پێشه‌وایانمان

ئیبن تەیمییە

کەسایەتی_کورد_لەمێژوودا  -١-
 
زانایەکی درەوشاوەی نێو پەڕەکانی مێژوو، بیرمەند و فەیلەسوف، موجتەهید و موجەددیدی ئایینی و موجاهیدی ئیسلام.  
 
ئیبن تەیمییە 
 
ناوێکی ناشیرنکراوو بەترس نیشاندراو، ئەو زانایەی نەیارەکانی کەمتر نین لە هەوادارەکانی، خۆی هەرزوو درکی بەو دژایەتییە کرد کە لە هەمەبەری دەکرێ، سەبارەت بەوان دەڵێ: سنگم فراوانە بەرامبەر هەموو ئەوانەی نەیاری منن، با سنووری خواش بشکێنن دەرهەق بە تەکفیر و تەفسقکردن، یان درۆکردن بە دەممەوە، یان دەمارگیری نەفامانە بکا لە دژم، بەڵام من سنووری خوا لە ئاستیاندا نابەزێنم، بەلکو کۆنتڕۆڵی ئەو گفتو کارانە ئەکەم کە ئەنجامی ئەدەم، بە تەرازووی دادگەری دەیپێوم و واشی لێدەکەم شوێنی قورئان و سوننەت بکەوێ. [١]  
 
ناوی تەواوی(تەقیەددین ئەبو عەبباس ئەحمەدی کوڕی عەبدولسەلامی کوڕی عەبدوڵڵا) یە ناسراوە بە ئیبن تەیمییە، ئەو نازناوەشی لە(تەیمییە) ی داپیرەیەوە(دایکی باوكی) وەرگرتووە كە ناوی تەیمییە بووە. لە خێزانێکی ڕۆشنبیر و زانستدۆست لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٢٦٣م لە شاری حەڕڕان(حەڕان دەکەوێتە باکووری کوردستان) چاوی بە دونیا هەڵێناوە، لە ساڵی ١٣٢٨م لە دیمەشق کۆچی دوایی کردووە.[٢] 
 
ـ کاتەکانی منداڵی و مێردمنداڵیی 
ئیبن تەیمییە لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستیكردووە بە خوێندنی ئاین و زمانی عەرەبی و بیركاری، هەر لە تەمەنی مێردمنداڵیدا قورئانی لەبەركردوە. لای زیاتر لە ٢٠٠ شارەزا و مامۆستای ئیسلامی وانەی ئاینی خوێندوە و زانیاری و ئەزموونی لێوە بەدەستخستون. لە تەمەنی مێردمنداڵیدا شارەزاییەكی باشی هەبووە لە بوارەكانی تەفسیر، فەرموودە، فیقهو زمانی عەرەبیدا. بە گوێرەی هەندێك سەرچاوەی ئیسلامی، جگە لە زمانی عەرەبی، ئیبن تەیمییە شارەزای زمانەكانی عیبری، لاتینی و توركی بووە و لە نووسین و نامەكانیدا ئەو زمانانە دەركەوتون. 
 
تا داگیرکردنی شارەکە لەلایەن مەغۆلەكانەوە لە ساڵی ٦٧١ ک هەر لە حەڕڕان ژیاوە، پاشان  لەگەڵ باوكی روویان کردۆتە دیمەشق و لەوێ نیشتەجێبوون، هەر لەوێش خەریکی  خوێندن و وەرگرتنی زانست و مەعریفە و بیروبۆچونی ئاینی بووە لای باوكی و زانا ئاینییەكانی تر، هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە بە زانا و بیرتیژی و بیریار و ئازایەتی ناویدەركردبوو لای مامۆستایانی، شارەزاییەكەی لە ئایینی ئیسلام و لق و پۆپەكانی ئەو ئایینە و وردەكارییەكانیدا، بە رادەیەك بووە كە لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە فەتوایداوە و لە بواری ئایینی ئیسلامدا نوسیویەتی و كتێبی بڵاوكردوەتەوە. لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا بووەتە مامۆستای ئایینی و وانەی ئیسلامیی وتوەتەوە و بووەتە شێخ و سەرمەشقی ئەو خوێندنگە ئایینیەی كە پێشتر باوكی وانەی تیادا دەگوتەوە. ماوەیەكیش لە قوتابخانەی حەنبەلی وانەی وتوەتەوە. لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا و لە رۆژی ١٠ی سەفەری ٦٩١ی كۆچیدا وەك وانەبێژی تەفسیری قورئان لە مزگەوتی ئەمەوی دەستبەكاربووە و ساڵانێكی زۆر لەوێ وانەی وتوەتەوە و فێرخوازان ڕویان لە مزگەوت و خوێندنگەكەی كردوە و وانەی ئایینیان لە لای خوێندووە، هەروەها بە هیچ شێوەیەک بەبێ زانیاری لەبارەی هیچ شتێک نەدواوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆربەی ئەو زانستانەی کە قسەی تێدا کردووە گەیشتۆتە ئەوپەڕی ترۆپکی تێگەیشتن و قوڵبوونەوە تێیدا و، دەربارەی زۆربەشیان قسەی كردووە و نوسینی بڵاوكردۆتەوە، وەكو: فیقهو فەلسەفە و لۆژیک و فەلەك، لەم بوارانەدا 37 بەرگ لەكتیبەكانی بەجێماون.[٣]  
 
