فیکری ئیسلامی

قورئان رێبازه‌

قورئان رێبازه‌

قورئانی پیرۆز به‌رنامه‌ی ئه‌م بانگه‌وازه‌یه‌، رۆحێتی ، بوژێنه‌ره‌وه‌یه‌تی . قورئان روون كه‌ره‌وه‌و ته‌رجومانی ئه‌م بانگه‌وازه‌یه‌ ، قورئانه‌ ده‌ستوورو به‌رنامه‌و پێڕه‌وو پڕۆگرامی ئه‌م بانگه‌وازه‌ یه‌، كورت و موخته‌سه‌ر : قورئان سه‌رچاوه‌ی هه‌موو بیروهۆش و كارێكی داعیه‌كانه‌ . بۆیه‌ ده‌بێت به‌رنامه‌و شێوازی بزاڤ و توێشووی رێیان هه‌ر له‌ قورئانه‌وه‌ وه‌ربگرن { وَنَزَّلْنَا عَلَيْكَ الْكِتَابَ تِبْيَانًا لِّكُلِّ شَيْءٍ وَهُدًى وَرَحْمَةً وَبُشْرَى لِلْمُسْلِمِينَ} واته‌ : قورئانمان كه‌ بۆ تۆ ناردۆته‌ خواره‌وه‌ روون كه‌ره‌وه‌و ڕێنیشانده‌ری هه‌موو شتێكه‌و سۆزو به‌زه‌ییشه‌ بۆ موسوڵمانان .

بابه‌ت وباس وخواسی بانگه‌واز له‌ چه‌نده‌ها سوره‌ت وئایه‌تی قورئانی پیرۆزدا هاتووه‌ كه‌ گرنگی وگه‌وره‌یی وپله‌ به‌رزی بانگه‌واز ده‌رده‌خه‌ن .. دوژمنانی خوا ـ له‌ كۆن و نوێدا ـ ده‌یانزانی كه‌ ئه‌م قورئانه‌ وورو هێزو ووزه‌یه‌كی وا له‌ دڵ و ده‌روونی شوێن كه‌وتووه‌كانیدا دروست ده‌كات ، ده‌ست به‌جێ ده‌یانخاته‌ كار . ئه‌وسا هه‌موو هێزی دنیا ناتوانێت نه‌ كاره‌كه‌یان راگرێت ، نه‌ بێ به‌رهه‌میشی بكات . چونكه‌ له‌ راستیدا ده‌ستی قه‌ده‌ری خوای میهره‌بان وكردگاری ئه‌م گه‌ردوونه‌یه‌ كه‌ بزاڤی موسوڵمانان ده‌گرێته‌ خۆو له‌ به‌رژه‌وه‌ندی دنیاو دوایی موسوڵمانان بۆ خۆی هه‌ڵده‌سوڕێنێت .

ئا ئه‌م قورئانه‌ پێیرۆزه‌ی ئه‌مڕۆ وا شوێن كه‌وتووانی قه‌دری نازانن و ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانن له‌ پشت سه‌ری زه‌یستانه‌وه‌ بۆ مۆته‌كه‌ دوور خستنه‌وه‌! داینێن ، یان ئه‌وه‌نده‌ی لێ ده‌زانن كه‌ ئایه‌ته‌كانی بكه‌نه‌ نوشته‌، یان ئاوازی بۆ دانێن و موسابه‌قه‌ی ده‌نگ خۆشی پێ بكه‌ن تا بزانن كام قورئان خوێن ده‌نگی خۆشتره‌ .. ئا ئه‌م قورئانه‌ی چه‌ندین سه‌ده‌ی پڕ مه‌كرو فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازی دوژمنانی ئیسلامی به‌سه‌ردا هات وچوو سه‌دان سه‌ده‌ی نه‌زانین و نه‌ناسینه‌وه‌ی له‌ شوێن كه‌وتووانی دیت ! سه‌دان بارودۆخی ناله‌باری موسوڵمانانی دیت ، جۆره‌ها په‌ڵه‌ هه‌وری چڕو چڵكنی دید لێڵی موسوڵمانانی دیت و ئاهی بۆ واقیعی تاڵی نه‌وه‌كانیان هه‌ڵ كێشا!!

