ژیاننامەی پێغەمبەر

كورته‌یه‌ك له‌ ژیانی پاكی پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم

 

ره‌چه‌ڵه‌كی به‌ڕێزی

نه‌سه‌بی به‌ڕێزی پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم له‌ به ‌ناوبانگترین نه‌سه‌بی عه‌ره‌به‌ ، ئیمامی موسلیم له‌ واثله‌ی‌ كوڕی الاسقه‌عه‌وه‌ ـ خوا لێی رازی بێت ـ ده‌گێڕێته‌و كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم  فه‌رموویه‌تی: ( إنَّ اللهَ اصْطَفَى كِنَانَةَ مِن وَلَدِ إسماعيلَ و اصْطَفَى قُرَيشَاً مِن كنِانةَ و اصطفى من قريشٍ بَنِي هَاشِمٍ و اصطفاني من بني هاشم)  واته‌: خوای گه‌وره‌ كینانه‌ی له‌ نێوان كوڕو نه‌وه‌كانی ئیسماعیلدا هه‌ڵیژارد، هۆزی قوره‌یشی له‌ نێوان به‌ره‌بابی كینانه‌دا هه‌ڵبژارد  تیره‌ی به‌نی هاشمیشی له‌ نێو قوره‌یشیاندا هه‌ڵبژارد ، منیشی له‌ ناو به‌نو هاشمییه‌كاندا هه‌ڵبژاردووه‌ ..

ره‌چه‌ڵه‌كی له‌ خه‌تی باوكیه‌وه‌ : هه‌موو نه‌سه‌بزانان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆن كه‌ پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویست صلی اللە علیە وسلم  ناوی پیرۆزی محمدی كوڕی عبدالله‌ی كوڕی عبدالمطلب ی كوڕی هاشمی كوڕی عه‌بدومه‌نافی كوڕی قصی كوڕی كولابی كوڕی لوئه‌ی كوڕی غالبی كوڕی فه‌هری كوڕی مالیكی كوڕی النضري‌ كوڕی كینانه‌ی كوڕی خوزه‌یمه‌ی كوڕی مودریكه‌ی كوڕی ئیلیاسی كوڕی مُضَرى ‌ كوڕی نه‌زاری كوڕی مه‌عدی كوڕی عه‌دنانه‌ ..

   ئیبنو مه‌سعود ـ خوا لێی رازی بێت ـ ده‌فه‌رموێ : پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم كه‌ نه‌سه‌بی خۆی ده‌فه‌رموو ،كه‌ ده‌گه‌یشته‌ مه‌عدی كوڕی عه‌دنان ده‌وه‌ستاو دوو سێ جار ده‌یفه‌رموو : (كَذَبَ النَّسَّابون) واته‌: نه‌سه‌بزانان لێره‌وه‌ هه‌رچی بڵێن درۆ ده‌كه‌ن ..

به‌ڵام هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێكن كه‌ شه‌جه‌ره‌ی ده‌گاته‌وه‌ سه‌ر سه‌یدنا ئیسماعیلی كوڕی سه‌یدنا ئیبراهیم سه‌لامی خوایان لێ بێت ..

ره‌چه‌ڵه‌كی له‌ خه‌تی دایكییه‌وه‌ : دایكی ناوی: ئامینه‌ی كچی وه‌هه‌بی كوڕی عه‌بدومه‌نافی كوڕی زوهره‌ی كوڕی كولابی كوڕی موڕڕه‌ی كوڕی كه‌عبه‌ .. ئیدی شه‌جه‌ره‌ی دایكی له‌گه‌ڵ شه‌جه‌ره‌ی بابی له‌ كولابدا  به‌یه‌ك ده‌گه‌نه‌وه‌.

