رێنمایی

ڕێنمایی پێویست، لە چۆنییەتی خوێندنی وانەکان، بۆ سەرجەم ئاستەکان

 

 

خوێندنی وانەکان بە شێوازی دروست گرنگی زۆری بۆ فێرخواز هەیە، چونکە لەو ڕێگەیەوە دەتوانێت زانیارییەکان دەست بخات. بۆیە تا شێوازەکە شیاوتربێت، دەتوانێت سوودێکی زیاتر لە وانەکان ببینێت. هەروەها گرنگە کە بزانێت ئایا لە کتێبێک بۆ کتێبێکی تر چۆن بخوێنێت، ئەوەشی لە پێشچاوبێت کە لەو قۆناغەی ئەو پرسیارەکان چۆن دێنەوە و مامۆستاکانی شێوازی پرسیاردانانیان چۆنە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی خوێندنی ئۆنلاین بە زمانی کوردی شتێکی تا ڕادەیەک نامۆیە و فێرخوازەکان بە ئاسانی پەی بەو خاڵانە نابەن، لێرەدا ڕێنمایی پێویست دەخەینە بەردەست، تکایە فێرخوازانی بەڕێز بە هەندی وەرگرن.

۱ـ بە زۆری کتێبەکان بە دەنگ شینەکراونەتەوە، چوونکە مامۆستا کرێکار شیکردنەوەی بۆ دەکردن، بەڵام ئێستا بەهۆی زیندانەوە دابڕاوە(خوای گەورە ئازادی بکات). بۆیە:

أـ ئەوانەی شیکردنەوەیان بۆ کراوە گوێیان لێ ڕاگرن جارێک یان زیاتر، تیبینی و زیادو کەمەکانی هەموو بنوسنەوە لە دەفتەر و کتێبەکانتان.

ب ـ ئەوانەی شینەکراونەتەوە چەن جارێک بیانخوێننەوە لە سەرەتاوە تا کۆتایی، هەموو ئەو بڕگانەی پرسیارتان هەیە دەربارەیان بە نامەی نوسین یان دەنگی بینێرن بۆ پەیج و ئێمەش لێرەوە وەڵامتان دەدەینەوە بەپێی توانا.

ج ـ ئەگەر هاوڕێیەکی ترت هەیە کە لە هەمان پۆلبن، ئەوا پێکەوە بخوێنن، جا لە نزیکەوەبێت یان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە.

د ـ ئەگەر کەسێکی نزیک و شارەزات هەیە کە بتوانی وانەکانی لا بخوێنی، ئەوا کاتی لێوەرگرە کە هەر کتێبێک و بەچەن وانەیەک بخوێنیت لە خزمەتیدا.

۲ـ هەموو ئەو کتێبانەی کە لە پڕۆگرامی خوێندنەکان هەیە چاپنەکراون، بەڵام هەندێکی چاپکراوە. بۆیە:

أـ ئەوانەی چاپکراون هەوڵ بدەن هەموویان دەست بخەن، بۆ ئەوەی لەسەر کتێبەکان بخوێنن، بشتوانن تێبینی و پرسیارەکانتانی لەسەر بنوسن.

ب ـ ئەوانەی چاپنەکراون، دەتوانن لە چاپەکەمانییەکان کۆپی بکەن و لە شێوەی مەلزەمە بیانخوێنن. چوونکە خوێندن لەسەر کاغەز کەمتر لەبیردەچێتەوە وەک خوێندن لەسەر کتێبی ئەلیکترۆنی. لەڕووی ئەمنیشەوە هیچ کێشەیان نییە چونکە کتێبی ئاسایین و خوێندنێکی ئاشکرایە لەسەر ئینتەرنێت. زۆر خوێندکاریش هەر ئەو شێوەیە هەموو کتێبەکان دەخوێنن کە لە چاپەمەنییەکان کۆپیان دەکەن.

۳ـ لە کاتی خوێندنی هەر کتێبێک تێبینی کۆمەڵێک شت بکەن کە گرنگن فێریان بن، لە تاقیکردنەوەش ئەوانە دێنەوە.