دوژمنانی خواوویستی نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ داده‌نیشتن و له‌ نهێنیه‌كانی ئه‌م قورئانه‌ ده‌كۆڵینه‌وه‌ .. قسه‌و باسی دوورو درێژیان له‌سه‌ر ده‌كرد ، دیراسه‌یان ده‌كرد كه‌ ئه‌و خاڵانه‌ كامانان كه‌ ئاوا ووره‌و تین و ووزه‌و هێز ده‌ده‌نه‌ تاك و كۆمه‌ڵی موسوڵمانان تا ئه‌و بزاڤه‌ كاریگه‌ره‌ نه‌پساوه‌یان له‌ گۆڕانكاری كۆمه‌ڵه‌كانیاندا هه‌ر به‌رده‌وام بێت !! ئه‌وجا پیلانیان داده‌نا ، نه‌خشه‌ی نه‌هێشتن یان لاواز كردنی ئه‌و سه‌رچاوه‌ی ووزه‌ه‌ ووره‌یان داده‌ڕشت ، پیلانی ئه‌وه‌یان داده‌نا كه‌ چۆن ئه‌و خاڵه‌ قورئانیانه‌ بشێوێنن تا ووره‌ی موسوڵمانان لاواز كه‌ن و له‌ رووی ده‌روونیه‌وه‌ ره‌شبینیان كه‌ن و هێزه‌ مه‌عنه‌ویه‌كه‌یان بێ ئه‌سه‌ر بخه‌نه‌ لاوه‌و خۆشیان بڕوخێنن ! كتێبی لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌نووسی كه‌ به‌ چ شێوازێك بتوانن واتاو مانای ووشه‌كان بگۆڕن و چی بكه‌نه‌وه‌ به‌ مانایان ! چ جۆره‌ دیدو بۆچوونێكی ساخته‌یان لێوه‌ داهێنن تا ئه‌م دینه‌ له‌و هێزه‌ مه‌عنه‌ویه‌یه‌وه‌ بگۆڕن ، له‌ هێزێكی كاریگه‌ری به‌رده‌وامه‌وه‌ كه‌ ناهه‌قی له‌ ره‌گ و ریشاڵه‌وه‌ هه‌ڵده‌كێشێت و ده‌سه‌ڵاتی تاغووتانی سه‌ر زه‌مین ده‌ڕمێنێت و ڕایان ده‌دات ، تا حوكمی دادی خواوویستی له‌سه‌ر زه‌وی دامه‌زرێنێت .. كۆڕیان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گرت كه‌ چین و به‌چی ئه‌م قورئانه‌ له‌م به‌رنامه‌و ئامانجه‌وه‌ بگۆڕن بۆ بزاڤێكی جه‌ده‌لی به‌تاڵ ! بۆ كۆڕی رۆشنبیری ساردوسڕ ، بۆ توێژینه‌وه‌ی ماندووكه‌ری كه‌له‌پووری ، بۆ بابه‌تی تپكچڕژاوو ئاڵۆوی تیۆری مردوو ! یان بۆ موناقه‌شه‌و ده‌مه‌وه‌ڕی و شه‌ڕه‌ ده‌نووكی فیقهی خه‌یاڵی .. بۆ هه‌وا كێڵان و ئاو بێژانه‌وه‌ !!!

