ره‌فتارناسی

تۆبەکردن: پێناسە و جۆر و مەرجەکانی

تۆبه‌كردن: پێناسە و جۆر و مەرجەکانی

 

   خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ: (وَتُوبُوا إِلَى اللَّهِ جَمِيعًا أَيُّهَا الْمُؤْمِنُونَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ) النور/٣١ واته‌: موسوڵمانان! تێكڕا بۆ لای په‌روه‌ردگار بگه‌ڕێنه‌وه‌ تاكو سه‌رفراز بن.. له‌ ئایه‌تێكی تردا ده‌فه‌رموێ: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا تُوبُوا إِلَى اللَّهِ تَوْبَةً نَّصُوحًا) التحریم/٨ واته‌: ئه‌ی موسوڵمانان! بۆ لای په‌روه‌ردگارتان بگه‌ڕێنه‌وه‌و تۆبه‌ی (نه‌سووح) بكه‌ن.

   ابن كثیر له‌ پێناسه‌ی نه‌سوحدا ده‌فه‌رموێ: ئه‌وه‌یه‌ كه‌ موسوڵمان به‌ جۆرێك تۆبه‌ بكات كه‌ تاوان و گوناهی له‌ لا بێزار ببێت و هه‌ر كاتێكیش گوناهو تاوانه‌كانی هاته‌وه‌ یاد داوای لێخۆشبوون بكات.

 

پێناسه‌ی تۆبه‌

   تۆبه‌ له‌ زمانه‌وانیدا: گه‌ڕانه‌وه‌و پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه‌ له‌ شتێك..

   له‌ شه‌رعیشدا: وازهێنانه‌ له‌ گوناهو تاوان و په‌شیمان بوونه‌وه‌ ده‌ربڕین و بڕیاردانه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ جارێكی تر ئه‌و گوناهه‌ دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌و وویستی وا بێت كه‌ هه‌رگیز نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ری.

   خوای گه‌وره‌ مرۆڤی بۆ تاقی كردنه‌وه‌ به‌دیهێناوه‌، توانای كردنی چاكه‌و خراپه‌ی پێ به‌خشیوه‌و كردن و نه‌كردنی هه‌ر كامێكیشیانی داوه‌ته‌ ده‌ست مرۆڤه‌كه‌ خۆی، وه‌ك ده‌فه‌رموێ: (وَنَفْسٍ وَمَا سَوَّاهَا * فَأَلْهَمَهَا فُجُورَهَا وَتَقْوَاهَا) الشمس/٧-٨ واته‌: سوێند به‌ دڵ و ده‌روون و به‌وه‌ی رێكوپێكی ده‌كات. هه‌ر خوایه‌ كه‌ رێی به‌دكاریی و چاكسازیی نیشان ئه‌و نه‌فسه‌ داوه‌.. له‌ هه‌مان كاتیشدا فه‌رمانمان پێ ده‌كات به‌وه‌ی كه‌ ده‌روونمان پاك بكه‌ینه‌وه‌ و چاكه‌كاری تێدا گه‌شه‌ بكه‌ین و ئاكامی هه‌ردووكیشیان دیاری كراوه‌، بۆیه‌ ده‌فه‌رموێ: (قَدْ أَفْلَحَ مَن زَكَّاهَا * وَقَدْ خَابَ مَن دَسَّاهَا) الشمس/٩-١٠ واته‌: به‌ ته‌ئكید سه‌رفراز ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ دڵ و ده‌روونی پاڵفته‌ ده‌كات. به‌ ته‌ئكید داماوو لێقه‌وماویش ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ نه‌فسی به‌ره‌و به‌دكاریی ده‌بات.. تاوانكردن شتێكی سروشتییه‌ هه‌ر وه‌ك چۆن پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان  صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌فه‌رموێ: هه‌موو موسوڵمانه‌كان هه‌ڵه‌كارو تاوانكارن، چاكترین تاوانكارانیش تۆبه ‌كاره‌كانیانن..

   تۆبه‌كردن یان له‌ بێ باوه‌ڕییه‌ یان له‌ گوناهو تاوانه‌؟

   تۆبه‌كردن له‌ بێ باوه‌ڕیی راستكردنه‌وه‌ی به‌هه‌ڵه‌ پێناسه‌كردنی باوه‌ڕو چۆنیه‌تی باوه‌ڕهێنانه‌كه‌یه‌..

