باوەڕ

حوكمی دۆستایه‌تی كردن و دژایه‌تی كردن

حوكمی دۆستایه‌تی كردن و دژایه‌تی كردن


به‌ گێڕانه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ سیفه‌ته‌كانی دۆستایه‌تی كردن وشێوه‌كانی دژایه‌تی كردن بۆ پله‌كانی باوه‌ڕو دیاریكردنی سه‌نگ و پله‌یان له‌ نێوان به‌شه‌كانی باوه‌ڕدا حوكمی هه‌ریه‌كه‌یان ڕوون ده‌بێته‌وه‌
  .

پێشتر له‌ باسی پێوانه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی بنچینه‌ی باوه‌ڕدا ووتمان: هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامدانی بێباوه‌ڕیی بێت، ئه‌وه‌ واز لێهێنانی له‌ بنچینه‌كانی باوه‌ڕه‌  .

بێگومان ئه‌نجامدانی هه‌ریه‌ك له‌ سیفه‌ته‌كانی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕدا، یاخود فه‌رامۆش كردنی هه‌ر كام له‌ شێوه‌كانی دژایه‌تی له‌ به‌رامبه‌ریدا مایه‌ی بێباوه‌ڕییه‌و پێچه‌وانه‌ی بنچینه‌ی باوه‌ڕه‌، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ به‌ ڕاشكاوی ده‌فه‌رموێت: (وَمَن يَتَوَلَّهُم مِّنكُمْ فَإِنَّهُ مِنْهُمْ) المائده‌/51 واته‌: هه‌ركه‌س له‌ ئێوه‌ بیانكات به‌ دۆست و پشتیوان ئه‌وه‌ له‌وانه‌. هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێت:(لاَّ يَتَّخِذِ الْمُؤْمِنُونَ الْكَافِرِينَ أَوْلِيَاء مِن دُونِ الْمُؤْمِنِينَ وَمَن يَفْعَلْ ذَلِكَ فَلَيْسَ مِنَ اللَّهِ فِي شَيْءٍ) ال عمران/28 واته‌: نابێت موسوڵمانان بێباوه‌ڕان بكه‌ن به‌ دۆستی خۆیان بێجگه‌ له‌ موسوڵمانان، هه‌ركه‌سێك وا بكات ئه‌وا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ خواوه‌ نامێنێت و خوا لێی بێبه‌رییه‌. یان ده‌فه‌رموێت: (وَإِنْ أَطَعْتُمُوهُمْ إِنَّكُمْ لَمُشْرِكُونَ) الانعام/121 واته‌: ئه‌گه‌ر ئێوه‌ گوێڕایه‌ڵيیان بكه‌ن بێگومان ده‌چنه‌ ریزی هاوبه‌شدانه‌رانه‌وه‌  .

هه‌روه‌ها یه‌كتاپه‌رستی به‌ دژایه‌تی كردن و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ طاغوت نه‌بێت نایه‌ته‌دی، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت:(وَلَقَدْ بَعَثْنَا فِي كُلِّ أُمَّةٍ رَّسُولاً أَنِ اعْبُدُواْ اللَّهَ وَاجْتَنِبُواْ الطَّاغُوتَ) النحل/36 واته‌: له‌ هه‌موو ئوممه‌تێكدا پێغه‌مبه‌رێكمان ڕه‌وانه‌ كردووه‌ كه‌ پێیان ڕابگه‌یه‌نێت خوا بپه‌رستن و له‌ طاغوت دوور بكه‌ونه‌وه‌  .

پێغه‌مبه‌ریش صلی اللە علیە وسلم ده‌فه‌رموێت: (الْمَرْءُ عَلَى دِينِ خَلِيلِهِ فَلْيَنْظُرْ أَحَدُكُمْ مَنْ يُخَالِلْ) اخرجه‌ فی سلسله‌ الاحادیث الصحيحة واته‌: پیاو له‌سه‌ر ئایینی دۆسته‌ نزیكه‌كه‌یه‌تی با هه‌ر یه‌كه‌تان سه‌یر بكات و بزانێت هاوه‌ڵێتی و دۆستایه‌تی كێ ده‌كات. یاخود ده‌فه‌رموێت: (أوثَقُ عُرَى الإِيمانِ: المُوالاةُ فِي اللهِ وَ المُعاداةُ فِي اللهِ ، وَ الحُبُّ فِي اللهِ وَ البُغضُ فِي اللهِ) اخرجه فی سلسله‌ الاحادیث الصحیحه‌ واته‌: قایمترین ڕشته‌ی باوه‌ڕ بریتییه‌ له‌ دۆستایه‌تی كردن له‌به‌رخواو دژایه‌تیكردن له‌به‌رخواو خۆشه‌ویستی له‌به‌رخواو ڕقبوونه‌وه‌ له‌به‌ر خوای گه‌وره‌  .

كه‌واته‌: به‌م پێودانگه‌ دژایه‌تیكردنی بێباوه‌ڕان له‌ لایه‌ن موسوڵمانه‌وه‌، به‌شێكه‌ له‌ بنچینه‌ی باوه‌ڕو مه‌سه‌له‌یه‌كی چاره‌نووسییه‌و به‌ هیچ پاساوێك بۆی نییه‌ فه‌رامۆشی بكات و گرنگی پێنه‌دات  .

ئنجا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ حوكمی دژایه‌تیكردن بێت، بێگومان دژایه‌تیكردن پێچه‌وانه‌ی دۆستایه‌تیكردنه‌و ئه‌گه‌ر دژایه‌تیكردنی بێباوه‌ڕ به‌شێك بێت له‌ بنچینه‌ی باوه‌ڕ ئه‌وا دۆستایه‌تیكردنی موسوڵمانیش به‌شێكه‌ له‌ بنچینه‌ی باوه‌ڕ و نابێت پشتگوێ بخرێت  .

پۆلێن كردنی خه‌ڵكی له‌ ڕووی دۆستایه‌تی و دژایه‌تییه‌وه‌  :

به‌و پێیه‌ی موسوڵمان پێوانه‌ی دۆستایه‌تی و دژایه‌تی بۆ دیاری كراوه‌، هه‌ر به‌و ڕوانگه‌یه‌ پێویسته‌ سنووری په‌یوه‌ندی خۆی به‌ خه‌ڵكییه‌وه‌ دیاری بكات و هه‌ڵوێستی ڕوونی هه‌بێت له‌ به‌رامبه‌ریاندا. لێره‌دا ئاماژه‌ بە پۆلێنكردنیان ده‌كه‌ین كه‌ له‌ ڕووی دۆستایه‌تی و دژایه‌تییه‌وه‌ ده‌كرێن به‌ سێ به‌شه‌وه‌  :