- ڕۆشنبیریی ئیبن تەیمییە و ڕێبازەکەی لە توێژینەوەدا  
مێژوو نوسان لەسەر ئەوە یەکدەنگن کە ئیبن تەیمییە شارەزاییەکی بەرفراوانی لە زانستە شەرعی و ئاوەزییەکاندا بەشێوەیەکی یەکسان ھەبووە. ئیمامی زەھەبی لەبارەیەوە دەڵێت: (لە زیرەکیدا ھەڵدەگیرسا و زۆر گوێی لە فەرموودە دەگرت و زیاتر لە دووسەد مامۆستای ھەبووە و لە شارەزایی تەفسیردا گەیشتبووە ئەو پەڕ و لە لەبەرکردنی فەرموودە و پیاوانی فەرموودە گێڕەوە و ڕاستی فەرموودەدا کەسی پێ نەدەگەیشت، لە وەرگرتنی فیقھو مەزھەبەکانی ھاوەڵان و شوێنکەوتوان(تابعین) دا وێڕای چوار مەزھەبەکەش ھاوتای نەبوو، شارەزایشی لە دەستە و تاقمەکان و ئوسووڵ و کەلام ھەبووە، من ھاووێنەی ئەو بەدی ناکەم، سەبارەت بە ژیاننامە و مێژووش بەڕاستی جێی سەرسوڕمان بوو، لەبارەی جیھاد و پێشڕەویشەوە لە سنووری وەسفدا نەمابوو. جا ئەگەر باسی تەفسیر بکرایە ئەو ھەڵگری ئاڵاکەی بوو، ئەگەریش فەرموودەناسان ئامادەبوونایە ئەو دەدوا و ئەوان لەسەر ئەژنۆ وەکو فێرخواز لە حزووریدا دادەنیشتن و گوێیان بۆ دەگرت، ئەگەر ناوی ئەھلی کەلام بھاتایە ئەو وەکو تاکە کەس بوو کە دەبوایە بۆی بگەڕابانەوە، ئەگەر ئیبن سینا فەیلەسوفەکانی پێش بخستایە و بەرز رابگرتنایە ئەو بەرهەڵستی دەکرد و نھێنی و عەیبەکانیانی ئاشکرا دەکرد). پێ دەچێ لەو دەربڕینانەی بەڕونی رۆشنبیری ئیبن تەیمییە و ئاستی شارەزابوونی لە فەرموودەدا نیشان بدەن وتەکەی زەھەبی بێت لەبارەیەوە: (فەرمودەیەك کە ئیبنوتەیمییە نەیزانیبێت ئەوە فەرموودە نییە). ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە بێداربوونێکی بەرفراوانی لە فەرموودە و شارەزایی بە ھەموو کتێبەکانی فەرموودە ھەبووە.   
 
بە نسبەت رۆشنبیری لایەنی فەلسەفیشی، تا ئاستێکی زۆر ناڕوون و نادیارە، چونکە گرنگترین ئەو کتێبانەی کە تیایدا رەخنە و بەرھەڵستکاری لە ڕووی فەلسەفەدا نیشان داون دواتر بڵاونەکراونەتەوە، یان لەگەڵ ئەو کتێبانەدا کە کاتی خۆی لەنێوچوون ئەوانیش فەوتاون. 
 