   تۆبه‌كردنیش له‌ گوناهوتاوان: په‌یماندانێكی سه‌ر ڕاستانه‌یه‌ كه‌ ئیتر ناگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و گوناهانه‌و دووباره‌یان ناكاته‌وه‌.

   تۆبه‌ش په‌شیمان بوونه‌وه‌یه‌ له‌ سنوور به‌زاندنی مافی خوا (حق الله)، واته‌:  پێشێل كردنی مافێك له‌ مافه‌كانی خوای په‌روه‌ردگار. یان سنوور به‌زاندنی مافی خه‌ڵكه‌ (حق الناس).. تۆبه‌كردن له‌ یه‌كه‌میان به‌وه‌ دێته‌ دی كه‌ ئه‌و موسوڵمانه‌ په‌شیمان بوونه‌وه‌ی ته‌واو راگه‌ێنێت و بڕیاری یه‌كجاره‌كی ده‌رببڕێت. بەڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانرێت كه‌ هه‌ندێك تاوان هه‌یه‌، ته‌نها به ‌وازهێنانی له‌ كۆڵ نابێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌و ئه‌ركه‌ی سه‌رشانی به‌ (قضاء) به‌ جێ بهێنێت و پاشان (كه‌فاره‌ت) ی بدات. وه‌ك دواخستن و وازهێنان له‌ نوێژو رۆژوو، به‌بێ بیانووی شه‌رعی.

  تۆبه‌ كردن له‌ دووه‌میان كه‌ پێشێل كردنی مافی خه‌ڵكه‌، ده‌بێت مافه‌كه‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی و زه‌وتكار گه‌ردنی خۆی به‌ ماف زه‌وتكراوه‌كه‌ ئازاد بكات.

چۆن تۆبه‌ بكه‌ین و مه‌رجه‌كانی تۆبه‌ چین؟:

   پێویسته‌ هه‌موو موسوڵمانێك له‌و كه‌مته‌رخه‌می و سنوور به‌زاندنه‌ی شه‌رع كه‌ كردوویه‌تی په‌شیمان ببێته‌وه‌، كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌بوایه‌ سوپاسی په‌روه‌ردگاری بكردایه‌، نه‌ك به‌تاوان و گوناهكردن و سه‌رپێچی خوای گه‌وره‌وه‌ موسوڵمانێتی خۆی راگه‌یاندایه‌!

   عبداللەی كوڕی موباره‌ك  ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت هه‌ندێك مه‌رجی بۆ تۆبه‌كردن داناوه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ن:

١- په‌شیمانی ده‌ربڕین له‌ گوناح كردنه‌كه‌.

٢- بڕیاردان كه‌ جارێكی تر نه‌ ئه‌و كاره‌ بكاته‌وه‌و نه‌ توخنیشی بكه‌وێته‌وه‌.

٣- گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و مافانه‌ی خه‌ڵكی كه‌ خواردوونی.

٤- گێڕانه‌وه‌  (قضاء: قه‌زاكردنه‌وه‌)ی فه‌رزه‌ له‌ كیس چووه‌كان.

٥- خه‌م و په‌ژاره‌ بۆ ئه‌وه‌ بخوات كه‌ چۆن ئه‌و كاتانه‌ی له‌ تاوانكردندا برده ‌سه‌ر.

٦- هه‌وڵدان بۆ چێژتنی تامی راسته‌قینه‌ی خواپه‌رستی.

٧- دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌و جێگه‌و شوێنانه‌ی كه‌ تاوانی تێدا ئه‌نجام داون.

٨- زوو تۆبه‌ كردن و دوا نه‌خستنی، چونكه‌ نازانێت كه‌ی ده‌مرێت.

خوای گه‌وره‌ تۆبه‌كردنی به‌نده‌ی خۆی پێ خۆشه‌:

   پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌فه‌رموێ: (خوای گه‌وره‌ به‌ تۆبه‌ی به‌نده‌كه‌ی خۆی له‌و كه‌سه‌ زیاتر  دڵخۆش ده‌بێت كه‌ وڵاخه‌كه‌ی به‌تفاقه‌وه‌ له‌ بیابانێكدا وون ده‌كات و زۆر به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت تا شه‌كه‌ت و ماندوو ده‌بێت و له‌ برسان و له‌ تینواندا خه‌و ده‌یباته‌وه‌، بەڵام كاتێك به‌ ئاگا دێته‌وه‌ ده‌بینێت وڵاخه‌كه‌ی به‌باره‌وه‌ له‌پشت سه‌ریه‌وه‌ وه‌ستاوه‌! ئیتر له‌ خۆشیاندا ده‌ست به‌رزده‌كاته‌وه‌ به‌ره‌و په‌روه‌ردگارو له‌ عه‌زره‌تا لێی تێكده‌چێت وده‌ڵێ: خوایه‌! تۆ به‌نده‌ی منیت و من خوای تۆم!)

