جۆرو یاساکانی ئاو

ئەو ئاوەی شتی پیسی تێکەوتووە

ئەو ئاوەی شتی پیسی تێکەوتووە

 

نووسینی: مامۆستا کرێکار

 

   ئەمەش دوو حاڵەتە:

یەکەم: ئەو ئاوەی کە پیسییەکە، تام یان بۆن یان رەنگی گۆڕیووە:

  ئیبنول مونزیرو ئیبول مولەققەن کۆڕای زانایانیان لەم بارەوە ھێناوەتەوە کە ئەو ئاوە -زۆر بێت یان کەم-بۆ پاکردنەوە ناشێت.[1]

دووەم: ئەو ئاوەی کە ھیچ سیفەتێکی نەگۆڕاوەو بە سیفەتی ئاوێتی ھەر ماوە:

   جمھوری زانایان رایان لەسەر ئەوەیە کە پیس نەبووە[2] چونکە کە پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لەو فەرموودەدا کە ئیمامی موسلیم ریوایەتی کردووە دەفەرموێ: (طُهُورُ إِنَاءِ أَحَدِكُمْ إِذَا وَلَغَ فِيهِ الْكَلْبُ أَنْ يَغْسِلَهُ سَبْعَ مَرَّاتٍ أُولاَهُنَّ بِالتُّرَابِ).[3] واتە: ئەگەر سەگێک دەمی خستە ناو دەفر (قاپ)ی یەکێتانەوە با حەوت جار بیشواتەوەو یەکەمجارەکەیان با بە گڵ بێت. دەفەرموون: ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەگەر ئاوێکی کەم پیسیی تێ کەوت، ئەو ئاوە خۆشی حوکمی پیسی وەردەگرێت.. ھەندێکی تریان دەفەرموون: مادام پێغەمبەر  صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی: (الْمَاءُ طَهُورٌ لاَ يُنَجِّسُهُ شَىْءٌ).[4] واتە: ئاو پاکەو ھیچ پیسی ناکات، کەوا بوو ئاوەکە -کەم بێت یان زۆر- پاک و پاکەرەوەیە.

   ھەروەھا فەرموودەکەی ئەبوسەعیدی خودری -خوا لێی رازی بێت-کە لای ھەموو پێشەوایانی فەرموودە وەکو ئەحمەدو یەحیای کوڕی مەعین و ئیبنوحەزم و ئیبنوحیببان و حاکم و ئیبنوخوزەیمەو ئیبنوتەیمییە مەقبوولە (جگە لە ئیبنو قەتتان کە بۆچوونی لە رای ئەو زانایانەی پێشوو بەھێزتر نیە) کە دەفەرموێ لە پێغەمبەریان صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ پرسی: (يَا رَسُولَ اللَّهِ أَنَتَوَضَّأُ مِنْ بِئْرِ بُضَاعَةَ؟ فَقَالَ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ‏  إِنَّ الْمَاءَ طَهُورٌ لاَ يُنَجِّسُهُ شَيْءٌ).[5] واتە: ئەرێ ئەی پێغەمبەری خوا ئایا لە بیرەکەی بوزاعە (بُضَاعَةَ) دەستنوێژ بگرین؟ فەرموی: ئاو خۆی پاکە  ھیچ شتێک پیسی ناکات.[6]

   ئەمەش مەزھەبی ئیبنوعەبباس و ئەبوھورەیرەو حەسەنی بەصری و ئیبنول مەسییەب و عیکرەمەو ئیبنو ئەبی لەیلاو ثەوری و داوودی زاھیری و نەخەعی و مالیک و ئەوانی ترە، بۆیە ئیمامی غەزالی دەیفەرموو: خۆزگە مەزھەبی شافیعی لە مەسەلەی حوکمی ئاودا وەکو مەزھەبی ئیمامی مالیک بوایە![7]  بۆیە غەزالی رەحمەتی وا دەفەرموێ چونکە  خۆی شافیعییەو شافیعییەکان ئیعتیمادیان کردۆتە سەر فەرموودەیەکی زەعیف، بۆیە لە بۆچوونە فیقھیەکەی ئەم مەسەلەیەدا بە تەواوی -وەکو مەزھەبی ئیمامی مالیک و ئەحمەد- نەیانپێکاوە.. فەرموودەکەش ئەوەیە کە ئیبنوعومەر خوا لێیان رازی بێت دەیگێڕێتەوە کە پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمویەتی: (إِذَا كَانَ اَلْمَاءَ قُلَّتَيْنِ لَمْ يَحْمِلْ اَلْخَبَثَ).[8] واتە: ئەگەر ئاو گەیشتە بڕی دوو قولـلە[9] ئیتر ھەرچی تێکەوێت پیسی ناکات..