ئه‌مڕۆ له‌ جیهاندا هه‌فتانه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ كتێبێك به‌ یه‌كێك له‌ زمانه‌ بێگانان ده‌رباره‌ی خاڵی ووردو درشتی ئه‌م دینه‌و ئوممه‌ته‌و بزاڤه‌كه‌ی ده‌نوسرێت وبڵاو ده‌كرێته‌وه‌ ، ده‌رباره‌ی سروشتی دینه‌كه‌ ، ده‌رباره‌ی مێژوی بانگه‌وازی ، ده‌رباره‌ی سه‌رچاوه‌ی هێزو شێوازی ئاراسته‌و په‌روه‌رده‌ كردنی ، ده‌رباره‌ی پلانی به‌رهه‌ڵستكاری بانگه‌وازه‌كه‌ی و شێوازی شێواندن و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌و چۆنیه‌تی گۆڕینی رێبازه‌كه‌ی .. بێ گومان زۆربه‌شیان وا نانووسن كه‌ نییه‌تی پیس و نیازی گڵاوو قین و بوغزیان ده‌رخات ، چونكه‌ ده‌زانن هێرش كردنه‌ سه‌ر ئیسلام ـ به‌ شێوه‌ی زه‌ق و ئاشكرا ـ خه‌ڵكیان لێ ده‌وروژێنێت ، ڕق و قینی میلله‌تانی موسوڵمانیان لێ هه‌ڵ ده‌ستێنێت ، گیانی به‌رهه‌ڵستی و به‌رگری و تۆڵه‌یان تێدا ده‌بوژێنێته‌وه‌و گه‌شه‌ به‌ رۆحی جیهاد ده‌داته‌وه‌ له‌ بیرو ژیری ودڵ وده‌روونیاندا ، بۆیه‌ ده‌بینیت زۆربه‌ی رۆژئاواییه‌كان زۆر فێڵبازانه‌ ده‌كه‌ونه‌ مه‌تح و سه‌ناو پێدا هه‌ڵگوتنی ئیسلام ، باسی جوانی و بلیمه‌تی ئیسلام ده‌كه‌ن ! تا به‌ ته‌واوی هه‌ست و غیره‌ت و حه‌ماسه‌ت و ووره‌ی موسوڵمانان سڕ ده‌كه‌ن ! له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ متمانه‌ی خوێنه‌رو گوێ گره‌كانیشیان بۆ خۆیان كێش ده‌كه‌ن ، پاشان ژه‌هریان بۆ ده‌كه‌نه‌ ناو كاسه‌ی باسه‌كانه‌وه‌و پێشكه‌شیانی ده‌كه‌ن وده‌ڵێن : ئا ئه‌مه‌یه‌ ئیسلام ! ئینجا به‌ موسوڵمانان ده‌ڵێن: ڕاسته‌ دینه‌كه‌تان زۆر به‌رزو به‌ قه‌درو گرنگه‌ به‌ڵام پێویسته‌ له‌ هه‌ندێك لایه‌نیدا گۆڕانكاری تێدا بكرێت ! له‌ هه‌ندێ یاساو رێساو ئه‌حكامیدا تا له‌گه‌ڵ شارستانێتی ئه‌مڕۆی مرۆڤایه‌تیدا بگونجێت. ده‌ڵێن : دینه‌كه‌تان زۆر چاكه‌ به‌ڵام پێویسته‌ هه‌ر وه‌كو باوه‌ڕو قه‌ناعه‌تی شه‌خسی له‌ دڵ و ده‌روونی خاوه‌نیدا بمێنێته‌وه‌ !! دینه‌كه‌تان چاكه‌ به‌ڵام ...!!

ئای چه‌ند به‌رهه‌می زركه‌ تاڵ و كاڵی ئه‌م پلانه‌ ژه‌هراویه‌مان بیست وبینی ، ئه‌م به‌یت و بالۆره‌مان له‌ هه‌زاران كه‌سی گێلی خۆمانه‌وه‌ بیست ، ئا ئه‌م زه‌قنه‌بووته‌ بوو كه‌ به‌ خوێنی ئه‌م نه‌وه‌ موسوڵمانانه‌ی دواییدا ته‌شه‌نه‌ی كردو باوه‌ڕیانی كرمۆڵ كرد ، ئه‌وه‌تا قه‌ناعه‌تی هه‌ندێكی وا پواندووه‌ كه‌ به‌ ناویش له‌ ریزی ئه‌هلی ئیسلامدا نه‌ماون!