   ده‌رگای ئاسمانه‌كان بۆ تۆبه‌كاران هه‌میشه‌ له‌سه‌رپشته‌.. وه‌ك پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌فه‌رموێ: خوای گه‌وره‌ ده‌ستی میهره‌بانی خۆی به‌شه‌ودا درێژ ده‌كات تاكو گوناهبارانی رۆژ تۆبه‌ بكه‌ن و په‌شیمان ببنه‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستی میهره‌بانی خۆی به‌ رۆژدا درێژ ده‌كات تاكو تاوانبارو گوناهكارانی شه‌و تۆبه‌ بكه‌ن و په‌شیمان ببنه‌وه‌.. ئه‌مه‌ش هه‌تا خۆر له‌ خۆرئاواوه‌ هه‌ڵدێت به‌رده‌وامه‌، واته‌ تا رۆژی قیامه‌ت ..

   هه‌روه‌ها له‌ فه‌رمایشتێكدا ده‌فه‌رموێ: خوای گه‌وره‌ له‌ (حه‌دیسی قودسی) دا دەفه‌رموێت:  من له‌ چاك گومانی به‌نده‌ی خۆمدام لای ئه‌وم له‌ هه‌ر شوێنێك بێت و یادم بكات، هه‌ر كه‌سێك یه‌ك بست لێم نزیك ببێته‌وه‌ من یه‌ك باڵ لێی نزیك ده‌بمه‌وه‌، ئه‌وی باڵێك لێم نزیك بێته‌وه‌ من چوار باڵ لێی نزیك ده‌بمه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ پیاده‌ به‌ره‌و من بێت من به‌ ڕاكردن به‌ره‌و ئه‌و ده‌چم.

   بێگومان ئه‌م خۆشییه‌ی په‌روه‌ردگار له‌ به‌رامبه‌ری به‌نده‌كانی، هه‌ر ده‌ربڕینی میهره‌بانی و هاندانه‌ بۆ به‌نده‌كانی، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ هیچ پێویستییه‌كی به‌وان نییه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ موسوڵمان رێزی ئه‌و میهره‌بانییه‌ بگرێت و زوو تۆبه‌و په‌شیمانی له‌ گوناهو تاوانه‌كان ده‌رببڕێت و له‌ لێبورده‌یی و به‌زه‌یی خوای گه‌وره‌ بێ هیوا نه‌بێت، با له‌وەو‌ پێش تاوان و سه‌ر پێچی زۆریشی ئه‌نجام دابێت.

   ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ئه‌نجامی گوناهكردنه‌وه‌ نائومێدیی ڕووی تێكردوون په‌روه‌ردگار به‌ ووشه‌ی (عباد) و له‌ ڕێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خواوه‌ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كات و پێیان ده‌فه‌رموێ:( قُلْ يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَى أَنفُسِهِمْ لا تَقْنَطُوا مِن رَّحْمَةِ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعًا إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ) الزمر/٥٣ واته‌: بڵێ ئه‌ی ئه‌و به‌ندانه‌م كه‌ زێده‌ڕۆییان له‌ نه‌فسی خۆیاندا (به‌ خراپه‌كاریی)كردووه‌، له‌ ره‌حمه‌تی خوای گه‌وره‌ بێئومێد (مه‌ئیووس) مه‌بن.. خوای گه‌وره‌ له‌ هه‌موو گوناهو تاوانێك خۆش ده‌بێت، خوای گه‌وره‌یه‌ لێبورده‌و به‌به‌زه‌ییه‌..