ــ ناوەڕۆک و مەبەستی باسەکان.
ــ ناوی نوسەر و وەرگێڕ.
ــ پێشەکی کتێبەکان گەر شتی گرنگیان تێدابوو
ــ ئەحکامە شەرعییەکان کە باسکراون، بۆ نموونە: چی حەڵاڵە و چی حەرامە، چی واجبە و چی سوننەتە، چی کوفرە و چی زوڵمە و چی فیسقە، ...هتد.
ــ پێناسەکان، کە ئەگەر لە پێناسەکە تێبگەیت لە بەریشی نەکەیت دەتوانی وەڵامی بدەیتەوت چونکە هەڵبژاردنە.
ــ پەراوێزی لاپەڕەکان، کە تێیدا سەرچاوەکان و نوسەری کتێبەکان ئاماژەیان پێکراوە، بۆ نموونە لە پەراوێز نوسراوە "مجموع الفتاوی/ابن تیمیة"، لە تاقیکردنەوە ناوی کتێب دەدرێت و دەوترێت هی کێیە، یان ناوی نوسەر دەدرێت و دەوترێت کام کتێبی نوسیوە، وەڵامەکەشی لە یەکێک لە هەڵبژاردنەکاندایە.
ــ ژمارەکان:
أـ ژمارەی ساڵ و مێژووی ڕووداوەکان و هاوشێوەیان.
ب ـ ژمارە دەربارەی ئەحکامەکان، بۆ نموونە: چەن شت دەستنوێژ بەتاڵ دەکاتەوە؟ کە لە کتێبەکەی بەردەستت نوسراوە و تەنها ژمارەکەی داوا دەکرێت.
ــ ناوەکان، وەکو ناوی کەس و شوێن و ڕووداوەکان و هاوشێوەیان.
ــ ئەو فەرموودە و ئایەتانەی کە گرنگ و ئاسانن، بۆ نموونە کتیبی پێناسەی پایەکانی ئیسلام شیکردنەوەی فەرموودەیەکە کە دەفەرمووێت: الاسلام ان تشهد باللە وملائکتە وکتبە ورسولە ... لێرەدا هاتنەوەی ئەم فەرموودەیە شتێکی چاوەڕوانکراوە.
ــ واتای کۆمەڵێک وشەی عەرەبی بە تایبەت لە کتێبەکانی ڕێزمانی عەرەبی.

٤ـ شێوازێکی دروست بۆ سەعیکردن داڕێژن، ڕۆژانە وانەکان بخوێنن و ئەوانەی پێویستە لەبەریان کەن بە جیا دیاریان کەن، هەوڵ بدەن پێنوسی ڕەنگاو ڕەنگی دیاریکردنی نوسین بەکاربێنن ئەگەر کتێبتان لەبەردەست بوو، بۆ ئەوەی لەکاتی دووبارەکردنەوەی هەموی پێش تاقیکردنەوە، شتە گرنگەکانتان لەپێش چاوبێت. هەروەها کتێبەکە چەندجارێک بخوێننەوە بۆ ئەوەی بە تەواوی لە واتای گشتی کتێبەکە تێبگەن.

٥ـ هەوڵ بدە لەو کاتەی لەبەردەستە بۆ خوێندنی هەر وانەیەک، لەو بوارە شتی تریش بخوێنەوە یان گوێ لەوانەی تر ڕاگرە کەر کاتت نییە بۆ خوێندنەوە. بۆ نموونە: کتێبێک دەبارەی عەقیدە دەخوێنی وەکو: عەقیدەی ئەعلی سوننەت و جەماعەت، یان پوختەی پایەکانی باوەڕ، یان کتێبی ئیمان. کتێبی تریش دەربارەی عەقیدە بخوێنەوە بۆ زیاتر شارەزا بوون لەو بوارەدا، یان گوێ لە وانەی تر ڕاگرە لە یوتیوب کە دەبارەی عەقیدە شیکراونەتەوە لە لایەن مامۆستایانی بەڕێزەوە. هەروەها هەمان کار بکە بۆ هەموو وانەکانی تری وەکو: فەرموودەوانی و قورئانەوانی و شەرعناسی(فقە) و مێژوو سیرە و فیکر و ئاداب و تەزکییە و ...هتد.

