ره‌فتارناسی

حه‌قیقه‌تی یادی خوای گه‌وره‌

حه‌قیقه‌تی یادی خوای گه‌وره‌

 

به‌رنامه‌ی خوای گه‌وره‌ بۆ په‌روه‌رده‌كردنی مرۆڤ:

   به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ده‌روونی مرۆڤ خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌، ئه‌ویش بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر شتێك زۆر دووباره‌ بكاته‌وه‌ ده‌بێت به‌ خه‌سڵه‌ت و ره‌وشتی هه‌میشه‌یی بۆی. بۆ نموونه: له‌ ناخی مرۆڤدا ئه‌و ئاماده‌ییه‌ هه‌یه‌ كه‌ ترسنۆك ده‌رچێت. مرۆڤ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ حاڵه‌تێكی ترسی كاتیی به‌سه‌ردا دێت ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌و هۆكاره‌كانی نه‌ما حاڵه‌ته‌كه‌ش نامێنێت. بەڵام ئه‌گه‌ر بۆ چه‌ند جارێك دووباره‌ بووه‌وه‌ ده‌بینین هه‌ر جاره‌ ئاسه‌وارێك با كه‌میش بێت له‌سه‌ر ده‌روونی ئه‌و كه‌سه‌ به‌جێ دێڵێ و بازنه‌ی ئاسه‌واره‌كه‌ له‌گه‌ڵ دووباره‌ بوونه‌وه‌دا فراوانتر ده‌بێت و ئه‌و كاته‌ ترسنۆكیه‌كه‌ له‌ ده‌روونیدا ده‌بێته‌ ره‌وشت و خه‌سڵه‌تی ته‌واوی هه‌میشه‌یی.

   ده‌روونی مرۆڤ له‌ ڕۆح پێك دێت له‌گه‌ڵ ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی كه‌ له‌ دوای دووباره‌ بوونه‌وه‌ی زۆرو به‌رده‌وامه‌وه‌ تیایدا ده‌بنه‌ خه‌سڵه‌تێكی ریشه‌ داكوتراو‌ی هه‌میشه‌یی .

   له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌و راستییه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌بینین به‌رنامه‌ی خوای گه‌وره‌ی بۆ په‌روه‌رده‌كردنی موسوڵمان  ئه‌مه‌ی تێدا ره‌چاو كراوه‌، جا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌سڵه‌ت و ره‌وشته‌ چاكانه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ پێی خۆشن و لێیان رازییه‌ له‌ ناخی مرۆڤدا ریشه‌ داكوتن و ببن به‌ شتێكی هه‌میشه‌یی كراوه‌ به‌ ئه‌رك به‌سه‌ر موسوڵمانه‌وه‌ كه‌ ئه‌و په‌رستن و یادانه‌ به‌رده‌وام دووباره‌ بكاته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ ده‌روونی مرۆڤ بریتی ده‌بێت له‌ رۆح له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌سڵه‌ت و ره‌وشته‌ جوانه‌ی كه‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌و به‌رنامه‌ی خوای گه‌وره‌ له‌ ناخ و كه‌سایه‌تی مرۆڤدا گه‌شه‌یان كردووه‌و ریشه‌یان داكوتاوه‌.. ده‌كرێ نموونه‌ به‌ نوێژ بهێنینه‌وه‌:

   ده‌بینین نوێژ كه‌ گه‌وره‌ترین كاری چاكه‌ی ئیماندرانه‌، چه‌ندێك دووباره‌ دەبێته‌وه‌، نه‌ك له ‌ته‌مه‌ندا به‌ڵكو له‌ رۆژێكدا، نه‌ك رۆژی یه‌ك جار، به‌ڵكو چه‌ند جار.. ته‌نانه‌ت یه‌ك نوێژ ركاته‌كانی دووجارو سێ جارو چوار جار دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌و هه‌ندێ له‌ ویردو یاده‌كانی له‌یه‌ك ڕكاتدا چه‌ند جار دووباره‌ ده‌كرێنه‌وه‌.