ئەوەی ڕۆشنبیری ئیبن تەیمییە جیادەکاتەوە ئەوەیە، کە رۆشنبیرێکی قوڵی ئیسلامی بووە بە پلەی یەکەم، ئەوتیایدا بەتەواوی شوێن بەرنامەی ئەھلی سوننەت و جەماعە کەوتووە، بەتایبەت رێبازی پێشەوا ئەحمەدی کوڕی حەنبەل و گەورە زانایانی حەنبەلی، ئەگەر چی ئەو ڕای لە ھەرچوار مەزھەبەکە وەردەگرت و، قسەی لە گەورە فەرموودە ناسانی وەک بوخاری و شافیعی و تەبەری و ئەبو شەیخی ئەسفەھانی و لالەکائی و ئەبونەسری سەجزی و ئیبنوخوزەیمە و دارمی و ئیبنوقوتەیبە و ئەبوبەکر ئەسرەم و خەلال و ئەبوعوسمانی سابونی و ئەبوئیسماعیلی ئەنساری و بەیھەقی و ئیبن بەتتە و ئیبن حەزم و ئیبن جەوزی و ئەشعەری و باقەلانی و.... کەسانی تر وەردەگرت، بەڵکو ئیبنوتەیمییە سودی لە ھەموو بیریاران و تێروانەران ئاراستەوانان وەردەگرت، کە جەختیان لە پاڵپشتی مەزھەبی ئەھلی سوننە و جەماعە دەکرد، ئەو لە کتێبی(الرد علی المنطقیین) دا دان بەوەدادەنێت، کە بۆ بەرپەرچدانەوەی مەنتیق سوودی لە کتێبی (الدقائق)ی باقەلانی، کە ئەشعەریە و لە کتێبی(ئیبن نەوبەختی شیعەی دوازدە ئیمامی) وەرگرتووە.[٤] 
 
ـ ئیبن تەیمیە و زانکۆکانی ئەوروپا 
وە هەروەها لەم ساڵانەی کۆتایشدا، زۆرێک لە زانکۆکانی ئەوروپا کەوتنە لێکۆڵینەوە لەسەر بەرھەمەکانی ئەم کەڵە زانا کوردە، 
 
لەوانە: 
زانکۆی (ئۆکسفۆرد) 
زانکۆی (نوتینگهام) 
زانکۆی (جۆرج تاون) 
زانکۆی (ئەندیانا ) 
زانکۆی (کورنیل) 
زانکۆی (ئەستنافورد) 
بە دەیان کۆڕ و سیمینار دەربارەی ئەم پیاوە مەزنە کرا، چەندین بڵاو کراوە و چەند کتێبێکی لەسەر نوسرا، زۆرجار ناویان دەبرد بە(ئەو پیاوە مەزنەی کە ئومەتەکەی لێی بێ ئاگان!). 
 
د. ھنری لاوست کتێبێکی لەسەر بڵاوکردەوە بەناوی(نظريات إبن تيمية في الاجتماع و السياسة) کە تیایدا دەڵێت: ئەم پیاوە بەجۆرێک مەزن بوو، کە نەک تەنھا ئوممەتی ئیسلامی، بەڵکو تەواوی بەشەرییەتی قەرزداری خۆی کردووە، دەشڵێت: ئیبن تەیمییە لەکتێبی(السیاسةً الشرعية) دا، دەستورێکی تەواوی بۆ حوکمڕانیەکی دروست نوسیوە، کە لەسەردەمی (قلاون)دا ئەم کتێبە وەک دەستوری ھەموو پادشاکانی ئەوسەردەمە مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، بەجۆرێک کە بەحەرفێک لێیان لانەدەدا.  
 
د.کوج جلن دەڵێت: ئیبن تەیمییە ئەوکەسەیە، کە پێش ھەموو کەسێ نەقدی مەنتقی ئەرستۆی کرد، کە دواتر ئەو مەنتقە زیانی زۆری بە ئەوروپا گەیاند و ھەموو بۆچونەکانی ئیبن تەیمییە لەسەری ڕاست دەرچوو.  
https://onlinelibrary.wiley.com/doi/full/10.1111/muwo.12228 
 
د. جوھن ھوفر دەڵێت: ئیبن تەیمییە ئەو پیاوە بوو، کە دژی ھەموو خورافیات و زیادەڕەوی ئاینەکان وەستایەوە، لەو پێناوەشدا باجی زۆری دا.  
https://m.youtube.com/watch?feature=youtu.be&v=rUVPqePz_wQ 
 
هەروەها لەزانکۆی ئۆکسفوردیشدا(ئیبن تەیمییە)ی وەک ھەڵوەشێنەرەوەی مەنتقی ئەرستۆ  ناساند.  
https://www.oxfordscholarship.com/mobile/view/10.1093/acprof:oso/9780198240433.001.0001/acprof-9780198240433 
 
هەروەها لەکتێبێکدا بەناوی(إبن تیمیة وعصرە) کە لەساڵی ٢٠١٠ لە زانکۆی ئۆکسفورد دا چاپکراوە، دەڵێت: ئیبن تەیمییە وەک یەکەم سەرچاوە دەزانم بۆ بەرپەرچدانەوەی فەلسەفە بەتاڵەکان.  
https://www.worldcat.org/title/ibn-taymiyya-and-his-times/oclc/837548712 
 
ئەمانەی خوارەوەش ھەندێکی ترن لەو ھەڵسەنگاندنانەی کە زانکۆکانی ئەوروپا دەربارەی شێخی ئیسلام ئیبن تەیمییە کردویانە، 
 
