پێشه‌وایانمان

عه‌لقه‌مه‌ی كوڕی قه‌یس: (٠٠ ـ ٦٢ ك / ٠٠ ـ ٦٨٢ ز)

عه‌لقه‌مه‌ی كوڕی قه‌یس: (٠٠ ـ ٦٢ ك / ٠٠ ـ ٦٨٢ ز)

 عه‌لقه‌مه‌ی كوڕی قه‌یسی كوڕی عبدالله‌ی نه‌خه‌عی كوفی، قوتابی نه‌جیبزاده‌ی سه‌یدنا ئیبنومه‌سعوود، هه‌ر كه‌سێك عه‌لقه‌مه‌ی دیووه‌ ووتوێتی: هه‌موو شتێكی ئیبنومه‌سعوودی هه‌ڵگرتۆته‌وه‌ ته‌نانه‌ت شێوه‌ی دانیشتن و رۆیشتنیشی، ئیبراهیمی نه‌خه‌عیش كه‌ گه‌وره‌رتین شه‌رعناسی كووفه‌ بوو هه‌موو شتێكی ئه‌می هه‌ڵگرتبۆوه‌. بۆیه‌ به‌هێزترین سه‌نه‌دی ریوایاتی كووفه‌ مه‌نسوور له‌ ئیبراهیمی نه‌خه‌عی و ئه‌ویش له‌ عه‌لقه‌مه‌وه‌ (ئیبراهیم خوشكه‌زای عه‌لقه‌مه‌یه‌) ئه‌ویش له‌ سه‌یدنا ئیبنو مه‌سعووده‌وه‌.. هه‌ر وه‌كو كه‌ به‌هێزترین سه‌نه‌دی ریوایاتی مه‌دینه‌ له‌ ئیمامی مالیكه‌وه‌ بۆ نافیع، بۆ سه‌یدنا ئیبنوعومه‌ره‌ خوا لێیان رازی بێت..

   عه‌لقه‌مه‌ له‌ زه‌مانی پێغه‌مبه‌ری خوادا صلی اللە علیە وسلم له‌دایكبووه‌و دوای ته‌مه‌نی نه‌وه‌د ساڵی له‌ ساڵی ٦٢ ك كۆچی دوایی كردووه‌.. نیشانه‌یه‌كی توانای خوای گه‌وره‌بوو له‌ زانین و له‌به‌ركردندا .. به‌ پیرێتی ئه‌یفه‌رموو: له‌ گه‌نجیمدا هه‌رچیه‌كم له‌به‌ر ده‌كرد ده‌تووت كتێبی كراوه‌م له‌به‌ر ده‌ستدایه‌و ده‌یخوێنمه‌وه‌..

   پیاوێكی خواناس وبه‌ته‌قوابوو، ده‌نگی خۆش بوو، ئیبنومه‌سعوود ده‌یفه‌رموو: قورئانمان بۆ بخوێنه‌.. سه‌یره‌ كه‌ له‌ زانستی شه‌رعیدا ئه‌وه‌نده‌ سه‌ركه‌وت كه‌ یاوه‌رانی پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم پرسیاری شه‌رعییان لێ ده‌كرد!

   عه‌لقه‌مه‌ زانستی شه‌رعی له‌ زۆر له‌ یاوه‌رانی تر جگه‌ له‌ سه‌یدنا ئیبنومه‌سعوود وه‌رگرتووه‌، له‌وانه‌: سه‌یدنا عومه‌رو سه‌یدنا عوسمان و سه‌یدنا عه‌لی و خاتووعائیشه‌و سه‌یدنا ئه‌بودده‌رداء و سه‌یدنا خالیدی كوڕی وه‌لیدو سه‌یدنا حوزه‌یفه‌و سه‌یدنا خه‌بباب و سه‌یدنا سه‌عدو سه‌یدنا عه‌ممارو سه‌یدنا ئه‌بوموساو سه‌یدنا سه‌له‌مه‌ی كوڕی زه‌یدو ده‌یانی تر..

   له‌ قوتابیه‌كانیشی: ئیمامی شه‌عبی وعوبێدو ئیبراهیمی نه‌خه‌عی و ئیبنوسیرین و موسلیمی كوڕی سه‌بیح و سه‌دانی تر..

   ئیمامی ئه‌حمه‌د ده‌یفه‌رموو: عه‌لقه‌مه‌ جێمتمانه‌یه‌ ئه‌هلی خێرو چاكه‌یه‌.. یه‌حیای كوڕی مه‌عینیش ـ كه‌ مامۆستای ئیمامی ئه‌حمه‌ده‌ ـ هه‌ر وا وه‌سفی ده‌كرد..

   ئه‌بوموسه‌ننا ده‌فه‌رموێ: له‌ حه‌ج به‌ دوو ریز خه‌ڵكم دی ئیبنومه‌سعوود له‌ ریزێك و عه‌لقه‌مه‌ له‌ ریزه‌كه‌ی تر خه‌ڵكیان فێری قورئان و مه‌ناسیكی حه‌ج و پاشان حه‌رام و حەڵاڵ ده‌كرد..

   له‌گه‌ڵ ئه‌م زانست و پله‌و ناوداریه‌یدا هه‌وڵی ده‌دا دوای نوێژی جه‌ماعه‌ت خۆی له‌ مزگه‌وت و خه‌ڵكه‌كه‌ بشارێته‌وه‌و بێته‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی.. ووتیان بۆ وا ده‌كه‌یت؟ بۆچی ئاڵقه‌یه‌كی ده‌رس له‌ مزگه‌وت دانامه‌زرێنیت؟ فه‌رمووی: پێم خۆش نیه‌ بڵێن: ئه‌وه‌ ئاڵقه‌ ده‌رسی عه‌لقه‌مه‌یه‌.. ووتیان : ئه‌دی بۆچی سه‌ردانی والی ناكه‌یت تا معاشێكیان لێ سه‌نیت؟ فه‌رمووی: ده‌ترسم بچمه‌ لایان، چونكه‌ به‌ چوونه‌كه‌م ئه‌وان زیاتر له‌من ده‌سه‌نن وه‌ك له‌وه‌ی من لێییان ده‌سه‌نم!  

319 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
28/03/2016
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.