پێشه‌وایانمان

سه‌عیدی كوڕی موسه‌ییب: ( ١٤ـ ٩٤ ك / ٦٣٧ ـ ٧١٥ ز)

سه‌عیدی كوڕی موسه‌ییب: ( ١٤ـ ٩٤ ك / ٦٣٧ ـ ٧١٥ ز)

ئه‌بومحمد سه‌عیدی كوڕی موسه‌ییبی كوڕی حه‌زه‌نی ئه‌بووه‌هه‌بی مه‌خزوومی، دوو ساڵ به‌سه‌ر حوكمڕانی سه‌یدنا عومه‌ری كوڕی خه‌تتابدا خوا لێی رازی بێت تێپه‌ڕیبوو كه‌ ئه‌م له‌ مه‌دینه‌ له‌دایكبوو.. قوتابی یاوه‌رانه‌و له‌ خزمه‌تی دایكی موسوڵماناندا په‌روه‌رده‌ بووه‌، قوتابی دایكه‌ عائیشه‌و ئوم سه‌له‌مه‌و خوله‌فای راشیدین و سه‌یدنا زه‌یدو سه‌یدنا سه‌عدی كوڕی ئه‌بو وه‌ققاس و سه‌یدنا ئه‌بوموسایه‌.. كه‌ بووه‌ زاوای سه‌یدنا ئه‌بوهوره‌یره‌ هه‌ر خوا ده‌زانێت چه‌ند فه‌رمووده‌ی له‌ خه‌زووریه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ !

له‌به‌ر ئه‌م كه‌شه‌ پڕ خواناسی و زانستیه‌ شه‌رعیه‌یه‌ پێی ده‌ڵێن: زانای پڕ زانستی قورئانه‌وانی و ته‌فسیر.. بیری فه‌رمووده‌وانی و سه‌رچاوه‌ی قه‌زاوه‌ت و شه‌رعناسیی، پێی ده‌وترێت سه‌یدی شه‌رعناسان و شه‌رعناسی شه‌رعناسان.. شاره‌زاترین كه‌س بوو له‌ داوه‌ری كردنه‌كانی پێغه‌مبه‌ری خواصلی اللە علیە وسلم و سه‌یدنا ئه‌بوبه‌كرو سه‌یدنا عومه‌ردا خوا لێیان رازی بێت..

   له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ گونجاوه‌دا كه‌ بۆی لوابوو ده‌فه‌رموێ: له‌ وه‌رگرتنی زانستی شه‌رعیدا جاری وا هه‌بووه‌ به‌ مانگ له‌ سه‌فه‌رو هاتوچۆدا بووم بۆ وه‌رگرتنی فه‌رمووده‌یه‌ك.. ئه‌م زانسته‌ زۆره‌ له‌گه‌ڵ بێ هه‌واو فیزیی و ته‌قواو دینداریی.. كه‌سایه‌تیه‌كی زۆر به‌ سام و هه‌یبه‌تی بۆ دروست كردبوو، به‌ تایبه‌تی له‌ رووی پیاوانی دەسەڵاتی سیاسییدا..

   رۆزی ژیانی خۆی به‌ فرۆشتنی رۆن مسۆگه‌ر ده‌كرد، كه‌ بڕی چوارسه‌د درهه‌می ده‌هاته‌ ده‌ست.. له‌و سه‌رده‌مه‌شدا زانایان له‌ به‌یتولمال مەعاشیان بۆ بڕابۆوه‌،بەڵام ئه‌م وه‌ری نه‌ده‌گرت، جارێكیان پێیان ووت: بووه‌ به‌ سیونۆ هه‌زار درهه‌م بۆ وه‌ری ناگریت؟ فه‌رمووی: خوایه‌! تۆ ده‌زانیت ئه‌م چوار سه‌ده‌ی به‌ رۆن فرۆشیه‌كه‌ش په‌یدای ده‌كه‌م زۆریم لێ زیاده‌ بەڵام بۆ ئه‌وه‌ی موحتاجی ده‌ستی دەسەڵاتداران نه‌بم خوایە وا بۆ خۆم و ماڵ و منداڵی سه‌رف ده‌كه‌مه‌وه‌..

    عبدالمه‌لیكی كوڕی مه‌روان كه‌ والی مه‌دینه‌ بوو پێش خیلافه‌ته‌كه‌ی داوای كچه‌كه‌ی كرد بۆ وه‌لیدی كوڕی، نه‌یدایه‌و دواتر دای به‌ یه‌كێك له‌ قوتابیه‌ هه‌ژاره‌كانی خۆی كه‌ كوسه‌یری كوڕی ئه‌بی وه‌دداعه‌ بوو، ته‌نها دوو درهه‌میشی كردبوو به‌ ماره‌ییه‌كه‌ی..

   ئاوا بووه‌ یه‌كێك له‌ حه‌وت شه‌رعناسه‌كه‌ی مه‌دینه‌و بێ مونافیس بووه‌ یه‌كێك له‌ پێشه‌وایانی ئیسلام.. مه‌كحوول ده‌فه‌رموێ: دنیا گه‌ڕام له‌ سه‌عیدی كوڕی موسه‌ییبم زاناتر نه‌بینی.. عه‌لی كوڕی مه‌دینی ده‌فه‌رموێ: وا نازانم زانیاری كه‌س له‌ تابعیندا بگاته‌ زانیاری سه‌عیدی كوڕی موسه‌ییب .. ئاخر له‌به‌ر ئائه‌م پله‌ به‌رزه‌ی متمانه‌یه‌ كه‌ ئیمامی شافیعی فه‌رمووده‌ی مورسه‌ل له‌ كه‌س وه‌رناگرێت غه‌یری سه‌عیدی كوڕی موسه‌ییب.. سه‌یدنا سه‌عید كتێبی نه‌نوسیوون، چونكه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌ودا هێشتا شارستانێتی ئیسلامی مابووی پێبگات، بەڵام وه‌كو عومه‌ری كوڕی عبدالعه‌زیز ده‌فه‌رموێ: كه‌سم نه‌بینی له‌ مه‌دینه‌ بووبێت به‌ زاناو پشكێكی زانستی سه‌عیدی كوڕی موسه‌ییبی پێ نه‌بێت..

   له‌ زۆر خواپه‌رستیی و ملكه‌چییدا پێی ده‌وترا: راهیبه‌كه‌ی قوره‌یش .. 

815 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
28/03/2016
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.