له‌ دایك بوونی : له‌ سه‌حیحی موسلیمدا هاتووه‌ كه‌ له‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ی نۆهه‌م یان دوازده‌هه‌می مانگی ره‌بیعول ئه‌ووه‌لی ساڵی فیل له‌دایك بووه‌، ئه‌مه‌ش كۆڕای زانایانی له‌سه‌ره‌ كه‌ له‌و ساڵه‌و له‌و مانگه‌دا بووه‌، چونكه‌ له‌و ساڵه‌دا بوو كه‌ ئه‌بره‌هه‌ی حه‌به‌شی به‌ له‌شكرێكی زۆره‌وه‌ ـ كه‌ فیلیان پێ بوو ـ هێرشی هێنا بۆ رماندنی كه‌عبه‌، به‌ڵام خوای خاوه‌ن كه‌عبه‌ رێی گرتن و مانی به‌ فیله‌كان گرت و له‌ ده‌ورو به‌ری شاری مه‌كه‌ وه‌ستاندنی، هه‌نگاوێك به‌ره‌و ئه‌وێ نه‌چوون، خوای گه‌وره‌ ئه‌م روداوه‌ی له‌ قورئاندا له‌ سوره‌تی (الفیل) دا تۆمار كردووه‌، ئه‌و رۆژه‌ ده‌كاته‌ (20/4/571) ی زایینی. زۆر ریوایه‌ت هه‌ن كه‌ باسی شتی نائاساییان كردووه‌ كه‌ كاتی حه‌مل و له‌دایك بوونی پێغه‌مبه‌ری نازدار صلی اللە علیە وسلم  روویداوه‌و خه‌ڵكی ده‌ماو ده‌م گێڕاویانه‌ته‌وه‌ ..

ناونانی: عبدالمطلبی‌ باپیری ناوی لێنا محمد صلی اللە علیە وسلم  ، به‌ڵام  پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم  ناوی تریشی هه‌یه‌ كه‌ له‌ سیفه‌ته‌كانی خۆیه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ كه‌ پێیانه‌وه‌ مه‌تح ده‌كرێت وه‌كو ئه‌حمه‌د به‌ مانای ئه‌وەی له‌ خه‌ڵكانی تر زیاتر سوپاس ده‌كرێت، العاقب: ئه‌وی كۆتا پێغه‌مبه‌رە و ‌و كۆتایی به‌ نێرراوانی خوا پێ هاتووه‌ ، هه‌روه‌ها :المتوكل ..

 به‌ڵام به‌ ناوبانگترین ناوی: محمده‌[1]

به‌خێو كردنی : پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم  به‌ هه‌تیووی له‌دایك بووه‌، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ی ئه‌م له‌ سكی دایكیدا بووه‌، عبدالله‌ی باوكی ـ چوو بوو بۆ ماڵی خزمه‌كانی له‌ به‌نون نه‌ججار له‌ مه‌دینه‌ (ئه‌و زه‌مانه‌ مه‌دینه‌ ناوی یثرب بوو)  ئه‌و كاته‌ كۆچی دوایی كردووه‌و هه‌ر له‌وێ له‌ مه‌دینه‌ به‌ گۆڕ سپێرراوه‌ .

كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم  له‌ دایكبوو ئافره‌تێك كه‌ ناوی (حه‌لیمه‌تو سه‌عدییه‌) بوو، بووه‌ دایه‌نی و وه‌كو عاده‌ت و نه‌ریتی ئه‌و زه‌مانه‌ی عه‌ره‌به‌كان، ئه‌ویش ئه‌می برده‌ لای خۆی، به‌ڵام هه‌ر له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتیاری دایكی خۆشیدا بوو، تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ دایكیشی ـ كه‌ له‌ سه‌ردانی ماڵی خزمانی له‌ مه‌دینه‌ ده‌هاته‌وه‌، له‌ ناوچه‌ی (الابَواء) كه‌ وا له‌ نێوان مه‌ككه‌و مه‌دینه‌دا ـ كۆچی دوایی كرد. ئه‌و كاته‌ ئه‌م ته‌مه‌نی پیرۆزی شه‌ش ساڵان بوو، ئیدی باپیری بردیه‌ لای خۆی، به‌ڵام دوای دوو ساڵان ئه‌میش كۆچی دوایی كرد! ئیدی ئه‌بو تالیبی مامی بردیه‌ ماڵی خۆی ..