ئه‌م شه‌ڕه‌ دژواره‌ی دوژمنانی دین هه‌ر به‌رده‌وامه‌ چونكه‌ دوژمنانی ئیسلام سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی موسوڵمان له‌م قورئانه‌ دوور خه‌نه‌وه‌ ، له‌ هه‌وڵێكی ماندوو نه‌ناسانه‌دان تا نه‌هێڵن خه‌ڵكی له‌م قورئانه‌ حاڵی بێته‌وه‌ ، نه‌بادا دینه‌كه‌ سه‌ر له‌ نوێ بێته‌وه‌ بوون !{وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا لَا تَسْمَعُوا لِهَذَا الْقُرْآنِ وَالْغَوْا فِيهِ} واته‌ : گوێ له‌م قورئانه‌ مه‌گرن و گاڵه‌ گاڵی تێدا بكه‌ن . یه‌عنی مه‌هێڵن خه‌ڵكی لێی تێ بگات !!

له‌ راستیدا جاهیلییه‌تی مه‌كربازی نوێ شه‌ڕێكی سه‌خت و پڕ فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازی دژی ئه‌م قورئانه‌ به‌رپا كردووه‌و به‌ هه‌موو شێوازێك هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م قورئانه‌ له‌ رێكخستنی ژیان دوور بخاته‌وه‌ ، چونكه‌ جاهیلییه‌ت زۆر چاك ده‌زانێت دروست بوونی بزوتنه‌وه‌یه‌كی قورئانی له‌ دڵ و ده‌روونی خه‌ڵكیدا چ مه‌ترسیه‌كی پێوه‌یه‌ ، چ كۆسپێكی دێنێته‌ رێ .. گلادستۆنی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا ده‌یووت : ( تا ئه‌م قورئانه‌ له‌ نێواندا مابێت ، ئه‌وروپا ناتوانێت ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتدا بگرێت و ناشتوانێت دڵنیا له‌ هیچ شوێنێكدا بمێنێته‌وه‌) .

سه‌ره‌نجامی راپه‌ڕاندنی ئه‌م نه‌خشه‌ گڵاوه‌یه‌ كه‌ ئه‌م خه‌ڵكه‌ ئاوایان لێ هاتووه‌ ، ته‌نها ناوی ئیسلامیان پێوه‌ ماوه‌ ! ئه‌وی قورئانیش ده‌خوێنێت له‌ ده‌زووله‌كانی ده‌نگی زیاتر هیچی تری نابزوێنێت ! زۆریشیان یان بۆ ئاوازوده‌نگ خۆشی ده‌یخوێنن ، یان وه‌ك كاسبی ! یان بۆ نووشته‌و مووشته‌ به‌ كاری ده‌هێنن ! له‌ كاتێكدا كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم زۆر به‌ توندی به‌رهه‌ڵستی ئه‌و كه‌سانه‌ی كردووه‌ كه‌ قورئان ده‌خوێنن به‌ڵام گوێ ناده‌نه‌ ئامۆژگاریه‌كانی ! وه‌ك ده‌فه‌رموێ : (ألا أخْبِرُكُمْ بِخَيرِ النَّاسِ وشَرِّ الناسِ ؟ إنَّ خيرَ الناسِ رَجُلٌ عَمِلَ في سبيلِ اللهِ على ظَهْرِ فَرَسِهِ أو ظَهْرِ بَعِيِرِهِ أو علَى قَدَمِهِ يأتيهِ المَوتُ . وإنَّ شَرَّ الناس رجلٌ يَقرأُ كِتابَ اللهِ لا يَرعَوي بِشئٍ مِنْهُ) واته‌ : پێتان بڵێم چاكترین كه‌س و خراپترین كه‌س كێیه‌ ؟ چاكترین كه‌س ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ مردنی ده‌گاتێ وله‌ پێناوی خوادا له‌كاردایه‌ جا له‌سه‌ر پشتی ئه‌سپی بێت یان ووشتره‌كه‌ی یان هه‌ر پیاده‌ بێت . خراپترین كه‌سیش ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ قورئان ده‌خوێنێت به‌ڵام گوێ ناداته‌ هیچی! واته‌ هیچ ته‌علیماتێكی جێبه‌جێ ناكات.

