پێشه‌وایانمان

ئه‌بولئه‌علای مه‌ودوودی له‌ چه‌ند دێرێكدا

ئه‌بولئه‌علای مه‌ودوودی له‌ چه‌ند دێرێكدا

  له‌ به‌ره‌به‌یانی رۆژی دوووشه‌ممه‌ی 3 ی ره‌جه‌بی 1321ی كۆچی به‌رامبه‌ر به‌ 1903ی زایینی له‌ شاری (ئۆرنگ ئاباد)ی هیندستان له‌ خێزانێكی ئایین په‌روه‌ر له‌دایك بووه‌، باوكی ئه‌بولئه‌علا (ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن مه‌ودوودی) پیاوێكی پارێزكارو خواناس بوو كه‌ بۆ خزمه‌تكردنی ئایینی ئیسلام كاری رۆژنامه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردبوو..

* تا ته‌مه‌نی (9) ساڵی كتێبه‌كانی سه‌ره‌تای قۆناغی خوێندنی لای باوكی به‌ڕێزی خوێندووه‌، پاشان له‌ قوتابخانه‌ی (فه‌وقانیه‌)ی ئۆرنگ ئاباد دا به‌ خوێندن وفێربوونی قۆناغی سه‌رووتر له‌ خوێندنه‌كه‌یدا خه‌ریك ده‌بێ، تا ته‌مه‌نی (15) ساڵی له‌و قوتابخانه‌یه‌دا له‌ زانسته‌كانی ته‌فسیر، فه‌رموده‌، فیقه، ئوسول، ره‌وانبێژیی، وێژه‌، سه‌رف، نه‌حو، ماتماتیك .. به‌شێوه‌یه‌كی زۆر چاك به‌هره‌مه‌ند بووه‌.. ئه‌و كاته‌ كتێبی (المرآة الجديدة)ی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ بۆ سه‌ر زمانی ئوردو وه‌رگێڕاوه‌.

 *له‌ ساڵی 1918ز تا 1921ز له‌ رۆژنامه‌ی (تاج) به‌شداری كردووه‌ كه‌ له‌ (جبل پور) له‌ هیند چاپ و بڵاوده‌كرایه‌وه‌.

* له‌ساڵی 1921ز ده‌ڕواته‌ شاری (ده‌لهی) و له‌وێ ده‌بێته‌ سه‌رنووسه‌ری هه‌ردوو رۆژنامه‌ی به‌ناوبانگی (مسلم) و (الجمعیه‌) كه‌ ئۆرگانی ناوه‌ندی (كۆمه‌ڵه‌ی زانایانی هیند) بوون، هه‌ر له‌ سه‌رده‌می ئه‌مدا (الجمعیه‌) ناوبانگێكی زۆری په‌یدا كرد.

* له‌ساڵی (1352ك-1933ز) بۆ خزمه‌تی زیاتری ئیسلام كاری رۆژنامه‌گه‌ری ده‌ست پێده‌كات وگۆڤاری (ترجمان القرا‌ن) وچه‌ند كتێب ونامیلكه‌یه‌كی تر بڵاوده‌كاته‌وه‌.

* ساڵی (1359ك) كاری بانگه‌وازی ئیسلامی خۆی زیاتر په‌ره‌ پێداو پاشان له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌یه‌كی به‌ناوبانگی ئوردوزماندا هاوكاری ده‌كات.

* له‌و كات و ساتانه‌شدا بوو كه‌ مه‌ودوودی رووی له‌ سیاسه‌ت كردو به‌شداری له‌ بزووتنه‌وه‌ی (خیلافه‌ت) دا كردو له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی (ته‌حریكی هیجره‌ت) یشدا هاوكاری هه‌بوو.

* له‌سه‌ر داوای چه‌ند جاره‌ی زاناو دانای خۆرهه‌ڵات (محمد ئیقبال لاهوری) له‌ (حه‌یده‌ر ئابادی دكن)ـه‌وه‌ ده‌چێته‌ ناوچه‌ی (په‌نجاب) بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌ره‌وپێش بردنی شۆڕشی ئیسلامی و ناساندنی سیماو رووخساری ئیسلامی راستیدا نه‌خش و رۆڵی كاریگه‌ر ببینێ، وه‌ له‌ (دار الاسلام) نزیك شاری (پتانكوت) نیشته‌جێ ده‌بێ و له‌وێ ناوه‌ندێكی رۆشنبیری و لێكۆڵینه‌وه‌ی گرنگ پێك ده‌هێنێت وبه‌هاوكاری فه‌یله‌سوفی به‌ڕێز (ئیقبال لاهوری) بۆ پێگه‌یاندنی زانایانی ئیسلامی، لێكۆڵه‌ره‌وان وزانستخوازانی خه‌مخۆر له‌پێناو راژه‌و ناساندنی هه‌قیقه‌تی ئایینی ئیسلامی پیرۆز هه‌وڵ وكۆشش و هیممه‌تی زۆری به‌خه‌رجدا

* له‌ساڵی (1360ك-1941ز) كۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی (الجماعة‌ الاسلامیة‌)ی دامه‌زراندووه‌، هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا كتێبی (چوار زاراوه‌كه‌ (المصثطلحات االاربعة‌)ی داناوه‌.