زانکۆی جۆرج تاون 
https://historyofphilosophy.net/ibn-taymiyya 
 
زانکۆی ئەندیانا  
https://guevents.georgetown.edu/event/double-truth_and_its_discontents_ibn_taymiyya_and_the_pragmatics_of_late-abbasid_anbali_hermeneutics_with_rodrigo_adem_5388 
 
زانکۆی کورنیل 
https://www.google.com.tr/url?sa=t&source=web&rct=j&url=http://www.indiana.edu/~nelc/events/documents/Danner/danner_lecture_2015.pdf&ved=2ahUKEwi5tayo3v7gAhWzxcQBHe00CsQQFjAJegQIChAB&usg=AOvVaw3qzeglUJFYtr_VD2mXxrST 
 
زانکۆی نوتنگھام 
https://www.google.com.tr/url?sa=t&source=web&rct=j&url=https://middleeast.library.cornell.edu/sites/default/files/Bibliography%2520of%2520Ibn%2520Taymiyyah%2520in%2520English%2520.pdf&ved=2ahUKEwiZotSD3_7gAhWS16YKHSMSAVw4ChAWMAB6BAgAEAE&usg=AOvVaw0DZU2yLNQbFqaeSHE5oJY5 
 
زانکۆی ستانفۆرد 
https://youtu.be/iRgm85xQhNI 

 
ـ نازناوو پلەی شەیخولئیسلام 
بەهۆی ئەو شارەزاییەی لە ئایینی ئیسلامدا هەیبووە و پابەندی رێبازی سوننە و جەماعە بووە و زۆربەی كاتەكانی ژیانی بۆ لێكۆڵینەوە لە ئایینی ئیسلام تەرخانكردووە، زۆرێك و كەسایەتییە ئایینیانەی هاوسەردەمی بوون و چەندینی تریش كە دوای ئەو پەیدابوون، نازناوی "شێخی ئیسلام"ـیان بە ناوبراو بەخشیوە و تا ئێستاش، لە نێوەندی ئیسلامیدا ئیبنوتەیمییە بە "شیخ الإسلام" دەناسرێت و ناوبانگی بڵاوبووەتەوە، لە هەموو دید و بۆچونەكانیشیدا پشتی بە دەقەكانی قورئان و فەرمودەی پێغەمبەر(صلی اللە علیە وسلم) بەستووە، زانایانی تریش هەن کە بە شەیخولئیسلام ناو دەبرێن، بەڵام ئەگەر بە تەنها وترا شەیخولئیسلام، بێگومان مەبەست لێی ئیمامی ئیبن تەیمییەیە. 
 
ئیبنوتەیمییە بەھەموو توانایەکی زانستی و دەروونی وتەنانەت جەستەیش لەڕووی تەتارەکاندا وەستایەوە، ئەو لەدیمەشق لەگەڵ جێگیری سوڵتان ئەفرەمدا وەستاو موسڵمانانی ھاندەدا تا دژ بە تەتارەکان چەسپاوو سەقامگیربن و جیهاد بکەن، لەکاتێکدا زۆربەی زانایان و گەورە پیاوانی دەوڵەت لەشارەکە ڕایاندەکرد لە ترسی داگیرکاری و کوشتاری مەغۆلەکان، 
ھەروەکو سوڵتان غازانی تەتار لەبەر خراپی ھەڵوێستی لەگەڵ موسڵماناندا کەوتە بەر تووڕەبوونی ئیبن تەیمییە لەڕوویدا، لەگەڵ ئەوەی ئەو تووڕە بوونە مەترسی لەسەر ژیانی ئیبنوتەیمییە ھەبوو، کاتێك کە بینی مەترسی تەتارەکان زیادیکردووە، لەسوریاوە گەڕایەوە بۆ میسر و بەچەند دەربڕینێکی توند سوڵتان ناسر و پیاوانی سوڵتانی ھاندا تا لەگەڵ تەتارەکاندا بجەنگن، پاشان خۆیشی لەجەنگی(مەرج سەفەر) دا بەشداریکرد و لەنێو سەربازاندا بەرێکەوت و ھانیدەدان و جەختی لێدەکردنەوە کەئەوان شیاوی ئەوەن سەرکەوتنی خوا بەدیبھێنن و جیهادی لە پێناو بکەن تائەوکاتەی لە گوێڕایەڵی خوای گەورەدا دڵسۆزی بنوێنن، پاشان لەگەڵیاندا بەسەختی بەشداری جەنگی دژ بەتەتارەکانی کرد.[٤]  
 
