فیکری ئیسلامی

دینی خوا یان دینی خۆ

هه‌ندێك له‌ دڵ نه‌رم و به‌به‌زییه‌كانی ئه‌مڕۆ عوزر ده‌هێننه‌وه‌ بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی بێ دینیشه‌و هه‌ر به‌ موسوڵمان ده‌درێته‌  قه‌ڵه‌م! بەڵام ده‌ڵێن ئه‌و خه‌ڵكه‌ بۆیه‌ له‌سه‌ر ئیسلامه‌تی نامێننه‌وه‌و هه‌وڵ ناده‌ن شه‌رعی خوا (به‌و سیفه‌ته‌ی كه‌ به‌رنامه‌ی دین و ژینه‌) راپه‌ڕێنن،چونكه‌ نازانن دین یه‌عنی چی؟! بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌گه‌ر جاهیلی موشریكیش بن عوزریان هه‌ر قبوڵ بكرێت!

من تێ ناگه‌م ئه‌م خه‌ڵكه‌ كه‌ له‌ دینه‌كه‌ تێ نه‌گه‌یشتوون، چۆن له‌سه‌ره‌تاوه‌ خراونه‌ته‌ بازنه‌ی ئه‌م دینه‌وه‌.. مه‌گه‌ر باوه‌ڕ كردن به‌راستی هه‌ر شتێك، لقێك نییه‌ له‌زانین و ناسینی ئه‌و شته؟! جا كه‌ خه‌ڵكی حه‌قیقه‌تی ئه‌و عه‌قیده‌یان نه‌زانی، چۆن ئیتر پێیان ده‌وترێت شوێن كه‌وتوو و هه‌ڵگرانی ئه‌و عه‌قیده‌یه؟ ئه‌گه‌ر نه‌یانزانی خاڵی سه‌ره‌كی باوه‌ڕ چییه، چۆن دێنه‌ ریزی شوێن كه‌وتووانییە‌وه؟ چۆن به ‌موسوڵمان ده‌ژمێرێن كه‌ نازانن ئیسلام چییه؟ چۆن خراونه‌ته‌ بازنه‌ی ئیسلامه‌وه؟! ره‌نگه‌ ئه‌م نه‌زانینه‌یان  ببێته‌ مایه‌ی لێ بوردنیان له‌ رۆژی دواییدا، یان ببێته‌ هۆكارێك بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی ئازارو ژان له‌سه‌ریان. ره‌نگه‌ لێپرسراوێتیان بكه‌وێته‌ سه‌ر شانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ شاره‌زای دینه‌كه‌ بوون و ئه‌مانیان فێر نه‌كردووه‌و راستی ئیسلامه‌تیان بۆ ڕوون نه‌كردونه‌ته‌وه، بەڵام  ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی داهاتووی نادیاره‌و خوای گه‌وره‌ خۆی ده‌زانێ له‌ رۆژی قیامه‌تدا چ حوكمێكیان ده‌بێت و موناقه‌شه‌و ده‌مه‌وه‌ری و شه‌ڕه‌قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پاداشت یان سزای ئه‌هلی جاهیلییه‌ت له‌ رۆژی دواییدا چیه‌و چۆنه‌و چه‌نده، سودێكی بۆ ئێستای ئێمه‌ نییه‌. ئه‌وه‌ جێ بایه‌خی ئێستای ئێمه‌ نییه‌. چونكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ نییە، به‌تایبه‌تی كه‌ ئێمه‌ خه‌ریكین و ده‌مانه‌وێت خه‌ڵكی بۆ ئیسلامه‌تی بانگ بكه‌ین. ئه‌وه‌ی جێی بایه‌خی ئێمه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ راستی دینه‌كه‌ بخه‌ینه‌وه‌ پێش چاوی خه‌ڵكه‌كه‌و بۆیان بسه‌لمێنین كه‌ ئه‌وان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌دینی خوادا نین! چونكه‌ دینی خوا به‌پێی ده‌قی ئاشكرای قورئان یه‌عنی سیستم و شه‌ریعه‌تی خوا.. جا هه‌ر كه‌س له‌ سیستم و شه‌ریعه‌تی خوادا بوو ئه‌وه‌ له‌ (دینی خوا) دایه‌. هه‌ر كه‌سیش له‌ سیستم و شه‌ریعه‌تی حكومه‌ت بێت، ئه‌وه‌ له‌ (دینی پاشا) و دینی حكومه‌تدایه‌.. ئه‌وه‌ راستییه‌كه‌و ده‌مه‌وه‌ری ناوێت.. ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نازانن (دین) چیه‌و  مانای چیه، مومكین نییە‌ خاوه‌ن باوه‌ڕ بن پێی. چونكه‌ نه‌زانین لێره‌دا نه‌زانینی خاڵی سه‌ره‌كی و بناغه‌ی دینه‌ كه‌ به‌ گوێره‌ی عه‌قڵ و به‌گوێره‌ی واقع هه‌ر كه‌س نه‌یزانێت، به‌ باوه‌ڕدار پێی ناژمێررێت. چونكه‌ باوه‌ڕ لقێكه‌ له‌ ده‌رك كردن و زانیین. ئه‌میش به‌ڵگه‌نه‌وویسته‌.