   ئه‌وه‌ی له‌ نوێژكردندا مه‌به‌سته‌ بێته‌ جێ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ ماناو چه‌مكه‌كانی نوێژ ئه‌و ره‌وشت و خه‌سڵه‌تانه‌ی كه‌ به‌شه‌كانی نوێژ ده‌یخوازن ده‌بێ له‌ ناخی مرۆڤدا ببن به‌ حاڵه‌ت و خه‌سڵه‌تی نه‌گۆڕ، به‌جۆرێك كه‌ رۆحی ئه‌و مرۆڤه‌ به‌وانه‌وه‌ بناسرێته‌وه‌.

   جگه‌ له‌مه‌ شتێكی روونه‌ كه‌ مرۆڤ بۆ په‌رستن و گوێ ڕایه‌ڵی دروست كراوه‌ به‌و مانایه‌ كه‌ گوێ ڕایه‌ڵی خوای گه‌وره‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ی سوود له‌ نموونه‌كانی ره‌حمه‌ت و سۆزی خوای گه‌وره‌ی میهره‌بان وه‌رگرێت بۆ گه‌شه‌دان به‌ ده‌روونی و راستكردنه‌وه‌ی له‌ ژیاندا. پێویسته‌ پێش هه‌موو شتێك یادی خوای گه‌وره‌ بێنێته‌ دی بۆ ئه‌وه‌ی په‌رستن و گوێ ڕایه‌ڵییه‌كه‌ی به‌ دڵسۆزییه‌وه‌ ئه‌نجام بدات.. واته‌ ته‌نها له‌به‌ر خاتری خوای گه‌وره‌ بێت. چونكه‌ دڵسۆزی به‌شێكی گرنگ و بنه‌ڕه‌ته‌ له‌ په‌رستن و گوێڕایه‌ڵی خوای گه‌وره‌دا.

   مرۆڤی موسوڵمان  بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیانیدا به‌ گوێره‌ی به‌رنامه‌ی خوای گه‌وره‌ هه‌ڵس و كه‌وت بكات و خوای گه‌وره‌ش لێی قبوڵ بكات پێویسته‌ به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی به‌ خوای گه‌وره‌ی خۆیه‌وه‌ هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بێ ئاگاو غافڵ بوو له‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌وه‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و كارانه‌ی به‌ عیباده‌ت دانانرێت، چونكه‌ بۆ قبوڵ بوونی عیباده‌ت دوو مه‌رج پێویسته:

یه‌كه‌م: دڵسۆزیی بۆ خوای گه‌وره‌.

دووهه‌م: ئه‌نجامدانی به‌رنامه‌كه‌ی خوای گه‌وره‌ به‌ دروستی و به‌ته‌واوی.

   ئه‌گه‌ر كه‌سێك لایه‌نێك له‌به‌رنامه‌ی ئیسلام ئه‌نجام بدات بەڵام دڵسۆزی بۆ خوای گه‌وره‌ی تێدا فه‌رامۆش كرد، ئه‌و كاره‌ به‌ عیباده‌ت دانانرێت.

   كه‌واته‌ له‌ ناوه‌ندی هه‌ر جۆره‌ په‌رستن و گوێ ڕایه‌ڵییه‌كی خوای گه‌وره‌ پێویسته‌ یادی خوای گه‌وره‌ بكرێت، تا دڵسۆزی بۆ خوای گه‌وره‌ی تێدا بێته‌جێ.

   هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ یادكردنه‌وه‌ی لاوه‌كی و كه‌م و كورت و سات سات و پچڕ پچڕ كاریگه‌ر نییه‌، پێویسته‌ یادی خوای گه‌وره‌ نه‌گۆڕو به‌رده‌وام بێت، ده‌بێ ئه‌و یاده‌ ببێته‌ خه‌سڵه‌ت و سیفه‌تی هه‌میشه‌یی موسڵمان. بۆیه‌ ئایینی ئیسلام یادی خوای گه‌وره‌ی كردووه‌ به‌ ئه‌رك به‌سه‌ر موسوڵمانه‌وه‌ كه‌ له‌ شه‌وورۆژدا چه‌نده‌ها جار دووباره‌ی بكه‌نه‌وه‌.

