پێشه‌وایانمان

ئیبن خەلەکان

#کەسایەتی_کورد_لەمێژوودا -

 ئیبن خەلەکان 

   ناوی تەواوی (ئەحمەدی کوڕی موحەممەدی کوڕی ئیبراهیم ئەبو عەباسی کوڕی شەمسەدینی شافیعی ئەربیلی)یە، بە ئیبن خەلەکان ناسراوە، لە (١١/ رەبیعولئەوەلی/ ٦٠٨ ک -  ٢٢ی/ کانوونی یەکەمی/ ١٢١١ز) لە ئامێزی قەڵای هەولێر لەدایک بووە، لە خێزانێکی ڕۆشنبیر و خوێندەوار و دینداردا پەروەردە بووە و پێگەیشتووە[١]. ئیبن خەلەکان بە نەتەوە کورد و بە هۆز(خه‌له‌کان)ی بووە، کە هۆزێکە لە هۆزە کوردییەکانی شاری ھەولێری باشووری کوردستان، هەندێک لە توێژەران ڕەچەڵەکەکەی دەگەڕێننەوە پاڵ بەرمەکییەکان[٢]. هەندێکیتر لە مێژوونووسانیش وەک سەفەدی و شاکر کەتبی و کۆمەڵێکی تر دەڵێن لە کوردانی هەکارییە[٣]. سەرباری ئەم ناکۆکییانەش کۆدەنگی هەیە لەسەر ئەوەی نازناوی ناوبراو دەگەڕێتەوە بۆ باپیری سێیەمی کە خەلەکانە و بە قسەی عەبدولڕەحیمی ئەسنەویش(٧٧٢ ک/١٣٧٠ز) خەلەکان ناوی گوندێکی دەوروبەری هەولێر بووە[٤]. هەر لەبارەی ڕەچەڵەک و بنەچەی ئیبن خەلەکان، ئیبن مستەوفی لە کتێبەکەیدا(مێژووی هەولێر ـ تأریخ الاربیل) هیچ ئاماژەیەکی بەم ئیبن خەلەکانە نەکردووە، بەڵام لەوێدا باس لە زانایەکی تر دەکا بەناوی عومەر خەلەکانی(عمر بن خلکان)؛ گوایە زانایەکی ئایینی بووە و دۆستێکی نزیکی سوڵتان موزەفەرەدینی هەولێر بووە و زۆر متمانەی پێ هەبووە، ئەم زانیارییە لەگەڵ سەرچاوەکانی تردا سەبارەت بە باوکی ئیبن خەلەکان ئەم بابەتە یەکدەگرێتەوە. لەبەر ئەوەی کە باوکی ئیبن خەلەکان خۆی مامۆستا بووە لە هەولێر و کەسایەتییەکی ئایینی بووە و متمانەپێکراوی سوڵتان موزەفەرەدین بووە، لە سەرچاوەکاندا تەنها ساڵێک جیاوازی لە نێوان کۆچی دواییاندا هەیە و جیاوازیەکی کەم لە نێوان ناوەکەیاندا بەدی دەکرێت، واتە بە ڕوونی بۆمان دەرکەوت کە باوکی ئیبن خەلەکان هەولێری بووە. [٥]

ـ قۆناغی زانست و پێگەیشتنی
   سەرەتای خوێندنی لە هەولێرەوە دەستپێکردووە، بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەی؛ سەرەتا چووەتە حەلەب و پاشان دیمەشق[٦]، پاشان چووەتە میسر لە قاهیرە خەریک بووە بە وەرگرتنی زانیاری فەلسەفی و یاسایی و ئایینی و زمانەوانی، دوای وەک نووسەرێکی مێژوویی(مؤرخ) ناوی دەرکرد. پێش مردنی باوکی؛ لە تەمەنی دوو بۆ سێ ساڵییەوە باوکی هەوڵی فێرکردنی داوە؛ دواییش بۆ خوێندن و پێگەیاندنی ئیبن خەلەکان دەنێرێت بۆ لای خاتوونێک بە ناوی زەینەب[٧]. 