چاكتر له‌وه‌ی به‌رگری له‌و خه‌ڵكه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ (دینی خوا) نین و عوزریان بۆ بهێنینه‌وه‌و له‌خوای گه‌وره‌ به‌به‌زه‌یی تر بین به‌رامبه‌ریان! كه‌خۆی ماناو سنوری دینه‌كه‌ی  خۆی بۆ دیاری كردوون.چاكتر له‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ بكه‌وینه‌وه‌ ناساندنه‌وه‌ی راستی مانای (دینی خوا) به‌و خه‌ڵكه، تا سه‌رله‌ نوێ بێنه‌وه‌ ناوی، یان ره‌ددی كه‌نه‌وه‌.. ئه‌مه‌ باشتره‌ بۆ ئێمه‌ش و بۆ ئه‌وانیش. بۆ ئێمه‌ باشتره‌ چونكه‌ له‌ خه‌تای گومڕایی ئه‌و دین نه‌ناسانه‌ قوتار ده‌بین. بۆ ئه‌وانیش باشتره‌ چونكه‌ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌یان به‌و حه‌قیقه‌ته‌ی كه‌ تێیدان، ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان له‌ دینی حوكومه‌ت و پارت و كۆمه‌ڵه‌ی تردان نه‌ك دینی خوا. له‌وانه‌یه‌ ئه‌و قسه‌ ره‌قه‌شمان وا به‌توندی بیان هه‌ژێنێت و یه‌كسه‌ر له‌ جاهیلیه‌ته‌وه‌ بێن به‌ره‌و ئیسلام. له‌ دینی پاشا ده‌رچن و خۆ بگه‌یه‌ننه‌ دینی خواو پێغه‌مبه‌ران و نێراوانی خوا سه‌لامی خوایان لێ بێت، كه‌وابو ده‌بێت هه‌ڵوێستی داعیه‌ ئیسلامیه‌كانیش له‌ هه‌ر جێ و له‌ هه‌ر كاتێكدا بوون، به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی جاهیلیه‌ت هه‌ر ده‌بێت وا بێت. ده‌بێت دینی ئیسلام و شه‌رعی خوا  له‌ نێو خه‌ڵكیدا راپه‌ڕێنێت، نه‌ك هه‌واوهه‌وه‌سی مرۆڤ. بۆیه‌ ئیسلام ده‌یه‌وێت هه‌ڵوێستی خه‌ڵكی بۆ ڕوون بێته‌وه‌. یان وه‌رگرتن و راپه‌راندنی شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی خوا، یان وه‌رگرتن و راپه‌ڕاندنی هه‌واوهه‌وه‌سی نه‌زان ونه‌فامان: (أَهْوَاء الَّذِينَ لَا يَعْلَمُونَ) هه‌ڵوێستێكی تر جگه‌ له‌م دووانه‌ نییە‌. هه‌روه‌ها رێی مام ناوه‌ندی له‌ نێوان شه‌ریعه‌تی پاك و راست له‌ لایه‌ك و هه‌واو هه‌وه‌سی چه‌وت و لاردا له‌ لایه‌كی تره‌وه، نییە‌.. ئه‌وی شه‌ریعه‌ته‌ پاك و راست و ره‌واكه‌ی خوا واز لێ ده‌هێنێت، ده‌یه‌وێت به‌ هه‌واوهه‌وه‌س حوكم بكات، هه‌واوهه‌وه‌سی خۆی بێت یان هی خه‌ڵكی تر هه‌ر یه‌كه‌.. له‌ شه‌ریعه‌تی خوا بترازێت ئاره‌زووپه‌رستی و هه‌واو هه‌وه‌سی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ نازانن. خوای گه‌وره‌ به‌ پێغه‌مبه‌ره‌ ئازیزه‌كه‌ی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  ده‌فه‌رموێ: (ثُمَّ جَعَلْنَاكَ عَلَى شَرِيعَةٍ مِّنَ الْأَمْرِ فَاتَّبِعْهَا وَلَا تَتَّبِعْ أَهْوَاء الَّذِينَ لَا يَعْلَمُونَ) الجاثية‌/۱۸واته‌: پاشان تۆمان خسته‌ سه‌ر راو رێبازی شه‌ریعه‌تێك، ده‌ تۆش شوێنی كه‌وه‌و شوێن هه‌واو هه‌وه‌سی ئه‌و كه‌سانه‌ مه‌كه‌وه‌ كه‌ نازانن. ئیسلام ته‌نها شه‌ریعه‌تێكه‌ شایانی شوێن كه‌وتن بێت. هه‌رچی یاساو شه‌رع و رێبازێكی تر هه‌یه، هه‌واوهه‌وه‌س و ئاره‌زوو په‌رستیه‌ و له‌ نه‌زانین هەڵقوڵاوە.

