پێشه‌وایانمان

عه‌تائی كوڕی ئه‌بو ره‌باح: (٢٤ ـ ١١٤ ك / ٦٤٦ ـ ٧٢٣ ز)

عه‌تائی كوڕی ئه‌بو ره‌باح: (٢٤ ـ ١١٤ ك / ٦٤٦ ـ ٧٢٣ ز)

موفتی كه‌عبه‌، گه‌وره‌پێشه‌وای شه‌رعناسانی یه‌مه‌ن عه‌تائی كوڕی ئه‌بو ره‌باح ئه‌سله‌می كوڕی سه‌فوان كه‌ له‌ نزیكی شاری ته‌عز له‌ یه‌مه‌ن له‌دایكبوو، بووه‌ قوتابی دوو سه‌د كه‌س له‌ یاوه‌رانی پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم ، له‌وانه‌: خاتووعائیشه‌و ئوم سه‌له‌مه‌و ئوم هانی و ئه‌بوهوره‌یره‌و ئیبنو عه‌بباس و ئیبنوعومه‌رو ئیبنوزوبه‌یرو جابری كوڕی عبدالله‌و ئه‌بوسه‌عیدی خودری و به‌ڕێزه‌كانی تر.. بوو به‌ مامۆستای ئه‌وزاعی و ئه‌بو حه‌نیفه‌و له‌یسی كوڕی سه‌عدو موجاهیدو قه‌تاده‌و ئه‌ییوبی سه‌ختیانی و زوهری و عه‌مری كوڕی دینارو ئیمام جه‌عفه‌ری سادق و سه‌دانی تر  ..

   له‌ سه‌رده‌می حوكمڕانی سه‌یدنا عوسمانی كوڕی عه‌ففاندا خوا لێی رازی بێت له‌دایكبوو، پاش هه‌شتاو هه‌شت ساڵ ته‌مه‌ن وحه‌فتا حه‌ج له‌ مه‌ككه‌ كۆچی دوایی كرد.. له‌مه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یانووت هیچ كه‌س به‌ قه‌ده‌ر عه‌تاء شاره‌زای ئه‌حكامی حه‌ج بێت..

   پێی ده‌وترا (كانی زانستی)..

   له‌ مه‌ككه‌وه‌ پرسیارێكیان بۆ ئیبنوعه‌بباس نارد له‌ مه‌دینه‌، فه‌رمووی: توخوا عه‌تائتان لایه‌و پرسیار بۆ من ده‌نێرن؟!!

   عه‌تاء ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت زۆر ناشیرین بووه‌.. زۆر ره‌ش بوو و سه‌ری مووی پێوه‌ نه‌مابوو، ریشیشی له‌ خه‌نه‌ ده‌گرت.. چاوی خێل و ئه‌بڵه‌ق بوو، دواتریش یه‌كجاری كوێر بوو.. و لووتی پان و قاچی شه‌ل و ده‌ستێكی گۆج بوو، ده‌سته‌ ساغه‌كه‌شی له‌ شۆڕشه‌كه‌ی سه‌یدنا عبدالله‌ی كوڕی زوبێردا كه‌ دژی ئه‌مه‌ویه‌كان كردی، په‌ڕی.. كه‌چی ئه‌وه‌نده‌ جێ متمانه‌ی زانایان و شه‌رعناسان بوو ده‌یانووت: هه‌ر كه‌سێك عه‌تاء و سه‌عیدی كوڕی موسه‌ییب و حه‌سه‌نی به‌سری و ئیبراهیمی نه‌خه‌عی پشتیوانی لێ بكات، ئوممه‌ته‌كه‌ هه‌مووی پشتیوانی لێ ده‌كات!!

كه‌ خه‌لیفه‌ عبدالمه‌لیكی كوڕی مه‌روان هاته‌ حه‌ج، عه‌تائی بانگ كرد، عه‌تاء چووه‌ لای.. كه‌ هات عبدالمه‌لیك هه‌ستایه‌ سه‌ر پێ و به‌ره‌و پیری چوو له‌ ته‌نیشت خۆی داینیشاند.. عبدالمه‌لیك ووتی : پێداوویستی خۆتم پێ بڵێ تا به‌سه‌ر چاو جێبه‌جێی كه‌م. عه‌تاء فه‌رمووی: له‌ خوا بترسه‌و ئه‌م حه‌ره‌مه‌ی كه‌عبه‌ گه‌وره‌تر كه‌، له‌ خوا بترسه‌و چاوت له‌ زارۆكی كۆچكه‌رو پشتیوانان بێت، تۆ به‌ ره‌نجی باوكی ئه‌مان گه‌یشتوویته‌ته‌ ئه‌م جێیه‌، له‌ خوا بترسه‌و سه‌رپه‌رشتی موجاهیدانی سه‌ر سنوور بكه‌، تۆ به‌وان پارێزراویت.. ده‌رگاشت به‌ڕووی موحتاجاندا دامه‌خه‌ ، له‌ هه‌موویدا عه‌بدولمه‌لیك ده‌یووت به‌سه‌ر چاو.. پاشان چاوه‌ڕێ بوو پێداوویستی خۆی بڵێ، بەڵام هیچی نه‌ووت، عه‌بدولمه‌لیك پێی ووت پێداوویستی خه‌ڵكیت داوا كرد، ئه‌دی پێداوویستی خۆت؟ فه‌رمووی: من پێویستیم به‌ عه‌بد نیه‌.. كه‌ رۆیشت، عه‌بدولمه‌لیك گه‌ڕایه‌وه‌ كۆڕه‌كه‌ی خۆی ووتی: به‌ خوا قه‌سه‌م ئائه‌وه‌ دەسەڵاتە ‌، ئا ئه‌وه‌ گه‌وره‌ییه‌، ئا ئه‌وه‌ پله‌وپایه‌یه‌..

ئه‌وزاعی ده‌فه‌رموێ: ئه‌و رۆژه‌ی عه‌تاء كۆچی دوایی كرد له‌سه‌رانسه‌ری سه‌ر زه‌میندا كه‌سێك نه‌بوو لێی رازی نه‌بووبێت، ته‌نانه‌ت ناحه‌زه‌كانیشی ..

   ئیبنوجوره‌یج ده‌فه‌رموێ: هه‌ژده‌ ساڵی به‌رده‌وام ده‌رسم لای عه‌تاء خوێندو شه‌وورۆژ له‌ خزمه‌تیدابووم ، جارێك نه‌مدی پۆشاكێكی وای له‌به‌ردا بێت بایی پێنج درهه‌م ببێت.. معاشی به‌یتولمالی وه‌رنه‌ده‌گرت و هه‌رچیه‌كیشی ده‌درایه‌ ده‌یكرده‌وه‌ به‌ خێر..

   عبدالله‌ی كوڕی دیباج ده‌فه‌رموێ: هه‌موو ساتێكی كۆڕی عه‌تاء زیكربوو، شتی وا به‌ فه‌سیحی ده‌ووت ده‌تووت وه‌حی بۆ دێت!! بیست ساڵی ته‌واو له‌ مزگه‌وت بوو، كه‌ نوێژی ده‌كرد ده‌تووت ناچه‌مێته‌وه‌.. كه‌ ده‌چووه‌ سوجده‌ باڵنده‌ی به‌سه‌ره‌وه‌ ده‌نیشته‌وه‌ وایان ده‌زانی كۆته‌ره‌ داری سوتاوه‌!!

658 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
28/03/2016
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.