رێنمایی

ستایشکردنێکی فێرخوازانی زادی

ستایشکردنێکی فێرخوازانی زادی

ڕەنگە ئەم ستایشکردنە وەکوو ھەر پیرۆزبایی و دەستخۆشیلێکردنی دەرچوون، سەرکەوتن، وەرگێڕان، نووسین و چالاکییەکی ترتان پەیامێکی دوور و سارد بێت، بەڵام تاکە ڕێگەیەکە کە لەم کاتەدا پەیامی ئێمە دەگەیەنێتە ھەر یەکەتان، دڵنیاین ئێوەیش وەکوو ھەر فێرخوازێکی تری زانستی شەرعی، حەزتان بەستایشکردن نییە و ناتانەوێت بەندەیەکی وەکوو خۆتان وەسفتان بکات بۆ کارێک کە لەبەر خوای گەورە دەیکەن، بەڵام ئێوە شایستەترن بەوەی کە ھەمیشە ستایش بکرێن و سوپاسگوزاریتان بۆ دەر ببڕرێت، چونکە ئێوە بە شەو و ڕۆژ سەرقاڵی خوێندن و گوێگرتنن لە وانەگەلێک، کە ھەموویان لەسەر ئینتەرنێتن و مامۆستاکانیشتان ناناسن! ئەوەیشی ھێناونییە بازنەی خوێندنی "زادی"یەوە؛ جەنابی "مامۆستا کرێکار"ە، کە نزیک دەبێتەوە لە (٣) ساڵ و گوێتان لە دەنگی نەبووە و تەنانەت وێنەیەکیتان نەبینیوەتەوە!. 


ئێوە شایانی ستایشکردنن، چونکە سەرقاڵی خوێندنێکن نە بڕوانامەیەکی موعتەبەری لەسەر وەردەگرن، نە کەسێک ھەیە دەستێک بھێنێت بەسەرتاندا، نە ئاھەنگێکی دەرچوونتان بۆ ساز دەکرێ و نە کتێبێکتان پێ دەگات، نە وانەیەکتان پێ دەوترێتەوە و نە دیارییەکتان پێ دەبەخشرێ، ئێوە فێرخوازانی قۆناغی ناوەندیتان لەھەر پۆلێکدا (١٣) کتێب و فێرخوازانی ئامادەییشتان لەھەر پۆلێکدا (٢٠) کتێب و چەندین وانەی تر دەخوێنن، فێرخوازانی تریش جگە لە ئێوە، لەسەر خوێندنی کتێبێک چەندین خەڵات و سوپاسنامەی شایستەیان پێ دەبەخشرێ. ئێوە شایستەن؛ چونکە ھەموو ئەوانەیش دەبینن، کەچی بێباکانە لەھەر بەرژەوەندییەکی دونیایی، دوای خوێندنی زانست و تێگەیشتن لە ئیسلام کەوتوون.


فیرخوازێکی زادی بۆی گێڕاینەوە کە: "لە ساڵی (٢٠١٧ز)دا لەگەڵ چەند برایەکی تر لە 'پۆلی یەکەمی ئامادەیی ئامەدی ئیسلامی' دەیانخوێند، لە دادگاییەکدا بڕیار درا کە مامۆستا کرێکار لە لایەن 'نەرویج'ەوە تەسلیمی وڵاتی مافیایی 'ئیتالیا' بکرێت، نەھاتەوە و ھەموو کەس دڵنیا بوو لەوەی کە تەسلیم دەکرێت، وتی ئێمە ھەر لەسەرەتاوە بڕیارمان دا کە نەوەستین لە خوێندن، کتێبی یەکەممان تەواو کرد و چووینە سەر دواتر، وتمان ھەر دەخوێنین تا مامۆستا دێتەوە، کە ھاتەوە لە ھەرچییەکی خوێندبێتمان تاقیکردنەوە دەکەین و دواش ناکەوین، با کە ھاتەوە نەڵێت 'ئەوانە لە دوای من وازیان لە خوێندن ھێناوە و سارد بوونەتەوە!'، ئەمەش لە کاتێکدا ئێمە چەند مانگێک بوو بە خزمەتی جەنابی مامۆستا گەیشتبووین و تەمەنیشمان لە سەرەتای لاویماندا بوو. دواتر لە پڕێکدا مامۆستا ئازاد کرا و ھەموو شتەکان پێچەوانە بوونەوە، ئێمەش ھێشتا لە نیوەی کتێبی دووەمدا بووین، کە ئەوەمان بۆ گێڕایەوە زۆری پێ خۆش بوو، لەو ڕۆژە بەدواوە زیاتر گرنگیی پێ دەداین، وانەی تریشی پێ دەوتینەوە و کاتی بۆ تەرخان دەکردین بۆ گفتوگۆکردن". 


