تەفسیر

ته‌فسیری ئایه‌تی یازده‌یه‌می سوره‌تی (المجادلة)

(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا قِيلَ لَكُمْ تَفَسَّحُوا فِي الْمَجَالِسِ فَافْسَحُوا يَفْسَحِ اللَّهُ لَكُمْ وَإِذَا قِيلَ انشُزُوا فَانشُزُوا يَرْفَعِ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنكُمْ وَالَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ دَرَجَاتٍ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌ).

 

واتە: ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌، ئه‌گه‌ر له ‌كۆڕو كۆبوونه‌وه‌تانداو له‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی خوادا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ پێتان ووترا كۆڕه‌كه ‌به‌رفراوانتركه‌ن تا جێگای ئیماندارانی تریش ببێته‌وه‌ ، به‌رفرانتری بكه‌ن. خوای گه‌وره‌ش له‌ پاداشتاندا جێ و مه‌نزڵی به‌هه‌شتتان بۆ فراوانتر ده‌كات. ئه‌گه‌ر پێشتان ووترا مه‌رەخه‌س بن، هه‌ستن و به‌ده‌م فه‌رمانی خێرو چاكسازیتانه‌وه‌ بچن.. خوای گه‌وره‌ ئه‌و كه‌سانه‌تان كه‌ مل كه‌چ و گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانی خواو پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ و ئه‌وانه‌شتان كه‌ ئه‌هلی زانستی شه‌رعه‌و شاره‌زای دینه‌كه‌یه‌ پله‌و پایه‌ی به‌رزو باڵایان پێده‌به‌خشێت. خوای گه‌وره‌ شاره‌زای كارو كرده‌وه‌كانتانه‌. (١١)

 

   دوای به‌شێك له ‌ئادابی دووان و دواندن، لێره‌دا باس له ‌به‌شێك له ‌ئادابی كۆڕ (مه‌جلیس) ده‌كات و موسوڵمانان فێری كۆمه‌ڵێك داب و ئادابی تر ده‌كات، تا یه‌ك یه‌ك پێوه‌ی پابه‌ند بن، تا ببێته‌ سیمای كۆڕو كۆمه‌ڵگه‌ی موسوڵمانان و به‌شێك له ‌داب و نه‌ریت و به‌هاو قیه‌می کۆمەڵایەتییان. ئەمیش هه‌ر وه‌كو ره‌فتاره‌كانی تریان په‌یوه‌ست ده‌كاته‌وه‌ به‌ هه‌ستی چاودێریی خوایی و هۆش له‌ به‌رپرسێتی ره‌فتارو فێربوونی رێسای: (مَنْ تَوَاضَعَ لِلَّهِ رَفَعَهُ اللَّهُ، فَهُوَ فِي نَفْسِهِ صَغِيرٌ، وَفِي أَعْيُنِ النَّاسِ عَظِيمٌ، وَمَنْ تَكَبَّرَ وَضَعَهُ اللَّهُ عَزَّ وَجَلَّ، فَهُوَ فِي أَعْيُنِ النَّاسِ صَغِيرٌ، وَفِي نَفْسِهِ كَبِيرٌ، وَحَتَّى لَهُوَ أَهْوَنُ عَلَيْهِمْ مِنْ كَلْبٍ أَوْ خِنْزِيرٍ).[1] واتە: هه‌ر كه‌سێك له‌به‌ر خاتری خوای گه‌وره‌ خۆی به‌كه‌م بزانێت خوای گه‌وره‌ پله‌و مه‌نزیله‌ی به‌رز ده‌كاته‌وه‌. چونکە ئەو کەسە لە ناخی خۆیدا خۆی بە بچوک دەزانێت بەڵام لە چاوی خەڵکیدا گەورەیە. هەر کەسێکیش رەفتاری لووتبەرزو ملهوڕانە بنوێنێت حەتمەن خوای گەورە دەیخات. چونکە ئەو کەسە لە چاوی خەڵکیدا بچوکە، ئەگەرچی لە چاوی خۆیدا گەورەیە. ئەو کەسە لای خەڵکی زۆر لە سەگ و بەراز سووک و بێڕێز ترە .

    خوای گەورە لەم ئایەتەدا هەر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ موسوڵمانان بانگ ده‌كات. ‌له ‌قورئاندا نزیكه‌ی نه‌وه‌د جار بانگه‌وازی تایبه‌ت به‌ موسوڵمانان به‌و شێوازه‌ هاتووه.‌ ئیبنوعه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌فه‌رموێ: كه‌ گوێت له‌ (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا) بوو دڵ و هۆشی بده‌رێ، چونكه‌ بۆ فه‌رمانێكی تایبه‌تت بانگ ده‌كات.. خوای گه‌وره‌ نافه‌رموێ: (یا ایها الذین امنوا لا تسرقوا) ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان هێناوە مه‌دزن، چونکە ئه‌وه‌ به‌ڵگه ‌نه‌وویسته کە موسوڵمان نابێت سامانی خەڵکی تر نە بە دزیی و نە بە هیچ رێگایەکی تری ناهەق بخوات. كه‌سێك دینه‌كه‌ی قبوڵ بووبێت و پێوه‌ی پابه‌ند بووبێت چۆن دزیی دەکات؟! خوای گه‌وره‌ ئیمانداره‌كان بۆ كاری تر بانگهێشت ده‌كات. وەکو: ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ اسْتَعِينُواْ بِالصَّبْرِ)البقرة‌/١٥٣ (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُلُواْ مِن طَيِّبَاتِ مَا رَزَقْنَاكُمْ)البقرة‌/١٧٢ (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ خُذُواْ حِذْرَكُمْ)النساء/٧١ (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ اسْتَجِيبُواْ لِلَّهِ وَلِلرَّسُولِ)الانفال/٢٤(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اذْكُرُوا اللَّهَ ذِكْرًا كَثِيرًا)الاحزاب/٤١ (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ)محمـد/٣٣ وە هەروەها..