٦ـ کتێبەکانی ڕێزمانی عەرەبی وا بخوێنن کە هەموو پێناسەکانتان لەبەربێت، لانی کەم بە کوردی. هەروەها بتوانن شیکردنەوە(اعراب) بۆ ڕستەکان بکەن. واتای وشەکانیش بە گرنگ دابنێن کە ئەگەری زۆریان هەیە بۆ هاتنەوە.

۷ـ خوێندنی زانستی شەرعی و فێربوونی، کارێکە ئاسانە بۆ کەسێک کە خوای گەورە بۆی ئاسانکات، بۆیە بێ مەرامی دونیایی لێببڕێ بۆی، نیەتت بۆ خوای گەورە پاکبەرەوە و خواویستانە فێریان بە.

٨ـ گرنگبێت بەلاتەوە کە هەر کتێبێک دەخوێنی لێی تێبگەیت و شارەزای ناوەڕۆکی باسەکانی بیت. فێربوونی زانستی شەرعی بەوە نابێت کتێب بخوێنیتەوە، بەڵکو دەبێت بیخوێنێت، لێی تێبگەیت و ئەوەی پێویستە و لەتوانات هەیە لەبەریکەیت. ئەوکات ان شاء اللە سوودی لێدەبینیت. بۆیە گەر کێشەت لە تێگەشتن لە شتێک هەبوو دەتوانیت لە ڕێگەی پەیجەوە پرسیارەکانت بنێریت.

۹ـ فێربوونی زانستی شەرعی، وەکو زانستەکانی تر وایە. پێویستی بە پشودرێژی و تاقەت و توانای باش هەیە.

۱۰ـ ڕەنگە دوای تەواوکردنی پۆلی یەکەم لە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی خوێندن لە زادی، هەست بەوە بکەیت کە بەشێوەیەکی گشتی زۆر شت فێربوویتە، بەڵام ببینیت کەسێکی تر لەتۆ زیرەکترە لە یەکێک یان زیاتر لە بوارەکان، کە لە شوێنێکی تر کەمتری لەتۆش خوێندووە. ئەمە بەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پڕۆگرامی خوێندن لە زادی، گشتیگر و تا ئاستێکی باش کامڵە، تەنها چەن بوارێک ناخوێنیت، بەڵکو لە هەموو بوارە سەرەکیەکان دەخوێنیت، لە ناوەندی ندا لانی کەم ۱۲ کتێب لە ۱۰ بواردا دەخوێنیت تەنها لە پۆلی یەکەم، لە ئامادەیی ئامەدیشدا ۲۰ کتێب لە زیاتر لە ۱٥ بواردا دەخوێنیت، تەنها لە پۆلی یەکەم، بۆیە جارێ زووە تۆ لە بوارێک قوڵ بیتەوە لە ئاستێک کە بتوانی لە وردەکاریەکانی تێبگەیت، لە هەمان کاتدا لێرە بە کوردی دەخوێنیت، بۆیە ئەگەر خۆشت هەوڵ نەدەیت فێری زمانی هەرەبی بیت دوادەکەوێت. بەڵام دواتر لە قۆناغی پەیمانگای ئیبن تەیمییە، تۆش زۆر باش وانەکان بە ئوسوڵی و قوڵتر دەخوێنیت، بە دەلیلەکانیانەوە، زیاتر لەوەی کە پێشتر خوێندوتن. لە ئەگەرێکی زۆریشدا بە زمانی هەرەبی دەخوێنیت، بۆیە ئاستی زمانەکەشت زۆر باشتر دەبێت ئەوکاتە.

1436 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
15/01/2020
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.