گه‌شه‌و نه‌ش و نمای : خوای په‌روه‌ردگار خۆی سه‌رپه‌رشتی په‌روه‌ردگارێتی پێغه‌مبه‌ری صلی اللە علیە وسلم  كردووه‌، بۆیه‌ ئاوا له‌سه‌ر لوتكه‌ی ئه‌ده‌ب و ره‌فتاری به‌رز سره‌وتووه‌، خوای گه‌وره‌ هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ پێغه‌مبه‌ری صلی اللە علیە وسلم پێغه‌مبه‌رێتی سازداوه‌، بۆیه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای مێردمنداڵییه‌وه‌ ره‌وشتی ره‌سه‌ن و ره‌فتاری په‌سه‌ن بووه‌ پێناسه‌ی محمد صلی اللە علیە وسلم  ئه‌و هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ دوور بوو له‌ هه‌موو هه‌ڵس و كه‌وتێكی منداڵانه‌، دوور بوو له‌ هه‌ر ره‌فتارێك كه‌ بۆ مرۆڤی گه‌وره‌ ببێته‌ په‌ڵه‌، نانی ده‌ستی خۆی ده‌خوارد، هه‌ر له‌ ده‌ ساڵیه‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌سابه‌ت راهات، له‌ تافی جوانی و لاوێتیدا ـ به‌ مووچه‌یه‌كی كه‌م، به‌ چه‌ند قیراتێك كه‌ هه‌ر مه‌سروفی خۆی ده‌رده‌هێنا ـ بووه‌ شوانكاره‌ی مه‌ڕو ماڵاتی خه‌ڵكی مه‌ككه‌.. تا به‌ ته‌مه‌نتر ده‌بوو گه‌وره‌ تر ده‌بوو! تا گه‌وره‌تریش ده‌بوو به‌ناوبانگترو به‌ڕێزتر ده‌بوو، بۆیه‌ نازناوی راستگۆو ده‌ستپاك (الصادق الامين) یان لێ نا.. هه‌رگیز درۆی لێ نه‌بیستراوه‌، قه‌ت كه‌س به‌ خیانه‌تێك، به‌ غه‌درێك، تاوانباری نه‌كردووه‌، هه‌ر راسپارده‌یه‌كیان لا دا ده‌نا، به‌ ساغ و سه‌لامه‌تی وه‌ریان ده‌گرته‌وه‌.. ئه‌و جاره‌ی كه‌ مامه‌ ئه‌بوتالیبی له‌گه‌ڵ خۆی بۆ بازرگانی بردی بۆ شام، له‌ ناوچه‌ی (بوسرا) راهیبێكی مه‌سیحی كه‌ ناوی به‌حیرا بوو دیتی، به‌ مامه‌كه‌ی ووت: بگه‌ڕێوه‌و ئه‌و منداڵه‌ی ببه‌وه‌.. له‌ ده‌ست جووله‌كان بیپارێزه‌!  كوڕه‌ ئه‌م منداڵه‌ كارێكی زۆر گه‌وره‌ی پێ ده‌سپێررێت .

   پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم  به‌شداری هه‌موو كارێكی خێرو چاكه‌ی قه‌ومه‌كه‌ی خۆی ده‌كرد، له‌جه‌نگی (ئه‌لفوججار) ی نێوان كینانه‌و قه‌یسی كوڕی عیلاندا كه‌ ئه‌و كاتی ته‌مه‌نی پیرۆزی بیست ساڵان بوو، به‌شداری كرد، له‌ په‌یماننامه‌ی (الفضول) دا به‌شداری كرد، كه‌ په‌یماننامه‌یه‌ك بوو له‌ ماڵی عبدالله‌ی كوڕی جه‌دعان ـ دوای بیست ساڵان شه‌ڕو جه‌نگی نه‌پساوه‌ ـ مۆر كرا، یه‌كێك له‌ به‌نده‌كانی ئه‌وه‌ بوو كه‌ هه‌موو تیره‌و هۆزه‌كانی قوره‌یش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێك كه‌وتن كه‌ نابێت بهێڵن كه‌س له‌ مه‌ككه‌دا مه‌زڵوم ببێت، چ دانیشتووی مه‌ككه‌ بێت، چ ده‌ره‌كی، چ له‌ ئه‌هلی مه‌ككه‌وه‌ زوڵمه‌كه‌ی لێ كرا بێت، چ له‌ خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی مه‌ككه‌وه‌.. بڕیار درا كه‌ هه‌موو له‌گه‌ڵ سته‌م لێكراوه‌كه‌دا ده‌بن تا مافی خۆی بۆ وه‌رده‌گیرێته‌وه‌ .