خوا گه‌وره‌ خۆی زامنی پارێزگاری كردنی قورئانی له‌ فه‌وتان و گۆڕین كردووه‌ وه‌ك خۆی ده‌فه‌رموێ : { إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ} واته‌ : ئێمه‌ خۆمان قورئانمان ناردۆته‌ خواره‌وه‌ خۆشمان پارێزگاری ئه‌وین . ئه‌وه‌ش هۆیه‌كی تره‌ كه‌ وای له‌ دوژمنانی خواو دوژمنانی ئه‌م دینه‌ كردووه‌ هه‌موو هه‌وڵ و ره‌نجیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ ، به‌و هه‌موو پیلان و فێل و فریوو دانه‌وه‌ هه‌وڵی په‌ك خستن و شێواندنی سروشت و ته‌بیعه‌تی مرۆڤه‌كان ده‌ده‌ن ، نه‌بادا وه‌ده‌نگ بانگه‌وازه‌كه‌ی خواوه‌ بێن ! به‌ هه‌موو هۆكارێك خه‌ریكن خه‌ڵكه‌كه‌ له‌و قورئانه‌ دوور خه‌نه‌وه‌ .. مامۆستا حسن الهچیبی ده‌ڵێ :(مه‌گه‌ر نابینی دوژمنانی ئیسلام چه‌ند بێ خه‌م ودڵنیان له‌ بێ ئاگایی ونه‌زانی موسوڵمانان ، چه‌ند دڵنیان له‌وه‌ی كه‌ موسوڵمانان هه‌ر چه‌ند قورئانه‌كه‌شیان بخوێنن لێی حاڵی نابن . نابینی گاڵته‌ پێكردنیان گه‌یشتۆته‌ چ راده‌یه‌ك كه‌ ئایه‌تی قورئان بۆ موسوڵمانان له‌ ئیزگه‌كانی ئیسرائیل و له‌نده‌ن و پاریسه‌وه‌ بۆ ده‌خوێننه‌وه‌ ؟!! )

ئه‌م قورئانه‌ كتێبی خوای گه‌وره‌یه‌ ، كتێبی ئه‌م بانگه‌وازه‌یه‌ . قورئان نووره‌ ، رۆحه‌ هه‌ر به‌وه‌نده‌ی بگاته‌ دڵێكی مردوو زیندووی ده‌كاته‌وه‌ ، به‌ر هه‌ر دڵ و ده‌رونێكی غافڵ بكه‌وێت ده‌ستبه‌جێ رای ده‌په‌ڕێنێت و به‌ ئاگای ده‌هێنێته‌وه‌ .. جا ئه‌گه‌ر ئه‌م ملیۆنه‌ها كه‌سه‌ی لافی ئیسلامه‌تی لێ ده‌ده‌ن و خۆیان به‌ موسوڵمان ده‌زانن مانای ژیانی ناو قورئانیان بزانیایه‌ ، ئه‌و ژینه‌ی كه‌ قورئان بۆ شوێن كه‌وتووانی روون ده‌كاته‌وه‌و هه‌موویانی له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ ده‌كات ، ئه‌و كاته‌ بارودۆخ و ئه‌حواڵیان ئا به‌و شێوه‌یه‌ نه‌ده‌مایه‌وه‌ كه‌ ئێستا تێیدان .. ئاوا لاوازو زه‌لیل و بێ ده‌سه‌ڵات و نه‌بوو نه‌ده‌بوون ..

