تەفسیر

ده‌رخستن و سه‌رخستنی ئه‌م دینه‌ زۆر رۆشنه‌

تەفسیری ئایەتی  ژمارە نۆی سورەتی الصف

(هُوَ الَّذِي أَرْسَلَ رَسُولَهُ بِالْهُدَى وَدِينِ الْحَقِّ لِيُظْهِرَهُ عَلَى الدِّينِ كُلِّهِ وَلَوْ كَرِهَ الْمُشْرِكُونَ)

خوای گه‌وره‌یه‌ كه‌ محمدی  صَلَّى اللَّه عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  به‌ پێغه‌مبه‌رێتی ناردووه‌ ، رێنمایی ئه‌وی پێیه‌ كه‌ قورئانه‌كه‌یه‌تی ، دینی راستی هێناوه‌ كه‌ ئیسلامه‌ ، حه‌تمه‌ن هه‌ر به‌ به‌ڵگه‌ی به‌هێزو نیشانه‌ی به‌ پێز باڵاده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو دین و به‌رنامه‌یه‌كی تریدا زاڵ ده‌كات ، جا با موشریكه‌كان هه‌ر پێیان ناخۆش بێت ، خوای گه‌وره‌ ئه‌م دینه‌ سه‌رده‌خات ..

   له‌ ئایه‌تەکەی پێش ئەمدا خوای گه‌وره‌ دەفەرموێت: به‌ كوێرایی چاوی كافران ( كه‌ زیاتر مه‌به‌ستی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌هلی كیتابه‌كان بوو واته‌ مه‌سیحیی و جوله‌كه‌كان ) لێره‌شدا به‌ كوێرایی چاوی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی كه‌ هاوه‌ڵیان بۆ خوای تاك و پاك داده‌نا ، به‌ڵێن ده‌دات كه‌ دینه‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ر هه‌رچی دین و مه‌زهه‌ب و به‌رنامه‌و بیروباوه‌ڕێكدا هه‌یه‌ ، سه‌رده‌خات .. ئیمامی الجصاص له‌ ته‌فسیره‌كه‌یدا ( أحكام القرآ‌ن ) دا ده‌فه‌رموێ : ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ موعجیزه‌ێێتی قورئان ! ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی وای ده‌فه‌رموو جوله‌كه‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی ئابووری هه‌بوو ، دیانه‌كانی نیوه‌دۆرگه‌ی عه‌ره‌بی و یه‌مه‌ن و شام باڵاده‌ست بوون و هه‌ر ئه‌وان حوكمییان ده‌كرد ، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ته‌نانه‌ت سابیئه‌ی عێراق و مه‌جووسیی ناو فارس و بتپه‌رستی ووڵاتی سیندیش باویان بوو ، ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ كاتێكدا بوو كه‌ موسوڵمانان زۆر موسته‌زعه‌ف بوون ، هێشتا سه‌ره‌تای سه‌لماندنی بوونی خۆیان بوو له‌ مه‌دینه‌، هێشتا غه‌زاكان ده‌ستی پێ نه‌كرا بوو .. ئاله‌م ساته‌ وه‌خته‌دا خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ : ئه‌م رێنماییه‌ی خۆم ، ئه‌م دینه‌ی خۆم ، به‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌م جیهانه‌ پان و پۆڕه‌ ده‌گه‌ێنم ..

   جا بڕوانه‌ هێنانه‌ دی ئه‌و به‌ڵێنه‌ش ! ئه‌ندۆنیسیایه‌كی دووسه‌د ملیۆن موسوڵمانی ـ دوای فه‌زڵی خوای گه‌وره‌ ـ به‌رهه‌می بانگه‌وازی چه‌ند بازرگانێكی یه‌مه‌نی و هیندییه‌ !! مسوڵمانانی ئه‌مڕۆ ملیارێك وسێ سه‌د ملیۆنن ، ئه‌وی له‌سه‌رده‌می غه‌زاو جیهاددا هاتوونه‌ته‌ ئه‌م ئیسلامه‌وه‌ ناكه‌نه‌ باب و باپیرانی دووسه‌د ملیۆن كه‌سی ئێستا ! ئه‌دی ئیسلام چۆن ئاوا ته‌شه‌نه‌ی كردو په‌ره‌ی سه‌ند !! ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م به‌ڵێنانه‌ هی پێغه‌مبه‌ر صَلَّى اللَّه عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  خۆی نین ..

