فه‌رمووده‌ناسی

پێناسه‌ی زاراوه‌كان لە زانستی فەرمودەوانی

- سووننه‌ت : فه‌رمووده‌و كرده‌وه‌و په‌سه‌ندكراوو نه‌هی لێكراوی پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ

هه‌رچی له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بیسرابێت- جگه‌ له‌ قورئان-  پێی ده‌گوترێت : حه‌دیس .

- سه‌حابی : هه‌موو مرۆڤێكی  بڕواداره‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ی دیبێت ،  یا پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ئه‌وی له‌ ژیانیدا دیبێت و به‌ بڕواداری مردبێت .

- تابیعی : هه‌موو مرۆڤێكی بڕواداره‌ كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ هاوەڵان (ئه‌سحابه‌ ) گه‌یشتبێت  ئیتر ئایا زۆر له‌گه‌ڵیدا بوو بێت ، یان نا ، یا فه‌رمووده‌ی لێوه‌ گێڕابێته‌وه‌ یان نا ..

یه‌كه‌م كه‌سێك كه‌ فه‌رمووده‌ی نووسیوه‌ته‌وه‌ :

محمدی كوڕی موسلیمی زوهری بوو ، ساڵی 124 ی كۆچی بوو .

- بۆچی حه‌دیس له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ خۆیدا نه‌نوسرایه‌وه‌ ؟

- چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ خۆی نه‌یده‌هێشت ـ بێجگه‌ له‌ قورئان ـ بنووسنه‌وه‌ ، نه‌وه‌ك له‌گه‌ڵ قورئاندا تێكه‌ڵ ببێت .

-  راوی ( گێڕه‌ره‌وه‌ ) : ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ فه‌رمووده‌ی گێڕاوه‌ته‌وه‌ .

- مه‌روی ( گێڕراوه‌ ) : له‌فز ( لفظ ) ی فه‌رمووده‌كه‌یه‌ یان ماناكه‌ی .

- سه‌نه‌د : ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ فه‌رمووده‌كه‌یان گێڕاوه‌ته‌وه‌ ، زنجیره‌ی ناوه‌كانه‌ تا ده‌گاته‌وه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ .

- ده‌ق ( مه‌تن ) : خودی فه‌رمووده‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ره‌ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ .

- ئاسه‌وار ( الاثر ) : به‌وه‌ی له‌ سه‌حابیه‌وه‌ گێڕرابێته‌وه‌ ، جاری وا هه‌یه‌ به‌ مانای سووننه‌تیش دێت .

- خه‌به‌ر : به‌وی له‌ تابعینه‌وه‌ گێڕرابێته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها جاری وا هه‌یه‌ به‌ مانای سووننه‌تیش به‌كار دێت .

- موحه‌دیث ( موحه‌ددیس ) : ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ فه‌رمووده‌ی زۆری له‌به‌ر بێت ، له‌گه‌ڵ زانینی سه‌نه‌دو هۆكان و تانەو راستکردنەوە  (الجرح والتعدیل ).

- حافظ : ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ ئاگاداری سه‌د هه‌زار فه‌رمووده‌ بێت ، له‌گه‌ڵ زانینی پیاوانی سه‌نه‌ده‌كانیان .

- حوججه‌ : ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ ئاگاداری سێ سه‌د هه‌زار فه‌رمووده‌ی هه‌بێت ، له‌گه‌ڵ ناسینی كه‌سه‌كانیان و حاڵی گێڕه‌ره‌وه‌كانیان ،  به‌ جه‌رح و ته‌عدیله‌وه‌ .

- حاكم :كه‌سێكه‌ ئاگاداری به‌سه‌ر هه‌موو فه‌رمووده‌كاندا هه‌بێت به‌ هه‌موو بابه‌ت و په‌یوه‌سته‌كانیانه‌وه‌.

- جه‌رح : سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌یه‌ له‌ راوی ، له‌ رووی دادو دیققەتەوە  ( عدل و ضبط ) ە ‌وه‌   .