یه‌كه‌م: ئه‌و كه‌سانه‌ی شایسته‌ی دۆستایه‌تی ڕه‌ها (الولاء المطلق)ن: مه‌به‌ست له‌و موسوڵمانانه‌یه‌ كه‌ سه‌رڕاست و پارێزكارو متمانه‌ پێكراون و خوای گه‌وره‌ به‌ دۆستی خۆی ناوی بردوون. وه‌ك ده‌فه‌رموێت: (أَلا إِنَّ أَوْلِياء اللَّهِ لاَ خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلاَ هُمْ يَحْزَنُونَ. الَّذِينَ آمَنُواْ وَكَانُواْ يَتَّقُونَ) یونس/62-63 واته‌: بزانن كه‌ دۆستانی خوا نه‌ ترسیان له‌ ڕێدایه‌ و نه‌ په‌ژاره‌ ده‌خۆن، ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هێناوه‌و له‌ دنیادا پارێزیان كردووه‌. هه‌روه‌ها په‌روه‌ردگار به‌ دۆستی یه‌كتری داناون. وه‌ك ده‌فه‌رموێت:(وَالْمُؤْمِنُونَ وَالْمُؤْمِنَاتُ بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاء بَعْضٍ) التوبه‌/71 واته‌: پیاوانی موسوڵمان وئافره‌تانی موسوڵمان هه‌ندێكیان دۆست وپشتیوانی هه‌ندێكی تریانن. له‌ فه‌رمووده‌یه‌كی قودسیدا خوای گه‌وره‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌وانه‌ ده‌كات كه‌ دژایه‌تییان ده‌كه‌ن و پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم ده‌فه‌رموێت: (مَنْ عَادَى لِي وَلِيًّا فَقْد آذَنْتهُ بِالْحَرْبِ) رواه‌ البخاری واته‌: خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: هه‌ركه‌س دژایه‌تی دۆستێكی من بكات ئه‌وا جاڕی جه‌نگی له‌ گه‌ڵدا ده‌ده‌م  .

دووه‌م: ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ڕوویه‌كه‌وه‌ شایسته‌ی دۆستایه‌تین و له‌ڕوویه‌كی تره‌وه‌ شایسته‌ی دژایه‌تین: مه‌به‌ست له‌و موسوڵمانانه‌یه‌ كه‌ تاوانكارو سه‌ركه‌ش وسه‌رپێچی كه‌رو یاخین دۆستایه‌تیكردنی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌و ڕووه‌وه‌یه‌ كه‌ بنچینه‌ی باوه‌ڕیان دامه‌زراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ له‌ بازنه‌ی بێباوه‌ڕی ده‌رچوون وبه‌م پێیه‌ شایسته‌ن به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی دۆستایه‌تی بكرێن، بەڵام دژایه‌تی كردنیان له‌و ڕووه‌وه‌یه‌ كه‌ سنووری باوه‌ڕی پێویست ده‌به‌زێنن و شوورای حه‌ڵاڵ وحه‌رام ده‌شكێنن، ئنجا له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ موسوڵمان به‌ ئه‌ندازه‌ی ڕاده‌ی سنوورشكێنییه‌كه‌یان ڕقی لێیان ببێته‌وه‌و نكۆڵییان لێبكات وهه‌وڵی گۆڕینی خراپه‌كانیان بدات. خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت:(إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ) الحجرات/13 واته‌: به‌ڕێزترینتان له‌ لای خوا ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ زۆرتر پارێز بكات، ئاشكرایه‌ كه‌سێك له‌ خوای گه‌وره‌ نه‌ترسێت و پارێزی لێ نه‌كات ڕێزی نامێنێت و موسوڵمانان به‌و چاوه‌وه‌ ته‌ماشای ده‌كه‌ن و به‌ ئه‌ندازه‌ی بێفه‌رمانیكردنی ڕقیان لێیه‌تی، هه‌ر وه‌ك پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم ده‌فه‌رموێت: (....وَإِذَا أَبْغَضَ عَبْدًا دَعَا جِبْرِيلَ فَقَالَ : إِنِّي أُبْغِضُ فُلانًا ، فَأَبْغِضْهُ ، فَيُبْغِضُهُ جِبْرِيلُ ، ثُمَّ يُنَادِي فِي أَهْلِ السَّمَاءِ ، إِنَّ اللَّهَ عَزَّ وَجَلَّ يُبْغِضُ فُلانًا فَأَبْغِضُوهُ فَيُبْغِضُوهُ أَهْلُ السَّمَاءِ ثُمَّ تُوضَعُ لَهُ الْبَغْضَاءُ فِي أَهْلِ الأَرْضِ) رواه مسلم واته‌: (.... ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره‌ ڕقی له‌موسوڵمانیه‌ك بوو بانگی جوبریل ده‌كات و پێی ده‌فه‌رموێت: خوا ڕقی له‌ فڵان كه‌سه‌ تۆش ڕقت لێی بێت، ئنجا جبریلیش ڕقی لێی ده‌بێت، پاشان جبریل بانگی ئه‌هلی ئاسمانه‌كان ده‌كات و ده‌فه‌رموێت: خوا ڕقی له‌ فڵان كه‌سه‌ ئێوه‌ش ڕقتان لێی بێت، ئنجا ئه‌هلی ئاسمانه‌كانیش ڕقیان لێی ده‌بێت، پاشان ڕق لێبوونه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ دڵی خه‌ڵكی سه‌ر زه‌ویشه‌وه‌  .

هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم ده‌رباره‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی خراپه‌كارن وكاروباری موسوڵمانان ده‌گرنه‌ ده‌ست ده‌فه‌رموێت: (إِنَّهُ يُسْتَعْمَلُ عَلَيْكُمْ أُمَرَاءُ فَتَعْرِفُونَ وَتُنْكِرُونَ ، فَمَنْ كَرِهَ فَقَدْ بَرِئَ ، وَمَنْ أَنْكَرَ فَقَدْ سَلِمَ ، وَلَكِنْ مَنْ رَضِيَ وَتَابَعَ)رواه مسلم واته‌: فه‌رمانڕه‌وایانێك به‌سه‌رتانه‌وه‌ ده‌بنه‌ ده‌سەڵاتدارو به‌ هه‌ندێ كرده‌وەیان ئاشنان، نكۆڵی له‌ هه‌ندێكی تریان ده‌كه‌ن، هه‌ر كه‌س ڕقی لێیان بێت ئه‌وا له‌ تاوان و گوناه بێبه‌ری ده‌بێت و هه‌ركه‌س نكۆڵییان لێ بكات سه‌لامه‌ت ده‌رده‌چێت، بەڵام كه‌سێك پێیان ڕازی بێت و شوێنیان بكه‌وێت ئه‌وه‌ تاوانبار ده‌بێت  .