   پیاوێك هاته‌ خزمه‌ت ئیبراهیمی كوڕی ئه‌دهه‌م  ووتی: نه‌فسم ده‌ڵێ تاوان بكه‌م، چی بكه‌م؟ فه‌رمووی: كه‌ ویستت تاوان بكه‌یت له‌ رزق و رۆزی خوای گه‌وره‌ مه‌خۆ، له‌سه‌ر زه‌وی ئه‌و مه‌خه‌وه‌، له ‌به‌رچاوی ئه‌و تاوان مه‌كه‌! كابرا ووتی: چۆن شتی وا ده‌توانم؟! هه‌رچی ده‌یخۆم هی خوای گه‌وره‌یه‌! ئیبراهیم فه‌رمووی: ئه‌دی شه‌رم ناتگرێت كه‌ له‌ رۆزی خوا ده‌خۆیت و له‌سه‌ر زه‌وی ئه‌و ده‌خه‌ویت و به‌به‌رچاوی ئه‌ویشه‌وه‌ تاوان ده‌كه‌یت؟! ئاوا كابرا هۆشی دایه‌وه‌ به‌ر خۆی و په‌شیمان بویه‌وه‌!

به‌چی تاوان گه‌وره‌تر ده‌بێت؟!

   مرۆڤ له‌ بنه‌ڕه‌تدا سروشتێكی پاك و بێگه‌ردی هه‌یه‌ و له‌ گوناهو تاوان دووره‌، له‌ به‌رئه‌وه‌ هه‌موو موسوڵمانێكی دیندارو هه‌ست پاك گوناهو تاوانی پێ ناخۆشه‌. ئه‌گه‌ر تاوانیش بكات زوو په‌شیمان ده‌بێه‌وه‌و هه‌ست به‌ ئازاری ده‌روونی ده‌كات.

   پێویسته‌ موسوڵمان له‌به‌ر شه‌رمنی خۆی ئه‌گه‌ر تاوان و گوناهیشی كرد ئاشكرای نه‌كات.. پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌فه‌رموێ: خوای گه‌وره‌ له‌ هه‌موو ئوممه‌تی من خۆش ده‌بێت جگه‌ له‌وانه‌ی كه‌ به‌ ئاشكرا گوناهو تاوان ده‌كه‌ن، به‌ڕاستی ئه‌و ئاشكرا كردنه‌ كارێكی خراپه‌ چونكه‌ كاتێك موسوڵمانێك به‌شه‌و كارێك بكات و خوای گه‌وره‌ دایپۆشێت، بەڵام خۆی جاڕی بۆ بدات و بڵێت: دوێنێ شه‌و ئه‌و كاره‌م كرد!

   بێگومان ئه‌و لێخۆشبوونه‌ ئه‌وانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ كۆده‌بنه‌وه‌و به‌ شانازیه‌وه‌ باسی تاوان و گوناهـ ده‌گێڕنه‌وه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ كه‌س پێی نه‌یزانیون، به‌وه‌ش تاوانه‌كه‌ لای خوای په‌روه‌ردگار گه‌وره‌تر ده‌بێت.

تۆبه‌ی بۆنه‌كان: وه‌ك ئه‌وانه‌ی له‌ ره‌مه‌زاندا ده‌كه‌ونه‌ نوێژو رۆژوو!

   یه‌كێك له‌و شته‌ سه‌یرو سه‌مه‌رانه‌ی هاتووه‌ته‌ ناو په‌یام و به‌رنامه‌ی ئیسلامه‌وه‌ تۆبه‌ی بۆنه‌كانه‌! كه‌ به‌ڕاستی ئه‌مجۆره‌ تۆبه‌كردنه‌ هه‌رگیز له‌ ئاییندا نییه‌ ئه‌مه‌ له‌ گاڵته‌پێكردنه‌وه‌ نزیكه‌، چونكه‌ په‌یوه‌ندی نێوان موسوڵمان و خوای خاوه‌ن و كردگارو په‌روه‌ردگار په‌یوه‌ندییه‌كی هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وامه‌ نه‌ك شتێكی كورت و كه‌م و كاتیی.. هه‌ندێك كه‌س هه‌یه‌ ته‌نها له‌ بۆنه‌و جه‌ژنه‌كاندا تۆبه‌ ده‌كه‌ن! یان له‌ مانگی ره‌مه‌زان و رۆژانی هه‌ینیدا روو ده‌كه‌نه‌ خوای گه‌وره‌!!

   خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ:( وَتُوبُوا إِلَى اللَّهِ جَمِيعًا أَيُّهَا الْمُؤْمِنُونَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ) النور/٣١ واته‌: هۆ هه‌موو موسوڵمانان! بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لای خوای گه‌وره‌و تۆبه‌ بكه‌ن. تۆبه‌كه‌ نابه‌ستێته‌وه‌ به‌ كات و شوێنه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌رگای لێبوردنی خوای گه‌وره‌ هه‌میشه‌ واڵایه‌..