- ته‌عدیل : متمانه‌ به‌خشینه‌ به‌ راوی له‌ رووی عه‌دله‌وه‌ .

- عادل : له‌ زانستی فه‌رموودادا به‌و كه‌سه‌ ده‌وترێت كه‌ گوناهی گه‌وره‌ی نه‌كردبێت و له‌سه‌ر گوناهی بچووكیش به‌رده‌وام نه‌بێت .

- ضابط  : ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ فه‌رمووده‌كه‌ وه‌كو خۆی ( بە دیققەت)  بگێڕێته‌وه‌ ، ناشبێت گه‌لۆر یان كه‌مته‌رخه‌م بێت یان شتی زوو له‌بیر بچێته‌وه‌ ..

دابه‌ش بوونی فه‌رمووده‌ له‌ رووی سه‌نه‌ده‌وه‌

دوو به‌شه‌ : موته‌واتر و ئاحاد .

- موته‌واتر : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ ژماره‌ی راویه‌كانی له‌ هه‌موو ئاستەکاندا (طبقة )  هێنده‌ ببن كه‌ جۆرێك له‌ درۆو قسه‌ هه‌ڵبه‌ستن لێیانەوە به‌ دوور بێت ، ئه‌و راویانه‌ش ئه‌وانیان بینیبێت و لێیانه‌وه‌ بیستبێتن ..

- موته‌واتر دوو به‌شه‌ :

*  موته‌واتری بێژی ( له‌فزی ) : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ هه‌موو گێڕه‌ره‌وه‌كان به‌ یه‌ك شێوه‌ گێڕابێتیانه‌وه‌ ..

*  موته‌واتری واتایی : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ گێڕه‌ره‌وه‌كان ، هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ چه‌ند بێژێكی هاومانایی بیگێڕنه‌وه‌ .

- ئاحاد : ئه‌میان سێ به‌شه‌ :

*  غه‌ریب : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ هاوەڵان ( ئه‌سحاب ) ە ‌وه‌ گێڕراوه‌ته‌وه‌ .

* عه‌زیز : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ دوو كه‌س گێڕاویانه‌ته‌وه‌ .

* مه‌شهوور : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ له‌ چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ ریوایه‌ت كرا بێت كه‌ له‌ موته‌واتر كه‌متر بێت ، و له‌ دوو كه‌س زیاتر بێت .

فه‌رمووده‌ له‌ رووی وه‌رگرتن ( قبووڵ كردن ) و وه‌رنه‌گرتنه‌وه‌

   زانایان له‌ پۆلێن ( تصنیف ) كردندا ، فه‌رمووده‌یان بۆ نزیكه‌ی حه‌فتاو قسوور جۆر دابه‌ش كردووه‌ .

- صحیح ( راست ) : فه‌رمووده‌یه‌كه‌ كه‌ مرۆڤێكی دادگه‌ر ( عادل ) ی بیرتیژ له‌ یه‌كێكی وه‌كو خۆیه‌وه‌ به‌سه‌نه‌دێكی نه‌پساو گێڕابێتیه‌وه‌ ، تا ده‌گاته‌وه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ به‌ مه‌رجێك نه‌ نامۆ ( شاذ ، پەڕيدە ) ی تێدا بێت ، نه‌ مه‌جروح .

- فه‌رمووده‌ی سه‌حیح دوو به‌شه‌ :

*  راست : هه‌ر به‌ بۆنه‌ی راست بوونی خۆیه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش فه‌رمووده‌یه‌كه‌ كه‌ خۆی راست و ساغ بێت   .

* راستی ‌ پاڵدراو : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ خۆی نه‌گه‌یشتۆته‌ پله‌ی راستێتی ، بەڵام به‌ فه‌رمووده‌یه‌كی راست و ساغی تر ، پاڵپشتی ده‌كرێت   .