   له‌ حه‌یسدا له‌ كتێبه‌كانی سیره‌دا هاتووه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم دوای به‌ پێغه‌مبه‌ر بوونی ده‌یفه‌رموو : (لَقَدْ شَهِدْتُ في دارِ عبدِاللهِ بنِ جَدْعَانَ حِلْفَاً مَا أُحِبُّ أنَّ لي بِهِ حُمُرُ النِّعَمِ ، ولَو دُعِيتُ بِهِ في الاسلامِ لأجِبْتُ) واته‌: له‌ ماڵی عبدالله‌ی كوڕی جه‌دعان ئاماده‌ی په‌یمانێك بووم له‌ هه‌رچی جۆر ووشتری نایاب هه‌یه‌ به‌لامه‌وه‌ چاکترە ‌، حه‌زم ده‌كرد له‌ ئیسلامیشدا داوام لێ بكرایه‌ تا وه‌ده‌نگیه‌وه‌ بچوومایه‌ ..   

هه‌روه‌ها له‌ كتێبه‌كانی سیره‌دا هاتووه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم  كه‌ ته‌مه‌نی پیرۆزی سی و پێنج ساڵان بوو به‌شداری دروست كردنه‌وه‌ی كه‌عبه‌و دانانه‌وه‌ی به‌رده‌ره‌شی كه‌عبه‌ی كردووه‌، فه‌زڵ و حیكمه‌تی ئه‌و بوو كه‌ نه‌یهێشت شه‌ڕو پێكدادان له‌ نێوان تیره‌و هۆزه‌كانی مه‌ككه‌دا ـ به‌ هۆی دانانه‌وه‌ی به‌رده‌ره‌ش ـ دروست ببێت، كه‌ كه‌عبه‌یان ـ دوای لافاوو رمانی ـ دروست كرده‌وه‌، كه‌ گه‌یشتنه‌وه‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ ده‌بێ ئیدی به‌رده‌ڕه‌ش بخه‌نه‌وه‌ جێی خۆی، لێیان بووه‌ مشت و مڕو ناكۆكی، كه‌ كێ خاوه‌نی ئه‌و فه‌زڵ و پله‌و شه‌ره‌فه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌ڕه‌ش تاوداتێ و له‌ جێی خۆی داینێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌یووت من موسته‌حقترم، تا له‌ كۆتاییدا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێك هاتن كه‌ سبه‌ی بێنه‌وه‌و رازی بن به‌ داوه‌ری ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ یه‌كه‌مین كه‌س ـ له‌ غه‌یری خۆیان ـ دێته‌ كه‌عبه‌وه‌، ئه‌و بكه‌نه‌ حه‌كه‌می نێوانیان. ئیدی بۆ سبه‌ی قه‌ده‌ری خوا وابوو كه‌ یه‌كه‌مین كه‌س هاته‌ كه‌عبه‌ پێغه‌مبه‌ری نازدارمان بوو صلی اللە علیە وسلم  ئه‌وانیش لێكڕا ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر داوه‌رییه‌كه‌ی وی ده‌ربڕی، چونكه‌ هه‌موو ووتیان: ئه‌وه‌ پیاوی ئه‌مین و سه‌رڕاست هات! ئه‌ویش  فه‌رمانی دا كه‌ پارچه‌ پۆشاكێكیان راخست و داوای كرد له‌ هۆزه‌كان هه‌ر یه‌كه‌و لای خۆیه‌وه‌ چمكێكی پۆشاكه‌كه‌ ده‌ست داتێ، ئینجا ئه‌میش به‌ ده‌ستی پیرۆزی خۆی به‌رده ‌ڕه‌شه‌كه‌ی خسته‌ ناو پۆشاكه‌كه‌وه‌و فه‌رمووی بڵندی كه‌ن، كه‌ گه‌یاندیانه‌ ئاستی جێی خۆی ئه‌م به‌ ده‌ستی پیرۆزی خۆی هه‌ڵی گرت و له‌ جێی خۆی داینایه‌وه‌ ..