   شێخ سەییدسابق لە فقە السنة کەیدا رەچاوی ھەندێک لە زانایانی فەرموودەی کردووە، لەوانەی کە ئەم فەرموودەیان -ھەر چەندە گرنگ و پێویستە-بە (مُضْطَرَبٌ سَنَدَاً وَمَتْنَاً) ناساندووە،[10] ئەوان فەرموویانە: لە رووی سەنەدەکەیەوە: لەبەر ئەوەیە کە تەنھا ئیبنوعومەر ریوایەتی کردووەو، لەویشەوە تەنھا عوبەیدواللەی کوڕی، لە رووی دەق (مەتن)ـەکەشیەوە: چونکە فەرموودەی تر ھەیە باسی سێ قولـلە و یەکێکی تر باسی چل قولـلە دەکات، قولـلەش لای ھەموان روون نەبووە، لە دیاری کردنی قەبارەی گۆزەکەدا رایان لێک دوور کەوتۆتەوە، ھەر چەندە ھەندێکیان فەرموویانە بە قولـلەی ھیجر (ھۆزێکە)  ئەمە جگە لەوەی لە ریوایەتی تریدا ھاتووە دەفەرموێ: (لَم یُنَجَّسْ) نەک (لَمْ يَحْمِلْ الخَبَثَ)..

    زۆر لە زانایان لە موناقەشەی ئەم فەرموودەدا بەشدار بوون، شەوکانی بۆچوونی ھەموانی باس کردووەو پاشان بە صەحيحی داناوە، شێخ ئەحمەد شاکری میسری و شێخی ئەلبانی بە صەحيحیان داناوە.[11]

      ئەو رێسایەی ئەم جۆرە ئاوانە دیاری دەکات گۆڕان و نەگۆڕانی تام و بۆن و رەنگی ئاوەکەیە، ھەر کامێک لەمانە گۆڕا ئاوەکە پاکژ نامێنێت  جا ئیتر ئەو ئاوە کەم بێت یان زۆر، ئیبنول مونزیرو ئیمامی نەوەوی کۆڕای زانایانیان لەسەر ئەمە نەقڵ کردووە. ئەمە رای ئیمامی مالیک و زاھیریەکان و ئیبنوتەیمییەو ئیبنوالقەییم و محمد بن عبدالوھاب و شەرعناسانی نەجدیشە.. ھەموویان دەفەرموون: ھەر ئاوێک پیسی تێ کەوت بەڵام تام و بۆن و رەنگی نەگۆڕی پاکژ دەمێنێت..

   کەوابوو ھەر ئاوێک پیسی تێکەوت و رەنگ یان تام  یان بۆنی گۆڕی پیسە، بەڵام ئەگەر ئەمانەی لێ لادرا دەگەڕێتەوە سەر ئەسڵە پاکەکەی، وەکو زۆرینەی ئەو ئاوەی لە مەرکەزی شارە گەورەکانی رۆژئاوادا بەکار دێت کە لە ھەندێك ووڵاتدا حەفتاو پێنج لە سەدی ئاوی زێرابەو پاک کراوەتەوە..[12] لیژنەی ھەمیشەیی زانایانی جەزیرە فەتوایان لەسەر پاکی ئەم جۆرە ئاوە داوە کە پاک بۆتەوەو بۆ ھەموو پێداویستیەکانی موسوڵمان بە تایبەتی دەسنوێژو غوسڵی دەشێت..[13]



[1] سَيِّد سَابِق: (فِقهَ السَّنَةَ ١/١٦).

[2] الشَوكَانِي: نَيِلُ الْأَوْطَار (١/٤١)، إِبْنُ رُشْد: بِدَايَة المُجْتَهِدُ (١/٢٤)، إِبْنُ قُدَامَة المَقْدِسِيُّ: الْمُغْنِي (١/٢٢)، الخَطِيبُ الشَّربِيْنِي: مُغَنِّي المُحْتَاجُ (١/٢١).

