وه‌ سه‌رزاره‌كی موسوڵمانێتیان نیشانده‌داو سوێندیان بۆ پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌خوارد كه‌ شوێنكه‌وتووی ئه‌ون و گوێڕایه‌ڵ و ملكه‌چی فه‌رمانه‌كانیین، واش نه‌بوون. لێره‌دا خوای گه‌وره‌ باسیان ده‌كات كه‌ چه‌ند درۆزن و سوێند خۆرن و ده‌یانه‌وێت به‌م سوێنده‌ درۆیانه‌یان پاكانه‌ بۆ خۆیان بكه‌ن. به‌ڵكو! له‌ سزای خوا كه‌نار درێن!! به‌ڵكو هه‌ر وه‌كو له ‌سزای پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ خۆیان قوتار ده‌كرد لای خوای گه‌وره‌ش وایان بۆ بلوێت!

   خوای گه‌وره‌ به ‌ته‌ئكیده‌وه‌ هه‌واڵی حه‌ق و راست و ره‌وای خۆی ده‌داته‌ هه‌موو لایه‌ك كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی دوژمنایه‌تی خواو پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌كه‌ن خوای گه‌وره‌ له‌سه‌ری نووسیوون كه‌ زه‌لیل دەبن و ده‌ست و چاوشۆڕ ده‌بن و زه‌ره‌رمه‌ند هه‌ر ئه‌وانن. هه‌ر به‌و ته‌ئكیده‌شه‌وه‌ هه‌واڵی حه‌ق و راست و ره‌وای خۆی ده‌داته‌ هه‌موو لایه‌ك كه‌ خۆم و پێغه‌مبه‌ره‌كانم زاڵ و باڵا ده‌ست ده‌بین. بۆ ئه‌وه‌ی له‌م به‌رابه‌رێتییه‌دا بچووكیان بكاته‌وه‌ و به‌ چاوی شۆڕه‌وه‌ خۆیان زەلیل و سووك ببینن. وا نه‌زانن به‌ره‌ی ئه‌وان به‌سه‌ر به‌ره‌ی خوای كارزان و بەتوانادا زاڵ ده‌بێت. ئه‌مه‌ش لایه‌نێكی تری ئاڕاسته‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كه‌ی خوای گه‌ورەیه‌ بۆ موسوڵمانانی بازنه‌ی دووه‌م و سێیه‌می ده‌وری نوخبه‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌ كه‌ هێشتا مابوویان له ‌خواناسیی یندا قوڵببنه‌وه‌و له‌وه‌ دڵنیاببن كه‌ ئاڕاسته‌ی سره‌وت و بزاوت وچۆنیه‌تی ململانێ و بردنه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنی كۆتایی له‌ ده‌ست خوای گه‌وره‌دایه‌. نه‌ك به ‌هێزو تواناو ژماره‌ی به‌ره‌ی كوفره‌وه‌ په‌یوه‌ست بێت. له‌م لایه‌نه‌شه‌وه‌ ئه‌و موسوڵمانانه‌ی ئاڕاسته‌ ده‌كرد كه‌ جاری وا هه‌بوو هێزی كوفریان به‌ به‌دەسەڵات ده‌هاته‌ پێشچاوو نه‌یان ده‌وویست په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌ ته‌واویی له‌ گه‌ڵیاندا بپچرێنن. تا له‌وە دڵنیایان كاته‌وه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتن نسیبی به‌ره‌ی ئیماندارانه‌. چونكه‌ خوای گه‌وره‌و به‌هێزو به ‌توانای تێدایه‌ و به‌ره‌ی ئه‌و به‌ر نابووت و شكست خواردوو به‌زیووه‌. ئیدی بۆچی هه‌ندێك كه‌س سووره‌ له‌سه‌ر نه‌پسانی په‌یوه‌ندی خۆی به‌ تاقمه‌كانی به‌ره‌ی كوفره‌وه‌؟! ئاوا خوای گه‌وره‌ ده‌یوویست ڕیزی ئیمانداران سه‌ربه‌خۆ بن و بواری دزه‌ی كوفرو كافرانی تێدا نه‌مێنێت. ده‌یوویست هه‌موو هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ مادام له ‌ژێر سایه‌ی ئاڵای خوادان، با دڵنیا بن له ‌سه‌ره‌نجامی رۆشنیان، با شانازیی به‌ به‌ره‌ی خۆیانه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ له ‌ژێر چاودێریی و سه‌رپه‌رشتیارێتی خوای به‌دەسەڵاتدایه‌، با له‌وه‌ دڵنیا بن كه‌ خوای گه‌وره‌ به‌ره‌ی ئه‌مان ده‌پارێزێت گه‌شه‌و نه‌شونمایان پێده‌كات تا بۆ رۆڵه‌ جیهانییه‌ قه‌دەرییه‌ گه‌ردوونییه‌كه‌ی خۆییان ئاماده‌ بكات.

   له ‌كۆتایی سوره‌ته‌كه‌دا وێنه‌ی قه‌شه‌نگ و جوان و په‌سه‌ندی حزبوالله دێت. حزبی ئه‌و نوخبه‌ خواوویسته‌ی له‌ خواناسیی  و خواپه‌رستی و بانگه‌وازو جیهاددا روواون و بوونه‌ته‌ سه‌ر مه‌شقی موسوڵمانانی هه‌موو نه‌وه‌یه‌ك تا قیامه‌ت.. نموونه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی موهاجیرین و ئه‌نصار ده‌خاته‌ پێش چاوان، تا ئه‌و كه‌سانه‌ی هێشتا له ‌قۆناغه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی دین و دیندارێتییدان بزانن له‌ كوێدان و چه‌ندیان ماوه‌ بگه‌نه‌ ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌و نموونه‌ خواوویستییه‌ی لێیه‌! بۆیه‌ كۆتایی سووره‌ته‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌هێنیت كه‌ هه‌رگیزاو هه‌رگیز نموونه‌یه‌كی تری ئاوات به‌رده‌ست ناكه‌وێت: (لا تَجِدُ قَوْمًا يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الآخِرِ يُوَادُّونَ مَنْ حَادَّ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَلَوْ كَانُوا آبَاءَهُمْ أَوْ أَبْنَاءَهُمْ أَوْ إِخْوَانَهُمْ أَوْ عَشِيرَتَهُمْ أُوْلَئِكَ كَتَبَ فِي قُلُوبِهِمُ الإِيمَانَ وَأَيَّدَهُم بِرُوحٍ مِّنْهُ وَيُدْخِلُهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِن تَحْتِهَا الأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ وَرَضُوا عَنْهُ أُوْلَئِكَ حِزْبُ اللَّهِ أَلا إِنَّ حِزْبَ اللَّهِ هُمُ الْمُفْلِحُونَ).

20 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
15/09/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.