   لێرەدا دەفەرموێ: ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌، ئه‌گه‌ر پێتان ووترا كۆڕه‌كه‌ به‌رفراوانتر بكه‌ن (وجێی كه‌سانی تر بكه‌نه‌وه‌) به‌رفراوانی بكه‌ن. خوای گه‌وره‌ش جێی به‌رفراوانتان لای خۆی بۆ مسۆگه‌ر ده‌كات.. ئه‌مه‌ پاداشته‌ له ‌جۆری به‌خشینه‌كه‌، له ‌جۆری ره‌فتاره‌كه‌، كه ‌له‌به‌ر خاتری خوای گه‌وره‌ ئه‌نجام دراوه‌. ده‌بینیت پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لە زۆر شوێنی تردا ئەمە روون دەکاتەوە کە رێسایەکی خواییە کە پاداشت لە توخم و جۆری رەفتارەکەیە (الْجَزَاءُ مِنْ جِنْسِ الْعَمَلِ) پەندە کوردییەکەش لەم سەرچاوەوەیە کە دەڵێ (هەرچی بچێنیت هەر ئەوە دەدووریتەوە). دەبینیت بۆ رەفتاری چاکەو خێر ده‌فه‌رموێ: (مَنْ بَنَى مَسْجِدًا بَنَى اللَّهُ لَهُ مِثْلَهُ فِي الْجَنَّةِ‌)[2] واتە: هه‌ر كه‌سێك مزگه‌وتێك بۆ خوای گه‌وره‌ دروست بكات، خوای گه‌وره‌ له ‌به‌هه‌شتدا خانوویه‌كی بۆ دروست ده‌كاته‌وه‌. یان فه‌رمووده‌ی: (مَنْ نَفَّسَ عَنْ مُؤْمِنٍ كُرْبَةً مِنْ كُرَبِ الدُّنْيَا نَفَّسَ اللَّهُ عَنْهُ كُرْبَةً مِنْ كُرَبِ يَوْمِ الْقِيَامَةِ، وَمَنْ يَسَّرَ عَلَى مُعْسِرٍ يَسَّرَ اللَّهُ عَلَيْهِ فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ، وَمَنْ سَتَرَ مُسْلِمًا سَتَرَهُ اللَّهُ فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ، وَاللَّهُ فِي عَوْنِ الْعَبْدِ مَا كَانَ الْعَبْدُ فِي عَوْنِ أَخِيهِ).[3] واتە: هه‌ر كه‌سێك کارەساتێک لە کارەساتە سەختەکانی دنیا لەسەر موسوڵمانێک سووک بکات خوای گەورە کارەساتێکی سەخت لە کارەساتە سەختەکانی قیامەتی لەسەر سووک دەکات. هەر کەسێک بارگرانییەک له‌سه‌ر گیرۆدەیەک سووك بكات خوای گه‌وره‌ش بارگرانی دنیاو قیامەتی له‌سه‌ر سووك ده‌كاته‌وه‌. هه‌ر كه‌سێك عه‌یب و عاری موسوڵمانێك داپۆشێت، خوای گه‌وره‌ش له‌ دنیاو قیامه‌تدا عه‌یب و عاری داده‌پۆشێته‌وه‌. هه‌ر كه‌سێك له‌ یارمه‌تی و هاریكاریی براكه‌یدا بێت، خوای گه‌وره‌ش له ‌یارمه‌تی و هاریكارییی ئه‌ودا ده‌بێت.. دەشبینیت کە بەرامبەر رەفتاری خراپەش دەفەرموێ: (إنَّ اللهَ يُعذّبُ الذينَ يُعذّبونَ الناسَ في الدنيا).[4] واتە: خوای گەورە ئەشکەنجەی ئەو کەسانە دەداتەوە کە لە دنیادا ئەشکەنجەی خەڵکی دەدەن.

 

هۆی هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئایه‌ته‌كه‌

 

      ابن کثير رحمه‌الله له ‌قه‌تاده‌وه‌ نه‌قڵی كردووه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی: كاتێك یاوه‌ران بۆ زیكری خوای گه‌وره‌ له‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌بوون زۆرجار له‌به‌ر زۆریی ژمارەیان و ته‌نگی جێگاكه‌ شوێنی كه‌سی تر نه‌ده‌ما، بۆیه‌ هه‌یانبوو حه‌زی نه‌ده‌كرد زۆرتر ببن تا جێی پێ ناڕه‌حه‌ت نەبێت. ئیتر خوای گه‌وره‌ ئه‌م فه‌رمانه‌ی پێدان و ئه‌و پاداشته‌شی بۆ دیاری كردن.