داعی ئیسلامی ده‌بێت شوێن شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی خوا بكه‌وێت و به‌س. ده‌بێت واز له‌هه‌موو جۆره‌كانی هه‌واو هه‌وه‌س بهێنێت. نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ڕێ لابدات. ته‌نانه‌ت بۆی نییە‌ بڕگه‌یه‌كیش له‌ هه‌واو هه‌وه‌سی نه‌زان و نه‌فامانیش وه‌ربگرێِت. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانیت كه‌ شوێن كه‌وتووانی هه‌واوهه‌وه‌س هه‌موو پشتی یه‌كتر ده‌گرن و وه‌ك به‌ره‌یه‌ك دژی شوێن كه‌وتووانی شه‌ریعه‌تی خوا ده‌وه‌ستن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نابێت هه‌ندێك له‌ شوێن كه‌وتووانی هه‌واوهه‌وه‌س بكاته‌ جێ هیوای خۆی. نابێت ئومێدی ئه‌وه‌ی هه‌بێت كه‌ تاقمێك له‌وانه‌ سه‌ری ده‌خه‌ن و لایه‌نگری ده‌بن! ئه‌م دینه‌ گاڵته‌و گه‌پ نییە‌، هه‌موو به‌ش و لایه‌نێكی جیددیه‌. بۆ ئه‌وه‌ هاتووه‌ حوكمی ژیان بكات  بۆ ئه‌وه‌ هاتووه‌ خه‌ڵكی بكاته‌وه‌ به‌ به‌نده‌ی خواو وایان لێ بكات ته‌نها ئه‌و بپه‌رستن. بۆ ئه‌وه‌ هاتووه‌ تا دەسەڵاتداری له‌ هێزه‌ نا ڕه‌سه‌نه‌كان بسه‌نێته‌وه‌و بیداته‌وه‌ به‌ خوای گه‌وره‌. تا هه‌موو كاروبارێك، گه‌وره‌و بچوك بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی خواو به‌س. نه‌ك بۆ ڕاو رێساو یاسای هه‌واو هه‌وه‌س. شه‌ریعه‌تی خوا بۆ ئه‌وه‌ هاتووه‌ تا حوكمی هه‌موو ژیان بكات. تا به‌ ئه‌حكامه‌كانی خۆی ڕووبه‌ڕووی كێشه‌و پێداوویستیه‌ واقعیه‌كانی ژیان ببێته‌وه‌ و تا حوكمی خوا به‌پێی قه‌واره‌و شێوه‌و گه‌وره‌یی یا بچوكی ئه‌و كێشانه‌ ده‌ربكات. ئه‌م دینه‌ بۆ ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ ببێته‌ نازناوو دروشمی شان و شه‌وكه‌تی ئه‌م و ئه‌و، شه‌ریعه‌ته‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ ببێته‌ كه‌ره‌سته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌و باس و خواسی تێوری دوور له‌ واقیعی خه‌ڵكی. ئیسلام ووشه‌یه‌ك نییە‌ هه‌ر به‌سه‌ر زماندا بێت و به‌س. به‌ڵكو ئیسلام بریتییە له‌ به‌رنامه‌و پێڕه‌وو پرۆگرامێكی ته‌واوی ژیان. كه‌ حه‌تمه‌ن كه‌ندو كۆسپ و به‌نده‌نی زۆر دێته‌ رێی هێنانه‌وه‌و بوژانه‌وه‌و حوكم پێ كردنی. چونكه‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی بزاڤێكی واقیعیه‌.