   ده‌بینین كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم  له‌ زه‌مانی پێش پێغه‌مبه‌رێتیه‌كه‌یدا له‌ هه‌موو بۆنه‌ خێرخوازیه‌كانی قه‌ومه‌كه‌یدا به‌شدار ده‌بوو، له‌ هه‌موو به‌شداریه‌كیدا شاره‌زاییه‌كی دی زیاد ده‌كرد و سه‌رنجی خه‌ڵكی بۆ خۆی راده‌كێشا.. ئه‌مانه‌ كاریگه‌ری خۆیان دواترله‌ بڵاو بوونه‌وه‌ی بانگه‌وازه‌كه‌یدا زۆر بوو، مه‌گه‌ر نابینیت كه‌ دوای پێغه‌مبه‌رێتییه‌كه‌ی صلی اللە علیە وسلم  كه‌ به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی فه‌رموو: (أرَأيتُمْ لَو أخْبَرْتُكُمْ أنَّ خَيلَاً وَرَاءَ هذا الوادي تُريدُ أنْ تَغِيرَ عليكُم أكُنْتُمْ مُصَدِّقِي؟! قالوا: مَا جَرَّبْنَا عليكَ كَذِبَا أبَدَاً) واته‌ : ئه‌رێ ئه‌گه‌ر پێتان بڵێم: ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك چه‌كدارو سوارچاك له‌و دیوو ئه‌و دۆڵه‌وه‌ن و ده‌یانه‌وێت هێرشتان بێننه‌ سه‌ر، به‌ راستگۆم ده‌زانن؟! ووتیان قه‌ت درۆمان لێ نه‌بیستوویت .

ژن هێنانی : كه‌ ناوبانگی به‌ راستگۆو ده‌ستپاك ده‌رچوو، خه‌ڵكی هه‌موو به‌ ره‌وشتی ره‌سه‌ن و ره‌فتاری په‌سه‌نه‌وه‌ ده‌یانناساند، خه‌دیجه‌ی كچی خوه‌یلید ـ خوا لێی رازی بێت ـ كه‌ ئافره‌تێكی ناسراوو ده‌وڵه‌مه‌ندو خاوه‌ن پله‌و پایه‌ی ناو هۆزه‌كه‌ی بوو، ناردی به‌ شوێنیدا تا بازرگانی به‌ سامانه‌كه‌یه‌وه‌ بكات، ئه‌ویش رازی بوو، خه‌دیجه‌ دیتی قازانجی چه‌ندین به‌رابه‌ر بووه‌، دیتی راسته‌ زۆر ده‌ستپاكه‌، ژیره‌، لێزانه‌، بۆیه‌ حه‌زی به‌ نزیكی كرد، كه‌سانێكی راسپارد كه‌ مه‌سه‌له‌ی خواستنی ئه‌می بخه‌نه‌ پێش چاو، داخوا چ ده‌ڵێت؟! ئه‌و زه‌مانه‌ خه‌ڵكێكی زۆر هه‌بوون ته‌مه‌ننای خاتوو خه‌دیجه‌یان ده‌كرد، چونكه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ نه‌سه‌ب و تیره‌و هۆزی به‌هێزی له‌پشت بوو، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ خۆی وه‌كو ئافره‌تێك خاوه‌ن شه‌ره‌ف و پله‌و پایه‌و ناوداریی هه‌بوو، ئه‌مانه‌ جگه‌ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كه‌ی، پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم مه‌سه‌له‌كه‌ی خسته‌ به‌ر راوێژی مامه‌كانی و پرسی پێ كردن  ئه‌وانیش ره‌زامه‌ندی خۆیان ده‌ربڕی، پاشان مامه‌ حه‌مزه‌ی و مامه‌ ئه‌بو تالیب و پیاوماقوڵانی تیره‌ی موزه‌ڕ وه‌كو وه‌فدی داخوازی چوونه‌ لای مامی خه‌دیجه‌و داخوازییان كرد، ئه‌بو تالیب له‌ مه‌جلیسه‌كه‌دا هه‌ستاو باسێكی خانه‌واده‌ی خۆیان و نه‌سه‌بی  باوان و جێ و پله‌و ره‌وشت و ره‌فتاری شیرینی محمدی صلی اللە علیە وسلم كرد.. ئیدی خوازراو ماره‌ییه‌كه‌ی دراو  پاشان گوێزرایه‌وه‌ ..

