فه‌رمووده‌ناسی

بە ناوبانگترین سەرچاوە کتێبی فەرموودەوانی

 

١- (المحدث الفاصل بين الراوي والواعي ):  قازی ئەبو محمد حەسەنی کوڕی عبدالرحمانی کوڕی ڕامهورمزی (رحمە اللە) نوسیوێتی کە ساڵی (٣٦٠ ک ) کۆچی دوایی کردووە،بەڵام هەموو زاراوەکانی فەرموودەوانی لە خۆ نەگرتووە ئەمەش ئاساییە، چونکە یەکەمین کەس بووە کە ڕێساکانی فەرموودەوانی لە دوو توێی کتێبدا تۆمارکردووە یەکەمین سەرچاە کتێبی زانستیە شەرعیەکانی تریش هەروان.

٢- (معرفة علوم الحديث): ئەبو عبداللە محمدی کوڕی عەبداللەی حاکمی نەیسابوری (رحمە اللە) نوسیوێتی کە ساڵی (٤٠٥ ک) کۆچی دوایی کردووە، بەڵام ڕێک و پێک ڕێکی نەخستووە بە شێوەیەکی ڕێسایی تەواو قاڵبڕێژی نەکردووە .

٣- )المستخرج على معرفة علوم الحديث): ئەبو نوعەیم ئەحمەدی کوڕی عبداللەی ئەسفەهانی (رحمە اللە) نوسیوێتی، کە ساڵی (٤٣٠ک ) کۆچی دوایی کردووە، کتێبەکەی حاکمی نەیسابوری ( معرفة علوم الحديث)ی لە بەر دەستا بووەو زۆر لەو ڕێسایانەی کە حاکم پەی پێ نەبردووە، ئەبو نوعەیم تۆماری کردووە، بەڵام ئەمیش هەندێک ڕێسای سەردەمەکەی خۆشی ئیهمال کردووە، (کە لە وانەیە لەبەر زۆر زانراوێتیان بووبێت) کەسانی تر لە دووای ئەمیش هاتوون و کتێبەکەی ئەم و حاکمی نەیسابوریان تەواوتر کردووە والحمداللە.

٤-)  الكفاية في علم الرواية ) ئەبو بەکر ئەحمەدی کوڕی عەلی کوڕی ثابت (خه طيبي بغدادي ) رحمه الله نوسيوێتی کە ساڵی (٤٦٣ک) کۆچی دوایی کردووە، کتێبێکی نایابی گشتگیرەو زۆرینەی باسەکانی فەرموودەوانی لە خۆگرتووە، لەگەڵ داڕشتن و ڕیزکردنی ڕێساکانی گێڕانەوەی فەرموودەدا، ئەم کتێبە بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوە کتێبی فەرموودەوانی دێتە هەژمار.

٥- (الجامع لاخلاق الراوی و اداب السامع ) هەر ئەبو بکری خەتیبی بەغدادی رحمە اللە نوسیوێتی، ئەمیان دەگمەنی بواری، چونکە وەکو لە ناوەکەیەوە دیارە، ناوەڕۆکەکەی ئادابی فەرموودە گێڕانەوە باس دەکات، باس و پێناسەو ڕێساکانی زۆر گرنگ و بە قەدرن، کتێبەکە وەکو کتێبەکانی تری خەتیبی بەغدادی نیشانەی بەرفراوانی و زۆر و چڕی زانینی خەتیبی بەغدادیە، خەتیبی بەغدادی کەم زانستی شەرعی هەیە کە کتێبێکی دەربارە نەنوسیبێ، بۆیە حافز ئەبو بەکری کوڕی نوقتە دەفەرموێ (هەر کەسێک دادپەروەرانە بڕوانێت دەزانێت کە هەموو ئەو نوسەرانەی لە دوای خەتیبی بەغدادی هاتوون بە کتێبی ئەو چاویان کراوەتەوە.

٦- (ألإلماع الى معرفة اصول الرواية و تقييد السماع) : قازی ( عیاض ) ی کوڕی موسای یەحسوبی (اليحصوبي ) نوسیوێتی، کە ساڵی (٥٤٤ک) کۆچی دوایی کردووە، ئەمیش کتێبێکی چاکە، بەڵام هەموو باسەکانی زانستی فەرموودەوانی لە خۆ نەگرتووە، دەشێت بڵێت تایبەتە بە چۆنێتی وەرگرتنی فەرموودەو لە بەرکردن و گەیاندنەوەی ( لەگەڵ لق و چڵەکانی ئەم بوارە )، بەڵام تایبەتمەندێتی بواری ڕیوایەتەو ڕیزبەندی بابەتەکانیشی ڕێک و پێک کردووە .

٧- (ما لا يسمع المحدث جهله ) : ئەبو حفس عومەری کوڕی عەبدولمەجیدی مەیانەچی رحمە اللە نوسیوێتی کە ساڵی (٥٨٠ ک) کۆچی دوایی کردووە، ئەمە قەبارەی بچووکەو زۆریش بەسود نیە.

