تەفسیر

نوری خوا چرای بەشەریی نییە تا بە فو بکوژێتەوە

تەفسیری ئایەتی  ژمارە هەشتی  سورەتی الصف

(يُرِيدُونَ لِيُطْفِؤُوا نُورَ اللَّهِ بِأَفْوَاهِهِمْ وَاللَّهُ مُتِمُّ نُورِهِ وَلَوْ كَرِهَ الْكَافِرُونَ)..

خوای گه‌وره‌ هه‌ڵوێستی به‌نوئیسرائیلییه‌كانی له‌ بانگه‌وازی خوایی و پێغه‌مبه‌رێتی سه‌ییدنا عیسا به‌یان فه‌رموو ، ره‌نجی بێ سه‌مه‌رو هه‌وڵی نه‌زۆك و دۆخ وحاڵییانی به‌م نموونه‌یه‌ شوبهاند : كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێك به‌رده‌وام له‌م سه‌ر زه‌مینه‌وه‌ فوو له‌و خۆره‌ ده‌كه‌ن كه‌ نه‌وه‌دو سێ ملیۆن میل دووره‌ تا بیكوژێننه‌وه‌ !! چ گه‌لۆرییه‌كه‌؟!

   یریدون : ئیراده‌ كه‌ وویسته‌ سه‌ره‌تای راپه‌ڕاندنی بڕیاره‌ ، چونكه‌ پێش وویستن قۆناغی تر هه‌ن ، بۆ نموونه‌ كه‌سێك كه‌ ده‌یه‌وێت دزییه‌ك بكات ، پێش ده‌ستكردنی به‌ كاره‌كه‌ ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی لا دروست ده‌بن : یه‌كه‌م : پێناسه‌ی شته‌كه‌و جوێ كردنه‌وه‌ی له‌وانه‌ی نایه‌وێن . دووه‌م : حه‌ز لێ كردنی . سێیه‌م : پێناسه‌كردنی به‌ دیدو بۆچوونی خۆی ( وه‌ك ئه‌وه‌ی ئایا چاكه‌ یان خراپه‌ ) چواره‌م : پلان دانان بۆی . پێنجه‌م : بڕیاردانی .. 

   ئه‌م زاڵمانه‌ وه‌ك خۆشیان په‌یامه‌كه‌یان وه‌رنه‌گرت ، به‌رهه‌ڵستیشیان كردو له‌مپه‌ری زێڕو زۆریشییان له‌به‌رده‌م خه‌ڵكیدا داده‌نا تا دینه‌كه‌ ته‌شه‌نه‌ نه‌كات ، به‌ڵام دینێك وه‌كو مه‌حوی شاعیری خواناسی كورد ده‌فه‌رموێ : ( نووری بێ چوونی موممیدی بێ .. ) خوای كردگارو به‌ده‌سه‌ڵات ناردبێتی ، خوای به‌هێزو كارزان له‌ پشتییه‌وه‌ بێت ، چۆن به‌ كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێكی په‌راگه‌نده‌و گه‌نده‌ڵ و كرمێ ـ با هه‌موو ره‌نجیشیان پێكه‌وه‌ بخه‌نه‌ گه‌ڕ ـ لاواز ده‌بێت ، چ جای ئه‌وه‌ی بكوژێته‌وه‌ !! 

لامی لِيُطْفِؤُوا لامی جه‌خت كردنه‌وه‌یه‌ ، بۆ ته‌ئكید كردنه‌ ، واته‌ به‌ ته‌ئكید ئه‌وان ئه‌و هه‌موو فووه‌ به‌ دڵنییاییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كه‌ نووری خوای پێ بكوژێننه‌وه‌ ! چونكه‌ ئه‌سڵی رسته‌كه‌ (يريدون أن يطفؤا) ە ‌و أن لابراوه‌ ..

الإطفا‌ء : ئیمامی قورتوبی ده‌فه‌رموێ : هه‌ر به‌ مانای (اخماد)ە‌ ، هه‌ردووكیشیان بۆ كوژانه‌وه‌ی ئاگرو ئه‌وی وه‌كو ئاگره‌ وه‌ك تیشك و رووناكی ، به‌ڵام الإطفاء بۆ كوژاندنه‌وه‌ی كه‌م و زۆر به‌كار دێت ، كه‌وابوو ئه‌م گه‌وجانه‌ كه‌ به‌ هه‌موو ره‌نجی كۆمه‌ڵكاریانه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن هیچیان پێ ناكرێت چونكه‌ خۆ ئه‌م نووره‌ خواییه‌و چرایه‌كی به‌شه‌ریی نییه‌ تا بیكوژێننه‌وه‌ .. 