   لە موقاتیلی كوڕی حه‌ییانیشەوە كه ‌پێشه‌وای ئه‌هلی ته‌فسیره‌ دەگێڕێتەوە کە فەرمووی: (كَانَ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  فِي الصُّفَّةِ، وَفِي الْمَكَانِ ضِيقٌ وَذَلِكَ يَوْمَ الْجُمُعَةِ، وَكَانَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  يُكْرِمُ أَهْلَ بَدْرٍ مِنَ الْمُهَاجِرِينَ وَالْأَنْصَارِ، فَجَاءَ نَاسٌ مِنْ أَهْلِ بَدْرٍ وَقَدْ سُبِقُوا إِلَى الْمَجْلِسِ، فَقَامُوا حِيَال النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ عَلَى أَرْجُلِهِمْ يَنْظُرُونَ أَنْ يُوَسَّعَ لَهُمْ فَلَمْ يُفْسِحُوا لَهُمْ، وَشَقَّ ذَلِكَ عَلَى رَسُول اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ، فَقَالَ لِمَنْ حَوْلَهُ مِنْ غَيْرِ أَهْلِ بَدْرٍ: قُمْ يَا فُلَانُ وَأَنْتَ يَا فُلَانُ. فَأَقَامَ مِنَ الْمَجْلِسِ بِقَدَر النَّفَرِ الَّذِينَ قَامُوا بَيْنَ يَدَيْهِ مِنْ أَهْلِ بَدْرٍ، فَشَقَّ ذَلِكَ عَلَى مَنْ أُقِيمَ مِنْ مَجْلِسِهِ، وَعَرَفَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ الْكَرَاهِيَةَ فِي وُجُوهِهِمْ، فَقَالَ الْمُنَافِقُونَ لِلْمُسْلِمِينَ: أَلَسْتُمْ تَزْعُمُونَ أَنَّ صَاحِبَكُمْ يَعْدِلُ بَيْنَ النَّاسْ؟ فواللَّه مَا عَدَلَ بَيْنَ هَؤُلَاءِ: قَوْمٌ أَخَذُوا مَجَالِسَهُمْ وَأَحَبُّوا الْقُرْبَ مِنْ نَبِيِّهِمْ، أَقَامَهُمْ وَأَجْلَسَ مَنْ أَبْطَأَ عَنْهُمْ مَقَامَهُمْ! فَأَنْزَلَ اللَّهُ تَعَالَى هَذِهِ الآية) واتە: رۆژی هه‌ینی بوو كه‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ هاته‌ خواره‌وه‌، پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ له‌ (صوففه‌) بوو یاوه‌رانێكی زۆری له ‌خزمه‌تدا بوون، شوێنەكه‌ش ته‌نگه‌به‌ر بوو، عاده‌تیشی وا بوو رێزی یاوه‌رانی ئه‌هلی به‌دری زیاتر‌ ده‌گرت وەک له ‌موهاجیران و ئه‌نصار، بەڵام له‌و كات و شوێنه‌دا خه‌ڵكێكی تر زووتر له ‌خزمه‌تیدا دانیشتن و جێی خۆیان گرت. كه‌سانێك له‌ ئه‌هلی به‌در ته‌شریفیان هێناو سڵاویان له ‌پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كرد. وه‌ڵامی سڵاوه‌كه‌ی دانه‌وه‌، ئه‌و یاوه‌رانه‌ش كه‌ دانیشتبوون وه‌ڵامی سڵاوی به‌درییه‌كانیان دایه‌وه‌ (بێ ئه‌وه‌ی شوێنیان بۆ چۆڵ بكه‌ن) پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ هه‌ستی كرد كه ‌حه‌ز ده‌كه‌ن دانیشن، بۆیە فه‌رمووی: (قم یافلان وانت یافلان..) فڵان كه‌س تۆ هه‌سته‌ و فڵانی تۆش هه‌روه‌ها.. به ‌قه‌ده‌ر ژماره‌ی به‌درییه‌ راوه‌ستاوه‌كان له‌مانی هه‌ستان، هه‌ستێنراوه‌كانیش پێیان ناخۆشبوو. پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ هه‌ستی به‌ پێناخۆشییه‌كه‌یان كرد، له ‌ده‌ره‌وه‌ش چه‌ند كه‌سێك له ‌دووڕووه‌كان كه‌وتنه‌ بۆڵه‌بۆڵ، ده‌یانووت: مه‌گه‌ر ئێوه‌ ناڵێن هاوڕێكه‌تان (مه‌به‌ستیان پێغه‌مبه‌ری خوابوو صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) دادپه‌روه‌ریی له ‌نێوان خه‌ڵكییدا ده‌چه‌سپێنێت؟ والله نه‌مانبینی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌گه‌ڵ دانیشتووه‌كاندا ره‌فتار بكات، خه‌ڵكانێك پێشتر هاتوون و جێی خۆیان گرتووه‌ و ئه‌وانیش حه‌زیان به‌ نزیكیی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یان صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ هه‌یه‌، كه‌چی ئه‌وانی هه‌ستان بۆ كه‌سانێك كه‌ خۆیان دره‌نگ هاتوون. ئه‌مه‌ گه‌یشته‌وه‌ به ‌پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بۆیه‌ فه‌رمووی (رَحِمَ اللَّهُ رَجُلًا فَسَح لِأَخِيهِ) [5] واتە: ره‌حمه‌تی خوا له‌و كه‌سه‌ بێت كه‌ جێ بۆ براكه‌ی ده‌كاته‌وه‌. ئیتر زۆریان خێرا هه‌ستانه‌ سه‌ر پێ تا جێ بۆ براكانیان بكه‌نه‌وه‌ (و به‌ر ئه‌و دوعای ره‌حمه‌ته‌ بكه‌ون) ئیتر ئه‌م ئایه‌ته‌ ئه‌و كاته‌ هاته‌ خواره‌وه‌.

   كه‌وابوو ئاڕاسته‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كه‌ ئایه‌ته‌كه‌ی خوای گه‌وره‌ش لایه‌نگریی بوو، ئه‌م ئه‌ده‌به‌یان له ‌ناو موسوڵماناندا كرده‌ داب و نه‌ریت، كه‌ كۆڕی خۆیان به‌رفراوانتر بكه‌ن و جێ بۆ كه‌سانی تازه‌هاتووی مه‌جلیسه‌كانیان بكه‌نه‌وه‌:

١- ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئادابی كۆڕو مه‌جلیسی موسوڵمان.

