ره‌فتارناسی

نه‌فس و به‌شه‌كانی

نه‌فس و به‌شه‌كانی

   مرۆڤ دروستكراوێكی سه‌رسوڕهێنه‌ره‌و سروشتێكی ئاڵۆزو توانایه‌كی جۆراوجۆری هه‌یه‌، زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانێت چاكه‌و خراپه‌ له‌ یه‌كدی جیابكاته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ش ده‌توانێت به‌ره‌و چاكه‌ یان خراپه‌ بڕوات.. ئه‌م توانا و وزه‌یه‌ش له‌ ده‌روونی مرۆڤدا هه‌یه‌ و هه‌مووكات ئاماده‌یه‌.

  مه‌به‌ست له‌ په‌یامی پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم بزواندنی ئه‌و تواناو هه‌ستانه‌یه‌ نه‌ك دروست كردنیان، چونكه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌ن.

   له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا له‌ ده‌روونی مرۆڤدا هێزێك هه‌یه‌، ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌و هێزه‌ به‌ پاك رابگرێت ئه‌وا سه‌ربه‌رز ده‌بێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزه‌ پۆخڵ بكرێت ئه‌وا خاوه‌نه‌كه‌ی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت. ئه‌و هێزه‌ش نه‌فسه‌.

   زانای به‌ پایه‌به‌رز ئیبنولقه‌یم  ده‌فه‌رموێ: نه‌فس له‌ ژیانی ئیمانداردا ده‌ورێكی سامناكی هه‌یه‌، ئیماندار ده‌زانێت كه‌ هه‌موو نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان به‌ هۆی نه‌فسی به‌دكاره‌وه‌ په‌یدا ده‌بن، چونكه‌ كاتێ ژه‌نگ دێنێت كار ده‌كاته‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی، له‌ پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ دڵ.

   نه‌فس حه‌ز به‌ لادان و سه‌ركه‌شی و دنیاپه‌رستی ده‌كات، خوای گه‌وره‌ش بانگه‌واز ده‌كات بۆ به‌هه‌شت و لێخۆشبوون و هه‌وڵدان بۆ زاڵ بوون به‌سه‌ر نه‌فسدا، دڵیش له‌و نێوانه‌دایه‌: (فَأَمَّا مَن طَغَى. وَآثَرَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا. فَإِنَّ الْجَحِيمَ هِيَ الْمَأْوَى. وَأَمَّا مَنْ خَافَ مَقَامَ رَبِّهِ وَنَهَى النَّفْسَ عَنِ الْهَوَى. فَإِنَّ الْجَنَّةَ هِيَ الْمَأْوَى) النازعات 37-41 واته‌: ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌شی ده‌كات ومه‌به‌ستی ته‌نها ژیانی دنیایه‌و ئه‌وی زیاتر مه‌به‌سته‌، ئه‌وه‌ دۆزه‌خ جێگه‌و رێگه‌یه‌تی.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ وه‌ستان و هه‌ڵوێست و روو به‌أووبوونه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار ده‌ترسێ و جڵه‌وی نه‌فسی له‌ لادان و یاخی بوون ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌هه‌شت جێگه‌و مه‌نزڵگایه‌تی..

   پێغه‌مبه‌ری خوایش صلی الله علیه وسلم زۆر جار ووتاری به‌م ده‌قه‌ پیرۆزه‌ ده‌ست پێ كردووه‌: (إنَّ الْحَمْدَ للهِ نَحْمَدُهُ وَنَسْتَعِينُهُ وَنَسْتَغْفِرُهُ وَ نَعوذُ باللهِ مِنْ شُرُورِ أنْفُسِنَا وَمِنْ سَيِّئاتِ أعْمَالِنَا)  واته‌ : به‌ڕاستی سوپاس و ستایش هه‌ر شایسته‌ی خوای گه‌وره‌یه‌، ئێمه‌ش سوپاسی ده‌كه‌ین و داوای كۆمه‌كیی لێ ده‌كه‌ین و داوای لێ خۆشبوونی لێ ده‌كه‌ین، له‌ شه‌ڕو خراپه‌ی نه‌فس و له‌ كرده‌وه‌ خراپه‌كانمان په‌نا ده‌گرین به‌ خوای گه‌وره‌.. له‌ شه‌وانیشدا ئه‌و دوعایه‌ی فه‌رمووه‌: (اللَّهُمَّ آتِ نَفْسِي تَقْوَاهَا وَزَكِّهَا أَنْتَ خَيْرُ مَنْ زَكَّاهَا أَنْتَ وَلِيُّهَا وَمَوْلَاهَا)  واته‌ : ئه‌ی په‌روه‌ردگار، ته‌قوا به‌ دڵ و ده‌روونم ببه‌خشه‌و خاوێنی بكه‌ره‌وه‌، چونكه‌ تۆ چاكترینی كه‌ بتوانی پاك و خاوێنی بكه‌یته‌وه‌، هه‌ر تۆ پشتیوان و یاریده‌ده‌ریی..

