پێشه‌وایانمان

له‌ ساڵیادی مامۆستای نه‌وه‌ی نوێــدا سەید قطب - رحمه الله -

سه‌یید قوتب ئیبراهیم له‌ ٩/١٠/١٩٠٩ له‌ گوندی مووشه‌ی سه‌ر به‌ شاری ئه‌سیوتی میسر له ‌دایك بووه‌ . نۆبه‌ره‌ ( كوڕی یه‌كه‌م )ی دایكی بووه‌، بۆیه‌ بایه‌خێكی زۆریان پێداوه‌ . باوكی موختاری گونده‌كه‌یان بووه‌و وه‌كو ئه‌ندامی حیزبێكی سیاسیش چاو كراوه‌ بووه‌. دایكیشی هه‌میشه‌ هیواو ئومێدێكی گه‌وره‌ی له‌ دڵ و ده‌رووندا رواندووه‌ كه‌ ( حه‌تمه‌ن ده‌بێت ناوی خانه‌واده‌كه‌مان هه‌ر به‌ گه‌وره‌یی راگریت و خۆت بچوك نه‌كه‌یته‌وه‌ بۆ شتی منداڵانه‌ ) سه‌ییدی ره‌حمه‌تی خۆی له‌ ساڵی ١٩٤٠دا ئاماژه‌ به‌م هیوا بێبوونه‌ ده‌كاته‌وه‌ .

1436442120_83_3.jpgدوای خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ گونده‌كانی خۆیان، له‌ ته‌مه‌نی ١٤ساڵیدا چووه‌ ماڵی خاڵی ( كه‌ مامۆستاو رۆژنامه‌نووس بوو ) له‌ قاهیره‌و له‌وێ ئیدامه‌ی به‌ خوێندنه‌كه‌ی داو دارالعلومی ته‌واو كرد . هێشتا ته‌مه‌نی نه‌بوو بوو به‌ حه‌ڤده‌ ساڵ هیممه‌تی كوڕی لادێ و رۆشنبیری و قسه‌زانی كوڕی شاری تێدا رووا !

له‌گه‌ڵ هه‌ست به‌ پاكی و راستگۆیی و جوامێری لادێ، زیت ز ووریایی و چاوكراوه‌یی سیاسه‌تیش كه‌سێتی (پیاوانه‌) ی سه‌ییدیان داده‌ڕشت ، كه‌ له‌ دارالعلوم ده‌یخوێند مه‌قاله‌شی بۆ گۆڤاره‌كان ده‌نووسی، هەر لەسەرەتاوە ، به‌هێزو  به‌ جورئه‌ته‌وه‌ شتی ده‌نووسی تا بووه‌ جێ سه‌رنج و شانازی هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یانناسی! مه‌هدی عه‌للامی مامۆستای به‌ ناوبانگی دار العلوم ده‌ڵێ : گه‌ر له‌ دنیادا غه‌یری سه‌یید قوتابیم نه‌بووبێت، ئه‌وم به‌سه‌..

ئه‌و جێی خۆشحاڵی وشانازیمه‌ . ئه‌م قسه‌یه‌ی له‌ زه‌مانی قوتابێتییه‌كه‌ی سه‌یید قوتبدا كردووه‌ نه‌ك دوای به ‌ناوبانگ بوونی !

سه‌یید نووسینه‌كانی له‌ گۆڤاری (الرسالة‌) و (اللواء الاشتراكیة‌) و هی تریشدا بڵاو ده‌كرده‌وه‌ تا دواتر ئیتر خۆی بووه‌ سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری (الفكرالجدید) و بوو به‌ یه‌كێك له‌ به‌هێزترین لایه‌نگری مه‌دره‌سه‌ی ئه‌ده‌بی عباس محمود العقاد كه‌ دژی مه‌دره‌سه‌ی ته‌ها حوسێن بوو . سه‌یید له‌ ماوه‌ی ژیانیدا ژنی نه‌هێناوه‌ ، گه‌رچی دوو جار دڵی به‌ ئافره‌ته‌وه‌ بووه‌ . بەڵام خوای گه‌وره‌ به‌ نسیبی نه‌كردووه‌ . بۆی نه‌ڕه‌خساوه‌ هیچیان بهێنێت .

له‌ ٣/١١/١٩٤٨ دا بۆ دوور خستنه‌وه‌ی له‌ ساحه‌ی میسر حكومه‌ت به‌ به‌هانه‌ی خوێندن ناردی بۆ ئه‌مریكا، سه‌یید له‌وێ بوو كه‌ له‌ شوباتی ١٩٤٩دا ئیمام به‌ننا شه‌هید كرا ..