- باوکی ئیبن خەلەکان

   ناوی شەهابەدین محەمەدە؛ کەسێکی شەرعزان بووە، سەردەمێک لە قوتابخانەی نیزامییەی بەغدا وەک موعید کاریکردووە، دواتر چووەتە موسڵ و چواردە ساڵ لەو شارە ماوەتەوە، پاشان هاتۆتە هەولێر و بووەتە جێگە متمانەی سوڵتان موزەفەرەدین کەوکەبەری فه‌رمانڕەوای شارەکە(١١٨١_١٢٣٢ ز)[٨].

ئیبن خەلەکان لە تەمەنی لاویدا لە نێوان هەولێر و موسڵدا بەردەوامی بە خوێندن داوە، دواتر لەگەڵ براکەیدا ڕوودەکاتە شاری حەڕان و پاشان حەلەب -کە ئەوکات یەکێک لە کوڕەکانی سەلاحەدینی ئەیووبی حوکمی دەکات-. ئیبن خەلەکان و براکەی؛ لەگەڵ خۆیاندا نامەیەکی سوڵتان موزەفەرەدینی حوکمڕانی هەولێر دەبەن و دەیدەن بە قازی بەهادین، کە وەزیری کوڕەکەی سەلاحەدین بووە. لە نامەکەدا سوڵتان موزەفەرەدین دەڵێ: چی پێویستە و بە باشی دەزانیت لەگەڵ ئەم کوڕانەدا بیکە، ئەوانە کوڕی کەسێکن کە وەک برا وابووە بۆ من و وەک براش بووە بۆ تۆ. پێویست ناکات هیچ شتێک لەوە زیاتر پێشنیار بکەم. ئەو قازییە وەک وەفایەک بۆ هاوڕێیەتی لەگەڵ باوکیاندا، هەتاوەکو مردنی؛ ئەوو براکەی لە نزیک خۆی لە حەلەب دانابوو. لەوێ سەرەتا لە لای مامۆستایەک دەخوێنێت بە ناوی شێخ جەمال ماهانی -کە کوردێکی هەولێری و هاوڕێی باوکی بووە-. بەڵام بەرلەوەی بارگەی بگوازێتەوە بۆ موسڵ و حەلەب، ئیبن خەلەکان لە هەولێر لەسەر دەستی باوکی شەرعزانیی خوێندووە، لەسەر دەستی ئین شەدادی مێژوونوسی تایبەتی سەلاحەدینی ئەیوبی ئاشنای ڕێزمانی عەرەبی بووە، جگە لەم دوانەش بەرلەوەی گه‌شتى حەلەب و دیمەشق بکات، شێخ شەرەفەدین ئەحمەدی کوڕی موسا بکوڕی مەنعەی هەولێری و کۆمەڵێکی تر زانا وانەیان بە ئیبن خەلەکان وتووەتەوە[٩]، لە حەلەبیش درێژەی بەخوێندن داوە و بەردەوام بووە لە کۆکردنەوەی زانست، لەوێش لای چەندین زانای گەورەی تر خوێندوویەتی، هەر لەوێش چاوی دەکەوێ بە زانا و مێژوونووسی کورد ئیبن ئەسیر و ئاشنایەتی لەگەڵدا پەیدا دەکات، لەبەر ئەوەی کە دۆستێکی نزیکی باوکی بووە، پەیوەندیەکی بەهێزی لەگەڵدا دروست دەکات و زۆر شتیشی لێوە فێردەبێت[١٠]. لەگەل ئەمانەشدا شارەزاییەکی زۆر باشی لە شەرعزانی(فقه)و ئوسووڵ و زمانی عەرەبیدا هەبووە و، تا ڕادەیەکی بەرچاو شارەزای مەزهەبی شافیعی بووە و، لە فەتواکانیدا دیار بووە کە بەردەوام سەیری ئەو مەزهەبەی کردووە. ئیبن خەلەکان هاوڕێی کتێب بووە و پارە و ماڵەکەی هەموو داوە بە کتێب. لە سەرەتای ژیانیدا حەزی کردووە ببێت بە شاعیر، بۆیە شیعرێکی زۆری داناوە.