- حه‌سه‌ن : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ئه‌و مه‌رجانه‌ی له‌ فه‌رمووده‌ی راستدا هه‌ن  له‌میشدا هه‌بێت ، بەڵام هێنده‌ هه‌یه‌ له‌باره‌ی ديققەت و رێك و پێکی ( ضبط و إتقان)ە وە توانایان له‌ سه‌حیح كه‌متره‌و ده‌بێ راویه‌كانی ناوبانگی ده‌مپاكی و ده‌سپاكییان هه‌بێت و له‌وانه‌ نه‌بن كه‌ شتیان زوو له‌بیر ده‌چێته‌وه‌ .

- زه‌عیف ( لاواز ) : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ مه‌رجه‌كانی سه‌حیح و حه‌سه‌نی تێدا نه‌هاتۆته‌ دی .

- مه‌رفووع : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ ئیسناد بدرێ بۆ لای پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ئیتر ئایا سه‌نه‌دی په‌یوه‌ستی هه‌بێت یان نا .

- موتته‌سیل ( متصل ) : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ سه‌نه‌ده‌كه‌ی په‌یوه‌ست بێت ، واته‌ هه‌موو راویه‌كانی یه‌ك له‌ یه‌كیان بیستبێت ، تا ده‌گه‌نه‌وه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، به‌م جۆره‌ ده‌شووترێت ( موصول ).

- مه‌وقووف : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ له‌ هاوه‌ڵێكه‌وه‌ گێڕرابێته‌وه‌ ، له‌ ووتاریه‌وه‌ بێت یان له‌ كردارییه‌وه‌ ، سه‌نه‌ده‌كه‌شی پچڕانی تێدا بێت یان نه‌بێت .

- مورسه‌ل : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌نه‌ده‌كه‌یدا ناوی هاوه‌ڵ ( سه‌حابی ) ە ‌كه‌ی تێدا نه‌بێت .

- مُنْقَطِع ( مونقه‌تیع ) : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ دابڕان له‌ سه‌نه‌ده‌كه‌یدا هه‌بێت ، به‌و مه‌رجه‌ی دابڕانه‌كه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌وه‌ نه‌بن ..

- مُعَضَّل : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌كه‌ له‌ پێش هاوه‌ڵ ( سه‌حابی ) ە كه‌دا دوو راوی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك كه‌وتبن .

- مقطوع : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ له‌ تابیعیه‌كه‌وه‌ ریوایه‌ت كرا بێت كه‌ یه‌كسه‌ر گه‌یاندبێتیه‌وه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، واته‌ ناوی هاوه‌ڵی تێدا نییه‌ .

- موسنه‌د : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ سه‌نه‌ده‌كه‌ی هه‌ر له‌ هه‌وه‌ڵه‌وه‌ تا پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ په‌یوه‌ست بێت .

- فه‌رمووده‌ی هه‌ڵبه‌ستراو : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ به‌ بێ ریوایه‌تێكی بنه‌ما باوه‌ڕ پێكراو له‌ ناو خه‌ڵكیدا به‌و سیفه‌ته‌ی كه‌ فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ره‌ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بڵاو بووبێته‌وه‌ ، كه‌ له‌ راستیشیدا فه‌رمووده‌ نییه‌ .

- مودره‌ج : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ ده‌قی فه‌رمووده‌یه‌كی دیكه‌ی خرابێته‌ پاڵ ، یا راوی به‌ دوای فه‌رمووده‌كه‌دا قسه‌یه‌كی خۆی پێوه‌ بلكێنێت ، كه‌ خه‌ڵكی وا ده‌زانن ئه‌و قسه‌یه‌ش له‌ ئه‌سڵی فه‌رمووده‌كه‌یه‌ .

- موعه‌نعه‌ن : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ سه‌نه‌ده‌كه‌ی ده‌ڵێت : ( عن فلان عن فلان عن .. ) به‌ بێ ئاماژه‌ كردن به‌ بیستن یان لێ وه‌رگرتن .

   (ئیمامی مالیك موئه‌نئه‌نیش وه‌كو موعه‌نعه‌ن داده‌نێت ).