د.موحەممەد ئەبو زەهرە دەڵێت: مێژوونوسان بە ئیبن تەیمییەیان گوتووە(حەڕڕانی) ئەوەش دەیسەلمێنێت کە کوردە، کوردیش میللەتێکی خاوەن هیممەت و ئازایەتی زۆربوون لەو سەردەمەدا، ئەم سیفاتانەش لەودا بە ئاشکرا بەدیدەکرا، چونکە کوردەکان لە سەدەکانی شەشەم و حەوتەمی کۆچیدا ڕۆلێکی باشیان گێڕا لە بەرگریکردن و ڕووبەڕووبونەوەی دژی داگیرکەران، لە بەرنگاری هێرشەکانی خاچپەرستەکان و مەغۆلەکان گورزی باشیان لێوەشاندن و بێئومێدیان کردن لە داگیری وڵاتی موسوڵمانان.[٥]  
 
ـ دانراوەکانی ئیبن تەیمییە 
هەرچەندە کارێکی ئەستەمە بتوانین بە ژمارە ڕێژەی دەستنووسەکانی دیاریبکەین ئەوەش لەبەر نادیاری بەرهەمەکانی بەرهەمەکان و زۆری نوسینەکانی، بۆیە کەسێکی وەک شێخ ئیبن رەجەب دەڵێت: نوسراوەکانی لەوە بەناوبانگترن باسبکرێن، لەوە ناسراوترن نکۆڵیان لێبکرێت، شار و وڵاتان پڕن لە کتێبی ئەو، ئەوەندە زۆرن لە ژمارە نایەن. [٦]  
 
بەڵام ئەوەی لە سەرچاوەکان ئاماژەی پێکراوە زیاتر لە چوار هەزار دەستنووسی هەبووە، ئەوەی ئێستا ماون و بڵاون بریتین لە سێسەد بەرگ، ئەوەشی دەستنووسە بریتین لە هەزار دەستنووس، دەڵێن هیچ شارێکی جێنەهێشتووە  تا نوسینێکی دوای خۆی بۆ بەجێنەهێشتبن.  
 
ـ قوتابیە پەروەردەکراو و پێگەیشتوەکانی 
هەروەک ئیبنوحەجەر دەفەرمووێت: بەس بێت بۆ ئیبنوتەیمییە کە قوتابیەکی وەکو ئیبنولقەییم پێگەیاندووە.  
قوتابیەکانی بریتین لە: 
ـ زەهەبی(محمد بن احمد بن عثمان الذهبي الشافعي)  
- ئیبنولقەییمی جەوزی(محمد بن أبي بكر بن أيوب الحنبلي)  
- ئیبن عەبدولهادی(محمد بن أحمد بن عبدالهادي)  
ـ ئیبن موفلیح(محمد بن مفلح بن محمد المقدسي الحنبلي)  
- ئیبن کەسیر(إسماعیل بن عمر بن كثير الشافعي)  
- بەرزالی(علم الدين القاسم بن محمد البرزالي)  
- واستی(أحمد بن إبراهيم بن عبدالرحمن الواسطي) ئیبن تەیمییە ناوی نابوو جونەیدی سەردەم. 
چەندان قوتابیتریش وەک ئیبنوسەیدولناس و میززی و بەزاڕ و ئیبنولوەردی... هتد. [٧] 
 
ـ دادگاییکردن و زیندانیکردنی  
هەر لەگەڵ دەرکەوتنی ناو و ناوبانگی لە ناوچەکە و کاریگەری زۆری بەسەر خەڵکییەوە و بیستنی چەند فەتوا و کۆششێکی جیاواز لەوانەی پێشوو، ئەوە بووە هۆی ئەوەی هەندێ لە شەرعناسان و زانایان ڕقی لێهەڵبگرن و بێزاری دەرببڕن لە ئاستیدا، بۆیە کەوتنە دژایەتیکردن و شکاتکردن و تۆمەتبارکردنی بە چەند تۆمەتێکی بێبنەما. 
لە ساڵی ٦٩٨ک هەندێ لە زانایان کە نەیاری ئیبن تەیمییە بوون، بڕیاریاندا بیدەنە دادگا. دوایی زانایەک بەناوی(ئیمامەدین) بڕیاریدا خۆی بچێ بۆ لای ئیبن تەیمییە، تا لە نزیکەوە لەگەڵی دانیشێت و لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ بکا. کە چوو بۆ لای، دوو بە دوو دانیشتن و کەوتنە گفتوگۆ و پرسیار و وەڵام سەبارەت بەو مەسەلانەی ئەو دەیوروژێنێ، بەڵام دەرکەوت هیچ لەو تۆمەتانە راستنین کە دەربارەی دەگوترێ، گوتی: ئیبن تەیمییە لە هیچ کام لەم فەتوایانەدا لە قورئان و سوننەت لای نەداوە، بەڵام نەیارانی بەوە نەوەستان و هەر سوور بوون لەسەر دادگاییکردنی. ئەوەبوو لە ساڵی ٧٠٥ک درا بە دادگا لەسەر ڕەخنەکانی کە لە دژی بیروباوەڕی ئیبنوعەڕەبی و حلول و ئاوێتەبوون گرتبووی، داوەرەکان کەوتنە گفتوگۆ لەگەڵیدا، ئیبن تەیمییەش وڵامی هەموو ئەو تۆمەتانەی داوە کە بەرەوڕوویان کردبوویەوە. پاشان گوتی: بیروباوەڕی من لەگەڵ قورئان و سوننەت و ئیجماعی ئوممەتدایە، من جگە لەوە هیچیترم نەگەیاندووە.[٨] پاشان تەحەددای هەر کەسێکی کرد  تا سێ ساڵی داهاتوو مۆڵەتی پێدەدەم کە بتوانێ بیسەلمێنێ کە قسەیەکم کردووە، تێکگیرە و دژە لەگەڵ هەر قسەیەک لە سێ سەدەی یەکەمی ئیسلام باسکرابێ، ئامادەشم پەشیمان ببەمەوە لێی.[٩] ئیتر بەوشێوەیە دادگای دووەم و سێیەمیشی بەسەرکەوتوویی تێپەڕاند، پێیانی سەلماند کە بیروباوەڕەکەی سەلامەتە و لە ڕێچکە و ڕێبازی پێشینی ئۆممەت لاینەداوە.  
 