سێ یه‌م: ئه‌و كه‌سانه‌ی شایسته‌ی دژایه‌تی ڕه‌ها (المعاداة‌ المطلقه‌) ن: مه‌به‌ست له‌ بێباوه‌ڕانه‌، كه‌ ڕه‌گه‌زی باوه‌ڕ له‌ ناخیاندا ڕیشه‌كێشكراوه‌و جگه‌ له‌وه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بوونی باوه‌ڕو موسوڵمانان به‌ مه‌ترسی ده‌زانن بۆ سه‌ر بوونی خۆیان و مانه‌وه‌یان له‌ نه‌هێشتن، یاخود بوونی خۆیان له‌ لاوازكردنی كاروانی باوه‌ڕدا ده‌بیننه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌و په‌ڕی جه‌خته‌وه‌ دژایه‌تی ده‌كه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ نابێت موسوڵمانیش هه‌رگیز دۆستایه‌تی ئه‌مانه‌ بكات و مه‌یلی به‌لایاندا هه‌بێت، به‌ڵكو پێویسته‌ ڕقی لێیان بێت ودژایه‌تییان بكات. هه‌ر وه‌ك خوای گه‌وره‌ سه‌یدنا (ابراهیم) پێغه‌مبه‌ر علیه السلام ده‌كات به‌ پێشه‌نگمان و ده‌فه‌رموێت: (قَدْ كَانَتْ لَكُمْ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ فِي إِبْرَاهِيمَ وَالَّذِينَ مَعَهُ إِذْ قَالُوا لِقَوْمِهِمْ إِنَّا بُرَاء مِنكُمْ وَمِمَّا تَعْبُدُونَ مِن دُونِ اللَّهِ كَفَرْنَا بِكُمْ وَبَدَا بَيْنَنَا وَبَيْنَكُمُ الْعَدَاوَةُ وَالْبَغْضَاء أَبَدًا حَتَّى تُؤْمِنُوا بِاللَّهِ وَحْدَهُ) الممتحنه‌/4 واته‌: پێشه‌نگی چاك بۆ ئێوه‌ له‌ ئیبراهیم علیه‌ السلام و ئه‌وانه‌دا ده‌بینرێته‌وه‌ كه‌ له‌ گه‌ڵیدا بوون، كاتێك به‌ گه‌له‌كه‌یان فه‌رموو: ئێمه‌ له‌ ئێوه‌و له‌وه‌ی بێجگه‌ له‌ خوای گه‌وره‌ ده‌یپه‌رستن بێبه‌رین، كوفرانه‌تان پێده‌كه‌ین و دژایه‌تی و ڕكابه‌ری له‌ نێوان ئێمه‌و ئێوه‌دا بۆ هه‌میشه‌ ده‌ستی پێكردووه‌، مه‌گه‌ركاتێك باوه‌ڕ به‌ تاك و ته‌نهایی خوای گه‌وره‌ بێنن  .

هۆكاره‌كانی ده‌سته‌به‌ربوونی دۆستایه‌تی موسوڵمانان  :

چه‌ند هۆكارێك هاوئاهه‌نگن له‌ ده‌سته‌به‌ركردنی دۆستایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی نێوان موسوڵمانان، پێویسته‌ ڕه‌چاوبكرێن وداكۆكییان له‌سه‌ر بكرێت له‌وانه‌  :

1ـ باوه‌ڕی ڕاسته‌قینه‌: هه‌ركاتێك موسوڵمان دڵ وده‌روونی به‌ باوه‌ڕه‌كه‌ی ئاوه‌دان وڕۆشن بوو، بێگومان ئه‌م ڕشته‌یه‌ دڵی په‌یوه‌ست ده‌كات به‌ موسوڵمانانی تره‌وه‌و پێیان شاد ده‌بێت و چێژی شیرینی باوه‌ڕه‌كه‌ی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌. هه‌ر وه‌ك پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم ده‌فه‌رموێت: (ثَلَاثٌ مَنْ كُنَّ فِيهِ ، وَجَدَ حَلَاوَةَ الْإِيمَانِ ؛ أَنْ يَكُونَ اللَّهُ وَرَسُولُهُ ، أَحَبَّ إِلَيْهِ مِمَّا سِوَاهُمَا ، وَأَنْ يُحِبَّ الْمَرْءَ لَا يُحِبُّهُ إِلَّا لِلَّهِ...) متفق علیه واته‌: سێ سیفه‌ت هه‌ن له‌ هه‌ر كه‌سێكدا بێت به‌ هۆیانه‌وه‌ شیرینی باوه‌ڕ ده‌چێژێت  :

ـ ده‌بێت خواو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی صلی اللە علیە وسلم خۆشه‌ویست تر بن له‌ لای وه‌ك له‌ هه‌ر كه‌سێكی تر  .

ـ هه‌ر كه‌سێكی خۆشویست له‌ به‌رخوا نه‌بێت خۆشی نه‌وێت. خوای گه‌وره‌ له‌ وه‌سفی پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم و هاوەڵاندا ده‌فه‌رموێت: (مُّحَمَّدٌ رَّسُولُ اللَّهِ وَالَّذِينَ مَعَهُ أَشِدَّاء عَلَى الْكُفَّارِ رُحَمَاء بَيْنَهُمْ) الفتح/29 واته‌: محمد صلی اللە علیە وسلم نێراوی خوایه‌و ئه‌وانه‌ی له‌ گه‌ڵیدان به‌رامبه‌ر بێباوه‌ڕان توندوتیژن و له‌ نێوان خۆیاندا دڵنه‌رم و به‌به‌زه‌یین  .

پێغه‌مبه‌ریش صلی اللە علیە وسلم دۆستایه‌تی و خۆشه‌ویستی ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ باوه‌ڕه‌وه‌و ده‌فه‌رموێت: (وَالَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ لا تَدْخُلُوا الْجَنَّةَ حَتَّى تُؤْمِنُوا ، وَلا تُؤْمِنُوا حَتَّى تَحَابُّوا) رواه مسلم واته‌: سوێند به‌و خوایه‌ گیانی منی به‌ده‌سته‌ ناچنه‌ به‌هه‌شته‌وه‌ هه‌تا باوه‌ڕ نه‌هێنن و باوه‌ڕیش ناهێنن هه‌تا یه‌كترتان خۆش نه‌وێت. هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێت: (مَنْ أَحَبَّ فِي اللَّهِ وَأَبْغَضَ فِي اللَّهِ وَأَعْطَى لِلَّهِ وَمَنَعَ لِلَّهِ فَقَدِ اسْتَكْمَلَ الإِيمَانَ) اخرجه ابو داود واحمد وهو صحیح  واته‌: هه‌ر كه‌س له‌به‌رخوا خه‌ڵكی خۆش بوێت و له‌ به‌رخوا ڕقی لێیان بێت و له‌ به‌رخوا ببه‌خشێت وله‌به‌رخوا ده‌ست بگرێته‌وه‌ ئه‌وا باوه‌ڕی كامڵ و ته‌واو كردووه‌  .

ب ـ په‌یوه‌ست بوون به‌ قورئانه‌وه‌: كاتێك موسوڵمان به‌رده‌وام قورئانی پیرۆز بخوێنێته‌وه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی پێویست له‌ گه‌ڵیدا بژی، زیاترو زیاتر ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانی ده‌خاته‌وه‌ بیر، به‌ تایبه‌تی دۆستایه‌تیكردن وخۆشویستنی خواو پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم و موسوڵمانان و پێویستی سه‌رشانی به‌رامبه‌ریان له‌ سه‌رخستن وشوێنكه‌وتن وگوێڕایه‌ڵیكردن و... هتد، ئه‌وه‌ش وای لێده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ گرنگی به‌م لایه‌نه‌ بدات و فه‌رامۆشی نه‌كات. خوای گه‌وره‌ ده‌رباری قورئان ده‌فه‌رموێت: (إِنْ هُوَ إِلاَّ ذِكْرٌ لِّلْعَالَمِينَ. لِمَن شَاء مِنكُمْ أَن يَسْتَقِيمَ) التكویر/27-28 واته‌: قورئان ته‌نها یادخه‌ره‌وه‌ی خه‌ڵكی جیهانه‌ بۆ هه‌ر كه‌س له‌ ئێوه‌ كه‌ بیه‌وێت دامه‌زراو بێت و ڕێگه‌ی ڕاست بگرێته‌ به‌ر  .