   كه‌وابوو ئه‌م گێله‌ پیاوانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵكارانه‌ ره‌نجێكی زۆرو به‌رده‌وام ده‌ده‌ن ، كه‌چی كه‌مێكیشیان له‌ نوره‌كه‌ی خوای گه‌وره‌ پێ ناكوژێنرێته‌وه‌ ! چ ره‌نجێكی بێ هوده‌یه‌ !

   ئه‌مه‌ له‌ ره‌وانبێژی زمانه‌وانی عه‌ره‌بیدا پێی ده‌وترێت لێچواندنی ژیروانی به‌ هه‌ستپێكراو (تشبیه المعقول بالمحسوس) ئینجا بڕوانه‌ كه‌ ده‌فه‌رموێ : فووه‌كه‌یان به‌ ده‌م ده‌كه‌ن ، ئه‌و په‌ڕی بێ به‌رهه‌می ره‌نجه‌كه‌یان ده‌رده‌خات ، ئه‌گه‌ر فوو كردنه‌كه‌یان به‌ باوه‌شێن بوایه‌ زۆرتر ده‌بوو ، كه‌متریش ماندوو ده‌بوون ! به‌ڵام ئێستا هه‌م به‌ ده‌مه‌و هه‌م به‌رده‌وامیشه‌ !! شێوازی وێنه‌ كێشی قورئان زۆر جوانه‌ ، كه‌ له‌م ئایه‌ته‌ تێ ده‌گه‌یت و چه‌ند جارێك ده‌یخوێنێته‌وه‌ وات دێته‌ر به‌رچاو كۆمه‌ڵێك كه‌رپیاوی عینادو گه‌لۆر له‌سه‌ر به‌رزاییه‌كه‌وه‌ پێكه‌وه‌ فوو له‌ خۆر ده‌كه‌ن ، له‌ رقاندا ره‌ش داگه‌ڕاون ، له‌ ره‌نجیشدا سوور هه‌ڵگه‌ڕاون ! هه‌ر به‌رده‌وامیشن تا به‌لادا دێن ، یان له‌ رق و ره‌شبینیی خۆیاندا ده‌كه‌ونه‌ كوشتنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كاره‌كه‌یان به‌ راست نازانن و هاوكارییان ناكه‌ن ! یان ئه‌وانه‌ی خوێنی خۆیان ده‌كه‌نه‌ كاسه‌وه‌و پێیان ده‌ڵێن: ئێمه‌ ئه‌و نووره‌مان پێ قبووڵه‌ !!

   له‌ لێچواندنه‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌هلی باتڵ له‌وه‌ دڵنیان تا خه‌ڵكی له‌ دین دوور بن ئاسانتر ئیستیغلال ده‌كرێن ، ئاسانتر ده‌ترسێنرێن ، كه‌وابوو تا دنیا دوور له‌ دینی خوایی به‌ تاریكی بمێنێته‌وه‌ قازانجی ئه‌وانه‌ ، بۆیه‌ ئه‌وانیش ئاوا سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ كۆمه‌ڵ و به‌رده‌وام دژی ئه‌م دینه‌ بووه‌ستنه‌وه‌و فوو كه‌ن !! به‌ڵام ئه‌مانه‌ له‌ نه‌فامی و قین و عینادی خۆیانه‌وه‌یه‌ كه‌ بیر ناكه‌نه‌وه‌و دیدیان به‌رفراوانتر ناكه‌ن تا حه‌قیقه‌تی دینی خوا وه‌كو خۆی ببینین ، ناشیانه‌وێت بیبینن ، بۆیه‌ شایانی ئه‌وه‌ نین خوای گه‌وره‌ش هیدایه‌تییان بدات ..