ـ دادگاییکردنی لە میسر  
لەدوای ئەوەی ئیبن تەیمییە شامی بەجێهێشت و بەرەو میسر کەوتەڕێ، لە ٢٢ی ڕەمەزانی ساڵی ٧٠٥ک گەیشتە قاهیرە، لەو کاتەدا فەتوایەکی ئیبن تەیمییە بڵاوبووبوویەوە، کە وایکرد نەیارەکانی لە میسر والێبکات بکەونە هاندانی قازی دادوەر تا بانگێشتی دادگای بکەن، عەللامە نویری دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لەگەڵ شەمسەدینی کەنانی لە خوێندنگەی ناسرییە پێکەوەبووین، لەوکاتەدا قوتابیەک بەناوی عەبدوڕەحمان عینوسی هات و کۆمەڵێک فەتوای ئیبن تەیمییەی لابوو، شەمسەدین چاوی بە فەتواکانی کەوت لێیان ڕازی نەبوو، بۆیە بردی بۆلای دادوەری دادوەران زەینەدین مالیکی، لەوکاتەشدا نەسری منبجی نەیارێکی سەرسەختی ئیبن تەیمییە بوو، بۆیە ئەوەی بە هەل زانی تا داوەری لێ هانبدات، هەروەها لای سوڵتانیش وای نیشان دا کە ڕۆلی ئیبن تەیمییە تەنها لە مەسەلەی ئاینی نابێت، بەلکو مەترسی لەسەر کورسی و دەستەڵاتی ئەویش دەبێت،[١٠] بەوەش باری ئیبن تەیمییە بەرەو ئاڵۆزتر و خراپتر چوو، دوای گەیشتنی بە رۆژێک راستەوخۆ ڕاپێچی دادگا کرا، پاشان لە بورجدا بەندکرا بۆ ماوەی چەند رۆژێک، لە جەژنی ڕەمەزان بەفەرمی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەیەک بەناوی(جب). [١١]  
زیندانیکردنی شەیخولئیسلام بەتەواوی لە میسر دەنگیدایەوە و کاریگەری زۆری هەبوو لە نێو خەڵکیدا، میر سەیفەدینیش بەوە دڵتەنگ و ناڕەحەت بوو، داوای کرد بە زووترین کات کێشەی ئەو پیاوە چارەسەر بکرێ، ئەوەبوو داواکرا لەو زانایانەی کە نەیاری بوون، تا بێن مونازەرە بکەن لەگەڵیدا و بەڵگەکانیان دژی بۆچوونەکانی ئەو بخەنەڕوو، بۆ ئەوەی بەزووترین کات بەرپەرچی بدرێتەوە و لە نێو خەڵکیدا ئیعتباری نەمێنێ، بەڵام هیچ یەکێک لەو زانایانە ئامادەیی ئەوەیان تێدا نەبوو کە بتوانن بەهێزی بەڵگە بەرپەرچی شەیخولئیسلام بدەنەوە، ترسان لەوەی بەبەرچاوی ئامادەبوان لە سوڵتان و داوەر و قازی دەستەو ئەژنۆ بکەون بەرامبەر هێزی بیر و زانستە بەرفراوانەکەی، هەر لەبەرئەوە میر حیسامەدەین بەپەلە هات لە زیندان ئازادی کرد و سوێندیشی پێخوارد بەوەی بمێنێتەوە و درێژە بدا بە دەرس و پێگەیاندن و پەروەردەکردنی فێرخوازان لە خوێندنگەی ساڵحییە. [١٢] 
 