٨- (علوم الحديث ) : ئەبو عەمر عوسمانی کوڕی عەبدولڕەحمانی شارەزووری رحمە اللە نووسیوێتی کە بە( ئیبنو سەڵاح) بە ناوبانگە و ساڵی (٦٤٨ ک) کۆچی دوایی کردووە، کتێبەکەشی لە نێوان زانایان و خوێندکارانی شەرعدا بە (مقدمة ابن صلاح)[1] بە ناوبانگە،ئەم کتێبە باشترین سەرچاوە کتێبی فەرموودەوانییە، چونکە ناوەڕۆکی هەموو کتێبەکانی خەتیبی بەغدادی و ئەوانی پێش ئەوی لە خۆ گرتووە، کتێبێکە زۆر سوودبەخش، پڕ زانیاریی، بەڵام چونکە هەرجارەو شتێکی لێ نووسیوە ڕیزبەندی بەند و بەشەکانی زۆر ڕێک و پێک نییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کتێبەی ئیبنو سەڵاح بە بناغەی زانستییەکانی فەرموودە دادەنرێت و کەس نییە لە زانایانی فەرموودەوانی کە دوای ئەو هاتبن و ئیعتیمادیان نەکردبێتە سەر، ئەوانەی کە لەسەر کتێبەکەی ئەمیان نووسیوە زۆرن، هەیانە کورتی کردۆتەوە، هەیانە ڕاڤەی تەفسیلی کردووە، هەیانە لق و پۆپی لێکردۆتەوەو هەشە ڕەخنەی لێگرتووە.

٩- (التقریب والتیسیر لمعرفة سنن البشير النذير ): موحییدین یەحیای کوڕی شەرەفی نەوەوی رحمە اللە نووسیوێتی کە ساڵی (٦٧٦ک ) کۆچی دوایی کردووە، ئەم کتێبەی ئەم کورتکراوەی (علوم الحدیث) ە کەی ئیبنو سەڵاحە،کتێبێکی نایاب و چاکە بەڵام هەندێک دەستەواژە (عیبارەت) ی تێدایە قورسەو ڕاڤە کردن دەخوازێت.

١٠- (التدریب الراوی فی شرح تقریب النواوی ) : جەلالوددین عبدالرحمانی کوڕی ئەبوبەکری سیوطي رحمە اللە نوسیوێتی کە ساڵی (٩١١ک) کۆچی دوایی کردووە، ئەمە ڕاڤەی کتێبی (التقریب )ە کەی نەوەوییە و ئیمامی  سیوطي زانیاری زۆر  زیاتری خستۆتە سەر کە هەمووی بەسوودن.

١١- (نظم الدرر في علم ألاثر ) : زەینوددین عبدالرحیمی کوڕی حوسەینی عیراقی رحمە اللە نوسیوێتی کە ساڵی (٨٠٦ک) کۆچی دوایی کردووە و بە ناوی (ألفية العراقي ) بەناوبانگە، بە شیعر کتێبەکەی ئیبنو سەڵاح (علوم الحديث)ی ڕێکخستووەو زانیاری تریشی خستۆتە سەر، کتێبێکی نایاب و بەسوودە و چەندەها جار ڕاڤە کراوە، لەوانە دووڕاڤەی نووسەر خۆی.

١٢- (فتح المغیث في شرح ألفية الحديث ): محمدی کوڕی عبدالرحمن سەخاوی رحمە اللە نوسیوێتی کە ساڵی (٩٠٢ک) کۆچی دوایی کردووە، ڕاڤەی (ألفيةالعراقي )ە کە باشترین و گشتگیرترین شەرحی ئەلفیەیە.

١٣- (نخبة الفكر في مصطلح أهل الأثر ) : حافر ئیبنوحەجەری عەسقەلانی رحمە اللە نووسیوێتی، کە ساڵی (٨٥٢ک) کۆچی دوایی کردووە، کتێبێکی کورت و بچوکە لە چاو ئەوانی تردا، بەڵام لە هەموو کتێبێکی کورتکراوەی فەرموودەوانی چاکترە، زۆر ڕێک و پێک ڕیزکراوەو ئیبنو حەجەر خۆی رحمە اللە داهێنانێکی نوێی لە دابەشکردنی باس و بابەت و پێناسەکاندا کردووەو بە شێوەیەک ڕیزی کردوون کە کەس پێش ئەو وا نایابی ڕیزبەند نەکردوون، هەرخۆشی ڕاڤەیەکی لەسەری هەیە کە ناوی ناوە ( نزهة النظر ) کەسانی تریش ڕاڤەیان بە قەبارەی جیاواز کردۆتەوە.

١٤- (المنظومة البيقونية ) : عومەری کوڕی موحەمەدی بەیقونی رحمە اللە نوسیوێتی کە ساڵی (١٠٨٠ک ) کۆچی دوایی کردووە. بە شیعر هۆنیوێتیەوە، کورتەیەکی فەرموودەوانیەو لە ٣٤ دێڕ زیاتر نییە، بەڵام لە کورتکراوە بەسوودەکانە..ڕاڤەی زۆری کراوە.

١٥- (قواعيد الحديث ) : محمد جەمالوددینی قاسمی رحمە اللە نوسیوێتی کە ساڵی (١٣٣٢ ) کۆچی دوایی کردووە، کتێبێکی سەربەخۆی نایاب..

کتێبی تریش هەن و زۆرن ناکرێت لێرەدا بییان ناسێنین ئەمانەی باسمکردن بەناوبانگەکانیان، خوای گەورە پاداشتی خێری ئێمەش و ئەوانیش بداتەوە. . ئامین



[1] وەکو کتێبەکەی ئیبنو خەلدون رحمە اللە کە بە ( مقدمة ابن خلدون ) بە ناوبانگە کە دامەزرێنەری کۆمەڵناسی (علم الاجتماع ) لە جیهاندا ناسراوە .

 

1479 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
06/10/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.