فیکری ئیسلامی

ڕێبازی سەیید قوتب(رحمەاللە)


 (مقومات التصور الاسلامي)یی سەیید قوتب دوا کتێبێتی کە لە زیندان نووسیی، تەواو نەکراوە، چونکە تاغووتان بواری تەواوکردنیان نەدا و ئیعدام کرا. بۆیە دوو فەسڵی کۆتایی کتێبەکە کە بە ناوی(حقیقة الحیاة) و (حقیقة الإنسان)ە تەواو نەکراوە.. لەم کتێبەدا فەسڵێك هەیە بە ناوی(الوهیة وعبودیة)، کە (106) لاپەڕەیە، تەرکیز دەکاتە سەر ڕەسەنێتیی دیدو تێڕوانین و پێناسە عەقائیدییەکەی ئیسلام دەربارەی دوو(وجود). یەکەمیان وجودی خوای گەورە و سیفەتەکانی خوایەتیی، کە نابێت و ناشێت و نالوێت، هیچ سیفەتێکی خوای گەورە، بە هیچ رادە و بڕ و بە هیچ شێواز و چۆنیەتییەك و بە هیچ کلۆجێك بە سیفەتی مەخلووق بچوێنرێت.. هەر وەکوو کە نابێت، ناشێت و نالوێت، هیچ سیفەتێکی مەخلووق، بە هیچ رادە و بڕو بە هیچ شێواز و چۆنیەتییەك و بە هیچ کلۆجێك بە سیفەتی خوای گەورە بچوێنرێت..
   هەموو دیدوڕا، بۆچوون، تێڕوانین، بزاوت و هەڵوێستی سەید رحمەاللە لەسەر ئەم حەقیقەتە رەهایە دامەزراوە، لە ناسین، پەرستن و حاکمێتیی خوای گەورەوە بۆ پاڵفتەی دەروونی تاك و بزاوتی ئوممەتی عەقیدەتیی بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵگە، تا دەگاتە ئیدارەی دەوڵەت و ئاڕاستەی کۆمەڵگە..
لەم روانگەوە: دەسپێك؛ ناسینی خوای گەورەیە. پاشان حەتمێتیی پەرستنی، ئینجا بۆ خوا ساغبوونەوە و لێبڕان بۆ بانگەوازەکەی، ئینجا پێکەوەنانی ئوممەتەکەی وەحی هەر بە وەحییەکە، کە تاکوکۆیان بانگەوازی تەوحید ڕووندەکەنەوە و دەیگەێنن، تا خەڵکە بێئاگاکە بە هۆش بهێننەوە. ئینجا بزاوتی شیاوی ئەهلی وەحیەکە دێت -کە هەر بە دینەکەیە- بۆ گۆڕانکاریی، لەخۆگرتن و بەگەڕخستنی ووزە و تواناکانی بەردەست، لە رووبەڕووبوونەوەی جاهیلییەت و حوکمی تاغووتاندا، ئەوانەی حاکمێتییان -کە مافێکی خوای تاك و پاکە و بەس- زەوتکردووە.. ئاوا لە ململانێی وجوددا دەبن تا ئەو کاتەی خوای گەورە بە قەدەری خۆی(تەمکین)یان پێدەبەخشێت، تا خێروبێری سەر زەمین بۆ کامەرانیی کۆمەڵگەکەی دارولئیسلام بخەنەگەڕ و بۆ قیامەتی خۆیانیان ئاڕاستەکەن..

نوسینی: مامۆستا کرێکار
سەرجاوە: پۆستێکی مامۆستا کرێکار لە فەیسبووك، کە لای زانکۆی زادی ئەرشیفکراوە.

 

195 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
25/10/2021
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.