- ژیانی وەزیفی ئیبن خەلەکان
   لە سەرەتادا ڕوودەکاتە میسر، لەوێ ماوەیەک دەستبەکار دەبێت لە پۆستی یاریدەدەری قازی گشتی میسر[١٠]، (قازی ئەوکاتی میسر کەسێکی کوردبوو بەناوی بەدرەدین سنجاری)[١١]، لەو پۆستە بەردەوام دەبێت هەتاکو ساڵی ١٢٦١ ز، پاشان روودەکاتە شام لە دیمەشق نیشتەجێ دەبێت، هەر لەوێش دەبێتە داوەری گشتی هەموو ناوچەکانی سووریا، تا هەشت ساڵ لەو پۆستە بەردەوام دەبێت، بەڵام دواتر بەهۆی بڕیارێک(بڕیارەکە سیاسی بوو لەلایەن سوڵتان زاهیر، سوڵتانی ئەوکاتی دیمەشقەوە دەرچوو، دەبێ ژمارەی قازییەکان زیادبکرێت لەبری یەک قازی پێویستە چوار قازی دابنرێ)[١٢]، ئیبن خەلەکانیش وازهێنانی پێ باشتر بوو لەوەی ناکۆکی و راجوێیی بکەوێتە نێوان قازییەکان لە کاتی هەر بڕیارێک دەیانەوێ بیدەن، ئەمەش وردبینی و دووربینی ئیبن خەلەکان دەردەخا، بۆیە لە ساڵی ١٢٦٩ز لە پۆستەکەی لادەبرێت، یان وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بڕیارەکە؛ خۆی واز لە پۆستەکەی دێنێت و دیمەشق جێدێڵێت، لەدوای جێهێشتنی شاعیرێکی سووری -بەداخەوە ناوەکەی ونە- شیعرێک بۆ لەدەستدانی ئیبن خەلەکان دەنوسێ و دەڵێت:
پیاوانی دیمەشق سەرسام بوون
بە زیادبوونی ژمارەی سەرکردەی یاسایی
پیاوانی یاسا وەک ڕۆژن، سەرچاوەن بۆ ڕۆشنایی
بەڵام بۆ لە زۆربوونیاندا ئاشکرایە بە ڕوونی
 
لەبری زیادبوونی ڕۆشنی، وا زیادبوو تاریکایی.[١٣]
 

لە دوایی ئەوەی دیمەشق جێدێڵێت، بەرەو میسر دەگەڕێتەوە، لەوێش دەستدەکات بە وانەگوتنەوە لە خوێندنگەی (الفخریة) لە قاهیرە[١٤]، وە لە کۆتایی ساڵی ١٢٧٦ز دا دیسانەوە دەکرێتەوە بە قازی هەموو شافیعییەکانی سوریا و لە پێشوازیەکی گەورەدا بە ئامادەبوونی پاشای دیمەشق و هەموو سەرکردە سەربازی و کەسایەتییەکانی شارەکە؛ لە ساڵی ١٢٧٨ز دا دەگەڕێتەوە دیمەشق، بەڵام دیسان بەهۆی ململانێی نێوان میرەکان، ماوەیەک دەستگیر دەکرێت، پاش ماوەیەکی کەم لێبووردنی بۆ دەردەکرێت و دیسان دەبێتەوە بە قازی گەورەی ئەو وڵاتە، پاشان دەبێتەوە قازی تا سێ ساڵ بەردەوام دەبێت لەو پۆستە، دوای ئەوە خانەنشین دەکرێت.[١٥]
 ئیبن خەلەکان لە دوو ساڵی کۆتایی ژیانیشدا بەتەواوەتی خۆی یەکلایی کردبۆوە بۆ وانەبێژی و وازی لە دادگەری هێنابوو.[١٦]


-  کۆچی دوایی کردنی
   دوای بەسەربردنی ژیانێکی پڕ شکۆ و بەها لە وەرگرتنی زانست و خەریک بوون بە نوسین وخزمەتکردنی کۆمەڵگە و پێگەیاندنی فێرخوازان، لە(٢٦ی - ڕەجەبی - ٦٨١ک/ ٢ی - تشرینی دووەمی - ١٢٨٢ز) لە دیمەشق کۆچی یەکجاری کرد و لە چیای قاسیون لە گۆڕستانی جوعییە ئەسپەردە کرا. 