ساڵی ١٩٥٠ بووه‌ به‌ ئیخوان و له‌ ١٩٥٢دا بوو به‌ ئه‌ندامی شورا (مه‌كته‌بی ئیرشاد) و به‌رپرسی به‌شی راگه‌یاندن . هه‌ر له‌ ئیخواندا مایه‌وه‌ تا ساڵانی دوایی ته‌مه‌نی كه‌ ئیتر له‌گه‌ڵ عبدالفتاح ئیسماعیل و محمد یوسف هه‌واش و عبدالمجید شازلیدا وازیان له‌ ئیخوان هێناو خۆیان ته‌نزیمێكی تری سه‌ربه‌خۆیانیان دروست كرد .

سه‌یید له‌ ٢٩/٨/١٩٦٦ دا به‌ فه‌رمانی جه‌مال عبد الناسری سه‌رۆكی میسرو له‌سه‌ر داوای خرۆشۆفی سه‌رۆكی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ئیعدام كرا ..

به‌هێزترین سیفه‌تی سه‌یید قوتب راستگۆیی و ئازایه‌تی و جوامێری و ده‌ستپاكی و سه‌خاوه‌ت و بێ هه‌واو فیزی بوو . سیفه‌تی تری فه‌رمانده‌ییشی تێگه‌یشتنی ململانێ و گه‌شبینی و نه‌فه‌س درێژی بوو ..   شه‌هیدی جیهاد دكتۆر عبدالله‌ عه‌ززامی ره‌حمه‌تی له‌ ووتارێكی هه‌یینیدا له‌ پیشاوه‌ر فه‌رمووی : له‌ عه‌قیده‌دا كه‌وتوومه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری ابن تیمیه‌وه‌ له‌ په‌روه‌رده‌و پابه‌ندیدا كه‌وتوومه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری ابن القیم ، له‌ فقهیشدا ئیمامی نه‌وه‌وی زۆرتر كاری تێكردووم ، له‌ بزاڤ و كاری ئیسلامیشدا قوتابی سه‌یید قوتبم ، چونكه‌ له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر كارتێكردنی له ‌سه‌رم هه‌بوو، به‌ تایبه‌تی له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ من له‌ ئه‌زهه‌ر ده‌مخوێندو له‌ نزیكه‌وه‌ مولازه‌مه‌ی مامۆستا سه‌ییدم ده‌كرد ..

زۆر كه‌س كتێبیان له‌ مه‌تح و زه‌می سه‌ییددا نووسیووه‌ ، هه‌یانه‌ به‌ ئینسافه‌وه‌ ره‌خنه‌ی پارسه‌نگی لێ گرتووه‌ ، هه‌شیانه‌ داوێتییه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی ته‌كفیرو ته‌فسیق ..

دكتۆر عبدالله‌ عه‌ززام له‌ كتێبی ( عملاق الفكر الاسلامی : الشهید سید قطب ) دا ده‌رباره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌یید بۆ بزاڤی ئیسلامی ده‌فه‌رموێ : (دوو روداو كارتێكردنی زۆر له‌سه‌ر سه‌یید قوتب هه‌بوو ، كه‌ كاریگه‌ر بوون له‌سه‌ر ئاڕاسته‌ی و رێبازی ژیانیان گۆڕی :