پێویسته‌ له‌سه‌ر داعیه‌كان زۆر له‌به‌ر ده‌م ئه‌م راستیه‌دا بۆ سه‌رنجدان بوه‌ستن ، هه‌ر وه‌كو كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم له‌به‌ر ده‌میدا ده‌وه‌ستا . ده‌بێت داعیه‌كانی ئه‌مڕۆش هه‌ر له‌ خاڵی یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه‌ . چونكه‌ هێنانه‌وه‌ی دین و جێبه‌جێ كردن و راپه‌ڕاندنی ـ چ ئه‌مڕۆ چ سبه‌ی ـ هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ داده‌مه‌زرێته‌وه‌ كه‌ : ده‌بێت خه‌ڵكی سه‌ر له‌ نوێ له‌ جاهیلییه‌ته‌وه‌ ده‌ربهێنرێنه‌وه‌ .. له‌ سفره‌وه‌ بخرێنه‌وه‌ ناو ئه‌م دینه‌ . ئه‌مه‌شه‌ خاڵی سه‌ره‌كی سه‌ره‌تا . دوای ئه‌م قۆناغه‌ش ئیتر شتێكی سروشتی و چاوه‌ڕوان كراوه‌ كه‌ تاقی كردنه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات .. قۆناغی ناڕه‌حه‌تی و به‌ڵاو موسیبه‌ت .. قۆناغی ئه‌شكه‌نجه‌و ناسۆرو ژان.. قۆناغی راكه‌ راكه‌و خۆشاردنه‌وه‌و هه‌ڵاتن .. ئینجا هه‌ندێ كه‌س ـ سه‌ره‌نجامی ناسۆره‌كانی رێ ـ له‌ دینه‌كه‌ پاشگه‌ز ده‌بنه‌وه‌ .. هه‌ندێكیش خۆ ده‌گرن سڵ له‌ مه‌ترسی ناكه‌نه‌وه‌و له‌سه‌ر رێبازی ئیسلامه‌تی خۆیان هه‌ر ده‌مێننه‌وه‌و پاشگه‌ز نابنه‌وه‌و ناگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو زه‌لكاوه‌كه‌ی جاهیلییه‌ت .. چونكه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناو جاهیلییه‌ت پێ ناخۆشه‌ به‌ قه‌ده‌رئه‌وه‌ی فڕێیان ده‌نه‌ ناو ئاگره‌وه‌ .. ئیمانداره‌كان هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بن وسوور ده‌بن له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و په‌یمانه‌كه‌یان ـ كه‌ به‌ خوای خاوه‌نی خۆیان داوه‌ ـ هه‌ر ده‌به‌نه‌ سه‌ر . ده‌مێننه‌وه‌و تا كۆتایی ته‌مه‌ن ئارام ده‌گرن ، تا به‌ شاهیدی وشه‌هیدی سه‌ر ده‌نێنه‌وه‌ ..

ئیتر ئه‌م ململانێ وده‌به‌ڕێك ڕاچوونه‌ی ئه‌هلی جاهیلییه‌ت وئه‌هلی ئیسلام به‌رده‌وام ده‌بێت تا خوای گه‌وره‌ داوه‌ری نێوانیان ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتداری حوكمڕانی ده‌داته‌ ده‌ست پیاوچاكان و پێشڕه‌وانی خواوویستی دێنێته‌وه سه‌ر كار ، هه‌ر وه‌كو كه‌ له‌ ناو نه‌وه‌ی جیاوازو له‌ زه‌مانه‌ جیاوازه‌كانی مێژوودا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ده‌دایه‌ ده‌ست موسوڵمانانی پێشوو .. ئیدی جارێكی تر سیستمی ئیسلامی وسایه‌ی دادی خواوویستی له‌سه‌ر پارچه‌ خاكێكی خوا ، باڵی هێمنی وسۆزو ره‌حمه‌تی به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا ده‌كێشێته‌وه‌