ج ـ دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ دوو به‌ره‌كی و جیاوازی نێوان موسوڵمانان: چونكه‌ جیاوازی ده‌بێته‌ هۆی زویریی و له‌ یه‌كتردابڕان و به‌كه‌م ته‌ماشاكردنی یه‌كترو سه‌ر ئه‌نجام دژایه‌تیكردن، كه‌ ئه‌مه‌ش دروست نییه‌، پێچه‌وانه‌ی مامه‌ڵه‌ی په‌سه‌ندی نێوان موسوڵمانانه‌. خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (وَاعْتَصِمُواْ بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلاَ تَفَرَّقُواْ وَاذْكُرُواْ نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ كُنتُمْ أَعْدَاء فَأَلَّفَ بَيْنَ قُلُوبِكُمْ فَأَصْبَحْتُم بِنِعْمَتِهِ إِخْوَانًا) ال عمران/103 واته‌: تێكڕا ده‌ست بگرن به‌ ڕشته‌ی خوای گه‌وره‌وه‌و په‌رته‌وازه‌ مه‌بن، وبیر له‌ به‌هره‌ی خوا بكه‌نه‌وه‌ به‌سه‌رتانه‌وه‌یه‌، كاتێك بوو ئێوه‌ دوژمنی یه‌كتری بوون وخوا هۆگری خسته‌ نێوان دڵه‌كانتانه‌وه‌و به‌ هۆی به‌هره‌كه‌ی خواوه‌ بوون به‌ برای یه‌كتریی  .

هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێت: (إِنَّ الَّذِينَ فَرَّقُواْ دِينَهُمْ وَكَانُواْ شِيعًا لَّسْتَ مِنْهُمْ فِي شَيْءٍ) الانعام/159 واته‌: ئه‌وانه‌ی ئاینه‌كه‌یان پارچه‌پارچه‌كردو بوونه‌ تاقم تاقم تۆ ئه‌ی موحه‌مه‌د صلی اللە علیە وسلم له‌ هیچ شتێكدا له‌وان نیت  .

د-هاوه‌ڵیه‌تی كردنی خوا ناسان: كه‌سێك چاكه‌كار و باوه‌ڕدۆست بێت بێگومان هه‌میشه‌ دۆستایه‌تی توندو تۆڵی هه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ موسوڵماناندواو حه‌زیش ده‌كات دۆستایه‌تی نێوانیان پته‌وو دامه‌زراو بێت، ئنجا به‌ هاوه‌ڵیه‌تیكردنی مرۆڤی ئاوا موسوڵمان په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تییه‌كه‌ی له‌ گه‌ڵ براكانیدا به‌هێزتر ده‌بێت. وه‌ك پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم ده‌فه‌رموێت: (الْمَرْءُ عَلَى دِينِ خَلِيلِهِ فَلْيَنْظُرْ أَحَدُكُمْ مَنْ يُخَالِلْ) اخرجه فی سلسله‌ الاحاديث الصحيحه‌  واته‌: پیاو له‌سه‌ر ئاینی هاوه‌ڵه‌ نزیكه‌كه‌یه‌تی، با هه‌ریه‌كه‌تان ته‌ماشا بكات بزانێت هاوه‌ڵیه‌تی كێ ده‌كات  .

ده‌شته‌كییه‌ك هاته‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم و پێی فه‌رموو: كه‌ی ڕۆژی دوایی دادێت؟ پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم فه‌رمووی:(مَا أَعْدَدْتَ لَهَا ؟) واته‌:چیت بۆ ئاماده‌كردووه‌؟ ووتی: خۆشه‌ویستی خواو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی! فه‌رمووی: (أَنْتَ مَعَ مَنْ أَحْبَبْتَ) رواه مسلم واته‌: تۆ له‌ گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌دایت كه‌ خۆشت ده‌وێت  .

ه ـ سینه‌خاوێنی و دڵپاكی: واته‌: نابێت موسوڵمان هیچ جۆره‌ ڕق و كینه‌و ئێره‌یی (حه‌سوودی)یه‌ك به‌ برا موسوڵمانه‌كه‌ی ببات، چونكه‌ هه‌ردوكیان له‌ په‌یوه‌ندی باوه‌ڕ به‌ خوای گه‌وره‌دا یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌. ئه‌و سیفه‌تانه‌ش له‌ خو‌ ئاكاری نه‌فامین و ڕوبه‌ری بازنه‌ی ڕه‌وشتی موسوڵمانانه‌ نایان گرێته‌وه‌. خوای گه‌وره‌ له‌ وه‌سفی موسوڵمانانی شوێنكه‌وتوی پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم و هاوەڵاندا ده‌فه‌رموێت: (وَالَّذِينَ جَاؤُوا مِن بَعْدِهِمْ يَقُولُونَ رَبَّنَا اغْفِرْ لَنَا وَلِإِخْوَانِنَا الَّذِينَ سَبَقُونَا بِالإِيمَانِ وَلا تَجْعَلْ فِي قُلُوبِنَا غِلًّا لِّلَّذِينَ آمَنُوا رَبَّنَا إِنَّكَ رَؤُوفٌ رَّحِيمٌ) الحشر/10 واته‌: ئه‌وانه‌ی به‌ شوێن هاوەڵاندا دێن ده‌ڵێن ئه‌ی په‌روه‌ردگارمان له‌ ئێمه‌ خۆش به‌و له‌و برایانه‌شمان كه‌ له‌ پێش ئێمه‌ موسوڵمان بوون، خوایه‌ هیچ ڕق وكینه‌یه‌ك له‌ دڵماندا به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هێناوه‌ مه‌هێڵه‌. په‌روه‌ردگارمان تۆ به‌به‌زه‌یی و میهره‌بانیت  .

پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم سێ ڕۆژ له‌ سه‌ریه‌ك به‌ پیاوێكی (انصار) ی فه‌رموو (يَطْلُعُ عَلَيْكُمْ الْآنَ رَجُلٌ مِنْ أَهْلِ الْجَنَّةِ) واته‌: ئێستا پیاوێكتان لێ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌هه‌شتییه‌، له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا سه‌یدنا عبدالله‌ی كوڕی سه‌یدنا عومه‌ر ڕه‌زای خوای لێیان بێت شوێنی كه‌وت بۆ ماڵه‌وه‌و به‌ كابرای ووت: من له‌ گه‌ڵ باوكمدا ناخۆشیم بووه‌، سوێندم خواردووه‌ سێ ڕۆژ نه‌چمه‌وه‌ لای، ئه‌گه‌ر به‌ گونجاوی ده‌زانیت با ئه‌و ماوه‌یه‌ له‌ لات بمێنمه‌وه‌، ووتی: باشه‌.. پاش سێ ڕۆژه‌كه‌ سه‌یدنا عبدالله ڕه‌زای خوای لێ بێت پێی ووت: هیچ ناخۆشییه‌كم له‌ گه‌ڵ باوكمدا نه‌بووه‌، بەڵام من سێ ڕۆژ گوێم له‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم بوو ده‌رباره‌ت فه‌رموی ئێستا پیاوێكتان لێ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌هه‌شتییه‌، منیش وویستم له‌ گه‌ڵتدا بمێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانم چ كرده‌وه‌یه‌كی مه‌زن ئه‌نجام ده‌ده‌یت، تا منیش چاوت لێ بكه‌م، بەڵام هیچ كارێكی وا گه‌وره‌م به‌ دی نه‌كرد ئه‌نجامی بده‌یت، باشه‌ چی وای لێكردوویت كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم ئاوات پێ بفه‌رموێت؟ ووتی: هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دیوته‌، ئنجا كه‌ پشتم تێكرد تا بڕۆم، بانگی كردم و ووتی: هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دیوته‌، بەڵام ئه‌وه‌نده‌ هه‌یه‌ كه‌ من له‌ دڵی خۆمدا هیچ بوغزو كینه‌یه‌كم به‌رامبه‌ر هیچ  موسوڵمانێك نییه‌، به‌غیلیش به‌ كه‌س نابه‌م له‌سه‌ر ئه‌و به‌هره‌و به‌خششه‌ی كه‌ خوا پێی داوه‌. عبدالله ده‌فه‌رموێت: ووتم (هَذِهِ الَّتِي بَلَغَتْ بِكَ وَهِيَ الَّتِي لَا نُطِيقُ) رواه احمد وهو صحیح على شرط الشیخین واته‌: ئا ئه‌وه‌یه‌ كە تۆی گه‌یاندوه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌و هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ ناتوانین ئه‌نجامی بده‌ین  .