 

یادی خوای گه‌وره‌ چییه؟

   له‌ سه‌ره‌تای سوره‌تی ئه‌نفاله‌وه‌ خوای گه‌وره‌ روو به‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌فه‌رموێ: (يَسْأَلُونَكَ عَنِ الأنفال قُلِ الأنفال لِلَّهِ وَالرَّسُولِ فَاتَّقُواْ اللَّهَ وَأَصْلِحُوا ذَاتَ بَيْنِكُمْ وَأَطِيعُواْ اللَّهَ وَرَسُولَهُ إِن كُنتُم مُّؤْمِنِينَ) الأنفال/١ واته: پرسیارت لی ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ الأنفال(الأنفال: واته‌ ئه‌و كانزاو سامانه‌ سروشتیانه‌ی كه‌ كه‌س خاوه‌نیان نی یه‌)[1]  بڵێ ئه‌و سامانه‌ بۆ خوای گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كه‌واته‌ با ته‌قواتان هه‌بێت و نێوانی خۆتان چاك كه‌ن و گوێڕایه‌ڵی خوای گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ئیماندارن.

   پێش هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئه‌م ئایه‌ته‌ خه‌ڵك سامانی سروشتیان بۆ خۆیان ده‌برد بەڵام خوای گه‌وره‌ له‌م ئایه‌ته‌دا ئاگاداری كردن ئه‌و شتانه‌ی ده‌یدۆزنه‌وه‌ تایبه‌تن به‌ خوای گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌ری خوا‌وه‌ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ واته‌ گشتین ئینجا له‌ دوای ئه‌م ئایه‌ته‌وه‌ یه‌كسه‌ر ده‌فه‌رموێ: (إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ الَّذِينَ إِذَا ذُكِرَ اللَّهُ وَجِلَتْ قُلُوبُهُمْ وَإِذَا تُلِيَتْ عَلَيْهِمْ آيَاتُهُ زَادَتْهُمْ إِيمَانًا وَعَلَى رَبِّهِمْ يَتَوَكَّلُونَ)الأنفال/٢ واته‌: باوه‌ڕداران ئه‌وانه‌ن كه‌ ئه‌گه‌ر یادی خوای گه‌وره‌ له‌ لایان بكرێت دڵیان ترسێكی ئیماندارانه‌ی تێ ده‌چێت و ده‌هه‌ژێت، خۆ ئه‌گه‌ر ئایه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌یان به‌سه‌ردا بخوێنرێته‌وه‌ ئیمانیان زیاد ده‌كات و پشت به‌ خوای گه‌وره‌ ده‌به‌ستن.. لێره‌دا ده‌بینین په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆو پته‌و له‌ نێوان یادی خوای گه‌وره‌و جێ به‌جێ كردنی به‌رنامه‌كه‌یدا هه‌یه‌.. به‌مه‌ بۆمان روون ده‌بێته‌وه‌ كاتێ ده‌ڵێین ئیماندار ده‌بێ به‌ جۆرێك جێبه‌جێ بكات كه‌ گوێڕایه‌ڵی له‌ فه‌رمانه‌كانی خوای گه‌وره‌ ده‌كات.

   كه‌واته‌ یادی خوای گه‌وره‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی موسوڵمان  هه‌میشه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیانیدا ئاماده‌ی به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانی به‌ندایه‌تی بێت. بۆیه‌ یادی خوای گه‌وره‌ كارێكی سه‌ربه‌خۆو جیا له‌ كرداری ئیماندار نییه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌رجه‌م كاره‌كانی به‌ یادی خوای گه‌وره‌وه‌ بكرێت وه‌ك نوێژكردن و به‌خشین و كڕین و فرۆشتن و به‌شداری كردن له‌ گۆڕه‌پانی جه‌نگ و خۆڕاگری له‌سه‌ر ئه‌شكه‌نجه‌و ئازارو.. ئه‌نجامدانی هه‌موو ئه‌و ئه‌ركانه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ ئیمانداریان داوا ده‌كات.