٢- كه‌سی تازه‌ هاتوو بۆ مه‌جلیس له‌و شوێنه‌دا داده‌نیشێت كه‌ به‌تاڵه‌، له ‌هه‌ر كوێی كۆڕه‌كه‌دا بێت. چونكه ئەوە ئەو رەفتارەیە کە یاوەران لە پێغەمبەری خواوە صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فێر بووبوون. جابری کوڕی سەمورە خوا لێی رازی بێت دەفەرموێ:‌ (كُنَّا إِذَا أَتَيْنَا النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  جَلَسَ أَحَدُنَا حَيْثُ يَنْتَهِي).[6] واتە: کە دەهاتینە خزمەت پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ هەر یەکەمان لەو شوێنەدا دادەنیشت کە کۆتایی مەجلیسەکە بوو..

٣- پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كه‌ له ‌شوێنێك داده‌نیشت به‌رده‌وام سه‌یدنا ئه‌بوبه‌كری صددیق خوا لێی رازی بێت لای راستی پیرۆزیی و سه‌یدنا عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب خوا لێی رازی بێت لای چه‌پیه‌وه‌ له‌ خزمه‌تیدا ده‌بوون، سه‌یدنا عوسمان و سه‌یدنا عه‌لیش خوا لێیان رازی بێت چونكه‌ نوسه‌رانی وه‌حی بوون له‌به‌ر ده‌ستیدا له ‌خزمه‌تیدا ده‌بوون. وه‌كو ئیمامی موسلیم ریوایه‌تی كردووه‌ هه‌ر جه‌نابی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ئاوای جێ بۆ دیاری كردبوون. له ‌هه‌ر شوێنێكی تریش دابنیشتایه‌ هه‌ر ده‌یفه‌رموو: (لِيَلِنِي مِنْكُمْ أُولُو الْأَحْلَامِ وَالنُّهَى ثُمَّ الَّذِينَ يَلُونَهُمْ، ثُمَّ الَّذِينَ يَلُونَهُمْ).[7] واتە: با پیاوماقوڵ و بەهۆش و زرنگەکانتان له ‌نزیكمه‌وه ‌بن، پاش ئه‌وان ئه‌وانه‌ی دوای ئه‌وان پاشان ئه‌وانەی دوای ئەوان (بە پێی ‌پیاوماقوڵیی و هه‌ڵكه‌وته‌یی و ده‌ركه‌وته‌ییان). هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش بوو كه‌سانێكی له مه‌جلیسه‌كه‌ی خۆی هه‌ستاند بۆ به‌درییه‌ به‌ڕێزه‌كان.. هه‌میشه‌ ده‌یخواست ئه‌و زرنگ و به‌هۆشانه‌ له ‌خزمه‌تییدابن و لێوه‌ی نزیكتر بن تا ئاڕاسته‌كانی رۆشن و رشكاوانه‌ وه‌ربگرن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ ده‌یانگه‌یانده‌وه‌ به ‌خه‌ڵكانێكی تری پشت خۆیان.

   ئه‌مه‌ش دیاره‌ به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆڕی ئێمه‌ی موسوڵمانیشدا كه‌ زاناو شه‌رعناس و ئه‌میرو فه‌رمانده‌و پیاو ماقۆڵه‌كانمان دانیشتن ده‌بێ كه‌سانی زرنگ و هه‌ڵكه‌وته‌ له‌ نزیكیانه‌وه‌ دانیشن. ئه‌مه‌ چینایه‌تی نییه‌، چونكه‌ خاوه‌ن هۆش و زرنگ و زیره‌كه‌كان ده‌شێت له ‌چینی هه‌ره‌ هه‌ژاری كۆمه‌ڵگه‌كه ‌بن، بەڵام شایانی ئه‌و جێگایه‌ن.

   ئه‌مه‌ بۆ ئیمام و ئه‌میرو هاوشێوه‌یان سووننه‌ته‌ كه‌ نوێژیان به ‌ئیمامه‌ت بۆ كه‌سانێكی تر ده‌كرد، ئه‌وانه‌ی راسته‌و خۆ له‌ پشتیانه‌وه‌ ده‌بن هه‌ڵكه‌وته‌و حافز قورئان و شه‌رعناس و كه‌سایه‌تیه‌ ئیسلامیه‌كان بن.. ئیبنومه‌سعوود خوا لێی رازی  بێت ده‌گێڕێته‌وه:‌ (كَانَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  يَمْسَحُ مَنَاكِبَنَا فِي الصَّلَاةِ وَيَقُولُ اسْتَوُوا وَلَا تَخْتَلِفُوا فَتَخْتَلِفَ قُلُوبُكُمْ لِيَلِنِي مِنْكُمْ أُولُو الْأَحْلَامِ وَالنُّهَى ثُمَّ الَّذِينَ يَلُونَهُمْ ثُمَّ الَّذِينَ يَلُونَهُمْ).[8] واتە: کە پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ‌ریزی دەکردین (له‌پشتیه‌وه‌ بۆ نوێژی جه‌ماعه‌ت) شانمان رێكده‌خست (تا ئاستی یه‌كتربن بۆ ئه‌وه‌ی ریزه‌كه ‌رێك و راست بێت) ئینجا ده‌یفه‌رموو: رێك راوه‌ستن، ناكۆك مه‌بن ده‌نا ناكۆكیه‌كانتان ده‌كه‌وێته‌ دڵ و ده‌روونتانه‌وه‌، باپیاو ماقوڵ و هه‌ڵكه‌وته‌كانتان نزیكتربن لێمه‌وه‌، پاشان ئه‌وانی دوای ئه‌و، پاشانی ئه‌وانی تری دوای ئه‌مان.