وـ پاراستنی نهێنی موسوڵمان: كارێك پێی  ده‌ووترێت (نهێنی) كه‌ تایبه‌ت بێت به‌ خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه‌و حه‌ز نه‌كات هه‌موو كه‌س پێی بزانێت. ئنجا ئه‌گه‌ر كه‌سێك هێنده‌ به‌ جێگه‌ی متمانه‌ دانراو نهێنییه‌كه‌ی له‌ لا دركا، نابێت به‌ هیچ جۆرێك له‌ لای كه‌سی تر ـ بێ مۆڵه‌تی خاوه‌ن قسه‌كه‌ ـ باسی بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ به‌خشین له‌ نێوان موسوڵماناندا زیاتر ببێت و لاواز نه‌بێت و كه‌سایه‌تی و كاری گرنگی موسوڵمانان به‌ر شاڵاوی زمانی خه‌ڵكی نه‌كه‌وێت. خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ لاَ تَخُونُواْ اللَّهَ وَالرَّسُولَ وَتَخُونُواْ أَمَانَاتِكُمْ وَأَنتُمْ تَعْلَمُونَ) الانفال/27 واته‌: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌ ناپاكی له‌گه‌ڵ خواو پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم مه‌كه‌ن، به‌وه‌ی ناپاكی له‌ ڕاسپارده‌كانتاندا بكه‌ن و خۆتان ده‌زانن ده‌بێ بپارێزرێت  .

عبدالله ی كوڕی جه‌عفه‌ر ڕه‌زای خوای لێ بێت ده‌فه‌رموێ: (أَرْدَفَنِي رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ذَاتَ يَوْمٍ خَلْفَهُ ، فَأَسَرَّ إِلَيَّ حَدِيثًا لا أُحَدِّثُ بِهِ أَحَدًا مِنَ النَّاسِ) رواه مسلم واته‌: ڕۆژێك پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم له‌ دوای خۆیه‌وه‌ سواری وڵاخه‌كه‌ی كردم و فه‌رمایشتێكی نهێنی پێ فه‌رمووم بۆ هیچ كه‌سی باس ناكه‌م  .

زـ خۆپاراستن له‌ به‌د گومانی (سوء الظَّنّ): واته‌: نابێت موسوڵمان گومانی خراپ به‌ برا موسوڵمانه‌كه‌ی ببات، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی گه‌ڕان به‌ دوای ناته‌واوییه‌كانیدا، یاخود سۆراخی ئه‌و گومانه‌ ده‌كات كه‌ پێی بردووه‌و له‌م لاو ئه‌ولا باسی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ ئه‌نجامێك تێیدا،ئیتر ئاوا به‌ هۆی گومانی خراپه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ دوو تاوانی تره‌وه‌ كه‌ وەسوەسه‌كردن و غه‌یبه‌تكردنه‌! بۆیه‌ خوای گه‌وره‌ و كاربه‌ جێ ده‌فه‌رموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اجْتَنِبُوا كَثِيرًا مِّنَ الظَّنِّ إِنَّ بَعْضَ الظَّنِّ إِثْمٌ وَلا تَجَسَّسُوا وَلا يَغْتَب بَّعْضُكُم بَعْضًا) الحجرات/12واته‌: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌ له‌ زۆربه‌ی گومانه‌كان دوور بكه‌ونه‌وه‌ چونكه‌ گومان هه‌ن تاوانن.. سیخوڕیی به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ مه‌كه‌ن و هه‌ندێكتان له‌ پاش مله‌ باسی هه‌ندێكی ترتان مه‌كه‌ن. پێغه‌مبه‌ریش صلی اللە علیە وسلم ده‌فه‌رموێت: (إِيَّاكُمْ وَالظَّنَّ ، فَإِنَّ الظَّنَّ أَكْذَبُ الْحَدِيثِ) رواه‌ البخاری واته‌: ده‌خیلتان بم ئێوه‌و گومان بردن، چونكه‌ گومان بردن درۆترین قسه‌یه‌  .

جۆره‌كانی دۆستایه‌تی نه‌فامی  :

له‌ كۆمه‌ڵگای نه‌فامیدا به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی خواو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی صلی اللە علیە وسلم بنه‌مای ره‌فتارو ئاراسته‌و مامه‌ڵه‌ نییه‌ خه‌ڵكی له‌ ڕوانگه‌ی جۆره‌ها تێڕوانینه‌وه‌ دۆستایه‌تی یه‌كتر ده‌كه‌ن له‌وانه‌  :

1ـ تێڕوانینی نه‌ته‌وه‌یی: واته‌: هه‌ر كه‌س ڕۆڵه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێت كه‌ زمان و خاك و نه‌ژادو مێژووی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ ئه‌وا له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌وه‌ ئه‌و په‌ڕی دۆستایه‌تی ده‌كرێت و هه‌موو مافێكی بۆ دابین ده‌كرێت، به‌ بێ گوێدانه‌ ئاین و بیروباوه‌ڕی، به‌و واتایه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌سێك زۆر بێباوه‌ڕو سه‌ركه‌ش وخوانه‌ناسیش بێت شایسته‌ی دۆستایه‌تیكردنه‌ ماده‌م هاونه‌ته‌وه‌ بێت، بەڵام كه‌سێك هاونه‌ته‌وه‌ نه‌بێت با زۆر خواناس و پارێزكارو چاكه‌ كاریش بێت ده‌بێت دۆستایه‌تی نه‌كرێت و مافی نه‌بێت  .

2ـ تێڕوانینی نیشتیمانی و ناوچه‌گه‌ریی: واته‌: له‌م مه‌ترێزه‌وه‌ دۆستایه‌تی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ سیفه‌تی هاونیشتیمانیه‌تی ده‌یانگرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر چی بێباوه‌ڕیش بن، بەڵام ئه‌وانه‌ی ڕه‌گه‌زنامه‌ی هاوڵاتی بوونیان نییه‌ شایسته‌ی هیچ جۆره‌ پشتیوانییه‌ك نین با زۆر چاكیش بن  .

