ره‌فتارناسی

کردەوەی چاک: ٤- ئه‌گه‌ر كرده‌وه‌ی چاك نه‌ما چی روو ده‌دات؟

کردەوەی چاک

٤- ئه‌گه‌ر كرده‌وه‌ی چاك نه‌ما چی روو ده‌دات؟

   ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ ئه‌نجامدانی كرداری چاكه‌دا ده‌سته‌وسان ده‌بێت و هه‌ر قسه‌ی له‌ ده‌ست دێت، خه‌سڵه‌ته‌كانی به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بن:

أ- فێربوون و شاره‌زاییه‌كه‌ی له‌ ئیسلام ده‌بێته‌ مایه‌ی رووپامایی و ریابازیی! قسه‌كردنه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێت خه‌ڵكی پێی بڵێن زانایه‌! نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بێت كاری پێ بكات.. پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌فه‌رموێ: (مَنْ تَعَلَّمَ عِلْمَاً مِمَّا يُبْتَغَى بِهِ وَجهَ اللهِ عَزّ وجَلَّ لا يَتَعَلَّمُهُ إلَّا لِيُصيبَ بِهِ عَرَضَاً مِنْ الدُّنيا لَمْ يَجِدْ عُرْفَ الْجَنَّةِ يَوم الْقِيامَةِ)[1] واته‌: هه‌ر كه‌سێك زانستیه‌ك فێر بێت له‌وه‌ی كه‌ مه‌به‌ست لێی ناسین و په‌رستنی خوای گه‌وره‌یه‌، بەڵام ئه‌و بۆ مه‌به‌ستێكی دنیایی فێری ببێت، ئه‌وه‌ له‌ رۆژی دواییدا بۆنی به‌هه‌شتی به‌سه‌ردا نایات.. واته‌: ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌وڵ بدات بۆ فێربوونی زانستێك كه‌ له‌ رێی خوای گه‌وره‌دا پێویسته‌، بەڵام ئه‌و بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی دنیایی به‌كاری هێنا ئه‌وه‌ له‌ رۆژی قیامه‌تدا بۆنی به‌هه‌شتی به‌سه‌ردا نایات.

ب- حه‌ز له‌ ده‌مه‌وه‌ریی و موناقه‌شات و گفتوگۆی بێ ئه‌نجام ده‌كات. ئه‌گه‌ر قسه‌ی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی به‌سه‌ریدا زاڵ ببێت، هه‌ر نایسه‌لمێنێت و زۆریشی پێ ناخۆش ده‌بێت و زویر ده‌بێت، ئه‌گه‌ر قسه‌ی خۆی سه‌ركه‌وت شانازی به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌كات و زۆر پێی دڵخوش ده‌بێت.. ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ ته‌نها له‌ كاتی موجاده‌له‌دا زانستیه‌كانی خۆیان ده‌رده‌خه‌ن! ئیمامی شافیعی ره‌حمه‌تی خوای گه‌وره‌ی لێ بێت ده‌فه‌رموێ: سونێد به‌ خوای گه‌وره‌ موناقه‌شه‌م له‌گه‌ڵ هه‌ركه‌سێكدا كردبێت حه‌زم كردووه‌ راستی له‌سه‌ر زمانی ئه‌و ده‌ركه‌وێت .[2]

ج- هه‌ر به‌ شوێن عه‌یب و عاری خه‌ڵكیدا ده‌گه‌ڕێت و كه‌م و كوڕییه‌كانی خۆی له ‌بیر ده‌چێته‌وه‌.. موو له‌ چاوی خه‌ڵكیدا ده‌بینێتت بەڵام پووشكه‌ له‌ چاوی خۆیدا نابینێت!