   جا ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ له‌ نوێژدا بووبێت حه‌تمه‌ن له‌كۆڕی ئاساییدا ئه‌م داب و نه‌ریته‌ زیاتر ره‌چاو ده‌كرێت، سووننه‌ته‌و زه‌روور‌یشه‌ كه‌ له ‌نوێژی جه‌ماعه‌تدا، یان له‌مزگه‌وت، چه‌ند جێگایه‌كی راسته‌ و خۆی پشت ئیمامه‌كه‌ بۆ شه‌رعزان و قورئانه‌وان و داعییه‌كان بێت، چونكه‌ هه‌ڵه‌ی ئیمام باشتر راست ده‌كه‌نه‌وه‌ و بۆشی ده‌بنه‌ (ئیمامی ئیحتیات).

 ٤- نه‌هێشتنی كه‌ڵین له ‌ریزو كۆڕی موسوڵماناندا هه‌ندێك له ‌زانایان ده‌فه‌رموون ئه‌مه‌ له ‌نوێژو غه‌یری نوێژدا هه‌روایه‌، له ‌نوێژدا بێگومان ده‌بێت مادام نوێژی جه‌ماعه‌ته‌ ریزه‌كان پڕو سفت بن نه‌ك شاش و لێك دوور، هه‌روه‌ها نابێت نێوان لە ریزەکاندا هه‌بێت، سووننه‌ت وایه‌ كه‌ په‌نجه‌ی پێیان به ‌په‌نچه‌ی پێی یه‌كترییه‌وه‌ بنێن و هه‌روه‌ها شانیان له‌ دانیشتنی كۆڕیشدا سووننه‌تە لێك نزیك و به ‌ته‌نیشت یه‌كترییه‌وه‌ دانیشن، پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌یفه‌رموو (أقِيمُوا الصُّفُوفَ، وَحَاذُوا بَيْنَ الْمَنَاكِبِ، وَسُدُّوا الْخَلَلَ، وَلِينُوا بِأَيْدِي إِخْوَانِكُمْ، وَلَا تَذَرُوا فُرُجَاتٍ لِلشَّيْطَانِ، وَمَنْ وَصَلَ صَفًّا وَصَلَهُ اللَّهُ، وَمَنْ قَطَعَ صَفًّا قَطَعَهُ اللَّهُ).[9] واتە: ریزه‌كان رێكخه‌ن، شانتان راستی یه‌كتریی بێت، كه‌لێنی نێوانتان پڕ بكه‌نه‌وه،‌ ئاسان و نه‌رم و نیان به ‌ده‌ست براكانتانه‌وه‌ بچن، (كه ‌رێكتان ده‌كه‌ن یان راتان ده‌كێشن بۆ پڕ كردنه‌وه‌ی كه‌لێنی ریزه‌كان) كه‌لێن (بۆشایی) بۆ شه‌یتان مه‌هێڵنه‌وه‌ (تا نه‌خزێته‌ نێوانتانه‌وه‌). هه‌ر كه‌سێك ریزێك ته‌كمیله‌ بكات (به‌ یه‌كتره‌وه‌ په‌یوه‌ستیان بكات) خوای گه‌وره‌ به ‌خۆیه‌وه‌ په‌یوه‌ستی ده‌كات، هه‌ر كه‌سێك بوار بخاته‌ نێو ریزه‌كانه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ش بوار ده‌خاته‌ نێوان خۆی و ئه‌و كه‌سه‌وه‌.

٥- نابێت له ‌نێوان دوو كه‌سدا دابنیشێت پێش ئه‌وه‌ی داوای مۆڵه‌تیان لێ بكات، دەبێ دوای داواکردنی مۆڵەتەکە خۆیان رازی بن، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ ئەوان پێكه‌وه‌ دانیشتوون تا قسه‌ی تایبه‌تی خۆیان پێكه‌وه‌ بكه‌ن، یان یه‌كێكیان پێویستی به‌وی تریان هه‌بێت یان هۆی تر. ئیمامی ئه‌حمه‌د به‌ سه‌نه‌ده‌وه‌ له‌ عبدالله‌ی كوڕی عه‌مره‌وه‌ خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه کە پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌یفه‌رموو: (لَا يَحِلُّ لِلرَّجُلِ أَنْ يُفَرِّقَ بَيْنَ اثْنَيْنِ إِلَّا بِإِذْنِهِمَا).[10] واتە: ناشێت كابرا بچێته‌ نێوان دووكه‌سه‌وه‌ مه‌گه‌ر به‌ ره‌زامه‌ندیی هه‌ردووكیان .

- هه‌ر له ‌ئایه‌ته‌كه‌دا دوای ئادابی كۆڕو به‌رفراوانكردنی مەجلیس و جێكردنه‌وه‌ بۆ هاتووانی نوێ، فه‌رمانی ئه‌وه‌ به‌ موسوڵمانان ده‌دات كە دانیشتن نەکەنە پیشەو بێکارانە بۆ کات بەسەر بردن کۆڕ نەگرن. دەفەرموێ:‌ (وَإِذَا قِيلَ انشُزُوا فَانشُزُوا) واتە: ئه‌گه‌ر پێتان ووترا هه‌ستن به‌ده‌م كاری خێره‌وه‌ بچن راپه‌ڕن و بچن. موقاتیل ده‌فه‌رموێ: ئه‌گه‌ر بانگهێشتی نوێژ كران هه‌ستن به ‌ده‌نگیه‌وه‌ بچن. ئیبنوعه‌بباس و حه‌سه‌نی به‌سریی ده‌یانفه‌رموو: ئه‌گه‌ر پێتان ووترا بۆ جیهاد لێبڕێن، راپه‌ڕن و به ‌ده‌نگیه‌وه‌ بچن. بەڵام دیاره‌ كه‌ (كاری خێر) نوێژو جیهاده‌كه‌ش ده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌شێت مه‌به‌ست له‌ بڕە ئایه‌ته‌كه‌ به ‌ده‌نگه‌وه‌ چوونی هه‌موو كارێكی خێر بێت والله اعلم.