3ـ تێڕوانینی هۆزایه‌تی و تیره‌گه‌ری: ئه‌م جۆره‌ش ڕوانگه‌ی دۆستایه‌تی كردن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ له‌ بنه‌چه‌ی یه‌ك تیره‌و هۆزن، ئه‌وی به‌ره‌بابی نه‌چێته‌وه‌ سه‌ریان مافی دۆستایه‌تی كردنی نییه‌، یاخود ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێكی ئه‌و تیره‌و هۆزه‌ گه‌وره‌ترین تاوان و بێباوه‌ڕی ئه‌نجام بدات پێویسته‌ به‌رگری مان و نه‌مانی لێ بكرێت! بەڵام له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌گه‌ر كه‌سێكی تر له‌ لایه‌ن ئه‌و كه‌سه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕی سته‌می لێ بكرێت با موسوڵمان و خاوه‌ن مافیش بێت ده‌بێت پێشێل بكرێت  .

4ـ تێڕوانینی تاقمگه‌ریی و حیزبایه‌تی: ئه‌م تێڕوانینه‌ش به‌و پێوه‌دانگه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا ده‌كات كه‌ له‌ لایه‌نگری حیزبیدا پشكیان هه‌بێت و دۆستایه‌تی و پشتیوانی و خۆشه‌ویستی له‌ گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا داده‌مه‌زرێنێت كه‌ له‌و لایه‌نگرییه‌دا قووڵ بووبنه‌وه‌، گه‌رچی سه‌ركه‌ش و یاخی و تاوانباریش بن. بەڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌و بازنه‌یه‌دا نه‌بێت دۆستایه‌تی له‌ گه‌ڵدا ناكرێت با زۆر سه‌ر ڕاست و پارێزكار و دامه‌زراویش بێت  .

5ـ تێڕوانینی پشتگیری كردنی ده‌سەڵات: واته‌: دۆستایه‌تیكردن بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ پشتگیری له‌ ده‌سەڵاتدارانی ووڵات ده‌كه‌ن و هاوبیرو ڕان له‌ گه‌ڵیاندا گه‌رچی پێچه‌وانه‌ی ڕێبازو ڕێساو شه‌رعی خوای گه‌وره‌ش بجوڵێنه‌وه‌و دژایه‌تی ئیسلام و موسوڵمانانیش بكه‌ن  .

6ـ تێڕوانینی مرۆڤایه‌تییانه‌: ئه‌م تێڕوانینه‌ گشتگیره‌ بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی. واته‌: هه‌ركه‌س پێی بووترێت ئاده‌میزاد پێویسته‌ دۆستایه‌تی بكرێت به‌ بێ گوێ دانه‌ هیچ پێودانگ و ڕوانگه‌یه‌ك، به‌م پێیه‌ گه‌وره‌ترین پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم و سه‌ركه‌شترین (طاغوت) شایسته‌ی هه‌مان دۆستایه‌تی مرۆڤانه‌ن و نابێت هیچ جۆره‌ جیاوازییه‌ك ڕه‌چاو بكرێت  .

7- تێڕوانینی به‌رژه‌وه‌ندویستی و ماددییانه‌: گه‌رچی ئه‌م جۆره‌ تێڕوانینه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ناكرێت و به‌ئه‌ندازه‌ی ئه‌وانی تر ده‌سته‌و گرۆهی له‌سه‌ر پێك نایه‌ت بەڵام زۆر ترین كه‌س ده‌یكه‌نه‌ بناغه‌و دۆستایه‌تی له‌سه‌ر هه‌ڵده‌چنن و له‌ كوێوه‌ بای بێت له‌وێوه‌ شه‌ن ده‌كه‌ن، واته‌: كه‌سێك سوودی لێ ببینرێت دۆستایه‌تی ده‌كرێت و هه‌موو جۆره‌ هاوكاری و پشتیوانییه‌كی لێ ده‌كرێت، بەڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ ڕووی ماددییه‌وه‌ كه‌ڵكی نه‌بێت گوێی پێ نادرێت، ئه‌گه‌ر چی دڵسۆز و چاكه‌كار و خزمه‌ت گوزاریش بێت  .

جیاوازی نێوان دۆستایه‌تی بیروباوه‌ڕ و دۆستایه‌تی نه‌فامی  :

به‌و پێیه‌ی كه‌ ئیسلام په‌یامی خوای په‌روه‌ردگاره‌و ئایینی زگماكه‌ به‌ پێوانه‌ی هاوسه‌نگ و گونجاو له‌گه‌ڵ خواسته‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی مرۆڤدا مامه‌ڵه‌ ده‌كات و هه‌موو داخوازییه‌ ماددی و ده‌روونی و تاكی و كۆمه‌ڵییه‌كانی به‌رچاو ده‌گرێت. پێودانگی مامه‌ڵه‌و دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كانیش له‌سه‌ر بنیادی نه‌گۆڕ داده‌مه‌زرێنێت وهه‌ر ئه‌و بنیاده‌ ده‌كاته‌ تیشكۆی ڕێزداریی و بێ ڕێزیی و پێكه‌وه‌ ژیان و له‌یه‌كدابڕان، ئه‌ویش بنیادی بیر و باوه‌ڕه‌، چونكه‌ هه‌موو بونیاده‌ نه‌فامییه‌كان گۆڕاون و ده‌سەڵاتی هیچ كه‌سێك له‌ دیاری كردنیاندا نییه‌، تاكو بكرێته‌ پێوانه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن  .

به‌ واتایه‌كی تر بیر و باوه‌ڕی ڕاسته‌قینه‌ هه‌ر یه‌ك بیرو باوه‌ڕه‌و له‌ هه‌موو سه‌رده‌م و كات و شوێنێكدا نه‌ گۆڕه‌و له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ موسوڵمانان له‌سه‌ر خوانی پڕ شكۆیی كۆ ده‌بنه‌وه‌و هه‌ركه‌سیش خواستی بێت ده‌چێته‌ ڕیزیانه‌وه‌ و هۆگری هه‌مان بیرو باوه‌ڕ ده‌بێت و هه‌مان ماف و دۆستایه‌تی ده‌یگرێته‌وه‌، بەڵام سه‌رجه‌م ڕه‌گه‌زه‌كانی گرێدانی دۆستایه‌تی نه‌فامی له‌ خاك و نه‌ژاد و زمان و نه‌ته‌وه‌و بەرژه‌وه‌ندی و... هتد ده‌كرێت له‌ پێناوی بیرو باوه‌ڕدا فه‌راموش بكرێن و هیچ كامیشیان ده‌ستی مرۆڤ له‌ دیاری كردنیدا نییه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا ڕه‌وتی چاك و خراپی مرۆڤ ناگوڕن  .

كه‌واته‌: ده‌توانین له‌م دوو خاڵه‌دا جیاوازی نێوان دۆستایه‌تی بیر و باوه‌ڕ و دۆستایه‌تی نه‌فامی ڕوون بكه‌ینه‌وه‌  :

یه‌كه‌م: بیر باوه‌ڕ ده‌كرێته‌ بناغه‌ی دۆستایه‌تی ئیسلامی: چونكه‌ له‌ ڕووی ناوه‌رۆكه‌وه‌ نه‌گۆڕه‌و له‌ڕووی پابه‌ندبوونه‌وه‌ به‌ پێی خواستی مرۆڤه‌، پاشان له‌ سۆنگه‌ی بیر و باوه‌ڕه‌وه‌ چاك و خراپی مرۆڤ ده‌رده‌كه‌وێت  .