   ئیمامی قورتوبی ده‌فه‌رموێ : ده‌رخستن و سه‌رخستنی دینه‌كه‌ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت تا هه‌ر هه‌موو سه‌رزه‌مین ده‌گرێته‌وه‌ ، چونكه‌ حه‌دیسی سه‌حیح هه‌یه‌ كه‌ باس له‌ هاتنی سه‌ییدنا عیسا ده‌كات كه‌ دێته‌ خوارو نوێژ له‌ دوای مه‌هدی ئه‌م ئوممه‌ته‌ موسوڵمانه‌وه‌ له‌ قودس ده‌كات .. ئه‌و كاته‌ش جه‌نابیان خاچ ده‌شكێنن و به‌راز ده‌كوژن و شه‌راب ده‌ڕێژن ، حوكمیش به‌ شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی محمد  صَلَّى اللَّه عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  ده‌كات ..  ئه‌و زه‌مانه‌ كافر نامێنێت . وه‌ك ده‌فه‌رموێ : (يَنْزِلُ فيكم ابنُ مريمَ حَكَمَاً عَدْلَاً وإمَامَاً مُقْسِطَاً ، فَيَكْسِرُ الصَّليبَ ويَقْتُلُ الخِنزيرَ ويَضَعُ الجْزِيَةَ) واته‌ كوڕه‌كه‌ی مه‌ریه‌م (سەلامی خوای لێبێت) دێته‌ خواره‌وه‌ بۆ ناوتان ، حاكمێكی دادپه‌روه‌و پێشه‌وایه‌كی سه‌رڕاست ده‌بێت ، خاچ ده‌شكێنێت و به‌راز ده‌كوژێت و جزیه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ داده‌نێت كه‌ ئه‌هلی كیتابن و موسوڵمان نابن ..

   ئه‌مه‌ مانای وا نییه‌ هیچ دینێكی تر شوێن كه‌وتووی نامێنێت ، چونكه‌ ئه‌حكامی شه‌رعی ده‌رباره‌ی ئه‌هلی كیتاب هه‌ندێكیان ئایه‌تی قورئانن و حه‌تمه‌ن هه‌ر بۆ حوكم پێ كردنی ده‌مێننه‌وه‌ .. والله‌ اعلم .

   ده‌رخستن و سه‌رخستنی ئه‌م دینه‌ زۆر رۆشنه‌ ، كه‌ زاڵ بوونی به‌سه‌ر دینی ئه‌هلی كیتابدا ئاوا ئاسان بێت ، كه‌ كام پاپاو پیاوی دینییان هه‌یه‌ ناتوانێت بێته‌ موناقه‌شه‌ی ! به‌ ده‌یان پیاوی دینی مه‌سیحی و جوو بوونه‌ته‌ موسوڵمان ، به‌ڵام نه‌بووه‌ زانایه‌كی ئه‌هلی ئیسلام بووبێته‌ جوله‌كه‌ یان دیان !!

   به‌سه‌ بۆ گه‌وره‌یی و سه‌ركه‌وتوویی ئه‌م دینه‌ كه‌ هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتدارانی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا هه‌یه‌ ، له‌گه‌ڵ هه‌رچی حاكم و عاله‌مانی مورته‌ددی ووڵاتی موسوڵمانان هه‌یه‌ ، هه‌ر هه‌موویان رۆژانه‌ له‌ ره‌نجی به‌ره‌نگاری و به‌ربه‌ست كردنی بانگه‌وازی ئه‌م دینه‌ن ، كه‌چی هه‌ر ره‌نج به‌ خه‌سارن ! له‌ كاتێكدا ئه‌م بانگه‌وازه‌ نه‌ حوكمی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و نه‌ پاپاو فاتیكانێكیشی هه‌یه‌ ! ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌یداخه‌كه‌یان به‌ شه‌كاوه‌یی هه‌ڵگرتووه‌ ، هه‌موو یان راكردوون ، یان له‌ زیندانن ، یان ئه‌وه‌نده‌ موسته‌زعه‌ف كراون ، شه‌وورۆژ به‌ دووی نان و ئاوی ژیانیاندا وێڵن ، كات و پاره‌یه‌كی وایان بۆ بانگه‌وازه‌كه‌یان بۆ نامێنێته‌وه‌ !! كه‌چی ئه‌م دینه‌ هه‌ر له‌ بره‌ودایه‌ .. مه‌گه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ خاوه‌نێتی ؟!

نوسینی/ مامۆستا کرێکار

1552 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
25/07/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.