   ئینجا خوای گه‌وره‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر ژانیان ده‌خاته‌ دڵه‌وه‌و ره‌شبینیان ده‌كات كه‌ به‌ رسته‌ی ناو ( جملة‌ اسمیة‌ ) ده‌فه‌رموێ : (وَاللَّهُ مُتِمُّ نُورِهِ) رسته‌ی ناو هه‌م ته‌ئكید ده‌به‌خشێت هه‌م چه‌سپاوی و به‌رده‌وامی (الثبوت والدوام ) به‌ڵام له‌ سووره‌تی ته‌وبه‌دا به‌ كردار ده‌فه‌رموێ ( یتم نوره‌ ) كرداریش بۆ روداوو دووباره‌ بوونه‌وه‌یه‌ (الحدث والتكرار) .. كه‌وابوو تا ئه‌وان هه‌ن با هه‌ر فووكه‌ن ! خوای گه‌وره‌ ته‌واوكاری نووره‌كه‌یه‌تی ، ته‌واو كردن یه‌عنی هه‌م نووره‌كه‌ی زیاد ده‌كات ، هه‌م به‌ربه‌سته‌كانی رێی لا ده‌دات و ناهێڵێت ببنه‌ سێبه‌رو به‌ربه‌ستی گه‌یاندنی ! ده‌ی ئه‌مه‌ دوو لایه‌نی به‌رامبه‌ر ، بزانین كێ ماندوو ده‌بێت ، سه‌ره‌نجامی ئه‌م ململانێیه‌ كێ ده‌كه‌وێت ؟! پێغه‌مبه‌ری نازداریش صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ له‌ یه‌قینی خواناسی خۆیه‌وه‌ ده‌فه‌رموێ : (واللهِ لَيُتَمَنَّ هذا الامرُ حَتَّى يَسيرُ الراكِبُ مِنْ صَنْعَاءالى حَضْرَمَوتَ لا يخافُ الا اللهَ والذِّئبُ عَلَى غَنَمِهِ وَلكِنَّكُم تَسْتَعْجِلُونَ) [1]واته‌ : خوای گه‌وره‌ ئه‌م دینه‌ی خۆی هه‌ر ده‌گه‌ێنێت ، تا وای لێ دێت سوار له‌ سه‌نعاوه‌ ( پایته‌ختی یه‌مه‌نی ئێستایه‌ ) ده‌چێت بۆ حه‌زره‌مه‌وت ( پایته‌ختی ئێستای سه‌ڵته‌نه‌تی عومانه‌ ) له‌ هیچ شتێك له‌ غه‌یری خوا ترسی نییه‌ ، گورگیش به‌سه‌ر مه‌ڕه‌كانیه‌وه‌ ده‌بێت ( به‌ ده‌ردی كورد ده‌ڵێت : گورگ و مه‌ڕ پێكه‌وه‌ ئاو ده‌خۆنه‌وه‌ ) به‌ڵام ئێوه‌ په‌له‌ ده‌كه‌ن ..

   له‌ كۆتایی ئایه‌ته‌كه‌شدا ئه‌وه‌نده‌ی تر رقیان هه‌ڵده‌ستێنێت ، تا تووڕه‌ تر ببن و ئه‌وه‌نده‌ فوو بكه‌ن ، گێپه‌ڕه‌ی ملیان بته‌قێت ! بۆیه‌ ده‌فه‌رموێ : (وَلَوْ كَرِهَ الْكَافِرُونَ) واته‌ : با كافره‌كانیش پێیان ناخۆش بێت ، هه‌ر به‌ كوێرایی چاویان خوای گه‌وره‌ خۆی ته‌واوكردنی نووره‌كه‌ی ئه‌نجام ده‌دات ! كافریش لێره‌دا له‌و كاته‌دا مه‌به‌ست له‌وانه‌ی ئه‌هلی كیتاب بووه‌  چونكه‌ له‌ ئایه‌تی دواتردا ده‌فه‌رموێ به‌ كوێرایی چاوی موشریكه‌كان ، كه‌ عه‌ره‌به‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بوون ، بێگومان ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ش رێی ئه‌وه‌ ناگرێت كه‌ مانای ئایه‌ته‌كه‌ گشتییه‌و خوای گه‌وره‌ دینه‌كه‌ی خۆی به‌ كوێرایی چاوی كافران و موشریكان و دووڕووان و هه‌موو دوژمنانی خوا به‌ سه‌رانسه‌ری سه‌ر زه‌مین و له‌ هه‌موو كات و شوێنی هه‌موو نه‌وه‌یه‌كی مرۆڤایه‌تیدا هه‌ر ده‌گه‌ێنێت ، مه‌گه‌ر ئه‌م ئینته‌رنێته‌ی سه‌رده‌می ئێمه‌ رێگایه‌كی ئه‌و گه‌یاندنه‌ی نییه‌ ؟! كه‌ ئیسلامی به‌ هه‌موو زمانێك بردۆته‌ هه‌موو ماڵێكه‌وه‌ ..

   قورئان خوێنه‌ به‌ناوبانگه‌كانی وه‌كو نافیع و ئه‌بو عه‌مرو ئیبنو عامرو ئه‌بو به‌كر له‌ عاسمه‌وه‌ گێڕاویانه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ ( متمٌ نورَهُ ) خوێندوێتییه‌وه‌ . واته‌ به‌ ته‌نووین له‌سه‌ر میمی دووه‌می متم و منصوب بوونی نور ، به‌ڵام كیسائی و حه‌فس و خه‌له‌ف به‌ بێ ته‌نووین خوێندوویانه‌ته‌وه‌..


نوسینی/ مامۆستا کرێکار



[1]  صحیح البخاري /كتاب الاكراه

1337 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
25/07/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.