دووه‌م: ڕه‌گه‌زه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان چینه‌كانی مرۆڤ ده‌كرێنه‌ بناغه‌ی دۆستایه‌تی نه‌فامی: ئه‌مانه‌ بەڵام بناغه‌ی له‌ رزۆك و نادروستن، چونكه‌ له‌ ڕووی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌ خواستی مرۆڤ به‌ده‌رن و هیچ كاریگه‌رییه‌كیان له‌سه‌ر چاك و خراپی مرۆڤ نییه‌ و ده‌كرێت له‌ پێناوی ڕاستیدا مرۆڤ ده‌ستبه‌رداریان ببێت  .

جیاوازی نێوان دۆستایه‌تی و پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردن (الموالاة والمداراة).

پێویسته‌ موسوڵمان دۆستایه‌تی خوای گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم و موسوڵمانان بكات چونكه‌ په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێت: (إِنَّمَا وَلِيُّكُمُ اللَّهُ وَرَسُولُهُ وَالَّذِينَ آمَنُواْ...) المائده‌/55 واته‌: دۆستی ئێوه‌ ته‌نها خواو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی و ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕیان هێناوه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ نابێت موسوڵمان هیچ شێوه‌یه‌كی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕاندا دابمه‌زرێنێت چونكه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی بێباوه‌ڕی و پێچه‌وانه‌ی دۆستایه‌تی بیر و باوه‌ڕه‌، هه‌ر وه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (وَمَن يَتَوَلَّهُم مِّنكُمْ فَإِنَّهُ مِنْهُمْ) المائده‌/51 واته‌: هه‌ركه‌س له‌ ئێوه‌ بیانكات به‌ دۆست و پشتیوان ئه‌وه‌ له‌وانه‌و وه‌ك ئه‌وان بێباوه‌ڕه‌  .

بەڵام ئایا ئه‌مه‌ وا ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ نابێت موسوڵمان به‌ هیچ جۆرێك مامه‌ڵه‌و هه‌ڵس و كه‌وت له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕاندا بكات؟ به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی جیاوازی نێوان دۆستایه‌تی وپێكه‌وه‌ هه‌ڵكردن وەڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ڕوون ده‌بێته‌وه‌  ...

پێشتر چه‌مك و واتای دۆستایه‌تیمان بۆ ڕوون بوه‌وه‌و ئاماژه‌ به‌ ناوه‌رۆكه‌كه‌ی كراو زانیمان كه‌ ئه‌نجامدانی هه‌ر كام له‌ سیفه‌ته‌كانی دۆستایه‌تی بۆ بێباوه‌ڕ ده‌بێته‌ هۆی بێباوه‌ڕبوون و له‌ هیچ بار و دۆخێكدا نابێت له‌ موسوڵمان بوه‌شێته‌وه‌. بەڵام پێكه‌وه‌ ژیان چه‌مك و واتای سه‌ربه‌خۆو جیاوازی له‌ دۆستایه‌تی هه‌یه‌ و ڕێ و شوێنی دروستی خۆی هه‌یه‌. جیاوازییه‌كه‌ش له‌وه‌ دایه‌ كه‌ دۆستایه‌تی مامه‌ڵه‌ی بیر و باوه‌ڕه‌، بەڵام پێكه‌وه‌ ژیان مامه‌ڵه‌ی ڕۆژانه‌ی دنیایه‌. وه‌ك فوزه‌یلی كوڕی عیاز (فضیل ی كوڕی عیاض) ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ده‌فه‌رموێت: (المداراة‌ بذل الدنیا لصلاح الدنیا او الدین او هما معا، وهی مباحه‌ و ربما استحبت) واته‌: پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردن به‌گه‌ڕ خستنی دنیایه‌ بۆ خۆش گوزه‌رانی و چاك كردنی دنیا یاخود ئایین یان هه‌ر دوكیان پێكه‌وه‌، ئه‌وه‌ش دروسته‌و ڕه‌نگه‌ زۆر جار په‌سه‌ند (موسته‌حه‌ب: مستحب) یش بێت  .

بۆ نموونه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌رباره‌ی دایك و باوكی بێباوه‌ڕ له‌ ڕووی پێكه‌وه‌ ژیانه‌وه‌ ده‌فه‌رموێت: (وَصَاحِبْهُمَا فِي الدُّنْيَا مَعْرُوفًا)لقمان/15 واته‌: له‌ دنیادا به‌ چاكی هاوه‌ڵیه‌تییان بكه‌و ڕێك وپێك به‌ له‌گه‌ڵیاندا  .

بەڵام سه‌باره‌ت به‌ كردنیان به‌ دۆست و قسه‌ ڕه‌واییان به‌سه‌ر دیندارێتیی ئه‌مدا ده‌فه‌رموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ لاَ تَتَّخِذُواْ آبَاءَكُمْ وَإِخْوَانَكُمْ أَوْلِيَاء إِنِ اسْتَحَبُّواْ الْكُفْرَ عَلَى الإِيمَانِ وَمَن يَتَوَلَّهُم مِّنكُمْ فَأُولَئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ) التوبه‌/23 واته‌: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌ باوك و براكانتان مه‌كه‌ن به‌ دۆست و سه‌رپه‌رشتیاری خۆتان ئه‌گه‌ر بێباوه‌ڕییان به‌لاوه‌ خۆشه‌ویست تر بوو وه‌ك له‌ باوه‌ڕ.. ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانكه‌نه‌ سه‌رپه‌رشتیار ئه‌وانه‌ سته‌مكارن  .

یاخود دروست نییه‌ كافر له‌ كاروباری موسوڵمانانداو له‌ باس و خواستی به‌رنامه‌ی خوادا بكرێته‌ جێگه‌ی متمانه‌. وه‌ك ده‌فه‌رموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ لاَ تَتَّخِذُواْ بِطَانَةً مِّن دُونِكُمْ لاَ يَأْلُونَكُمْ خَبَالاً) ال عمران/118 واته‌: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌ بێجگه‌ له‌ خۆتان كه‌سی تر مه‌گرن به‌ دۆستی نزیك و راوێژكارو جێمتمانه‌، چونكه‌ ئه‌وان درێغی له‌ تێكدانی ڕیزه‌كانتاندا ناكه‌ن  .

