باوەڕ

باوەڕ بوون به‌ غه‌یب

باوەڕ بوون به‌ غه‌یب

   هه‌ریه‌ك له‌ پایه‌كانی باوەڕ راستییه‌كی نادیاره‌و مرۆڤ به‌ هه‌سته‌وه‌ره‌كانی خۆی په‌ی پێ نابات، بۆیه‌ پێویسته‌ بزانین باوەڕ كردن به‌ نادیار (غه‌یب) تا چ ڕاده‌یه‌ك مه‌نتیقیانه‌یه‌و سنوری ئه‌و باوەڕه‌ش چه‌نده‌یه، خوای گه‌وره‌ له‌ وه‌سفی پارێزكاران (المتقون) دا ده‌فه‌رموێت: (الذِينَ يُؤْمِنُونَ بِالْغَيْبِ وَيُقِيمُونَ الصلاةَ وَمِما رَزَقْنَاهُمْ يُنفِقُونَ) البقرة‌/٣ واته‌: ئه‌وانه‌ن باوەڕیان به‌ نادیار هه‌یه‌و نوێژ ده‌كه‌ن و له‌وه‌ی پێمان به‌خشیون ده‌به‌خشن.

   باوەڕبوون به‌ نادیار ئه‌و ئاسۆیه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ ده‌یگاتێ، ئاستی شایسته‌ی مرۆڤانه‌ی خۆیه‌تی:كه‌ پێی له‌ ئاستی نزمی ئاژه‌ڵیانه‌ ده‌رده‌چێت، چونكه‌ په‌ی ده‌بات به‌وه‌ی كه‌ ئه‌م بونه‌وه‌ره‌ گه‌وره‌ترو فراوانتره‌ له‌و جوغزه‌ ته‌سك و ڕوبه‌ره‌ بچوكه‌ی هه‌سته‌وه‌ره‌كان په‌ی پێ ده‌به‌ن. له‌ كاتێكدا كه‌ ئاژه‌ڵ نازانێت نادیار چییه‌و ئه‌وه‌ی به‌ هه‌سته‌وه‌ره‌كانی ده‌ركی پێ نه‌كات نایزانێت، بێگومان ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ بۆ بوونه‌وه‌ر كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر بیر كردنه‌وه‌ی مرۆڤ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ژیانی و په‌ی بردن به‌ ڕاستییه‌كان و ناسینی خودی خۆی و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌ كردنی له‌گه‌ڵ شته‌كانی ده‌ورو به‌ریدا. چونكه‌ ده‌زانێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی بێ سنوورو توانایه‌كی كاربه‌جێ له‌ پشت ئه‌م بونه‌وه‌ره‌وه‌یه‌و به‌ مه‌به‌ستێك به‌دی هێناوه‌و ژیانی له‌ زه‌ویدا فه‌راهه‌م هێناوه‌و ئه‌و شتانه‌ی كه‌ تێیدان سه‌رجه‌م خزمه‌ت به‌و ژیانه‌ ده‌كه‌ن و ته‌واوكه‌ری ڕۆڵی یه‌كترین و سه‌رده‌سته‌ش له‌ گۆڕه‌پانی ئه‌و ژیانه‌دا مرۆڤه‌و ده‌وره‌كه‌شی به‌و ماوه‌ كورته‌ی سه‌ر شانۆی زه‌وی كۆتایی نایه‌ت، ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌ یاد نه‌چێت كه‌ باوەڕ كردن به‌ راستییه‌ نادیاره‌كان نابێت ڕه‌هاو بێ سنور بێت، به‌ڵكو ده‌بێت زانیاری له‌ سه‌رچاوه‌ی بێگه‌ردی خۆیه‌وه‌ كه‌ سروشی پیرۆزی په‌روه‌ردگاره‌ ده‌رباره‌یان وه‌ربگیرێت، چونكه‌ بواری فیكری مرۆڤ نییه‌ تاكو به‌ ئامرازی بیر كردنه‌وه‌ی خۆی په‌ییان پێ ببات. چونكه‌ توانای زۆری تێدا به‌ فیڕۆ ده‌ڕوات و هیچیش به‌ هیچ ناكات. له‌ هه‌مان كاتیشدا نابێت به‌ پێی بۆچوونی خه‌ڵكی له‌ هه‌ر بارێكه‌وه‌ بێت و بۆ هه‌ر بوارێك باوەڕ به‌ نادیار بكه‌ین چونكه‌ ئه‌و كاته‌ له‌ ڕاستییه‌كان لاڕێ ده‌بین و ده‌كه‌وینه‌ ئه‌فسانه‌و شتی بێ سه‌رو به‌ره‌وه‌.

168 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
03/10/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.