* دوای ئه‌وه‌ی له‌م سه‌دانه‌ی دواییدا خه‌ڵكی به‌ره‌به‌ره‌ له‌ ئیسلام و رێنمایییه‌كانی دووركه‌وتنه‌وه‌و مۆسقۆفی ئیلحادی و بێبه‌ند وباری له‌ وڵاتانی ئیسلامیدا بڵاوبوویه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ گه‌وره‌پیاوی مێژووی ئیسلام (جه‌مالوددینی ئه‌فغانی) هات و په‌یامی ئاگرین و كاریگه‌ره‌ ئیسلامی و شۆڕشگێڕیه‌كه‌ی دا به‌ گوێی خه‌ڵكا و جارێكیتر ئوممه‌تی ئیسلامی ووریا كرده‌وه‌ له‌ نه‌خشه‌و پلانه‌كانی دوژمنان، دوای ئه‌ویش بانگخوازان و په‌رچه‌مدارانی گه‌وره‌ی وه‌ك پێشه‌وا (حسن البنا) و (ئه‌بو لئه‌علا) و (سه‌یید قوتب) رێبه‌رایه‌تی بزاڤی شۆڕشگێڕی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌یان گرته‌ ده‌ست و له‌ پێناویدا گیانبازی و فیداكارییان نواند.. كه‌ بزاڤ و راپه‌ڕین و سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی ئیسلامی له‌ جیهانی ئیسلامیدا له‌م چاخه‌ی ئێستادا دوای فه‌زڵی خودای  گه‌وره‌ به‌رو به‌رهه‌می ره‌نج و ماندووبوون و جیهاد و تێكۆشانی ئه‌وان و هاو وێنه‌كانیانه‌.

* ئه‌بو ئه‌علای گه‌وره‌پیاوی گۆڕه‌پانی خه‌بات و تێكۆشان دژی خه‌رافات و رێچكه‌ مرۆڤ كرده‌ خۆرهه‌ڵاتی و خۆرئاواییه‌كان، ته‌مه‌نی به‌نرخی خۆی له‌ لێكۆڵینه‌وه‌و نووسینی به‌رهه‌مه‌ نایاب و به‌نرخه‌كانی زانستی، سیاسی ورۆشنبیری زیاد له‌سه‌دو ئه‌وه‌نده‌ی (كتێب و نامیلكه‌) دا برده‌ سه‌ر.

* زانایان و نووسه‌ران ئه‌مڕۆ ته‌فسیری (تفهیم القران) ی ئه‌بو لئه‌علای مه‌ودوودی و ته‌فسیری (فی ظلال القرا‌ن)ی مامۆستای شه‌هید سه‌یید قوتب به‌ زمانه‌ زیندووه‌كانی جیهان گوزارشت لێده‌كه‌ن.

* سه‌ره‌نجام ئه‌بولئه‌علا دوای خزمه‌تێكی زۆری به‌ ئیسلام ومسوڵمانان و هۆشیار كردنه‌وه‌یان وراست كردنه‌وه‌ی تێگه‌یشتنه‌ چه‌وت و هه‌ڵه‌كان.. ساڵی (1399ك – 22/9/1979ز) بۆ دواجار ماڵئاوایی له‌م جیهانه‌ پڕ له‌ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌یه‌ كرد و به‌ره‌و لای خودای  گه‌وره‌ گه‌ڕایه‌وه‌، وه‌ له‌ (ئه‌چهه‌ره‌)ی لاهوری پاكستان ئه‌سپه‌رده‌ی خاك كراو ئێستا ئارامگاكه‌ی له‌وێیه‌.

سڵاوی خوا له‌ گیانی پاكی و جێگای به‌هه‌شتی به‌رین و رێگاكه‌شی پڕ له‌ رێبوار بێت.

وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِينَّهُمْ سُبُلَنَا وَإِنَّ الله لَمَعَ الْمُحْسِنِينَ

سه‌رچاوه‌: كتێبی: چوار زاراوه‌كه‌ی قورئان 

712 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
19/01/2016
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.