- موسه‌لسه‌ل : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ راویه‌كان هه‌موویان به‌ یه‌ك شێوه‌ فه‌رمووده‌كه‌ بگێڕنه‌وه‌ ، به‌و پێیه‌ی هه‌موویان بڵێن ( بۆی گێڕاینه‌وه‌ ، یان بۆی باس كردین ، یان بیستم .. ) ده‌بێت دابڕانیشی تێدا نه‌بێت .

- موعه‌لـله‌ق : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ هه‌ر له‌ هه‌وه‌ڵی سه‌نه‌ده‌كه‌وه‌ راویه‌ك یا زیاتر به‌ دووی یه‌كدا ناویان نه‌هاتووه‌ .

- مه‌تروك : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ راویه‌كه‌ی یان به‌ درۆزنی تاوانباره‌ ، یان ریوایه‌ته‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ی رێساكانی زانستی فه‌رمووده‌یه‌ .

- مُضْطَرَب : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ به‌ چه‌ند شێوازێكی جیاواز ریوایه‌ت كراوه‌ ، بێ ئه‌وه‌ی هیچیان ناسراو بن ، رێكیش ناخرێنه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش له‌ ده‌ق و سه‌نه‌ددا ده‌بێت .

- موده‌ببه‌ج : ئه‌و فه‌رمووده‌ی كه‌ دوو خزمی هاوته‌مه‌ن له‌یه‌كه‌وه‌ بیگێڕنه‌وه‌ ، وه‌كو حه‌زره‌تی عائیشه‌ له‌ ئه‌بو هوره‌یره‌وه‌ یان ئه‌بو هوره‌یره‌ له‌ حه‌زره‌تی عائیشه‌وه‌ . ( خوا لێیان رازی بێت) .

- موعه‌لـله‌ل : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ به‌ رواڵه‌ت هیچی نییه‌ بەڵام فه‌رمووده‌زان ده‌زانێت كه‌ كه‌م و كورتی تێدایه‌ .

- شاذ : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ متمانه‌ پێكراوێك به‌ شێوه‌یه‌ك ریوایه‌تی ده‌كات كه‌ دژایه‌تی هه‌بێت له‌گه‌ڵ ریوایه‌تێكی تردا .

- مونكه‌ر : ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ راویه‌كی لاواز به‌ شێوه‌یه‌ك ریوایه‌تی كردووه‌ كه‌ دژایه‌تی هه‌بێت له‌گه‌ڵ كه‌سێكی متمانه‌ پێكراوی تردا .

- موده‌لـلـــه‌س  (دەلەسە) : دوو جۆره‌ :

* ته‌دلیسی ئیسناد : وه‌كو یه‌كێك له‌ كه‌سێكی هاوچه‌رخی خۆیه‌وه‌ ریوایه‌تێك بكات بەڵام پێی نه‌گه‌یشتبێت و نه‌یدیبێت و خۆشی لێوه‌ی نه‌بیستبێت ، ئینجا به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌رببڕێت كه‌ وا بگه‌ێنێت كه‌ پێی گه‌یشتووه‌ .

* ته‌دلیسی شیوخ : ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سێك له‌ شێخێكه‌وه‌ ریوایه‌ت ده‌كات بەڵام به‌و ناوه‌ یان به‌و كونیه‌ ( ئه‌بو فلان ) یان به‌و نازناوو نه‌سه‌به‌وه‌ ، نایگێڕێته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی ئه‌و شێخه‌یان پێوه‌ ناسیووه‌ .

- كتێبی موسنه‌د : ئه‌و كتێبانه‌ن كه‌ فه‌رمووده‌یان به‌ پێی ته‌رتیبی ناوی هاوه‌ڵ (سه‌حابی ) ان ریوایه‌ت كراوه.. 

نوسینی : مامۆستا عه‌ففان شێخ سددیق سه‌رگه‌تی

 

1462 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/07/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.