   تۆبه‌یه‌ك وه‌رده‌گیرێت كه‌ هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وام بێت، نابێت هه‌رگیز له‌ نیازو مه‌به‌ستی دڵماندا وا خه‌یاڵ كه‌ین كه‌ جارێكی تر بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر تاوان كردنه‌كه‌.. نه‌بادا ئێمه‌ش وه‌ك هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ بین كه‌ له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا تۆبه‌ ده‌كه‌ن و به‌رۆژوو ده‌بن، بەڵام هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا نیازیان وایه‌ كه‌ ته‌نها له‌ ره‌مه‌زاندا تۆبه‌كار بن! بۆیه‌ هه‌ر له‌ یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنه‌وه‌ ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر باری پێش ره‌مه‌زانیان! خوای گه‌وره‌ په‌نامان بدات له‌م جۆره‌ ته‌وبانه!

 

ئه‌و شتانه‌ی هانی موسوڵمان ده‌ده‌ن له‌سه‌ر به‌رده‌وامی تۆبه‌:

  گرنگترین هۆكار كه‌ هانی كه‌سێك ده‌دات بۆ تاوان و سه‌رپێچی ئه‌و ناوه‌نده‌ کۆمەڵایه‌تیه‌یه‌ كه‌ تیایدا ده‌ژی، هه‌ر وه‌كو پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ چیرۆكی پیاوێكی جوله‌كه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌فه‌رموێ كه‌ ئه‌م پیاوه‌ نه‌وه‌دو نۆ كه‌سی كوشتبوو كاتێك ویستی تۆبه‌ بكات پیاوچاكێك ئامۆژگاری و رێنمونیی كرد به‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ ئه‌و شوێنه‌ به‌جێ بهێڵێت كه‌ تیایدا نیشته‌جێیه‌و پێویسته‌ رووبكاته‌ گوندێكی تر، كه‌ زۆربه‌یان پیاوچاك و ره‌وشت به‌رزن، تاكو له‌وانه‌وه‌ خووی باش و په‌سه‌ند وه‌ربگرێت.. ئه‌وه‌ بوو پیاوه‌كه‌ رۆیشت و له‌ رێگا مه‌رگ یه‌خه‌ی پێگرت. فریشته‌ی به‌زه‌یی و سزا هاتنه‌سه‌ری، هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌یویست به‌ره‌و ته‌ره‌فی خۆی بیبات.. له‌ ئاكامدا له‌ لایه‌ن خوای گه‌وره‌وە ‌ فه‌رمان هات و كێشه‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردن.. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كابرا زیاتر به‌ره‌و شوێنی چاكه‌خوازه‌كه‌وه‌ نزیك بوو خوای گه‌وره‌ بڕیاری لێخۆشبوونیدا..

   كه‌واته‌ جۆرو شێوازی په‌روه‌رده‌و ناوه‌ندی خێزانی و كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌ورێكی گرنگیان هه‌یه‌ له‌ گۆڕانی مرۆڤدا، یه‌كێك له‌و هۆكاره‌ سه‌ره‌كییانه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی به‌ پاك و پیسیه‌وه‌ له‌ناوبردووه‌و قین و خه‌شمی لێ گرتوون، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ موسوڵمانه‌ چاكه‌كان به‌ ئه‌ركی خۆیان له‌ گۆڕانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ هه‌ڵنه‌ساون و دووره‌ په‌رێز ژیاون..

له‌كۆتاییدا ده‌ڵێین: ته‌مه‌ن بریتییه‌ له‌ چه‌ند كاتێك له‌ هه‌ر كه‌س رۆیشت ناگه‌ڕێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ كاته‌كانمان به‌ هه‌ل بزانین و له‌ تاوان و سه‌رپێچی كردن په‌شیمان ببینه‌وه‌، هه‌تا خوای گه‌وره‌ ده‌رگای سۆزو میهره‌بانی خۆیمان له‌سه‌ر واڵا بكات.. له‌ په‌روه‌ردگار بپارێینه‌وه‌ كه‌ لێمان خۆش ببێت و سه‌رفرازی هه‌ر دوو دنیامان بكات. ئامین

 

ئامادەکردنی: لێژنەیەکی یەکگرتووی ئیسلامی

پێداچوونەوەی: مامۆستا کرێکار

 

 

66 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
21/09/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.