پێشه‌وایانمان

عامری شه‌عبی (٢٣ ـ ٩٤ ك / ٦٤٠ ـ ٧٠٥ ز)

عامری شه‌عبی (٢٣ ـ ٩٤ ك / ٦٤٠ ـ ٧٠٥ ز)

له‌ ماوه‌ی ناوه‌ندی حوكمڕانی سه‌یدنا عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب خوا لێی رازی بێت له‌دایكبوو، نوێژی له‌دوای سه‌یدنا عه‌لییه‌وه‌ كردووه‌ خوا لێی رازی بێت و به‌ خزمه‌ت خاتوو عائیشه‌ گه‌یشتووه‌، ئیمامێكی گه‌وره‌ی ئه‌هلی سووننه‌ته‌، مه‌نسوری كوڕی عبدالرحمان لێیه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی: زانستی شه‌رعم له‌ زیاتر له‌ پێنج سه‌د یاوه‌ره‌وه‌ وه‌رگرتووه‌. مامۆستای عه‌لقه‌مه‌و نه‌خه‌عی و ئیبنو ئه‌بی له‌یلاو شوره‌یحی قازی و حه‌ممادو مه‌كحوول و عه‌تاء و سه‌دانی تره‌.. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م زانا مه‌وسووعییه‌ گه‌وره‌یه‌ هیچ شتێكی نه‌ده‌نووسیه‌وه‌، هه‌رچی ده‌یخوێند له‌به‌ری ده‌كرد. له‌ ته‌فسیردا پێشه‌وا بوو، له‌ ریوایه‌تی فه‌رمووده‌دا كه‌س نه‌ده‌گه‌یشته‌ ئاستی شانی، له‌ زمانه‌وانیدا فه‌رهه‌نگ بوو، ده‌ڵێن سێ هه‌فته‌ هه‌موو رۆژێك پاش عه‌سران كۆڕی شیعری گرتووه‌و ته‌نانه‌ت دێڕه‌ شیعرێكی دووباره‌ نه‌كردۆته‌وه‌! ده‌یفه‌رموو: ماوه‌ی بیست ساڵه‌ هه‌ر چی فه‌رمووده‌یه‌ك له‌ هه‌ر كه‌سێكه‌وه‌ ده‌بیستم نوێ نیه‌ لام.. ئه‌وه‌ی گوێم نه‌داوه‌تێ و بیرم چۆته‌وه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌به‌ری كردایه‌ ده‌چووه‌ ریزی زاناكانه‌وه‌..

   عه‌لی كوڕی قاسمی هوزه‌لی ده‌فه‌رموێ: ئیبنوسیرین پێی ووتم: بڕۆ شه‌عبی بگره‌و به‌ری مه‌ده‌، چونكه‌ چه‌ندین جار  دیوومه‌ به‌ ئاماده‌بوونی یاوه‌ران فه‌توای ده‌دا.. یه‌عنی ئه‌و یاوه‌رانه‌ به‌ فه‌تواكه‌ی رازی ده‌بوون چونكه‌ ده‌یانزانی له‌ زانینه‌وه‌ دێت!

   سوفیانی كوڕی عویه‌ینه‌ ده‌فه‌رموێ: ئیبنوعه‌بباس تاقه‌ زانای زه‌مانی خۆی بوو، عامری شه‌عبی تاقه‌ زانای زه‌مانی خۆی بوو، سوفیانی سه‌وری تاقه‌ زانای زه‌مانی خۆی بوو..

552 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
28/03/2016
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.