بەفەزڵی خوای ھیدایەتبەخش؛ ئێوەیش وەکوو ئەوان وا نزیکەی (٣) ساڵ تێپەڕدەبێت و بۆ ساتێکیش نەوەستاون، ئێمە دڵنیاین ئێستا مامۆستا لەکاتەکانی گیرابوونی دوعادا نزای خێر بۆ ھەمووتان دەکات، دڵنیایشین ئەگەر ئێستا ئامادە بووایەوە و بیتوانیبا؛ سەری یەکبەیەکتانی ماچ دەکرد و دەستی ماندووبوونی دەگوشین، دڵنیاین دڵە پڕ لە ئیمانەکەی ئێستا لە خەمی ئێوەیشدایە و ھیوایەکی زۆری پێتان ھەیە، ئەو ھەمیشە لەسەر سوننەتی پێغەمبەری نازدار (علیە الێلاە والسلام) ھەڵسوکەوتی لەگەڵ گەنجدا دەکرد، قەدری زۆری بۆ دادەنان، ئومێدی پێیان بوو، کار و پڕۆژەی لەسەر بونیاد دەنان، متمانەیەکی زۆر سەیری پێ دەکردن! دڵنیاین ئەگەر ئێستا لە دەرەوەی زینداندا بووایە، یان لانی کەم بیزانیبا ئێوە چەند و چۆن، بەشەو و ڕۆژ، بە مانگ و ساڵ و بەتەنیا و ھەر یەکە لەشار و وڵاتێکەوە سەرقاڵی خوێندنی زانستی شەرعین لە "زادی"دا، دەستی بەسەر دڵە ماندووەکەیدا دەھێنا و دەیوت: پەیامەکەم گەیشتووە و ئێستا ئیتر ئەوان دەتوانن بەبێ منیش ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆ. چونکە ئەو زۆر بەباشی دەزانێت، پەروەردەبوونی نەوەیەکی خواویست -کە ناوی نابوون (شاھیدانی خواویستی)- لەسەر زانستی شەرعی و فیکر و واقیعناسی؛ واتا درووستبوونەوەی نەوەیەک، کە وەکوو باشترین ئوممەت ڕێبەری دەکەن و خواویستانە ئەرکی شاھیدیدان دەگرنە ئەستۆ، وەکوو چۆن خواویستانە ئەرکی فێرخوازێتییان لەپێشتردا گرتبووە ئەستۆ، لە لۆمەی لۆمەکاران ناترسن، بێنازی و ھەتیویی خۆیشیان ڕایان ناگرێت.


ئێمەیش داوای لێبووردن دەکەین کە ھیچمان بۆ بێنازیی ئێوە پێ ناکرێ و لە ھەمان دۆخی ھەتیوویی ئێوە داین، بەڵام بە ئومێدی خوای تاک و پاکی بێھاوتای کاربەجێ، چاومان لە ئاسۆیەکی ڕوونە، کە بە "زادی" دەست پێ دەکات و بە "تەمکین" ئۆقرە دەگرێ، ئێوەش ھیچ کات مەھێڵن ڕیگرییەکان ساردتان بکەنەوە، ئەگەر یەکێکتان وەستاوە، جارێکی تر با بە بڕیارێکی بنبڕەوە دەست پێ بکاتەوە، کۆڵی بەرپرسیارێتی لای خۆتانەوە بدەن بەسەر شانتاندا، بێگومان ئەم قۆناغەیش تێدەپەڕێت و (ان شاء اللە) بەسەرکەوتنی ئێمە و پێگەیشتنی زاتیی تاک بە تاکمان کۆتایی دێت.

 

سوور بن لەسەر خوێندنی ھەموو دەرسەکان بەباشی و بەدەستھێنانی نمرەی بەرز و پلەی یەکەم، سووربن لەسەر پتەوکردنی پەیوەندیتان وەل خوای گەورە و تەزکییەی نەفس و پارسەنگیی ڕەوشتتان، سووربن لەسەر تێگەیشتن و پێگەیشتنتان، ببن بە خشتێکی لەقاڵبدراوی ئامادەکراو بۆ قۆناغێک کە بینای نەوەیەکی خواویست دەکرێت بۆ شاھیدیدانێکی تر و پێویستییان بە ئێوە دەبێت، با ڕێگرییە مادییەکان دوورتان نەخەنەوە لەیەکتر و لەھەر موسوڵمانێکی ھاوئوممەتیی خۆتان، سوور بن لەسەر پڕکردنەوەی کەلێنی دووریتان بە دڵسۆزی و دوعاکردنتان بۆ یەکتری، بۆ ھەر فێرخوازێکی تری دەرەوەی "زادی"، بۆ "زادی" و مامۆستا کرێکار، پیرۆزبایی و دڵخۆشیی خۆتان بۆ دەرچوونی برا و خوشکەکانتان لەپۆلەکانی تردا دەر ببڕن، خەڵکی تر بانگھێشت بکەن بۆ خوێندن و پێگەیشت لە "زادی"، خوای گەورەش دەستی پێمانەوە بێت و بەردەوامی بە ھەموومان ببەخشێت، ئامین.

بەڕێوەبەرایەتیی زانکۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی (زادی)
٢٠/١١/١٤٤٣کۆ – ٢٠/٦/٢٠٢٢ز.


776 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
20/06/2022
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.