   عبدالرحمانی كوڕی زه‌یدی كوڕی ئه‌سله‌م ده‌فه‌رموێ: كه ‌یاوه‌ران له ‌خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌بوون هه‌ر یه‌كه‌یان حه‌زی ده‌كرد خۆی كۆتا كه‌س بێت كه‌ له ‌خزمه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوادا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مه‌ره‌خه‌س ده‌بێت و كۆڕه‌كه‌ی جێده‌هێڵێت.. ئه‌مه‌ش بۆ پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ زۆرجار ده‌بووه‌ مایه‌ی سه‌ختكاریی، چونكه‌ ده‌یخواست بچێته‌ كاری تری، یان تەشریف بباتەوە بۆ ماڵەوە، یان لەو ماڵەیەوە بچێتە ماڵێکی تری، یان بۆ کارێکی پێویستی خۆی. بۆیه‌ لێره‌دا خوای گەورە ئەدەبێکی تریان فێردەکات كه ‌ده‌فه‌رموێ:  (وَإِذَا قِيلَ انشُزُوا فَانشُزُوا) ئه‌مه‌ش وه‌كو ئایه‌تی (وَإِن قِيلَ لَكُمُ ارْجِعُوا فَارْجِعُوا)النور/٢٨ ئه‌گه‌ر له ‌ده‌رگای مالێکتان دا (٣جار) و نه‌یانكرده‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێیان ووتن: ببورن كاته‌كه یان دۆخه‌كه‌مان گونجاو نییه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌، یان جارێكی تر وه‌رنه‌وه،‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌.

   دوا به‌ دوای ئه‌م ئادابانه‌ كه‌ هه‌ندێك له ‌دڵدا قورس ده‌بن، به ‌تایبه‌تی لای نه‌و موسوڵمان كه‌ به ‌لایه‌وه‌ كه‌مییه‌ کە خوای گه‌وره‌ یه‌كسه‌ر ئه‌وه‌ فێر ده‌كات كه‌ ئه‌م ره‌فتاری خۆ به ‌كه‌مترزانیینه‌ كه‌ له‌به‌ر خاتری خوایه‌ پاداشتی به‌رز بوونه‌وه‌ی پله‌و مه‌نزیله‌ی لای خوای گه‌وره‌ی هه‌یه‌، هه‌ر وه‌كو پله‌و مه‌نزیله‌ی ئیمانداره‌ پیاوچاكه‌كان و ئه‌هلی زانستیه‌ شه‌رعییه‌كانی خواناسیی و خواپه‌رستیی، وەک ده‌فه‌رموێ: (يَرْفَعِ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنكُمْ وَالَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ دَرَجَاتٍ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌ) واتە: ئه‌وانه‌تان كه‌ ئه‌هلی زانستی شه‌رعه‌و شاره‌زای دینه‌كه‌یه‌ خوای گەورە پله‌و پایه‌ی به‌رزو باڵایان پێده‌به‌خشێت.

   خوای گه‌وره‌ به ‌موسوڵمانان ده‌فه‌رموێ: كه ‌وا نه‌زانن هه‌ستانی كه‌سێكتان بۆ هاتوویه‌كی نوێی كۆڕتان، یان جێكردنه‌وه‌ی به‌ جێی ته‌نگ كردنه‌وه‌ی خۆی كه‌میی و ماف له ‌ده‌ستدانتانە! نا، ئه‌وه‌ لای خوای گه‌وره‌ پاداشتی زۆره‌، جۆری پاداشته‌كه‌ش ئەوەیە کە پله‌و مه‌نزیله‌ به‌رز دەکاتەوە‌. ئه‌م پاداشته‌ گرنگ و مسۆگه‌ره‌ حه‌تمه‌ن ده‌بێته‌ سوكنایی دڵ و هانده‌ری زیاتری خۆبه‌كه‌م زانین. به‌ڵێنی خوای گه‌وره‌ش حه‌تمه‌ن راست و به‌جێیه‌. ده‌ی سا به‌ خوا هەقە بۆ منداڵێكیش به ‌پێوه‌ بوەستین چ جای پیاو چاك و زانا.

   له‌ كۆتاییشیدا ده‌فه‌رموێ: (وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِیرٌ) خوای گه‌وره‌ پسپۆره‌، زانایه‌، شاره‌زایه‌، به‌ ئاگایه‌ و ره‌فتارو هه‌ڵوێسته‌كانتان بۆ تۆمار ده‌كات و پاداشتی ته‌ئكیدیشتان ده‌داته‌وه‌.