 به‌رنامه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر رێسای (لَا إِلَٰهَ إِلَّا اللّٰە) و له‌ جیهانی واقیعدا دێته‌ دی. ئیسلام ره‌نجی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ هه‌موو خه‌ڵكی بگێڕێته‌وه‌ سه‌رپه‌رستنی خوای راست و تاك و ته‌نها.

ئیسلام ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی هه‌ڵنێت بۆ وه‌رگرتن و راپه‌راندنی حوكم و شه‌ریعه‌تی خوا.. ئیسلام بۆ ئه‌وه‌ هاتووه‌ ده‌ست و پێی تاغووته‌كان زنجیر كات. ره‌گ و ریشاڵی سته‌میان له‌ ناخ و بێخه‌وه‌ هه‌ڵكێشێت چونكه‌ ده‌ست درێژی كردۆته‌ سه‌ر خوایه‌تی خوای گه‌وره‌و دەسەڵاته‌كه‌ی ئه‌ویان بۆ خۆیان زه‌وت كردوووه‌. بۆ ئه‌وه‌ هاتووه‌ تا مافی خه‌ڵكی دابین بكات و دادی کۆمەڵایه‌تیان بۆ بهێنێته‌ دی.. بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رزه‌مین ئاوه‌دان بكرێته‌وه‌و ئه‌ركی جێ نشینێتی خوای گه‌وره‌ به‌گوێره‌ی دینه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌مانه‌ش هه‌مووی ئه‌مانه‌تن و هه‌ر كه‌سێك به‌ته‌واوی پارێزگاریان نه‌كات، ئه‌وه‌ خیانه‌تی كردووه‌! خیانه‌تی له‌و په‌یمانه‌ كردووه‌ كه‌ به‌خوای خۆی داوه‌و ئه‌و (به‌یعه‌ت)ە‌ی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌ كه‌به‌ڵێنه‌و به‌ پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وای داوه‌  صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ لاَ تَخُونُواْ اللّهَ وَالرَّسُولَ وَتَخُونُواْ أَمَانَاتِكُمْ وَأَنتُمْ تَعْلَمُونَ) الانفال/ ۲۷ واته‌: ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌ خیانه‌ت له‌خواو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی مه‌كه‌ن، خیانه‌تیش له‌و ئه‌مانه‌ته‌ مه‌كه‌ن كه‌ خراوه‌ته‌ ژێر ده‌ستتان. خیانه‌ت ده‌كه‌ن له ‌كاتێكدا كه‌ خۆشتان چاك ده‌زانن ئه‌وه‌ خیانه‌ته‌..

 

23 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
30/09/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.