یه‌كه‌م : له‌و كاته‌ی سه‌یید له‌ ئه‌مریكا بوو ، ده‌ڵێ : له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌موو ووڵاتانی رۆژئاوا  هه‌وڵیان ده‌دا جێ پێیه‌ك بۆ خۆیان له‌ ووڵاتانی رۆژهەڵاتدا  مسۆگه‌ر كه‌ن، میسریش له‌ پێش هه‌موانه‌وه‌ . ئێمه‌ش كه‌ شه‌ش قوتابی میسری بووین ، وه‌زاره‌تی مه‌عاریف نارد بوونی بۆ ئه‌مریكا ، زۆر كه‌س په‌یوه‌ندییان پێوه‌ ده‌كردین و هه‌واڵی ووڵاتیان لێ ده‌پرسین .. جارێك سه‌فیری به‌ریتانیا له‌ ئه‌مریكا ده‌عوه‌تی كردین بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆی، ئێمه‌ش چووین . له‌وێ لای ئه‌و كتێبی ( العدالة الاجتماعیة‌ فی الاسلام ) ە ‌كه‌ی خۆمم بینی ـ كه‌ تازه‌ چاپ كرا بوو ـ وا له‌ لایه‌تی !! یه‌ك نوسخه‌ی گه‌یشتبووه‌ خۆم ، كه‌چی ده‌بینم وا نوسخه‌ی لای كابرای سه‌فیره‌! سه‌فیری به‌ریتانیا له‌ ئه‌مریكا ! سه‌رم سووڕما . وا دیار بوو ئه‌ویش زوو هه‌ستی به‌ سه‌ر سووڕمانه‌كه‌ی من كرد بۆیه‌ ـ تا وام حاڵی بكات كه‌ زیاتر جێ بایه‌خی ئه‌ووم ـ ووتی : ئه‌مه‌ش كتێبه‌كه‌ی دواییته‌و نوسخه‌یه‌كم بۆ هاتووه‌و منیش وا خه‌ریكی وه‌رگێڕانیم بۆ ئینگلیزی !! له‌ویش سه‌یرتر ئه‌وه‌ بوو كه‌ كوڕه‌كانی سه‌فیر ناویان محمد و احمد و علی بوون !!!

دووه‌م : هه‌ر له‌و سه‌فه‌ره‌یدا ، جارێك له‌ ٣١/٢/١٩٤٩ دا له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌مریكا كه‌وتبوو ، رۆژێك دیتی هه‌موو قاوشه‌كان رازێنراونه‌ته‌وه‌و گڵۆپی زۆرتر هه‌ڵكراوه‌و ده‌یان هێماو نیشانه‌ی ئاهه‌نگ و خۆشی هه‌ڵواسراوه‌ . سه‌یید ده‌فه‌رموێ : پرسیم : ده‌ڵێی ئه‌مڕۆ ئاهه‌نگێك هه‌یە؟ ئافره‌تێكی برین پێچ وەڵامی دامه‌وه‌ : به‌ڵێ به‌ڵێ ، كه‌ڵه‌ پیاوه‌كه‌ی رۆژهەڵات كوژرا، دوژمنه‌كه‌ی رۆژئاوا! سه‌یید ده‌ڵێ : ووتم ئاخۆ كێ بێت ؟! گومانم هه‌ر به‌ره‌و هیندستان و ووڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا چوو ، كه‌چی دوایی رۆژنامه‌یه‌كیان دامێ ، كه‌ سه‌یر ده‌كه‌م كه‌ڵه‌ پیاوه‌ كوژراوه‌كه‌ ئیمام به‌ننای میسری رابه‌ری اخوان المسلمینه !!

سه‌یید ده‌ڵێ : له‌ دڵی خۆمدا ووتم : (الانَ حَصْحَصَ الحقُّ: ئا ئێستا حه‌ق ده‌ركه‌وت ) ئیتر زانیم كه‌ ته‌نها ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ هه‌ن له‌سه‌ر حه‌ق و هه‌قخواز بن ، منیش ئیتر هیچ عوزرێكم لای خوا نه‌ما شوێنیان نه‌كه‌وم و نه‌بمه‌ ئه‌ندامیان .. ئه‌مه‌تا.. ئه‌مه‌ ئه‌مریكایه‌ كه‌ سه‌ما له‌سه‌ر كاسه‌ی سه‌ری ئیمام به‌ننا ده‌كات و ئه‌وه‌ش به‌ریتانیایه‌ كه‌ هه‌رچی تواناو ووزه‌ی هه‌یه‌ دژی ئیخوان خستوێتیه‌ كار! سه‌یید ده‌ڵێ : هه‌ر له‌ ماڵی كابرای سه‌فیری به‌ریتانی بووین كه‌ بڕیارم دا ببمه‌ ئه‌ندامی ئیخوان ..

ئیتر له‌وه‌و دوا سه‌ییدی ره‌حمه‌تی وازی له‌ خوێندنه‌كه‌ی هێناو گه‌ڕایه‌وه‌ میسرو چووه‌ ریزی ئیخوانه‌وه‌ . له‌ وێشدا بێ گومان دیدی به‌رفراوانتر بوو ، بەڵام وا دیاره‌ له‌ ساڵانی میحنه‌تی ئیخواندا زۆر كه‌س خاڵه‌ نه‌گۆڕه‌كانی دیدو كاری ئیسلامی ده‌گۆڕی ! بەڵام سه‌ییدی ره‌حمه‌تی تا ده‌هات به‌رچاو روونتر ده‌بوو ، بۆیه‌ گه‌وره‌ترین و گرنگرترین تیۆری فیكری بزاڤی ئیسلامی ده‌رباره‌ی گرنگی عه‌قیده‌و كۆبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر عه‌قیده‌و بزاڤ به‌ عه‌قیده‌ی نووسی و بێ مونافیس بووه‌ مامۆستای نه‌وه‌ی نوێی ئیسلامییان ..