[3] مُسْلِم  (٣/١٨٣).

[4] أَبُودَاوُد (٦٧) شێخی ئەلبانی بەصەحيحی ناساندووە.

[5] أَبُودَاوُد (١/٥٤ ژمارە ٦٦)، التِّرْمِذِيّ (١/٩٦ ژمارە ٦٦) و بە حەسەنی داناوە، النَّسَائِيَّ (١/١٧٥ ژمارە ٣٢٥)، أَحْمَدُ (٣/٣١ و ٨٦)،  الْبَيْهَقِيُّ لە السُّنَن الكُبْرَى (١/٤ و ٢٥٧)، اَلدَّارَقُطْنِيُّ (١/٣٠ ژمارە ١١)،  تَلْخِيصُ الحَبِير (١/١٣)، ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل دەفەرموێ: حەدیسی بیری بوضاعە صەحيحە .

[6] بێگومان بەو مەرجەی یەکێک لە سێ وەسفەکانی (تام و رەنگ و بۆن)ی نەگۆڕا بێت.

[7] سَيِّد سَابِق: (فِقهَ السَّنَةَ  چاپی الاعلام العربی میسر ٢٠٠٤ (ل ١٧). ھەر سێ بەرگەکەی کراوە بە یەک بەرگی ١١٣٤ لاپەڕەی. 

[8] رَوَاهُ اَلْخَمْسَة: (أَبُودَاوُد ١/١٧، النَّسَائِيَّ ١/٤٦، التِّرْمِذِيّ ژمارە ٦٧ أَحْمَدُ ١/٣١٤، اَلدَّارَقُطْنِيُّ ١/١٨٧ اَلْحَاكِمِ لە مستەدرەکەیدا ١/١٣٣ بە صەحیحی ناساندووە)..

[9] قولـلە: گۆزەی گەورەی ئەو زەمانە بووە بە حساباتی ئێستای ئێمە دەکاتە ١٥٧کلگم، شێخ ئال بەسسام لە تَيْسِيرُ العّلَام (١/٩٦)دا دەفەرموێ ٥٠٠ رەتڵی عێراقی واتە: ٢٠٠ کلگم لە ئاوی شیرین. 

[10] وەکو بەیھەقی و موززی و ئیبنوتەیمییە (تَيْسِيرُ العّلَام١/٩٥).

[11] بڕوانە: الأَلْبَانِي: إِرْوَاءُ الغَلِیل (١/ ٦٠) وصَحِيحُ الجَامِعُ (٧٥٨( دەربارەی دەفەرموێ: (الْحَدِيثٌ صَّحِيحٌ  رَوَاهُ اَلْخَمْسَة مَعَ الدَّارِمِيّ وَاَلطَّحَاوِيُّ وَالدَّارَقُطْنِيُّ وَاَلْحَاكِمِ وَالْبَيْهَقِيُّ وَالطَّيَالِسِيُّ بِإِسْنَادٍ صَّحِيحٍ عَنْهُ، وَقَدْ صَحَّحَهُ اَلطَّحَاوِيُّ وَإِبْنُ خُزَيْمَةَ وَإِبْنُ حِبَّان وَالذَّهَبي وَالنَّوَوِيّ وَالْعَسْقَلانِيِّ، وَإِعْلَالُ بَعْضُهُمْ إِيَّاهُ بِالاِضْطِرَابِ مَرْدُودٌ)..

[12] لەساڵی ١٩٩٥ دا لە ناوەڕاستی ڤیەننای پایتەختی نەمسا کۆشکێکی زۆر گەورەم بینی کە دەرەوەی دیمەنی رەنگاو رەنگی جوانی لێکرابوو، لە ھاوڕێکانم پرسی ئەمە چیە وا جوانە، ووتیان ئەمە زێرابی شارەو لێرەدا ئاوەڕۆکە سەر لە نوێ پاك دەکرێتەوەو بەکار دەھێنرێتەوە..

[13] بڕیاری ژمارە ٦٤ لە ٢٥/١٠/١٣٩٨ و بڕیاری خولی ١١ کە لە ١٣ی رەجەبی ١٤٠٩ ـ ١٩/٢/١٩٨٩ گیرا ..

62 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
16/09/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.