   سه‌یدنا عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب خوا لێی رازی  بێت نافیعی كوڕی عبدالحارثی كردبوو به‌ والی له ‌ناوچه‌ی عه‌سه‌فان. جارێك له ‌مه‌دینه‌ تووشی نافیع بوو، پێی فه‌رموو: خۆت هاتوویت، كێت له‌ شوێنی خۆت (به‌وەکیلی والی) داناوه‌؟ فه‌رمووی: ئیبنوئه‌بزام داناوه‌، پرسی: ئه‌م ئیبنوئه‌بزایه‌ كێیه‌؟ نافیع عه‌رزی كرد: له ‌مه‌والییه‌كانی خۆمانه‌، سه‌یدنا عومه‌ر فه‌رمووی: مه‌والییه‌كت كردووه‌ به‌ والی به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌وه‌؟ عه‌رزی كرد: ئه‌ی ئه‌میری موسوڵمانان، ئیبنوئه‌بزا قورئانخوێنەو شاره‌زای میراتەو داوه‌ر (قازیی)یه‌، (قَالَ عُمَرُ أَمَا إِنَّ نَبِيَّكُمْ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ إِنَّ اللَّهَ يَرْفَعُ بِهَذَا الْكِتَابِ أَقْوَامًا، وَيَضَعُ بِهِ آخَرِينَ).[11] واتە: سه‌یدنا عومه‌ر فه‌رمووی: پێغه‌مبه‌ره‌كه‌تان صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فه‌رمووی: خوای گه‌وره‌ به‌م قورئانه‌ خه‌ڵكانێك به‌رز ده‌كاتەوەو خەڵکانێکی تریشی پێ نزم ده‌كاتەوە. فه‌رمووده‌ی تریش له‌م باره‌وه‌ له ‌هه‌ردوو سه‌حیحی بوخاریی موسلیمدا زۆرن والحمدلله.

 

چه‌ند خاڵێك بۆ سه‌رنجدان

 

١- له‌ فه‌رمووده‌ سه‌حیحه‌كانه‌وه‌ ئه‌و ئه‌ده‌به‌ هاتووه كه‌ كه‌س بۆی نییه‌ یه‌كێكی تر هه‌ستێنێت كه ‌دانیشتووه‌و خۆی بچێته‌ شوێنی. وه‌كو كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌فه‌رموێ: (لَا يُقِيمُ الرَّجُلُ الرَّجُلَ مِنْ مَجْلِسِهِ ثُمَّ يَجْلِسُ فِيهِ).[12] ئەوەی كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فه‌رمانی به ‌چه‌ند كه‌سێكی دانیشتوو كرد بۆ به‌درییه‌كان هه‌ستن، كه‌ به ‌پێوه ‌بوون، ئه‌مه‌ چه‌ند شتێك روون ده‌كاته‌وه‌:

أ- ئه‌وی فه‌رمان به ‌هه‌ستانی هه‌ندێك كه‌سی دانیشتوو بۆ تازه ‌هاتووی رێزدار ده‌كات، ئه‌میرو سه‌ركرده‌كانن، چونكه‌ ئه‌وان هه‌موو كه‌سایه‌تییه‌كان باشتر ده‌ناسن و رێزیان زیاتر ره‌چاو ده‌كه‌ن.

ب- كابرای هاتوو بۆی نییه‌ كه‌سێك هه‌ستێنێت، به‌ڵكو هه‌ر به‌ پێوه‌ ده‌مێنێت تاجێی بۆ ده‌کرێته‌وه‌.

ت- ئه‌میرو سه‌ركرده‌و پێشه‌واو شه‌رعناس كه ‌كه‌سێك بۆ هاتوویه‌كی رێزدار هه‌ڵده‌ستێنن، له ‌لایه‌كه‌وه‌ تێی راده‌بینن كه‌ ئه‌و فه‌رمانه‌ی به‌سه‌ردا بكه‌ن، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌شێت له‌ هه‌ڵوێستی تردا ره‌چاوی كردبێت و وه‌كو ده‌وترێت به‌سه‌ریه‌وه‌ هه‌یه‌تی.

٢- ئه‌م جێكردنه‌وه‌یه‌ جێكردنه‌وه‌یه‌ له‌ دڵ و ده‌رووندا، زیاتر له‌ جێكردنه‌وه‌ی جه‌سته‌، خۆ به‌ پێوه‌ش بێت هه‌ر به‌ ئاماده‌بووی كۆڕه‌كه‌ حسێبه‌و زانست و خێرو به‌ره‌كه‌تی كۆڕه‌كه‌ی پێ ده‌بڕێت، بەڵام بێگومان جێ بۆ كردنه‌وه‌ یان جێ بۆ چۆڵ كردن بۆی رێزی زیاده‌و قه‌در زانینه‌، كه‌ كاریگه‌ریی ئیجابی ده‌روونی دروست ده‌كات، زیاتر له‌ كاریگه‌ریی سلبی كه ‌قسه‌و قسه‌ڵۆك و تیروتوانج دروستی ده‌كات.

٣- ئه‌میر دڵخۆش ده‌بێت كه‌ ده‌بینیت دانیشتوو جێ بۆ تازه‌هاتوو چۆڵ ده‌كات یان جێی بۆ ده‌كاته‌وه‌، تازه‌ هاتووش پێی خۆشه‌ به ‌پێوه‌ بێت، وه‌ك له‌وه‌ی جێی یه‌كێكی دانیشتوو بگرێت یان ته‌نگی كات. چونكه‌ ره‌زامه‌ندیی و برایه‌تی و خۆشه‌ویستی سروشتیی له ‌شوێنكه‌وتووه‌كان ده‌بینێت. ئه‌گه‌ر نه‌یبینی ناچاری فه‌رمان كردنه‌كه‌ ده‌بێت و ئه‌وانیش هه‌موو گوێڕایه‌ڵ ده‌بن. ئه‌م ئه‌ده‌ب و ره‌فتاره‌ له ‌دانیشتوو تازه‌ هاتووی به‌ پێوه‌ جوانتره‌ وه‌ك له ‌هه‌نگاو هه‌ڵهێنانه‌وه‌ی تازه‌هاتوو و خۆ خزاندنه‌ نێوان، یان له ‌به‌رده‌مدا دانیشتن یان ره‌فتاری تری هاوشێوه‌، كه‌ تووڕه‌ ده‌كات و دۆستایه‌تی توندوتۆڵ ناكات.