   ئاشكرایه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌و دانا هه‌ر دوو جۆری ئاماده‌یی له‌ نه‌فسدا دابین كردووه‌: بۆیه‌ دڵ ده‌توانێت پاك و خاوێن بێت، ده‌شتوانێت پۆخڵ و تاریك و ژه‌نگاوی بێت.. به‌ڵام مژده‌ به‌وانه‌ ده‌دات كه‌ نه‌فسیان پاك و پوخت راده‌گرن كه‌ سه‌رفرازو سه‌ركه‌وتوو ده‌بن، و سه‌رنجامی ده‌روونه‌ بۆگه‌نه‌كانیش ده‌خاته‌ روو! كه‌ په‌شیمان ونائومێدو خه‌جاڵه‌تییه‌: (وَنَفْسٍ وَمَا سَوَّاهَا. فَأَلْهَمَهَا فُجُورَهَا وَتَقْوَاهَا. قَدْ أَفْلَحَ مَن زَكَّاهَا. وَقَدْ خَابَ مَن دَسَّاهَا) الشمس7-10 واته‌: سوێند به‌ نه‌فس و ئه‌وه‌ی بۆی رێكی خستووه‌، خوا رێی خراپه‌كاریی و ته‌قواكاریی نیشانی ئه‌و نه‌فسه‌ داوه‌. حه‌تمه‌ن ئه‌و كه‌سه‌ی دڵ و ده‌روونی پاڵفته‌ ده‌كات و به‌ پاك و پوختی رایده‌گرێت سه‌رفراز ده‌بێت، حه‌تمه‌ن ئه‌و كه‌سه‌ش كه‌ دڵ و ده‌روونی پیس كردووه‌ داماوو زیان لێكه‌وتووه‌..

   نه‌فس ئه‌و جارانه‌ ئاسوده‌یه‌ كه‌ به‌ده‌م بانگه‌وازی خوای گه‌وره‌وه‌ ده‌چێت، زۆر جاریش ته‌نگ و غه‌مباره‌ كه‌ به‌ده‌م بانگه‌وازی نه‌فس و شه‌یتانه‌وه‌ ده‌چێت.

قورئان ئاماژه‌ بۆ سێ جۆر نه‌فس ده‌كات:

1ـ نه‌فسی ئه‌مماره‌

واته‌ ئه‌و نه‌فسه‌ی كه‌ فه‌رمان به‌ خراپه‌ و تاوان و گوناه‌ ده‌كات، ئه‌م جۆره‌ نه‌فسه‌ سواری سه‌ری خاوه‌نه‌كه‌ی بووه‌و ئارامی لێ هه‌ڵگرتووه‌و به‌رچاوی تاریك كردووه‌، كه‌م ئامۆژگاری ده‌بیستێ، كه‌م گوێ بۆ حه‌ق ده‌گرێت، ئه‌گه‌ر به‌زه‌یی خوای گه‌وره‌ نه‌بێت كه‌م جار ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ به‌ره‌و ئیمان دێن، به‌ڵام هه‌ندێ جار به‌ هۆی رووداوێكی دڵته‌زێنه‌وه‌ داده‌چڵه‌كێت.. قورئان له‌ باسی ئه‌م جۆره‌ نه‌فسه‌دا له‌سه‌ر زمانی زڵێخاوه‌ ده‌فه‌رموێ: (وَمَا أُبَرِّئُ نَفْسِي إِنَّ النَّفْسَ لأَمَّارَةٌ بِالسُّوءِ) یوسف/53. واته‌: خۆم بێ تاوان ناناسێنم، به‌ڵام خۆ نه‌فسیش فه‌رمانڕه‌وای كرده‌وه‌ی به‌ده‌..

 

2ـ نه‌فسی له‌ووامه‌

واته‌ نه‌فسی لۆمه‌كار.. قۆناغێكه‌ له‌ قۆناغه‌كانی گۆأان له‌ نه‌فسدا، كه‌ زۆربه‌ی ئیمانداران ده‌گرێته‌وه‌! ئه‌ویش به‌وه‌ی كه‌ كاتێك گوناهێك ده‌كه‌ن په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌و لۆمه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن، یاخود به‌رده‌وام په‌شیمانن له‌ رابووردووی خۆیان.. خوای گه‌وره‌ ئه‌و جۆره‌ نه‌فسه‌ی لا په‌سه‌نده‌ و سوێندی پێ خواردووه‌..

  هه‌تا ئێمه‌ خاوه‌نی دڵ و ده‌روون و نه‌فسێكی وا بین ئه‌وه‌ مانای وایه‌ ئیمان و باوه‌أمان سه‌لامه‌ته‌.

3ـ نه‌فسی هێمن و ئارام (موتمه‌ئیننه‌:المطمئنه‌)

واته‌ ئارام و دامه‌زراو. ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بنه‌ خاوه‌نی ئه‌م نه‌فسه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌ زیكرو یادی خوای گه‌وره‌ غافڵ نابن، ئه‌وانه‌ی كه‌ زۆر مه‌به‌ستیانه‌ ره‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌ به‌ده‌ست بێنن.. ئه‌مانه‌ جڵه‌وی نه‌فسی خۆیان گرتووه‌و نایه‌ڵن سه‌ركه‌شی بكات، ئه‌و به‌خته‌وه‌رانه‌ له‌سه‌ره‌مه‌رگدا پێیان ده‌وترێت: (يَا أَيَّتُهَا النَّفْسُ الْمُطْمَئِنَّةُ. ارْجِعِي إِلَى رَبِّكِ رَاضِيَةً مَّرْضِيَّةً. فَادْخُلِي فِي عِبَادِي. وَادْخُلِي جَنَّتِي) الفجر27-30 واته‌ : ئه‌ی خاوه‌ن نه‌فسی هێمن، دڵ و ده‌روونی پأ له‌ ئارامی، بگه‌ڕێره‌وه‌ بۆ لای په‌روه‌ردگارت، ئه‌و له‌ تۆ رازییه‌و تۆش له‌و رازیت، بچۆره‌ ریزی پیاوچاكانمه‌وه‌، بچۆره‌ به‌هه‌شته‌كه‌مه‌وه‌.

خۆزگه‌ له‌سه‌ره‌مه‌رگ و كۆتایی ژیانماندا شایسته‌ی ئه‌م مژده‌ قورئانییه‌ ده‌بوین و روو به‌ هه‌مووانمان ده‌وترا.

853 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
16/06/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.