   ئه‌و كاتی ته‌مه‌نی پیرۆزی ئه‌م صلی اللە علیە وسلم  بیست و پێنج ساڵان بوو  خاتوو خه‌دیجه‌ش چل ساڵان بوو.. به‌ڵام بۆی بووه‌ باشترین هاوده‌م و هاوده‌نگ و هاورازو هاوسه‌ر.. ئیدی به‌ غیره‌ت و جوامێری، به‌ سۆزو خۆشه‌ویستی، به‌ بیرو ژیری، به‌ پاره‌و سامانی خۆی بووه‌ ئه‌و قه‌ڵایه‌ی پیاوی خاوه‌ن په‌یام له‌ سێبه‌ریدا ده‌حه‌وێته‌وه‌.. هه‌زاران جار به‌ر ره‌حمه‌تی خوای گه‌وره‌ كه‌وێت ..

پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم له‌گه‌ڵ خه‌دیجه‌دا وه‌ك دوو هاوسه‌ری نموونه‌یی مانه‌وه‌و خوای گه‌وره‌ش منداڵی پێ به‌خشین (هه‌موو منداڵه‌كانی پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم له‌ خاتوو خه‌دیجه‌ن جگه‌ له‌ ئیبراهیمی كوڕی) هه‌ر وا پێكه‌وه‌ مانه‌وه‌ تا ساڵی ده‌یه‌می پێغه‌مبه‌رێتی، كه‌ ئیتر خوای گه‌وره‌ خه‌دیجه‌ی برده‌وه‌ كه‌ناری ره‌حمه‌تی به‌رفراوان و چه‌تری سوكنای ره‌زامه‌ندی خۆی.. ئه‌و ساڵه‌ی ئه‌و كۆچی دوایی كرد، هه‌ر هه‌مووی بووه‌ خه‌م و په‌ژاره‌ی جودایی بۆ ئه‌وو بۆ پشتیوانه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌ مه‌عنه‌ویه‌كه‌ی تری: مامه‌ ئه‌بو تالیبی، كه‌ ئه‌ویش هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ كۆچی دوایی كرد و موسوڵمانان  هه‌ر وا له‌ سه‌ره‌تای رێوه‌، كه‌وتنه‌ تاس و كسپه‌و سوێوه‌ .. 



[1] سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تا ئێستاش له‌ هه‌ر هه‌موو جیهاندا ناوی محمد یه‌كه‌مین ناوه‌، له‌ ساڵی 1999 دا له‌ به‌ریتانیا ناوی محمد یه‌كه‌مین ناوی تۆماركراوی ووڵات بوو!! ئاخر ئائه‌مه‌یه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ: (وَرَفَعْنَا لَكَ ذِكْرَكَ)  والحمد لله .. ( و )

1515 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
08/06/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.