- وفاء العينين و الأنباء أبناء الزمان
   کتێبی ''وفاء العينين و أبناء الزمان'': یەکێکە لە کتێبە هەرە بەناوبانگەکانی جیهان؛ لەڕووی بەپێزی و ناوازەیی وردی زانیاری و لێکۆڵینەوەی، ناسراوە بە فەرهەنگی قۆناغ و ژیانی ناوداران، هەژدە ساڵ بە کۆکردنەوە و تۆمارکردنی زانیاری لەسەر ژیانی کەسایەتی و زانا و ناوداران خەریک بوو، لە ساڵی ١٢٥٦ دەستی پێکرد و لە ساڵی ١٢٧٤ تەواوی کرد، بەڵام سەرەڕای تەواوکردنی کتێبەکەشی تا کۆتایی ژیانی هەر خەریکی زیادکردنی زانیاری و تەئکید لێکردنەوەیان بوو، نەبادا هەڵە و کەم و کوڕی تێدابێ لە زانیارییە تۆمارکراوەکانی. خاڵی بەهێزی ئەم کتێبە لەوەدایە؛ بە بەراورد بە کتێبە هاوشێوەکانی نوسەرەکەی گرنگی زۆریداوە بە سەلماندنی ساڵی لەدایکبوون و وەفاتی ناوداران، بەجۆرێک؛ ئەگەر ساڵی مردنی ناودارێکی دەست نەکەوتبێت، ئەوا ژیاننامەکەی هەڵگرتووە و پۆزشی بۆ خوێنەرهێناوەتەوە. زۆرجار دەڵێت: ژیاننامەی فڵان کەسم نەنووسی لەبەرئەوەی ساڵی وەفاتەکەیم نەدەزانی[١٨]، ئەمەش بۆ زانایانی فەرموودەناسی زۆر زۆر گرنگە، تا لە ڕێی ساڵەکانی وەفاتی ناودارانەوە سەنەدی ڕاوییەکانی فەرموودە ساغ بکەنەوە و، پەیوەندی ڕاوییەکان بە یەکترەوە بزانن و، سەنەدی بچڕاو(منقطع) لە سەنەدی پێکەوە گرێدراو(متصل) جیا بکەنەوە، هەر بەهۆی ئەمەشەوە گەلێک کەس ئاشکرا کراون؛ کە فەرموودەیان هەڵبەستووە و بەڵگەیان نەبووە کە لە دەمی پێش خۆیان بیستبێت. ئێستا دەستنووسی ئەو کتێبە بە خەتی دانەرەکەی لە مۆزەخانەی بەریتانیا پارێزراوە، لە ئەڵمانیا بۆ یەکەمجار بە زمانی عەرەبی لە چاپ دراوە، زهیرەدین ئەردەبیلی وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی فارسی، لەلایەن پێنج زانایتر پاشکۆی بۆ دروستکراوە. [١٩] 
بە قسەی ڕۆژهەڵاتناس(فرانس ڕوزنپال)یش یەکێک لە دەستنووسەکانی ئەم کتێبە؛ بە خەتی ئیبن خەلەکان خۆیەتی و
  لە دووتوێی پێنج بەرگدا نوسراوەتەوە(ڕوزنپال خۆی ئەم نوسخەی دیوە).[٢٠] هەروەها لەلایەن (ولیەم مکگوکین دی سلاین) وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی، کە پێکهاتووە لە ٢٧٠٠ لاپەرەی لە چوار بەرگدا، ولیەم مکگوکین دەربارەی کتێبەکە دەڵێ: بەرهەمێکی زۆر گرنگ و نایاب و بەبڕشتە، پێیوایە؛ لەو پەڕی پلەی بەرزی دایە لە ڕووی زانیاری مێژوویی و ئەدەبیات و شارستانییەتی ئیسلامی ٤ـ٧، هەروەها دەڵێت: هەرگیز لە ڕادەی بەرزی و متمانە پێکراوی کتێبەکە کەم نەبۆتەوە، پشت بەستن و ئیعتبار پێکردنی بەردەوام ڕێزلێگیراوە لە هەموو سەردەمە مێژووییەکاندا[٢١]. لەو کارەیدا وا دەردەکەوێت کە ئیبن خەلەکان زۆر شارەزایانە سەرچاوە مێژووییەکانی بەکارهێناوە، بە دەلیل و ڕووداوی سەردەم و ڕۆڵ و پێگەی بنەماڵە و کەسایەتییەکان کە باسیان دەکات، باسەکانی هەر باسی دەستەڵاتداری نییە، بەڵکو باسی ئەدیب و شاعیر زانای ئایینی و یاسایی کراوە، کە خۆی دەدا لە دووسەد و سی ناودار و کەسایەتی کە پێویستن بناسرێن و زانیاریان لەبارەی بەکەڵکە[٢٢].