كه‌واته‌: دروسته‌ له‌و كاروبارانه‌دا كه‌ تایبه‌تن به‌ دنیاوه‌ و هیچ دروشم و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ئایینیان تێدا نییه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕدا بكرێت، وه‌ك (كڕین و فرۆشتن) و(به‌شاهید گرتن) و(بارمته‌ كردن) و(هاوسێیه‌تی). به‌مه‌رجێك ئه‌و هه‌ڵوێست و ره‌فتارانه‌ هیچ جۆره‌ زیانێكی بۆ موسوڵمانان لێ نه‌كه‌وێته‌وه‌

جیاوازی نێوان دۆستایه‌تی و خۆپارێزیی (الموالاة والتقیه‌)  :

خوای گه‌وره‌ ده‌رباره‌ی دۆستایه‌تی كردنی بێباوه‌ڕان ده‌فه‌رموێت: (لاَّ يتَّخِذِ الْمُؤْمِنُونَ الْكَافِرِينَ أَوْلِياء مِن دُونِ الْمُؤْمِنِينَ وَمَن يفْعَلْ ذَلِكَ فَلَيْسَ مِنَ اللَّهِ فِي شَيْءٍ إِلاَّ أَن تَتَّقُواْ مِنْهُمْ تُقَاةً وَيُحَذِّرُكُمُ اللَّهُ نَفْسَهُ وَإِلَى اللَّهِ الْمَصِيرُ) ال عمران/28 واته‌: نابێت موسوڵمانان له‌جیاتی موسوڵمانی خۆیان بێباوه‌ڕان بكه‌نه‌ دۆست، هه‌ركه‌س وا بكات ئه‌وا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ خواوه‌ نامێنێت، مه‌گه‌ر به‌ خۆ كه‌شف نه‌كردن و رایی كردن خۆتانیان لێ بپارێزن. خوای گه‌وره‌ حه‌زه‌ری خۆیتان ده‌داتێ.. سه‌ر ئه‌نجامیشتان بۆلای خوایه‌  .

به‌پێی ئاڕاسته‌ی ئه‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ دروست نییه‌ موسوڵمانان دۆستایه‌تی بێباوه‌ڕان بكه‌ن بەڵام خوای گه‌وره‌ هه‌ر له‌م ئایه‌ته‌دا ئه‌گه‌رێكی تێدا هێشتۆته‌وه‌ ئه‌ویش خۆپارێزییه‌، له‌ كاتی ده‌ست ڕۆیشتنی بێباوه‌ڕاندا  ..

هه‌ر لێره‌دا ئه‌وه‌ روون ده‌بێته‌وه‌كه‌ كابرای موسوڵمان له‌ كاتی ناچاركردن و زۆرلێكرانی موعته‌به‌ردا ووشه‌ی كوفر به‌زمانیدا بێت به‌مه‌رجێك دڵی په‌یوه‌ست بێت به‌ باوه‌ڕه‌كه‌یه‌وه‌، ره‌فتارێكی شیاوه‌. وه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (مَن كَفَرَ بِاللَّهِ مِن بَعْدِ إِيمَانِهِ إِلاَّ مَنْ أُكْرِهَ وَقَلْبُهُ مُطْمَئِنٌّ بِالإِيمَانِ) النحل/106 واته‌: هه‌ر كه‌سێك دوای باوه‌ڕهێنانه‌كه‌ی كوفر بكات... مه‌گه‌ر كه‌سێك زۆری لێكرا بێت و دڵیشی به‌ باوه‌ڕه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ر په‌یوه‌ست مابێت  .

پێشه‌وا ابن القیم ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ئه‌م پرسیاره‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌و ده‌فه‌رموێت: (ومعلوم ان التقاة ليست بموالاة ولكن لما نهاهم الله عن موالاة الكفار اقتض ذلك معاداتهم والبراءة منهم ومجاهرتهم بالعدوان في كل حال، الا اذا خافوا من شرهم فاباح لهم التقية، وليست التقية بموالاة) واته‌: ئاشكرایه‌ كه‌ خۆپارێزی دۆستایه‌تیكردن نییه‌ به‌ڵكو كاتێك خوای گه‌وره‌ ڕێگری دۆستایه‌تیكردنی بێباوه‌ڕانی لێكردن، ئه‌و ڕێگریكردنه‌ وا ده‌خوازێ كه‌ دوژمنایه‌تییان بكه‌ن و خۆیانیان لێ بێبه‌ری بكه‌ن وله‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا دژایه‌تی ئاشكرایان بكه‌ن، مه‌گه‌ر كاتێك له‌ شه‌ڕو خراپه‌یان بترسن، ئه‌و كاته‌ش خوا ڕێگه‌ی خۆپارێزی داون و خۆپارێزیش دۆستایه‌تیكردن نییه‌  .

ده‌رباره‌ی واتای خۆپارێزیش سه‌یدنا ابن عباس ڕه‌حمه‌تی خوایان لێ بێت ده‌فه‌رموێت: (هو ان يتكلم بلسانه و قلبه مطمئن بالايمان ولايقتل ولا ياتي ماثما) واته‌: خۆپارێزیی ئه‌وه‌یه‌ موسوڵمان به‌ زمان قسه‌ بكات ودڵی به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ په‌یوه‌ست بێت و موسوڵمان نه‌كوژێت و كاری خراپ ئه‌نجام نه‌دات  .

هه‌روه‌ها ابن حجر ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ده‌فه‌رموێت: (التقية: الحذر من اظهار ما في النفس من معتقد و غيره للغير) واته‌: خۆپارێزی: پارێزكردنه‌ له‌ ده‌رخستنی ئه‌و بیرو باوه‌ڕو شتانه‌ی له‌ ده‌رووندایه‌ بۆ كه‌سی تر  .

پێشه‌وا بوخاری ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت له‌ سه‌یدنا ابی درداء ه‌وه‌ ڕه‌زای خوای لێ بێت ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی (انا لنكشر فى وجوه اقوام وقلوبنا تلعنهم) واته‌: ئێمه‌ له‌ ڕووی خه‌ڵكانێكدا ڕووی خۆشمان نیشان ده‌داو دڵیشمان نه‌فرینی لێ ده‌كردن  .

كه‌واته‌: له‌ كاتی ترسانێكدا كه‌ ئازاردانی لێ چاوه‌ڕێ بكرێت دروسته‌ موسوڵمان خۆی له‌ بێباوه‌ڕان بپارێزێت به‌ شاردنه‌وه‌ی ڕق و كینه‌و دژایه‌تی كردنی بەرامبه‌ریان وبیرو باوه‌ڕو بۆچونی و خۆی له‌ گه‌ڵیاندا بگونجێنێت  .

بەڵام له‌ كاتی زۆر لێكردنێكدا كه‌ به‌ واقیعی ئازاریان دابێت دروسته‌ موسوڵمان دۆستایه‌تی ڕووكه‌شی بێباوه‌ڕان بكات، به‌مه‌رجێ دڵی په‌یوه‌ست به‌ باوه‌ڕه‌كه‌یه‌وه‌ بمێنێت.. ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌ بێ زۆر لێ كردنی ڕاسته‌قینه‌ دۆستایه‌تی بێباوه‌ڕ بكات با به‌ڕووكه‌شیش بێت بێباوه‌ڕ ده‌بێت، چونكه‌ كاتێك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت:(وَمَن يتَوَلَّهُم مِّنكُمْ فَإِنَّهُ مِنْهُمْ) المائدة‌/51 واته‌: هه‌ركه‌س له‌ ئێوه‌ جوله‌كه‌و دیانه‌كان بكات به‌ دۆستی خۆی ئه‌میش له‌وانه‌. مه‌به‌ست له‌و كه‌سانه‌ بوو كه‌ ده‌یان ووت: (نَخْشَى أَن تُصِيبَنَا دَائِرَةٌ) المائده‌/52 واته‌: ده‌ترسین دووچاری سته‌می بێباوه‌ڕان ببین، بەڵام خوای گه‌وره‌ ئه‌و ترسه‌ی له‌ مه‌سه‌له‌ی دۆستایه‌تی كردنی بێباوه‌ڕاندا به‌ عوزر لێ وه‌رنه‌گرتن  .

1017 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
12/06/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.