هه‌ندێك له‌ قسه‌ی زانایانی سعودیه‌ ده‌رباره‌ی سه‌یید قطب :

- شێخ حمود بن العقلاء ـ رحمه‌ الله‌ ـ له‌ گه‌وره‌ زانایان ( كبار العلماء ) ی سعودیه‌ بوو ، ده‌رباره‌ی سه‌یید قوتب ده‌فه‌رموێ : سه‌یید رحمه‌ الله‌ كه‌ڵه ‌پیاوی مه‌نهه‌جی و هه‌ڵوێستی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی سته‌مكارانه‌ . یه‌كێكه‌ له‌ پیاوه‌ كه‌م وێنه‌كانی بانگه‌وازی خواپه‌رستی و خوا به‌یه‌كناسی ، به‌ رۆحی خۆی سره‌وتی له‌ دوژمنانی خوا جه‌مال عه‌بدونناسرو ئه‌مسالی ئه‌و بڕی ، بۆیه‌ كه‌س وه‌كو ئه‌وان به‌ ئیعدام كردنی دڵخۆش نه‌بوو ، ئه‌و كلكانه‌ وایان ده‌زانی به‌ كوشتنی سه‌یید بانگه‌وازه‌كه‌ی ده‌فه‌وتێت ! نه‌یانزانی ئه‌و خوێنه‌ی مه‌نهه‌جه‌كه‌ی ئه‌وی ئاودا، گوڕو تینی به‌ هه‌موو ووشه‌كانی دا ، سه‌ییدی زیاتر برده‌ پێش و كتێبه‌كانی ئه‌وی زیاتر بڵاو كرده‌وه‌ ، چونكه‌ راستگۆیانه‌ نووسیبوونی ، بۆیه‌ ده‌بینیت سه‌ر له‌ نوێ كه‌وتوونه‌ته‌وه‌ تیر پێوه‌ نانی !! ئێستا كه‌ سه‌یید قوتب سه‌ر له‌ نوێ موسته‌هده‌ف بۆته‌وه، خۆ بێ گومان له‌به‌ر شه‌خسی خۆی نییه‌ ، شه‌خسی خۆی رۆیشت و نه‌ما، به‌ڵكو به‌ هۆی مه‌نهه‌جه‌كه‌یه‌تی .. ده‌رباره‌ی ره‌خنه‌ لێ گرتنیشی، سه‌یید له‌ نێو زانایاندا یه‌كه‌م كه‌س نییه‌ هه‌ڵه‌ی لێوه‌ ده‌ركه‌وتبێت ، بەڵام تیرو توانج و لاواز كردنه‌كه‌ی هه‌ر له‌به‌ر هه‌ڵوێستی دژایه‌تی كردنه‌كه‌ی زوڵم و كوفر بووه‌ ..