ـ زیندانیکردنی بۆ جاری دووەم لە میسر  
لە ساڵی ٧٠٧ک، لەو کاتەدا دید و بیری سۆفیەکان وەک(وەحدەتول وجود و حلول و موتتەحیدە ـ ئاوێتەبوون) بەتەواوی لەنێو کۆمەلگەی میسریدا بڵاوببوویەوە، کاریگەریەکی زۆر سلبی خستەسەر فیکر و عەقیدەی موسوڵمانان. خەڵکەکە بەتەواوی نوقمی بیدعە و خوڕافیات ببوون لە دیندا، زۆر کاریگەربوون پێی، بەتایبەتی ئیبن فارجی شاعیر، ئیبن تەیمییەش بە پێویستی زانی ئەرکی ڕادان و ڕاماڵینی ئەو تەم و لێڵییە لە ئەستۆ بگرێت، تاوەکو سروشت و فیترەتی دینەکە وەک خۆی بخاتەوە بەرچاوی خەڵکی و ڕزگاریان بکا لەو ئینحرافەی تێیکەوتوون،  
ئەوانیش(بەناو سۆفییەکان) ئەمەیان پێ هەزم نەکرا و قبوڵ نەکرا، چونکە ئەو لایەنە خوڕافیاتانە ببووە شوناس و کیانێکی تەعەبودی لایان، بۆیە خێرا هانایان بردە لای سوڵتان و دەستیانکرد بە سکاڵا و شکات کردن لە ئیبن تەیمییە، ئینجا بەوهۆیەوە بۆ  لێپرسینەوە بانگیانکردە دادگا، بەڵام دوای گفتوگۆیەکی زۆر بێسوود بوو لەگەڵی، نەیانتوانی چۆک بە شەیخولئیسلام دادەن و پاشەکشە و تەنازولی پێبکەن، بۆ لێکنزیکبوونەوەیان هەوڵیاندا چەند مەرجێک بخەنە بەردەمی، بەڵام ئەو بە هیچ کام لەو مەرجانە ڕازی نەبوو، لەو پێناوەشدا ئامادەبوو بچێتە زیندان، نەک پاشگەزبوونەوە لە خستنەڕووی سروشتی ڕێچکە و رێبازی دینەکە. ئەوانیش(کاربەدەست و سەرانی میسر) هەستیان کرد بێسوودە لەگەڵی، بۆیە کۆتا جار گەیشتنە ئەوەی پێویستە بینێرنەوە دیمەشق، بەڵام پاشگەزبوونەوە و ڕەوانەی زیندان کرایەوە، براکەشیان لەگەڵ نارد تاوەکو لەوێ خزمەتی بکات. ئیبنتەیمییەیان بۆ زیندانیکردنی ناردە قەڵایەک لە ئەسکەندەریە، بەڵام ئەمجارە جێگەکەی باشتر و فراوانتر بوو لە شوێنی زیندانیکردنی پێشووی، خەڵکیش دەیانتوانی سەردانی بکەن چاویان پێیبکەوێت.[١٣] تا دواتر سوڵتان ناسر هاتە سەرتەختی دەستەلات و لە جەژنی ڕەمەزانی ساڵی ٧٠٩ک سەردانیکرد و لە زیندان ئازادی کرد. [١٤]  
 
ـ گەڕانەوەی بۆ شام و بەندکردنی لە دیمەشق  
لە دوای دوورکەوتنەوە لە شام بە حەوت ساڵ و حەوت هەفتە، دووبارە گەڕاوە ئەو وڵاتە، ئەمەش پاش ئازادبوونی لە بەندیخانەی ئەسکەندەریە لە میسر، لەوێ دووبارە دەستیکردەوە بە نوسین و کاری بانگەواز، بەڵام زۆری نەخایاند،  کێشەیەک دروست بوو، لە نێوان زانایان و موجتەهیدان لەگەڵ ئیبن تەیمییە لەسەر ئیجتهادێک سەبارەت بە تەڵاق، کە بۆچوونی ئەو جیاواز بوو لەگەڵ بۆچوونی ئیمامەکانی سەرمەزهەب(شافعی و حەنەفی و حەنبەلی و مالیکی)، فەتواکە ئەوەبوو کە: (سێ تەڵاق بە یەکجاری ناکەوێ، هەروەها کەفارەتی سوێندی تەڵاقیشی دیاریکرد)، ئیتر دوای ئەوە سوڵتان بڕیاری سڕکردنیدا لە فەتوادان، بەڵام ئەو گوێی پێنەدا و هەر بەردەوام بوو لە فەتوادان، لە کۆتایی بڕیاری ئەوەیان دا کە نابێ چیتر فەتوا بدات، ئیبن تەیمییەش سوور بوو لەسەر فەتوادان، چەندین جاریتریش بانگکرا بۆئەوەی پەشیمان بێتەوە، بەڵام هەر بەردەوام بوو، لەو بارەیەوە لە ٢٣ی ڕەجەبی ساڵی ٧٢٠ک کۆڕێک رێکخرا کە دەستەڵاتدار و دادوەران و چەند موفتیەک ئامادەبوون، تێیدا بڕیاردرا بە زیندانی کردنی، ماوەی پێنج مانگ و هەژدە ڕۆژی لە زیندان بردە سەر و پاشان ئازادکرا.[١٥] 
 
