فه‌رمووده‌ناسی

هەواڵی متەواتر

 

١- پێناسەی:

أ- لە ڕووی زمانەوانییەوە: ناوی بکەر ( اسم فاعل) ە و لە (تواتر)ەوە وەرگیراوە کە بە مانای (تتابع) دێت،واتە دوا بە دوای یەکتری، دەوترێت (تواتر المطر) واتە باران لێزمە لە دوای لێزمە باری.

ب- لە ڕووی زاراوەییەوە : ئەو هەواڵەیە کە کەسانێکی زۆرو جوداو دوور لەیەک گێڕاویانەتەوە کە مەحاڵە لەسەر درۆ ڕێکەوتبن.

مانای پێناسەکە: ئەو هەواڵەیە، یان ئەو فەرموودەیە کە لە هەموو چینێکی گێڕانەوەیدا خەڵکانێکی زۆر ڕیوایەتیان کردبێت، کە هزرو ژیری ئاسایی ئەوە قبوڵ نەکات کە بوترێت دەشێت هەموویان لەسەر درۆ هەڵبەستن ڕێککەوتبن، واتە لەگەڵ ئەوەشدا کە کات و شوێنیان جیاوازەو کەسایەتییان جياوازە و مەرج نیە یەکتر بناسن، لەناو خۆیاندا ڕێکەوتبن کە قسەیەک بە ناوی فەرموودە بناسێنن یان خۆیان دروستی بکەن.

 

٢- مەرجەکانی متەواتر: لەو پێناسەوە چوار مەرج بۆ ناونانی هەواڵ ( فەرموودە)یەک بە متەواتر دەردەکەوێت:

أ- ژمارەیەکی زۆر لە ڕاویان (گێڕەرەوەکانی) گێڕابێتیانەوە، لانی کەم لە دە کەس کەمتر نەبن.[1]

ب- ئەم ژمارەی زۆرینە لە هەموو چینەکانی ئاڵقەی گێڕەرەوەکاندا بێت.[2]

ج- ڕێکەوتنیان لەسەر درۆ هەڵبەستن مەعقول نەبێت[3] (ئەگەر ئەوە نەبێت ژیری قبوڵی بکات(.

د- هەموویان ئاماژە بە هەستەوەرێک بدەن لە وەرگرتنی هەواڵەکەدا، وەکو ئەوەی وا بیگێڕێتەوە : گوێم لێ بوو، دیتمان، هەستمان پێ کرد، بۆ خۆمی گێڕایەوە .....وە هەروەها -ئەمما ئەگەر شیکاری ژیریاری (ئەقڵی) خۆی بوو، یان خۆیان بوو، وەکو ئەوەی بڵێ/ بڵێن ڕۆژ (خۆر) لە چوارەمین تەبەقەی ئاسمانە بەمە ناوترێ متەواتر.

٣- حوکمی متەواتر: متەواتر زەروورەتی زانین و پەسەندکردن دەسەلمێنێت، واتە: دڵنیابوون لەوەی کە هەواڵەکە ڕاستەو وایە، چونکە فەرموودەیەک بەو ڕێگاو شێوازو چۆنیەتیە بگاتە هەرکەس وەکو ئەوە دەبێت کە خۆی بینیبێتی یان بیستبێتی، زۆر زەحمەتە هزرو ژیری گومانی تێیدا هەبێت چ جای وەرنەگرتن و ڕەتکردنەوەی، لەبەر ئەوەیە کە حوکمی ڕیوایەتی متەواتر قبوڵ بوونەو ناخوازێت بە دووی پیاوانی سەنەدەکەیدا بڕۆنەوە و بزانن کێن و چۆنن، چونکە هەموویان ناسراوو جێمتمانە بوون.[4]

٤- بەشەکانی متەواتر :

أ- متەواتری لەفزی : ئەوەیە کە هەموو ووشەو ڕستەو مانای فەرموودەکە وەک یەک بن بۆ نموونە فەرموودەی: (مَنْ كَذَبَ عَلَيَّ مُتَعَمِّدًا فَلْيَتَبَوَّأْ مَقْعَدَهُ مِنْ النَّارِ) واتە: هەرکەسێک بە ئەنقەست درۆ بە دەم منەوە هەڵبەستێت با جێی خۆی لە ئاگری دۆزەخدا سازکات ..ئەم فەرموودەیە حەفتاو قسوور (٧٧زیاتر)گێڕاویانەتەوە.