- شێخ بن جبرینیش كه‌ هه‌ر له‌ گه‌وره‌ زانایانی سعودیه‌یه‌ ده‌رباره‌ی سه‌یید قوتب ده‌فه‌رموێ : سه‌یید قوتب و حه‌سه‌ن البه‌ننا له‌ زانایانی ئیسلامن، ئه‌هلی بانگه‌وازی خوان، خوای گه‌وره‌ به‌وان خراپه‌ی زۆری راداو خه‌ڵكێكی زۆری پێ هیدایه‌ت دان . ره‌نجی ئه‌وان نكوڵی ناكرێت ، بۆیه‌ شێخ بن بازی ره‌حمه‌تی لای جه‌مال عه‌بدونناسر تكای بۆ كرد تا ئیعدامی نه‌كات ، بەڵام ئه‌و ـ خوا سزای به‌وه‌ بداته‌وه‌ كه‌ شایانێتی ـ هه‌ر ئیعدامی كرد . چونكه‌ ئه‌و دوو پیاوه‌ له‌سه‌ر مه‌نهه‌جی ئیسلام كوژراون خه‌ڵكێكی زۆر شایه‌تی شه‌هید بوونی بۆ داون ، چونكه‌ به‌ مه‌زڵومی كوژران .. رحمهما الله‌ .. ئه‌وه‌ ماوه‌ی بیست ساڵیشه‌ خه‌ڵكی كتێبه‌كانیان ده‌خوێنن .. ئه‌و ره‌خنانه‌ش كه‌ له‌م دوایی دواییانه‌دا له‌ هه‌ڵه‌كانیان ده‌گیرێت، خۆ ناگاته‌ سنووری كوفر ، هه‌ر وه‌كو ئه‌و ره‌خنانه‌ وان كه‌ له‌ نه‌وه‌وی و سیوتی و ئیبنول جه‌وزی و ئیبن عه‌تییه‌و خه‌تتابی و قه‌سته‌لانی و ئه‌وانی تر گیراون . ئه‌و ره‌خنانه‌شم خوێندۆته‌وه‌ كه‌ شێخ ره‌بیع المدخلی له‌ سه‌ییدی گرتوون ، وا نازانم هه‌ر ناونیشانی گه‌وره‌ی بۆ داناوون ! ئه‌گینا ره‌خنه‌كان وا نین .. ره‌دده‌كه‌ی شێخ به‌كر ئه‌بو زه‌یدیش كه‌ له‌ مه‌دخه‌لی گرتووه‌ به‌ جێن ..

tgeswrws.jpg- شێخی الدوسریش له‌ یه‌كێك له‌ موحازه‌ره‌كانیدا دوای ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌كی سه‌ییدی هێنا بۆوه‌ ، گه‌نجێك لێی راست بوو بۆوه‌و ره‌خنه‌ی لێ گرتبوو كه‌ بۆچی قه‌ولی سه‌ییدی به‌ شاهید هێناوه‌ته‌وه‌ ! دواتر به‌ دۆسه‌ری وتووه‌ خۆ سه‌یید قوتب ریشی نه‌بووه‌ !! دۆسه‌ری له‌ وەڵامێکی كه‌لـله‌ ته‌زێندا پێی وتووە : ئه‌گه‌ر سه‌یید قوتب موو به‌ریشیه‌وه‌ نه‌بووه‌ ، بەڵام گومانی تێدا نییه‌ كه‌ خاوه‌ن هه‌ست و غیره‌تێكی باش بوو ، خاوه‌ن باوه‌ڕو یه‌قینێكی قایم بوو، خاوه‌ن عیزه‌تی نه‌فس و رێز بوو ، غیره‌تی بۆ موسوڵمانان ده‌جوڵا ، رۆحیشی قوربانی دینه‌كه‌ی كردو له‌ پێناوی خواداو بۆ وه‌ده‌ست هێنانی ره‌زامه‌ندی ئه‌و شه‌هید بوو. خاوه‌نی ئه‌و قه‌وله‌ به‌ناوبانگه‌ بڵاوه‌یه‌ كه‌ كاتێك داوایان لێ كرد كه‌ له‌وه‌ی كردوێتی په‌شیمان بێته‌وه‌و داوای لێبوردن له‌ دەسەڵاتداران بكات ، فه‌رموویه‌تی : بۆچی داوای به‌زه‌یی بكه‌م ؟! ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حه‌ق گیراوم حوكمی حه‌قم پێ خۆشه‌و پێی رازیم ، ئه‌گه‌ر به‌ ناحه‌قیش گیراوم من له‌وه‌ گه‌وره‌ ترم داوای لێبوردن و به‌زه‌یی له‌ باتڵ بكه‌م .. ئه‌و په‌نجه‌یه‌ی له‌ نوێژدا بۆ شاهێدی دان به‌رزم كردۆته‌وه‌ ره‌فزی ئه‌وه‌ ده‌كات ووشه‌یه‌ك بنووسێت ئیقراری حوكمی تاغووتی تێدا بێت ، پاشان شێخی دۆسه‌ری به‌ كابرا ده‌ڵێت : (هذا هو سيد قطب فأين أصحاب الشعر بلا شعور من مواقف الرجال ؟!) واته‌ : ئا ئه‌وه‌ سه‌یید قوتبه‌ ، ئیدی كوا ئه‌وانه‌ی موویان هه‌یه‌ و روویان نییه‌ ، هه‌ڵویستی ئه‌وانه‌ چۆن به‌ هه‌ڵویستی پیاوان به‌راوورد ده‌كرێت .

1586 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
29/08/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.