د- هه‌میشه‌ ئیش وكاری خه‌ڵكی به‌كه‌م ده‌زانێت و ره‌خنه‌یان لێ ده‌گرێت.. له‌م پۆله‌ له‌ سه‌رده‌مانی پێغه‌مبه‌ری خوادا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ هه‌بوون، ئه‌وانه‌ی خوای گه‌وره‌ ده‌رباره‌یان ده‌فه‌رموێ: (الَّذِينَ يَلْمِزُونَ الْمُطَّوِّعِينَ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ فِي الصَّدَقَاتِ وَالَّذِينَ لاَ يَجِدُونَ إِلاَّ جُهْدَهُمْ فَيَسْخَرُونَ مِنْهُمْ سَخِرَ اللَّهُ مِنْهُمْ وَلَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ)التوبة‌/٧٩ واته‌: ئه‌وانه‌ی كه‌ تیروتوانج ده‌گرنه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌به‌ر خاتری خوای گه‌وره‌ ماڵیان به‌خشیووه‌، ئه‌مانه‌ی كه‌ ته‌نها ره‌نجییان هه‌بوو له‌ پێناوی خوای گه‌وره‌دا بیبه‌خشن، كه‌چی ئه‌وان گاڵته‌ به‌مان ده‌كه‌ن! ده‌بێ بزانن كه‌ خوای گه‌وره‌ سزایه‌كی به‌ژانی ئه‌و گاڵته‌یان ده‌داته‌وه‌..  

   هۆی هاتنه‌ خواره‌وه‌ی ئه‌م ئایه‌ته‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ سه‌یدنا عه‌بدوڕه‌حمانی كوڕی عه‌وف  خوا لێی رازی بێت چوار هه‌زار درهه‌می به‌خشی، دووڕووه‌كان ووتیان ئه‌وه‌ بۆ ریایی واده‌كات.. پیاوێكی ئه‌نساریش دوو مه‌ن خورمای ده‌ست كه‌وتبوو، هاته‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فه‌رمووی: دوو مه‌ن خورمام ده‌ست كه‌وتووه‌ یه‌كێكیان به‌ قه‌رز به‌ خوای خۆم ده‌ده‌م و ئه‌وی تریان بۆ مناڵه‌كانم ده‌به‌مه‌وه‌.. دووڕووه‌كان به‌میان ووت: باشه‌ تۆ نازانی كه‌ خواو پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ پێویستیان به‌م مه‌نه‌ خورمایه‌ی تۆ نییه‌.. ئیتر ئه‌م ئایه‌ته‌ هاته‌ خواره‌وه‌.[3]

   ئه‌مه‌ سیفه‌تی دووڕووه‌كانه‌ خۆیان هیچیان له‌ ده‌ست نایه‌ت و گاڵته‌ به‌ كاری خه‌ڵكی تر ده‌كه‌ن و به‌كه‌م و هیچی ده‌زانن.. ئه‌گه‌ر كارێك بكه‌ن ته‌نها بۆ تێكدان و په‌رته‌وازه‌كردنی موسوڵمانانه‌و بۆ شێواندنی ده‌روونی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌.. ره‌نگه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری خۆمان چه‌نده‌ها كه‌سی وا ببینین كه‌ هیچ كارێكی چاكه‌یان له‌ ده‌ست نایه‌ت و له‌ خراپه‌شدا كه‌س نییه‌ پێشیان بكه‌وێت.

 

ئاماده‌كردنی: لیژنه‌یه‌كی یه‌كگرتووی ئیسلامی

پێداچوونه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ی فه‌رمووده‌كانی: مامۆستا كرێكار



[1] نوسه‌رانی به‌ڕێز نوسیویانه‌ (ئه‌بوداود و ئیبن ماجه‌ گێڕاویانه‌ته‌وه‌) به‌ڵێ وایه‌، بڕوانه‌ (سنن أبی داود (٢/٣٤٦) ژماره‌ (٣٦٦٤) شێخی ئه‌لبانی ره‌حمه‌تی له‌ (صحیح الجامع الصغیر وزیادته (١/١١١١) ژماره‌ ١١١٠٤) دا به‌ سه‌حیحی ناساندووه‌.    

[2]  به‌ڵێ وا ده‌فه‌رموێ، بڕوانه‌: (صفوة الصفوة لابن الجوزی ب٢ ل١٦٧) 

[3] ریوایه‌تی بوخاری (ژماره‌ ٤٣٩١)ە و موسلیم و خاوه‌ن سونه‌نه‌كانه‌و موفه‌سسیران و واحیدی نه‌یسابووری له‌ (اسباب النزول ژماره‌ ٥١٨)دا هێناویانه‌ته‌وه‌.

60 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
04/10/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.