 

نوێژ

له‌به‌ر ئه‌وەی كه‌ یادی خوای گه‌وره‌ وه‌ك ووتمان هه‌وێنی به‌رنامه‌ی خوای گه‌وره‌یه‌و نوێژیش هه‌مووی بریتییه‌ له‌ یادی خوای گه‌وره‌، خوای گه‌وره‌ نوێژی له‌ سه‌روو هه‌موو كاره‌كانی تره‌وه‌ داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یادی خوای گه‌وره‌ ببێت به‌ خه‌سڵه‌ت و سیفه‌تی كه‌سایه‌تی ئیماندار.

   نوێژو په‌یوه‌سته‌كانی هه‌موو ئه‌و زیكر(أذكار) و یاده‌ بنچینه‌ییانه‌یان تێدا كۆبووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویستن ببن به‌ره‌وشت و ئاكار و خه‌سڵه‌ت بۆ نه‌فسی ئیماندار. ئه‌وه‌تا ده‌بینین كه‌ له‌ نوێژدا ووته‌ی دڵسۆزی (كلمة‌ الإخلاص) و (لا الهَ إلّااللّهُ) و خوا به‌ ته‌واوو بێ عه‌یب ناسین (التسبیح) و سوپاسگوزاری (الحمد) و خوا به‌ گه‌وره‌ ناسین (التكبیر) و داوای  لێخۆشبوون (الاستغفار) و سڵاواتدان له‌ سه‌ر پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ.. هه‌موویان هه‌ن. له‌م روانگه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئیماندار نوێژی به‌و ناوه‌ڕۆك و واتایانه‌وه‌ ئه‌نجامدا ئه‌بێ كه‌سایه‌تی ئه‌و ئیمانداره‌ له‌و خه‌سڵه‌ت و ره‌وشتانه‌ پێك بێت كه‌ ئاسه‌وار و سه‌ره‌نجامی ئه‌و یادو ویردانه‌ی نوێژن.

 

قۆناغه‌كانی یادی خوای گه‌وره‌

   سه‌ره‌تا پێویسته‌ واتاو مه‌به‌ستی زیكره‌كه‌ بزانرێت، پاشان له‌دڵدا جێگیر بێت و له‌ قوناغێكی تردا ببێت به‌ حاڵه‌تێك بۆ ئه‌و كه‌سه‌و دوای ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌ ده‌بێت به‌ خه‌سڵه‌ت و سیفه‌ت بۆ ده‌روون و كه‌سایه‌تی ئیماندار. ئه‌گینا یادی سه‌رزاره‌كی رووت هیچ سوودێك به‌ خاوه‌نه‌كه‌ی ناگه‌یه‌نێت. چونكه‌ ووته‌كان چوارچێوه‌ن و ئه‌وه‌ی كه‌ داواكراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ دڵ و دەرووندا یادی خوای گه‌وره‌ بێته‌جێ .

 

ئاماده‌كردنی: لیژنه‌یه‌كی یه‌كگرتووی ئیسلامی

پێداچوونه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ی فه‌رمووده‌كانی: مامۆستا كرێكار

 

 



[1] ئه‌و پێناسه‌ی نوسه‌رانی به‌ڕێز بۆ ئه‌نفالیان كردووه‌، پێناسه‌ی ریكازه‌ نه‌ك ئه‌نفال.. ئه‌نفال بریتیه‌ له‌ ده‌سكه‌وت (غه‌نیمه‌ت)ە ‌كانی جه‌نگ كه‌ له‌ كافران سێندراوه‌.. هۆی هاتنه‌ خواره‌وه‌ی خودی ئه‌م ئایه‌ته‌ش هه‌ر ناوكۆیی یاوه‌رانی به‌ڕێز بوو كه‌ ئه‌و ده‌سكه‌وت (غه‌نیمه‌تـ)ـانه‌ بۆ كێ ده‌بێت؟

160 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/10/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.