جگە لەو کتێبە؛ ئیبن خەلەکان خاوەنی چەند کتێبێکی تری زانستی و شەرعزانی(فقه)ی و زمانەوانی بووە، چەندین هۆندراوەشی بە وشەی ناسک و مانادار هۆنیوەتەوە بە زمانەکانی فارسی و عەرەبی. [٢٢]


سەرچاوەکان:
١ـ Lewis, B.; Menage, V.L.; Pellat, Ch.; Schacht, J. (1986) [1st pub. 1971]. Encyclopaedia of Islam (New ١ـ  Edition). Volume III (H-Iram). Leiden, Netherlands: Brill. P. 832. ISBN 978-9004081185. 

٢ـ ابن خلكان: وفيات الأعيان وأنباء أبناء الزمان،ج1، ص5 ؛ يسري عبدالغني عبدالله: معجم المؤرخين المسلمين، ص 120
٣ـ الصفدي: الوافي بالوفيات، تحقيق، احسان عباس، بيروت،
  1969، ج7، ص 313 ؛ الكتبي، فوات الوفيات، تحقيق، إحسان عباس، دار صادر، بيروت، ج1، ص 113.
٤ـ الأسنوي: طبقات الشافعية، تحقيق، عبدالله احمد الجبوري، مطبعة الارشاد، بغداد، ج1، ص 495.
٥ـ وەرگیراوە لە سایتی مێژووی کورد / ن. مامۆستا سۆران حەمەڕەش
٦ـ هەمان سەرچاوە
٧ـ عبدالقادر أحمد طليمات، مظفرالدين كوكبري، المؤسسة المصرية العامة للتأليف، القاهرة،
  1963، ص 15 ـ 55.
٨ـ فراز روزنثال: عام التاريخ عند المسلمين، ص 764 ؛ شكيب راشد آل فتاح: مجدالدين بن الأثير (دراسة نصية)، بحث منشور في مجلة الدراسات الموصلية، العدد 33، رجب 1432 هـ/ حزيران 2011.
٩ـ سایتی مێژووی کورد / ن. مامۆستا سۆران حەمەڕەش
١٠ـ Encyclop
ædia Britannica Online, Ibn Khallikān”. 2010. Retrieved May 22, 2010
١١ـ سایتی مێژووی کورد /ن. م سۆران حەمەڕەش
١٢ـ
  وەفایاتی عەیان و ئەنبائی زەمان / وەرگێڕانی یاسین محمود
١٣ــ
  هەمان سەرچاوە
١٤ـ ڕۆڵی زانا موسڵمانەکان لە پێشکەوتنە زانستیەکاندا / د. کاوە فەرەج سەعدون
 
١٥ـ Encyclop
ædia Britannica Online, Ibn Khallikān”. 2010. Retrieved May 22, 2010. 
١٦ـ عبدالغني عبدالله: معجم المؤرخين، ص 120.
 
١٧ـ رجب محمود البخيت: أعلام المؤرخين مكتبة جزيرة الورد، مصر، ص 241.
١٨ـ ڕۆڵی زانا موسڵمانەکان لە پێشکەوتنە زانستیەکاندا / د. کاوە فەرەج سەعدون
١٩ـ فرانز روزنثال: علم التاريخ عند المسلمين ص 764 ؛ عبدالرحمن البدوي: موسوعة المستشرقين ص 399.
          Ibn Khallikan’s biographical dictionary ٢٠ـ 
٢١ـ
  وەفایاتی عەیان و ئەنبائی زەمان 
٢٢ـ ڕۆڵی زانا موسڵمانەکان لە پێشکەوتنە زانستیەکاندا / د. کاوە فەرەج سەعدون


ئامادەکردنی: شێروان عبدالرحمن
هەڵەچنیی: زانکۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی(زادی)

 

575 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
25/06/2020
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.