جاهیلییه‌تی ئه‌مڕۆ ـ له‌ ناوه‌رۆكیدا ـ هیچ جیاوازیه‌كی له‌گه‌ڵ جاهیلییه‌تی كۆندا نییه‌ .. ئه‌وه‌ی وه‌كو جیاوازیش جار جاره‌ ده‌رده‌كه‌وێت ته‌نها له‌ رواڵه‌تدایه‌و به‌س . بۆیه‌ به‌ڕاستی پێویسته‌ موسوڵمانانی ئه‌مڕۆ زۆر هۆشیارانه‌ بانگه‌وازه‌كه‌یان بڵاوكه‌نه‌وه‌ تا راستی دینه‌كه‌یان وه‌كو خۆی بخه‌نه‌وه‌ پێش چاو .. ده‌بێت شۆڕشێكی ئیسلامی به‌رپا كرێته‌وه‌ شۆڕشێك بێت ته‌نها له‌ پێناوی خوای گه‌وره‌دا بكرێ ، بۆ چه‌سپاندنی دادی خواوویستی و حه‌ق و حه‌قخوازی .. شۆڕشی موسوڵمانان كاری هه‌ڕه‌مه‌كی و بێ سه‌رو به‌ر نییه‌ . به‌ڵكو بزاڤێكی رێنیشاندانی هۆشیارانه‌ی به‌رپرسییه‌ . چونكه‌ خوای خاوه‌ن هه‌ر زه‌مانێك كه‌ پێغه‌مبه‌رو په‌یامی خۆی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی نارد بێت ، به‌و هیوایه‌ ناردوونی كه‌ پێغه‌مبه‌ران و پیاوچاكان به‌ پێی ته‌علیماتی ئه‌و بزاڤی ئیسلامی دابمه‌زرێنن . به‌ ئاڕاسته‌ی خوای گه‌وره‌ كار كه‌ن . وه‌ك ده‌فه‌رموێ : {ثُمَّ جَعَلْنَاكَ عَلَى شَرِيعَةٍ مِّنَ الْأَمْرِ فَاتَّبِعْهَا وَلَا تَتَّبِعْ أَهْوَاء الَّذِينَ لَا يَعْلَمُونَ} واته‌ پاشان تۆمان خسته‌ سه‌ر راو رێبازی شه‌ریعه‌تێك ، ده‌ تۆش شوێنی كه‌وه‌و شوێن هه‌واوهه‌وه‌سی ئه‌و كه‌سانه‌ مه‌كه‌وه‌ كه‌ نازانن .

خوای گه‌وره‌ یاساو رێسای خه‌بات و تێكۆشانی له‌ پێناوی خۆیدا بۆ دیاری كردووین . كه‌وا بوو هه‌ر ده‌بێت بانگه‌وازێكی نوێ بێته‌ مه‌یدانه‌وه‌ ، بانگه‌وازێك كه‌ شاره‌زای رێگاكه‌ بێت و دوژمن بناسێت و ئاشكرایانه‌ ئاڵای خواوویستی هه‌ڵكات و سوور بێت له‌سه‌ر رێبازو ئامانج تا ده‌گاته‌ كۆتا مه‌به‌ست ..

هه‌ڵگرانی مه‌شخه‌ڵی خواوویستی هه‌ر ده‌بێت بێنه‌وه‌ پێشه‌وه‌و به‌یداخی ئه‌م دینه‌ خواییه‌ هه‌ڵگرنه‌وه‌و بكه‌ونه‌وه‌ شوێن په‌یامی خواوویستی . ده‌بێت هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو هێمن و دڵنیا پێ هه‌ڵگرن و به‌و رێیه‌دا بڕۆن كه‌ قورئانه‌كه‌ی خوای زاناو كار به‌جێ دیاری كردووه‌ . ده‌بێت ده‌رس وپه‌ندو ئامۆژگاریشیان له‌و كه‌ڵه‌پیاوانه‌وه‌ وه‌رگرنه‌وه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ سه‌ر قافڵه‌ی كاروانی خواوویستی له‌ پێغه‌مبه‌ران و یاوه‌رانیان..

سه‌یید قوت

1296 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
12/06/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.