ـ کۆتا دادگایی و زیندانی کردنی تا کۆچی دوایی  
کۆتا دادگایی و لێپێچینەوە ئەوەبوو لەسەر فەتوایەکی ساڵی ٧٠٩ک دابوو دەربارەی چوونە سەر گۆڕی پێغەمبەری خوا(صلی اللە علیە وسلم) و پیاوچاکان، کە بەو شێوەیە هاتووە، دەڵێ: (دروست نییە مەبەستی سەرەکیت لە سەردانیکردنت بۆ مەدینە، گۆڕی پێغەمبەر بێت درودی خوای لەسەر، مەگەر بۆ کارێک بچی لەوێ سەردانی بکەی، ئەوە شتێکی ئاساییە و دروستە). ئیتر بەوە کەوتنەوە دژایەتی و هانابردن بۆ لای سوڵتان، تا بەتەواوی دایبڕن لە فەتوادان و پێگەیاندنی فێرخوازان و تێگەیاندنی خەڵکی، چونکە کاریگەریەکی ئێجگار زۆری هەبوو لەسەر فێرخوازان و خەڵکی ناوچەکە، لە ساڵی ٧٢٦ک، ئیبنوجوملە دەقی فەتواکەی گۆڕی و بەرزی کردەوە بۆ لای سوڵتان، دیسانەوە بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک دادوەر و قازی دەوڵەت، بڕیاردرا بە زیندانیکردنی لە زیندانی قەڵا(قلعة) لە دیمەشق، براکەشیان لەگەڵدا نارد کە ناوی شەڕەفەددین بوو، تا لەوێ خزمەتی بکات، بەڵام زۆری نەخایاند لە ساڵی ٧٢٧ک براکەی کۆچی دوایی کرد، ئیبن تەیمییە خۆی نوێژی لەسەرکرد، دوای مردنی براکەی بڕیاریان دا ڕێگربن لە نوسینەکانی، بەوەی کاغەز و قەڵەمی لێ دوور بخەنەوە.[١٦] ئەویش لەوێ کاتەکانی خۆی هەر بە نوسینەوە و خواپەرستی و قورئان خوێندن بەسەردەبرد، هێندەی نەبرد لە ساڵی ٧٢٨ک توشی نەخۆشی بوو، دوای بیست ڕۆژ بەو نەخۆشییە سەری نایەوە و کۆچی یەکجارەکی کرد.[١٧] 
لە گۆڕستانی(الصفية) لە دیمەشق لە تەنیشت براکەی(شەڕەفەدین) بە خاک سپێردرا.

 

 


 سەرچاوەکان:
 
١ـ مجموع الفتاوی 
٢ـ ڕۆلی زانایانی ئیسلام لە پێشکەوتنە زانستییەکان 
٣ـ سایتی دابڕان(بەدەستکاریەوە) 
٤ـ سایتی ناوەندی ئەیوبیان  
٥ـ ڕۆلی زانایانی ئیسلام لە پێشکەوتنە زانستیەکان 
٦ـ ذيل طبقات الحنابلة  
٧ـ ئا ئەمە ئیبن تەیمییەیە(م. علی خان) 
٨ ـ العبر في خبر من غبر 
٩ ـ إبن عبدالوهاب 
١٠ـ النويري 
١١ـ ئیبن تەیمیە، ڕەچەڵەک ڕۆلی لە مێژووی ئیسلام دا 
١٢ـ إبن کثير 
١٣ـ ئیبن تەیمیە، ڕەچەڵەک ڕۆلی لە مێژووی ئیسلام دا 
١٤ـ الکرمي 
١٥ـ إبن عبدالوهاب 
١٦ـ ئیبن تەیمیە، ڕەچەڵەک و رۆلی لە مێژووی ئیسلامیدا 
١٧ـ الحسامي

252 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
26/05/2020
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.