پێشه‌وایانمان

مه‌سرووقی كوڕی ئه‌جده‌ع: (٠٠ ـ ٦٢ ك / ٠٠ ـ ٦٨٢ ز)

مه‌سرووقی كوڕی ئه‌جده‌ع: (٠٠ ـ ٦٢ ك / ٠٠ ـ ٦٨٢ ز)

 ئیمامی زه‌هه‌بی كه‌ باسی مه‌سرووق ده‌كات ده‌فه‌رموێ: پێشه‌وای دیارو نموونه‌یی ئه‌بوعائیشه‌ی وادیعی هه‌مه‌دانی مه‌سرووقی كوڕی ئه‌جده‌عی كوڕی مالیك.. كه‌ به‌ منداڵیی دزراو ناوی مه‌سروق (واته‌ دزراو)ی به‌سه‌ردا بڕا..باوكی له‌ سه‌ره‌تای ئیسلامه‌وه‌ موسوڵمان بوو.. خۆشی له‌ سه‌رده‌مانی یاوه‌ران و تابعیندا ژیاو نوێژی له‌دوای سه‌یدنا ئه‌بوبه‌كری سددیقه‌وه‌ خوا لێی رازی بێت كردووه‌.. سوارچاكێكی لێهاتوو بوو.. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ خزمه‌تی خاتووعائیشه‌دا بوو كه‌ كچی بوو ناوی نایه‌وه‌ عائیشه‌و ده‌ڵێن: له‌به‌ر خاتری خاتووعائیشه‌ هیچ قسه‌یه‌كی عائیشه‌ی كچی ره‌ت نه‌ده‌كرده‌وه‌.. جارێك نه‌بێت كه‌ عائیشه‌ی كچی زۆری لێ كرد بێت خواردنێك بخوات كه‌ به‌ تایبه‌ت بۆی دروست كردبوو، كه‌ پێی ووت، فه‌رمووی: رۆڵه‌ به‌ڕۆژووم. كچه‌كه‌ی ووتی: ئاخر كه‌مێكیش به‌زه‌ییت به‌ خۆتدا بێته‌وه‌. فه‌رمووی: ئاخر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌زه‌ییم پێیدا دێته‌وه‌ ناخۆم، چونكه‌ رۆژێكی له‌ پێشه‌ درێژییه‌كه‌ی په‌نجا هه‌زار ساڵه‌..

   له‌ خزمه‌تی كۆمه‌ڵێك یاوه‌ردا زانستیه‌كانی ئیسلامی وه‌رگرت له‌وانه‌: خاتووعائیشه‌و سه‌یدنا عومه‌رو سه‌یدنا عوسمان و سه‌یدنا عه‌لی و ئوم رۆمان و سه‌یدنا ئوبه‌ی كوڕی كه‌عب و سه‌یدنا مه‌عازو سه‌یدنا خه‌بباب و هه‌رچوار عبدالله‌كه‌: سه‌یدنا ئیبنومه‌سعوودو سه‌یدنا ئیبنوعه‌بباس و سه‌یدنا ئیبنوعومه‌رو سه‌یدنا ئیبنوعه‌مری كوڕی عاس و سه‌یدنا موغیره‌ی كوڕی شوعبه‌و ده‌یانی تر..

   له‌ قوتابیه‌كانیشی: شه‌عبی و ئیبراهیمی نه‌خه‌عی و یه‌حیای كوڕی وه‌سساب و ئه‌بووائیل و عبدالرحمنی كوڕی سه‌یدنا ئیبنومه‌سعوودو مه‌كحوول و محمدی كوڕی نه‌شرو ئه‌نه‌سی كوڕی سیرین و ده‌یانی تر.. 

   ئیبراهیمی كوڕی محمد كه‌ برازای مه‌سرووق بوو ده‌فه‌رموێ: خالیدی كوڕی عبدالله‌ والی ئه‌مه‌ویه‌كان له‌ به‌سره‌ سی هه‌زار درهه‌می بۆ مامه‌ مه‌سرووقم نارد، زۆریش ده‌سكورت و پێویست بوو، بەڵام ره‌تی كرده‌وه‌و هیچی لێ هه‌ڵنه‌گرت.. كه‌ كچه‌كه‌شی دا به‌ ئه‌بوئیسحاقی سوبه‌یعی چونكه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبوو پێی ووت: ئه‌گه‌ر ده‌ هه‌زار درهه‌مم بده‌یتێ.. ئه‌ویش دایێ، هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ هه‌مووی كرده‌وه‌ به‌ مه‌سرووفی ئه‌و موجاهیدانه‌ی فی سبیل الله‌ ده‌چوونه‌ غه‌زا.. مه‌سرووق له‌ جه‌نگی قادسیه‌دا (له‌ نێوان موسوڵمانان و فارسه‌ مه‌جووسه‌كاندا بوو) ده‌ستێكی په‌ڕی، له‌ شه‌ری خه‌واریجیشدا له‌ به‌ره‌ی سه‌یدنا عه‌لی بوو خوا لێی رازی بێت..

   خاوه‌ن خواپه‌رستی و سوجده‌و شه‌ونوێژ.. به‌رده‌وام ده‌بینرا كه‌ قاچه‌كانی له‌ زۆری شه‌ونوێژیدا ده‌ئاوسان..

362 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
28/03/2016
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.