٤- چه‌ند جوان و سازاوو كاریگه‌ره‌ كه‌ ئایه‌ته‌كه‌ -كه‌ ئه‌ده‌بی دانیشووه‌كه‌و هاتووه‌ كه‌ی بۆ كۆڕی زانست و فێربوون باس كردووه‌ كه ‌ره‌فتاری ئیماندارانه‌ ده‌نوێنن- روونی کردۆتەوە کە له‌ پاداشتیدا شایانی رێزداریی و پله‌به‌رزیی لای خوای گه‌وره‌ ده‌بن. ئایه‌ته‌كه‌ به‌ (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا)ـه‌ كه‌ له‌لایه‌نی ده‌روونی و ئیمانییه‌وه‌ ئاماده‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی فه‌رمان و پابه‌ندبوون به ‌ئه‌ده‌به‌كه‌یان ده‌كات، شوێن و هۆكاری ئاماده‌بوونه‌كه‌ كۆڕی زانست و فێربوونه‌، كه‌ دانیشتوو تازه‌هاتوو وه‌كو یه‌ك موحتاجن پێی. كه‌وابوو دانیشتووه‌كه‌ به ‌پاڵنه‌ری ئیمانیی و هاوخه‌میی ده‌بێ حه‌ز بكات هاتووه‌كه‌ش فریاكه‌وێت و جێی هه‌بێت، تا له ‌زانست وخێرو به‌ره‌كه‌ته‌كه‌ مه‌حرووم نه‌بێت. تازه‌ هاتووه‌كه‌ش رێزی هیممه‌ت به‌رزی دانیشتووه‌كه‌ ره‌چاو ده‌كات كه‌ وه‌كو ئه‌م نه‌بووه‌، پێش ئەم ده‌سبه‌رداری كاره‌كه‌ی بووه‌ و خۆی گه‌یاندۆته‌ كۆڕه‌كه‌. ئه‌مه‌ كه‌ دواكه‌وتووه‌، ئه‌گه‌ر جێگاشی بۆنه‌كرێته‌وه‌ ده‌بێت به ‌لایه‌وه‌ ئاسایی بێت به ‌تایبه‌تی كه ‌جێ نه‌ماوه‌. ئه‌م ئیمان و ئه‌ده‌ب و فێربوونه‌ هه‌ر بۆ پله‌به‌رزی لای خوای میهره‌بان و باڵایه‌. سبحانه‌.

   ئاوا ئه‌م قورئانه‌، ئه‌م په‌یامه‌ نایابه‌، ئه‌م ئاڕاسته‌ بێوێنه‌یه‌ به ‌ئایه‌تێك ئاڕاسته‌ی ئیمان و ئاداب و هیممه‌تی فێرخوازیی و ئومێد گه‌شیی به ‌پاداشتی خوایی ده‌چه‌سپێنێت. هه‌مووی له ‌واقیعی كۆمه‌ڵێكی مرۆڤی نوخبه‌دا، له‌ موسوڵمانانی هیدایه‌تدراوو دینداردا ده‌كاته‌ ره‌فتارێكی سروشتیی سووك و ئاسان، بێ ئه‌وه‌ی پێویستی به ‌داڕشتنی یاسای ئه‌ته‌كێت و ته‌كه‌لووف و چاودێریی كردنی شێوازی راپه‌ڕاندن و موحاسه‌بە کردنی تێیدا ببێت.



[1] طەبەرانی: المعجم الأوسط (٨٣.٣) شێخی ئەلبانی رحمە اللە لە (صحيح الجامع/ ٦١٦٢) و(سلسلة الأحادیث الصحیحة/ ٢٣٢٨) دا دەفەرموێ سەحیحە.

[2] بوخاریی (٤٥.)، موسلیم (٥٣٣).

[3] بوخاریی (٢٤٤٢)، موسلیم (٢٥٨.).

[4] موسلیم (٤٧٣٤)، ئەبوداود (٣.٤٥)، ئەحمەد (١٤٩.٦)، بەیهیقی (السنن الکبری/ ١٨١٦٤).

[5] ـلە تەفسیری ئیبنوکەثیر ەوە/ لێکدانەوەی هەمان ئایەت.

[6] ترمذی  گێڕاوێتیەوەو شێخی ئەلبانی لە (صحيح سنن الترمذي) و (سلسلة الأحادیث الصحیحة/ ٣٣) دا بە سەحیحی ناساندووە.

[7] موسلیم (٤٣٢)، ترمذی (٢٢٨).

[8] موسلیم (٤٣٢)، ئەبوداودو (٦٧٤). نەسائی (٨.٧)، ئیبنوماجە (٩٧٦)، بەیهیقی (٥.٣٨)، ئەحمەد (١٦٦٥٣).

[9]  ئەبوداود (٦٦٦) ئەلبانی رحمەاللە لە (صحيح الجامع الصغير/٢.٦٧) دا بە سەحیحی ناساندووە. 

[10] ـ ئەبوداودو (٤٨٤٥). ترمذی (٢٧٥٢)، بەیهیقی (٥٧٥٦)، ئەحمەد (٦٩٦.).

[11] موسلیم (١٣٥٦)، ئیبنوماجە (٢١٤)، داریمی (٣٢٧.)، ئەحمەد (٢٣٣)، صەحیحی ئیبنوحیببان (٧٧٩).

[12]  بوخاریی (٥٩١٥).

31 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
15/09/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.