ب- متەواتری مانایی: ئەوەیە کە لەفزی هەندێکیان جیاوازە بەڵام هەموویان یەک مانایان هەیە وەکو دەست بەرز کردنەوە لە کاتی پاڕانەوەو دوعاکردندا ...زیاتر لە (١٠٠سەد )فەرموودەی لەسەرە بەڵام کات و چۆنێتی و هۆکارەکانیان جیاوازە، ئەوەی لە هەموویاندا هاوبەشە (دەست بەرزکردنەوە لە کاتی دوعادایە)..بەهۆی زۆری گێڕانەوەو سەنەدەکانیانەوە بۆتە متەواتر.[5]

٥- هەبوونی متەواتر:

 چەندەها فەرموودەی متەواتر هەیەو بڵاوە وەکو فەرموودەی(حەوزی کەوسەر)فەرموودەی مەسحی سەر خوفف، فەرموودەی دەست بەرزکردنەوەی ناو نوێژ، فەرموودەی (نَضَّرَ اللَّهُ اِمْرَأَ...) هی تریش، بەڵام بێ گومان بە بەراوردکردنی فەرموودەی ئاحاد بێگومان مته واتر کەمترە

 

٦- بە ناوبانگترین کتێب لەسەر متەواتر:

- (الازهار المتناثرة في الاخبار متواترة ) کە سيوطي رحمە اللە نوسیوێتی و بە پێی (باب) ی شەرع خانە خانەی کردووە.

- (قطف الازهار ) هەر کورتەیەکی کتێبی پێشووەو سيوطي خۆی ئامادەی کردووە.

-) نظم المتناثر من الحديث المتواتر ) کە محمدی کوڕی جەعفەری کەتتانی نوسیوێتی.

نووسینی: شێخ محمود تەححان



[1] السیوطي : تدریب الراوی (٢/١٧٧) بۆچوونی تری جیاوازیشی باس کردووە.

[2] مەبەست لە چینەکان ڕیزی ڕاوییەکانی ئاڵقەی زنجیرەکەیە، بۆنموونە، محمدی شەیبانی لە مالیک، لە نافیع،لە ئیبنوعومەر لە پێغەمبەری خواوە صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ، ئەم ناوانە زنجیرەی سەنەدەکەن هەریەکەیان ئاڵقەیە کە دەبێ، بۆ نموونەلە چینی محمدی شەیبانییدا یان لە چینی ئیمامی مالیکدا لانی کەم دە کەس گێڕابێتیانەوە کات و شوێن و کەسایەتیشیان جیاواز بێت.

[3] وەکوئەوەی لە وڵاتی جیاواز بن محمد لە مالکی گێڕاوەتەوە ئەوە دیارە لە مەدینەیە چونکە ئیمام مالیک سەفەری نەکردووە، ئیبنو وردان لە لەیث له (ميصره)، فڵان لە ئیسحاق لە (عیراق)، یان ئینتیمایان جیاوازە ئەویان لە هۆزە یەمەنیەکانەو ئەمیان فارسە، ئەویان ماوالی میسرو ئەمیان ئەسڵی ڕۆمی شامە، یان مەزهەبیان جیاوازە ئەمیان حەنەفیەو ئەویان شافعی یەو ئەوی تریان ئەوزاعی وە هەروەها-ئەگەر فەرموودەیەک بەم ڕێگا جۆراوجۆرانە گێڕرایەوە بە دە گێڕانەوە (دە سەنەد) دیارە ئەوە متەواترە.

[4] لە نموونەکەی پەراوێزی پێشوتردا کە وتمان (محمد لە مالک لە نافع لە ئیبنو عومەرەوە ) هەریەکەیان وەکو مانگی چواردەی شەوی تاریک دیارە ..محمدی کوڕی حەسەنی شەیبانی هاوڕێ خوێندنی ئیمامی شافیعی و سێیەم ئیمامی حەنەفییە (دوای ئیمامی ئەبو حەنیفەو ئیمامی ئەبو یوسف )، قوتابی ئیمامی مالیکەو ئەمیش وەکو ئیمامی مالیک کتێبی بەناوی (الموطأ)نووسیوە، ئیمامی مالیکیش ناساندنی ناوێت، نافیعیش لە گەنجێتیەوە لە خزمەتی عبداللە ی کوڕی سیدنا عومەردا بووە خوا لێیان ڕازی بێت، سەیدنا ئیبنو عومەریش لە ناو یاوەراندا بوە ناسراو بووە کە (سوورترین یاوەرە لەسەر سونەت جێ بەجێ کردن)، بۆیە فەرموودەوانان زنجیرەی (نافع /مالک / ئیبنوعومەر) ناودەنێن بە (السلسلة الذهبية ) واتە زنجیرەی زێڕین. 

[5] تدریب الراوی (٢/١٨٠)

 
 

1264 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/11/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.